|
خوێنی كه‌ركوكیه‌كان |
نوسه‌ر: له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
|
Thursday, August 28, 2014 |
ئه‌وه یه‌كه‌م جار نیه ته‌قینه‌وه‌كان كه‌ركوك خه‌ڵتانی خوێن ده‌كه‌ن و مرۆڤ نه‌ك بیروباوه‌ڕ و نه‌ته‌وه و ئاین و مه‌زهه‌ب ده‌كرێته ئامانج، هه‌تره‌ش به‌رو تیرۆریسته‌كان به‌كرده‌وه له ئاین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه و ئایدۆلۆژیا ناپرسن، ئه‌وان ئامانجێكی رونیان نیه و كێشه‌شیان له‌گه‌ڵ خودی مرۆڤ هه‌یه نه‌ك گروپ و ده‌سته و تاقمێ، خوكاری ئه‌وان سڕینه‌وه و لهناودانه بۆ ئه‌وه‌ش هه‌مو رێگایه‌ك تاقیده‌كه‌نه‌وه، لێره‌دا ئه‌وه گرنگ نیه ئه‌وان چین و چۆن و بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌وه گرنگه چۆن روبه‌ڕوی ئه‌و تیرۆره بینه‌وه و چۆن مرۆڤ و سروشت و جوانی له‌و تاریكیه بپارێزین، ئه‌مه ئه‌و بابه‌ته‌یه كه پێویسته كاری له‌سه‌ر بكه‌ین و ده‌بێت له كه‌ركوكیشه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین.
كه‌ركوك ناوه‌ندی پێكه‌وه‌ژیانی چه‌ندین نه‌ته‌وه و ئاین و بیروبڕوایه، كه به‌رده‌وام ئه‌م جۆره كارانه ئه‌وان له‌یه‌كتر ده‌خاته دۆخێكی رقاوی و گومانكردن له‌یه‌كه‌وه، ئه‌وه‌ش زه‌مینه‌ی لێكتر گه‌یشتن و خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوان كۆخهڵكهكه به‌ره‌و سڕینه‌وه و دوركه‌وتنه‌وه له‌یه‌كدی ده‌بات، سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆر و ته‌قینه‌وه‌دا له كه‌ركه‌وك، سه‌ركه‌وتنه به‌سه‌ر ئه‌و دیارده‌یه‌دا به‌راده‌یه‌كی زۆر له هه‌مو عێراق، ئێراقێك كه هه‌مو ئه‌وانه‌ی شانازی به ناسنامه‌كه‌یه‌وه ده‌كه‌ن، له پشته‌وه بۆی له‌سه‌نگه‌ردان و هه‌مو جارێكیش به‌ته‌نێ كورد تۆمه‌تبار ده‌كرێت كه له‌و ناسنامه خوێناویه بێزاره، له‌نێو ئه‌م فۆڕمه‌دا كه‌ناوی عێراقه، مالیكی وه‌ك رقێكی سیاسی له سه‌ركرده‌یه‌كی كورد قوتی هه‌مو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌بڕێ، داعش ئه‌ویش وه‌ك مالیكی عه‌ره‌بن، په‌لاماری كورد ده‌ده‌ن و هه‌رچی نه‌شێ ده‌یكه‌ن، كورد خۆیشی له‌بری خه‌مخۆری یه‌كتر زۆرێكی له‌خه‌می ئه‌وه‌دان چۆن له‌سه‌ر حسابی ئه‌وانی تر قه‌ڵه‌وبن، له‌م عێراقه‌دا ئه‌وه كێیه كوردی خۆش ده‌وێت ئه‌مه ئه‌سڵی پرسیاره‌كه‌یه، به‌تایبه‌ت له شارێكی وه‌ك كه‌ركوكدا، كه هه‌میشه له‌به‌رده‌م ته‌عریب و ته‌قینه‌وه و سڕینه‌وه و گۆڕینی ناسنامه‌دا بوه و كورده‌كه‌ش خۆی له‌بری خه‌می كه‌ركوكیانه حیزبیانه ده‌روێشی كردوه، ئێستا ته‌قینه‌وه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامی داعش و ئه‌و سته‌مكاریانه‌ی هه‌ن درێژكراوه‌ی هه‌مان سیاسه‌تی راگواستن و سڕینه‌وه‌ن، لێ به جۆرێكی تر، چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، دوای بریندار بونی خۆم و هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه و له ده‌ستچونی رۆژنامه‌كه‌ی وه‌ك سه‌رنوسه‌ر كارم تیا ده‌كرد، به‌ناچاری منیش ئه‌وێم به‌جێهێشت، ئه‌مه درێژه‌ی ته‌عریب و راگواستن نه‌بێت چیه، نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌م، كه من له‌وێ كوختێكی خۆم نه‌بو ژیانی تیا بكه‌م، سه‌ره‌ڕای ته‌قینه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌كان له خۆم و هاوپیشه‌كانم.
پرسیار ئه‌وه‌یه كێ خاوه‌نی ئه‌و خوێنه‌یه كه له‌به‌ر كه‌ركوك ده‌ڕژێ له‌كاتێكا هه‌مومان هه‌ست ده‌كه‌ین، نرخی خوێنی كه‌ركوكیه‌كان له میدیای كوردیدا زۆر هه‌رزان و بێبایه‌خه له‌چاو خوێنی خه‌ڵكانی شوێنی دیكه‌وه، گه‌لۆ چما خوێن هه‌ر خوێن نیه، ئه‌دی ئه‌م جیاوازیه بۆ. |
|
|