Print
 
 ئایا ئه‌مه‌ ناچاریه‌ له‌ گه‌ڵ به‌غداد؟
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Wednesday, September 10, 2014

جارێکی تر سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد به‌ گومان و دودڵیه‌وه‌ بڕیاریدا به‌شداری له‌ کابینه‌‌ی‌ حکومه‌تی عێراقدا بکرێت، بۆ ره‌وینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی ئه‌و گومانه‌ ماوه‌ی سێ مانگ دانراوه‌ تا کورد دوا قسه‌ی خۆی بکات.

له‌دوای روخاندنی سه‌دامه‌وه‌ هیچ کاتێک پێگه‌ی کورد به‌رامبه‌ر به‌غداد و له‌ هاوکێشه‌ی سیاسی ناوچه‌که‌دا وه‌ک ئه‌مجاره‌ لاواز نه‌بوه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ی بێباکی و بێمنه‌تی شیعه‌ و سوننه‌ش‌ بو‌ به‌رامبه‌ر به‌ داواکاریه‌کانی کورد. راسته‌ دانوستانه‌کانی ئه‌مجاره‌ی کورد له‌ گه‌ڵ به‌غداد وه‌ک جارانی پێشو فه‌وزا و هه‌ڵلا و په‌رته‌وازه‌یی و تاریکبونی پێوه‌ دیار نه‌بو، به‌یه‌ک شاندی هاوبه‌ش کاره‌که‌ به‌رێوه‌برا، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی تائێستا به‌ده‌ستهێنراوه‌‌ نه‌ک ته‌نها مایه‌ی دڵخۆشکردن نیه، به‌ڵکو چه‌ندین ته‌مولێڵی ئاسۆشیان ته‌نیوه‌‌.

زۆربه‌ی داواکاریه‌کانی کورد هه‌مان ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌می جه‌عفه‌ری و دو خولی حوکمڕانی مالیکی بون، ئه‌وه‌ی زیادکراوه‌ لابردنی سزای موچه‌ و بودجه‌ بڕینه‌ له‌سه‌ر کورد، مانای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاڵی سه‌ره‌تا. کرۆکی داواکاریه‌کان له‌ یه‌ک چه‌مکدا کۆده‌کرێته‌وه‌:
شۆڕکردنه‌وه‌ی ماف و ده‌سه‌ڵاته‌کانی کورد له‌ به‌غداده‌وه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان، ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی کورد توانیویه‌تی به‌ده‌ستی خۆی چه‌ندین ده‌سکه‌وت‌ به‌ده‌ستبهێنێت، وه‌ک حکومه‌تێکی بنکه‌فراوان له‌ هه‌رێم و کۆنتڕۆڵکردنی زۆربه‌ی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان و هه‌نارده‌کردنی نه‌وت و به‌ستنه‌وه‌ی هه‌رێم به‌ڕێگه‌ی‌ په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی و بازرگانی به‌رفراوان و فرۆکه‌وانی مه‌ده‌نیه‌وه‌ به‌دنیای ده‌ره‌وه‌ و دابینکردنی دۆخێکی تاڕاده‌یه‌کی باشی ئارام و ئاسایشی هه‌رێم.

کورد به‌ئاگاوه‌ مامه‌ڵه‌ نه‌کات، ئه‌وا له‌سایه‌ی به‌شداربونێکی پر گومان و که‌م متمانه‌ له‌ گه‌ڵ به‌غداد ئه‌م ده‌سکه‌وتانه‌ش ده‌که‌ونه‌ مه‌ترسیه‌وه، چونکه‌ به‌درێژایی مێژو هه‌رکه‌س و تاقمێک له‌ به‌غداد ده‌سه‌ڵاتدار بوبێت بۆ کورد له‌ که‌میندا بوه‌.

مالیکی له‌ژێر فشارێکی زۆری ده‌ره‌کی و ناوخۆیی بۆ سه‌رۆک وه‌زیران کاندید نه‌کرایه‌وه‌، نه‌ده‌بو، له‌ پله‌ی یه‌که‌مدا عێراقچی و عه‌ره‌بچیه‌ کورده‌کان و دواتر باقی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد، سه‌رجه‌م ئه‌زمونه‌ تاڵه‌کانی کورد له‌ گه‌ڵ مالیکی بۆ خودی که‌سایه‌تی ئه‌و بگه‌ڕێننه‌وه و به‌ کاندیدێکی تری هه‌مان هێلانه‌ دڵخۆشی و باوه‌ڕپێکردنێکی کرچ و کاڵ ده‌ربڕن‌، مالیکی واجهه‌ی به‌رچاوی سیاسه‌تێکی شۆڤینزمی بو که‌ ترش و خوێی خودی خۆشی تێکه‌ڵ ده‌کرد. دوای روداوه‌کانی چه‌ند مانگی رابوردو له‌ ئاکامی هاتنی داعش بۆ عێراق به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتداری شیعه‌ زیاتر له‌ سوننه‌ نزیکبۆته‌وه‌ تا له‌م قۆناغه‌دا شه‌ڕی داعش و کوردیشیان پێبکه‌ن، له‌ پێکهاته‌ی نوێی حکومه‌تی عێراقدا ئه‌مه‌ به‌زه‌قی ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌ و به‌ره‌ی سوننه‌ بۆته‌ پێکهاته‌یه‌کی به‌رچاوی حکومه‌ته‌که‌.

له‌لایه‌کی تره‌وه‌ کورد بۆ پاراستنی حوکمڕانی خۆی له‌ هێر‌ش و مه‌ترسی تێرۆریستان و ته‌ماعه‌ گه‌وره‌ ناوچه‌ییه‌کان پێویستی به‌ پاراستنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، بۆیه‌ ئه‌مەریکا له‌ یه‌که‌م رۆژه‌وه‌ رایگه‌یاند به‌شداری کورد له‌ حوکمڕانی عێراق مه‌رجی سه‌ره‌کی پشتگیریکردنی کورده‌. ئێستاش پاشئه‌وه‌ی ئه‌م مه‌رجه‌ وه‌ک خۆی جێبه‌جێکرا مه‌رجی دوه‌م و سێیه‌م و... له‌ ستراتیژیه‌تی ئیداره‌ی ئۆباما دژ به‌ داعش پڕچه‌ککردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق و ته‌نانه‌ت چه‌ند هۆز و میلیشیای سوننه‌یه‌‌ بۆ شه‌ڕکردنی داعش‌. ئۆباما له‌ژێر فشاری رای گشتی و کۆنگرێسدا ناچارکرا سیاسه‌تی به‌رامبه‌ر به‌داعش بگۆڕێت و چاوێکیشی له‌سه‌ر پێگه‌ی حیزبه‌که‌یه‌تی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئاینده‌ی ئه‌مەریکا. بێجگه‌ ئه‌وه‌ی کورد نرخێکی زۆری له‌م پرۆسه‌یه‌دا داوه‌ وا پێشبینی ده‌کرێت که‌ پاشه‌کشه‌ش‌ به‌ کورد بکرێت له‌ بواره‌کانی هه‌نارده‌کردنی نه‌وت و رێژه‌ی بودجه‌ و ئاینده‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌ڕوی یاسایی‌ و گرێدانی به‌ به‌غداده‌وه‌.

به‌ڕێز دکتۆر به‌رهه‌م راست ده‌ڵێت؛ پرۆسه‌که‌ ئه‌مجاره‌ زۆر جیاواز‌ له‌وانه‌ی پێشو به‌ڕێوه‌برا، به‌ڵام ده‌بو خاڵه‌کانی له‌سه‌ر وشه‌کان دابنایه‌ و هه‌روا به‌لایاندا گوزه‌رێکی نه‌کردایه‌، هاوکاتیش پێش هه‌مو شتێک چه‌ندین پرسیاری له‌ خۆی و حیزبه‌که‌ی بکردایه تا رۆڵی ئه‌وان له‌ گه‌یشتن به‌م دۆخه‌ی ئێستا ئاشکرا بێت.

بڕیاری به‌شداریکردنی کورد له‌ حکومه‌تێکدا که‌ دۆخێکی ناوخۆی تایبه‌تی عێراق سه‌پاندویه‌تی و به‌ ریمۆتی ئه‌مەریکا و ئێران به‌ڕێوه‌چوه‌ و ده‌جوڵێنرێت بڕیاری ناچاریه‌‌ و پاشه‌کشه‌ی زۆری تێدا به‌دی ده‌کرێت، هه‌ر بۆیه‌ سه‌رۆکی وه‌فدی کوردی بۆ دانو‌ستانه‌کان له‌ کۆنگره‌ رۆژنامه‌ییه‌که‌دا ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی ده‌دا کورد دڵنیا بکاته‌وه‌ که‌ نه‌ک ته‌نها ئه‌مەریکا، به‌ڵکو هه‌مو دنیا زه‌ماناتی به‌ کورد داوه‌، کورد وته‌نی کوێر دو چاوی ساغی ده‌وێت، زۆرجار کورد گوێبیستی ئه‌و جۆره‌ قسانه‌ بوه‌ و واده‌رنه‌چوه‌، بابزانین ئه‌مجاره‌ چۆن ده‌بێت.
Sbeiy.com © 2007