|
داعش و شه‌نگال هه‌ندێ زانیاری گرنگ له‌باره‌ی شه‌نگال و ئێزدیه‌وه: |
نوسه‌ر: له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
|
Saturday, September 13, 2014 |
به‌ره‌به‌یانی رۆژی 3-8-2014 له‌دوای شه‌ڕێكی كه‌مخایه‌ن شه‌نگال كه‌وته ده‌ست داعش، داعش ره‌شی له‌سه‌ر فه‌رمانگه و باره‌گا حیزبیه‌كان هه‌ڵكرد و ته‌واوی رێگا سه‌ره‌كیه‌كانی گرت و خه‌ڵكه‌كه به ناچاری رویانكرده چیای شه‌نگال .
رۆژی دواتر‌و رۆژانی دوای گه‌وره‌ترین مه‌ینه‌تی به‌سه‌ر شه‌نگالیه‌كان و كوردانی ئێزدی هات، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له‌وان به ناچاری موسڵمان بونی خۆیان راگه‌یاند ئه‌وه‌ش دادی نه‌دان، داعشیه‌كان كه‌وتنه تاڵانی كچانی ئێزدی كورد. له‌و په‌لامارانه‌دا به‌ده‌یان هه‌زار كه‌س ئاواره بون له شه‌نگال و به‌عشیقه و گرد زه‌رك و شیپا شێخ خدر و كوشت و بڕی فراوانی خه‌ڵكی سڤیل ده‌ستی پێكرد .
هه‌مان رۆژ چه‌كدارانی داعش مه‌زارگه‌ی سه‌یده زه‌ینه‌بیان له‌ناوچه‌ی شه‌نگال ته‌قانده‌وه، ئه‌و مه‌زارگه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زه‌ینه‌بی كچی عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب و لای خه‌ڵكی ناوچه‌كه به چاوی رێزه‌وه ته‌ماشا ده‌كرێت .
رۆژی 5-8-2014 داعش له بازاڕی موسڵ ده‌ستی كرد به فرۆشتنی كچانی ئێزدی و مه‌سیحی و باس له‌وه كراوه، كه لە بازاڕێكی موسڵ ئه‌و كچانه وه‌ك كۆیله نمایش ده‌كرێن و ده‌فرۆشرێن هه‌روه‌ها باس له‌وه كرا كه كچانێكی زۆر له قوتابخانه‌یه‌كی ته‌له‌عفه‌ر ده‌ست به‌سه‌رن، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی 500 كچی ئێزدی له‌ناو هۆڵێكی وه‌رزشی موسڵ ده‌ستبه‌سه‌ر كرابون .
رۆژی 5-8-2014 په‌رله‌مانتاری ئێزدی ڤیان ده‌خیل به‌چاوی پڕگریانه‌وه له‌ناو پارله‌مانی عێراق باسی له نه‌هامه‌تی ئێزدیه‌كان كرد، كه داعشیه‌كان له‌ژێر ئاڵای خودا 500 كچی ئێزدیان رفاندوه، ئه‌و داد‌و گریانه ویژدانی مرۆڤایه‌تی هه‌ژاند، ئه‌گه‌رچی له‌ناو هۆڵی پارله‌مانی عێراقی هه‌وڵی ئه‌وه‌درا ڤیان ده‌خیل بێده‌نگ بكرێت، ته‌واوی كه‌ناڵه به‌ناوبانگه‌كانی دنیا ئه‌و گریان و ئازاره‌ی ڤیان ده‌خیلیان گواسته‌وه و به دوای ئه‌وه‌دا ئۆباما وه‌ك دڵدانه‌وه‌یه‌ك وتی؛ ئێمه به هاناتانه‌وه دێین .
رۆژی 5-8-2014 له چیای شه‌نگال به‌هۆی تینویه‌تی و گه‌رمای زۆره‌وه 6 منداڵ گیانیان له‌ده‌ستدا، ئه‌مه له‌كاتێكا رۆژی پێشتریش دو مناڵ گیانیان له ده‌ستدابو، ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی له‌ناو گه‌وره‌كانیشدا رۆژی 4-8 18 كه‌سی تر گیانیان له‌ده‌ستدابو، كه هه‌مو ئه‌مانه پێویسته ناوه‌كانیان بنوسرێته‌وه و له ئاینده‌دا له مۆنۆمێنتی جینۆسایدی شه‌نگال دابنرێن. له‌ناو مردوه‌كاندا ئافره‌تی دو گیانیش هه‌بو.
له سێیه‌م رۆژی دوای هێرشی داعشدا بۆ سه‌ر شه‌نگال، جگه‌له‌وه‌ی هه‌زاران كه‌س به‌سه‌ر چیای شه‌نگاله‌وه بون، خدر ماملی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به هاناوه چونی شه‌نگالیه‌كان رایگه‌یاند، كه 70 هه‌زار له خه‌ڵكی شه‌نگال رویانكردوه‌ته ئۆردوگا یان شارۆكه‌ی شاریا، هه‌روه‌ها زیاتر له 50 هه‌زاری دیكه‌ش چونه‌ته ناوچه‌ی خانك و باعه‌دری.
به‌پێی قسه‌و باسی ئێزدیه‌كان و هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی نافه‌ڕمی قوربانیه‌كانی ئێزدی یان "ئێزیدی" بریتین له "3000" شه‌هید، "5 هه‌زار" بێسه‌روشوێن له‌ناو بێسه‌روشوێنه‌كاندا نزیكه‌ی 1700 كچ و ژنی گه‌نج هه‌ن، داعش ئه‌وانی به‌سه‌ر بنكه و باره‌گا و زیندانی جیاجیادا دابه‌شكردوه، هه‌ندێك له‌وانیش كڕراونه‌ته‌وه، ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی بیست رۆژ دوای په‌لاماری شه‌نگال قسه‌ی ئه‌وه هه‌بو، كه چه‌ند كچێك له‌وان هێنراوه‌ته گوندێك لای حه‌ویجه.
له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی داعش به ناوچه‌كه ده‌ستیانكرد به ته‌قاندنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌ی ئێزدیه‌كان له‌وانه، ته‌قاندنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌ی شێخ مه‌ند، ته‌قاندنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌ی "ئێزدی" له‌ناو سه‌نته‌ری شه‌نگال، ته‌قاندنه‌وه‌ی حه‌وت مه‌زارگه‌ی دیكه له باشیق و به‌حزانی، جگه له ته‌قاندنه‌وه‌ی كۆی مه‌زارگه‌كانی سنوری گونده‌كانی تلكێف .
له‌مێژودا ئێزدیه‌كان چه‌ندین جاری تر روبه‌ڕوی ئه‌م جۆره له‌جینۆساید و سڕینه‌وه بونه‌ته‌وه، وه‌ك :
یه‌كه‌م: په‌لاماری به‌دره‌دین لولوی حاكمی موسڵ له ساڵی 1254ی زاینی به بیانوی ئه‌وه‌ی كه باج و سه‌رانه ناده‌ن و دان به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌ودا نانێن، ئه‌ویش هێرشی كرده‌سه‌ریان له شه‌نگال و شێخان و سه‌دانی لێكوشت و بڕكردن، ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی لاشه‌ی میره‌كه‌یانی به ده‌روازه‌ی موسڵه‌وه هه‌ڵواسی .
دوه‌م: كوشتوبڕی ساڵی 1715 له شه‌نگال له‌سه‌ر ده‌ستی عوسمانیه‌كان و له‌ناودانی ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی سڤیل و تاڵانكردنی ناوچه‌كه.
سێیه‌م: بۆ جارێكی تر عوسمانیه‌كان و به‌بڕیاری سوڵتان عه‌بدولحه‌مید له ساڵی 1890 په‌لاماری شه‌نگال درایه‌وه و كوشتوبڕێكی بێئامانی لێكرا، هه‌مو ئه‌و روداوانه له مێژودا باسكراون .
چواره‌م: ساڵی 1935 حكومه‌تی عێراقی په‌لاماری شه‌نگالی دا‌و ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی له‌ناوبرد ئه‌م شه‌ڕه 17 رۆژ درێژه‌ی كێشا و نزیكه‌ی 700 چه‌كداری ئێزدی به‌رگریان له‌بون و مانه‌وه‌ی خۆیان ده‌كرد، عه‌بدولره‌زاق حه‌سه‌نی كه دواتر كتێبێكیشی له‌سه‌ر ئێزدیه‌كان نوسیوه، له‌مێژوی وه‌زاره‌ته عێراقیه‌كان به‌رگی چواره‌م لاپه‌ڕه 146 باسی ئه‌و روداوه ده‌كات و به شۆڕشی ئێزدیه‌كان ناوی ده‌بات. سوپا به سه‌رپه‌رشتی لیوا حوسێن فه‌وزی له 7-10-1935 په‌لاماری داون، سه‌ركرده‌كانی شۆڕشه‌كه داود داود و ره‌شۆ قۆلۆ بونه.
به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كی داعش به‌ته‌واوه‌تی له‌ناودانی ئێزدیه‌كان بوه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پشتیان به سه‌رچاوه‌كانی وه‌ك حه‌سه‌نی به‌نا و سه‌ید قوتب و عه‌بدوڵا عه‌زام و ئه‌وانی تر به‌ستوه، ئه‌و سه‌رچاوانه بۆ له‌ناودانی خه‌ڵكانی ناموسڵمان و به قه‌ولی خۆیان كافر و غه‌یره دین، ده‌یان نمونه‌ی ئایه‌ت و حه‌دیس دێننه‌وه، داعش درێژكراوه‌ی ئه‌و بیروبۆچونانه‌یه له‌ڕوی فكریه‌وه و ئه‌و كاره‌ش به جیهاد و فه‌رزی عه‌ین ده‌زانن، لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه ئامانجی سه‌ره‌كی داعش له‌ناودانی ئێزدیه‌كان بوه، كه‌واته به هه‌مو پێوه‌رێك مادام ئامانج و مه‌به‌سته‌كه هه‌بوه ئه‌وه جینۆسایده .
ئێزدیه‌كان له‌ته‌واوی عێراقدا جگه له پێده‌شته‌كانی نه‌ینه‌وا وه‌ك قه‌زاكانی شه‌نگال، شێخان، تلكێف، هه‌روه‌ها له‌ناو سه‌نته‌ری قه‌زای موسڵ، ته‌له‌عفه‌ر، حه‌مدانیه، له دهۆكیش له‌ناو قه‌زای دهۆك و زاخۆ و ئامێدی هه‌ن ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی ژماره‌یه‌كیش له به‌غداو ئه‌و ده‌وروبه‌ر‌ن، سلێمانی و هه‌ولێریش ئێزدی تیایه.
به‌درێژایی مێژو ئێزیدیه‌كان روبه‌ڕوی رق و غه‌زه‌بی ئه‌وانی تر بونه‌ته‌وه‌و بێ هۆ سوكایه‌تیان پێكراوه و هه‌وڵی ئه‌وه‌دراوه ناشرین بكرێن و لێیان بدرێ، هه‌روه‌ك چۆن قسه‌وقسه‌ڵۆكی زۆر ناجۆر و ناشرینیان بۆ هه‌ڵبه‌ستون كه هیچ راستی تیا نه‌بوه .
زۆر نوسه‌ر و رۆشنبیر له‌مێژودا به نوسینه‌كانیان سته‌میان له‌ئێزدی كردوه و به‌ناهه‌ق شتی لابه‌لایان داوه‌ته پاڵیان، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌به‌رئه‌وه بوه ئێزدیه‌كان خاوه‌ن ئاینێكی تایبه‌تی خۆیان بونه، كه یه‌كێكه له ئاینه هه‌ره كۆنه‌كانی سه‌رزه‌وی و نزیكه له ئاینی زه‌رده‌شتیه‌وه .
له‌دوای روداوه‌كانی شه‌نگال و ده‌وروبه‌ره‌یه‌وه ئێزدیه‌كان هیچ هۆگری و خۆشه‌ویستیه‌كیان بۆ عێراق و كوردستان نه‌ماوه و زۆربه‌یان، به‌تایبه‌ت گه‌نجه‌كان ده‌یانه‌وێ هه‌رچۆنێكه ئه‌م وڵاته به‌جێبێڵن، ئه‌وان ده‌ڵێن "تازه ژیان بۆ ئێمه نه‌ماوه لێره".
ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق هه‌میشه له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بون ئێزدی به عه‌ره‌ب بنوسن و بۆ ئه‌مه ده‌یان سه‌رچاوه‌ی درۆزنانه‌یان دروستكردوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به چڕی هه‌ڵی ته‌عریبی ئێزدیه‌كانیان داوه، ئێزدیه‌كان و هه‌مو ئه‌وانه‌ش كه به ویژدانه‌وه توێژینه‌وه له‌باره‌ی ئێزدیه‌وه ده‌كه‌ن، ده‌پرسن ئه‌گه‌ر ئێزدی عه‌ره‌بن و پاشماوه‌ی یه‌زیدی كوڕی معاویه‌ن، ئه‌ی بۆ ته‌عریب ده‌كرێن، ئایه ده‌كرێ خه‌ڵك عه‌ره‌ب بێت و ته‌عریب بكرێت .
له‌دوای جینۆسایدی شه‌نگاله‌وه كچان و ژنانی ئێزدی روبه‌ڕوی سته‌مكارترین گروپ بونه‌وه و سه‌تمی زۆریان لێكرا، كچێكی ئێزدی دوای ئه‌وه‌ی له ده‌ستی داعشیه‌كان رزگاری ده‌بێت، بۆ كه‌ناڵی ئاسمانی كوردساتنیوز باسی سته‌مكاریه‌كانی داعش و گێچه‌ڵه سێكسیه‌كانی ئه‌وان ده‌كات، ئه‌و كچه كه خه‌ڵكی گوندی كۆجۆی لای شه‌نگاله ده‌گێڕێته‌وه چۆن هه‌رجاره و چه‌ند كه‌سێكیان هه‌ڵبژێردراون بۆئه‌وه‌ی ئه‌میری داعشیه‌كان سه‌رجێیی له‌گه‌ڵ بكات و دواتریش به‌خشیویه‌تی به ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی.
له‌به‌ر ئه‌و سته‌مكارییه‌ی لێیان كراوه ئێزدیه‌كان جگه له‌دو په‌ڕاوی بچوكی جیلوه و مه‌سحه‌فا ره‌ش، هیچی تری نوسراویان له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه نیه سه‌باره‌ت رێ و شوێنه ئاینیه‌كانیان، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی كه ویستویانه خۆیان له دڕنده‌یی ئه‌وانی تر بپارێزن، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه كه‌سانێك به ئاره‌زوی خۆیان له‌باره‌یانه‌وه بنوسن .
ئاینی ئێزدی وه‌ك ئاینی زه‌رده‌شتی ئاینی دوالیزمی چاكه و خه‌راپه‌یه و ئه‌وانیش به جۆرێكی تر ئاهورامه‌زدا و ئه‌هریمه‌نیان هه‌یه، مه‌له‌ك تاوس لای ئه‌وان پایه و مه‌قامێكی كرنگی هه‌یه و له‌بۆنه ئاینیه‌كانی خۆیاندا به‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌دا ده‌یگێڕن .
ئێزدیه‌كان خه‌ڵكانی لاشه‌ڕ و بێده‌نگ و نه‌رم و نیانن، كاتێ سه‌ردانیان ده‌كه‌یت، ده‌یانه‌وێ زۆرترین رێزت ده‌رهه‌ق بنوێنن، له‌بۆنه ئاینیه‌كاندا هیچ جیاوازیه‌ك له‌نێوان ژن و پیاودا ناكرێ و هه‌مو پێكه‌وه سه‌ردانی مه‌زارگه‌ی لالش ده‌كه‌ن، له‌و مه‌زارگه‌یه‌دا چه‌ندین سروتی ئاینی جێبه‌جێ ده‌كرێت و خه‌ڵكه‌كه به رویه‌كی گه‌شه‌وه رێز به‌رانبه‌ر ئه‌م مه‌زارگه‌یه ده‌نوێنن، له سه‌ردانێكمدا بۆ لالش جگه له خۆشه‌ویستی و رێز هیچی ترم له‌و خه‌ڵكه به‌دینه‌كرد، پاشتریش له شێخان له ماڵی بابه شێخ میوانداریان كردم، له‌كاتی میوانداریه‌كه‌دا ده‌مبینی كه چۆن خه‌ڵك بۆ دوعا و نزا و پاڕانه‌وه سه‌ردانی بابه شێخیان ده‌كرد. |
|