Print
 
 پارێزگاری‌ سلێمانی‌ خه‌ونێكی‌ له‌باربراو
نوسه‌ر:  د.محه‌مه‌د ئه‌مین
Sunday, September 14, 2014

ئه‌وه‌ی‌ پێویسته‌ بوترێ‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی‌ شاری‌ سلێمانی‌ تێكه‌وتوه‌ گشت عورف و عادات و ته‌قالیدی‌ سیاسی‌ به‌زاندوه‌! ئه‌م گه‌مه‌ سیاسیه‌ی‌ هه‌ندێك له‌ حیزبه‌كانی‌ كوردستان به‌تایبه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ((ئه‌و حیزبه‌ی‌ به‌ به‌رده‌وامی‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ئازادی‌ دیموكراسی‌ پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبوڵكردن كردوه‌)) له‌یاری‌ ماڵه‌باجێنه‌ی‌ منداڵانی‌ لاكۆڵانه‌كان ئه‌چێت وه‌ك له‌پرۆسه‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ده‌وڵه‌ت، كۆی‌ گشتی‌ گه‌مه‌ سیاسیه‌كه‌ی‌ بێ‌ بایه‌خ و بێ مانا و بێ‌ نرخ كردوه‌ وپرۆسه‌كه‌ی‌ خستۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

 به‌ڵێ‌ ئه‌وه‌ی‌ عورف و عادات و ته‌قالیده‌ی‌ گه‌مه‌ی‌ سیاسیه‌ له‌ دونیای‌ دیموكراسیدا و هه‌موان ئه‌یزانین ده‌رئه‌نجامی‌ سندوقه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن تاكه‌ پێوه‌رن بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی‌ ململانێی‌ سیاسی‌ و زانینی‌ سه‌نگ و قه‌باره‌ و قورسایی‌ حیزبه‌ به‌شداربوه‌كان، نه‌ك پێوه‌ری‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی‌ وه‌ها له‌هیچ قاموسێكی‌ سیاسیدا بونی‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر بڕواتان به‌ دیموكراسی‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و هه‌مو ساخته‌كارییه‌، ‌ئه‌گه‌ر بڕواشتان به‌ڕاده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات نییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن كرا.

له‌ كۆمه‌ڵگای‌ زیندودا كاره‌كته‌ری‌ گه‌مه ‌سیاسیه‌كان هاوڵاتییه‌ نه‌ك حیزب، حیزب دروستكه‌ری‌ كه‌سایه‌تی‌ هاوڵاتیه‌ نه‌ك لاوازكردن و نه‌خۆشخستنی‌، به‌ڵام لای‌ ئێمه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ راسته‌، هه‌موان به‌بێ‌ جیاوازی‌ به‌خۆشمه‌وه‌ نه‌خۆشی‌ ده‌ستی‌ حیزبین، حیزبیبون و بێ پلانی‌ كه‌سایه‌تی‌ تاكی‌ لاواز كردوه‌.

ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ پارێزگاش له‌م راستیه‌ تاڵه‌ به‌ده‌رنین و له ‌ئێمه‌ باشترنین، زۆربه‌یان كه‌سایه‌تی‌ حیزبی‌ و بێ‌ ده‌سه‌ڵات و لاوازن هه‌یه‌كه‌ به‌عه‌قڵیه‌تی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ ده‌ڕوانێته‌ بابه‌ته‌كان، له‌ژێر كاریگه‌ری‌ حیزبه‌كه‌یدایه‌ نه‌ك ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی‌ ده‌نگی‌ پێداوه‌، هه‌ربۆیه‌ هەندێک ئۆپۆزسیۆنی‌ دوێنێ‌ لایه‌نگری‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ كه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی‌ دژی‌ ده‌نگی‌ پێداوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نیفاقی‌ سیاسی‌ نه‌بێت دوره‌ له ‌زانستی‌ سیاسه‌تكردن، هاوڵاتی‌ خراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بازنه‌كه‌، حیزب و سه‌ركرده‌كان سه‌روه‌ر و بڕیارده‌رن.

تائه‌و مه‌ودایه‌ هاوڵاتی‌ پێویسته‌ كه ‌پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات، جا پرۆسه‌كه‌ چۆنه‌ پاك و بێگه‌رده‌ یاخود ساخته‌كاری‌ تێدایه‌ گرنگ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌رزاره‌كیش بێت.

ئه‌م به‌ناو حیزبانه‌ به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌ و باكیان به‌ هاوڵاتی‌ نه‌ماوه‌ له‌بری‌ سیاسه‌تكردن حیزبایه‌تی‌ و خزمایه‌تی‌ و خێڵایه‌تی‌ ئه‌كه‌ن، واته‌ له‌بری‌ سیاسه‌تكردن له‌پێناو خاك و نیشتمان حیزبایه‌تی‌ و خزمایه‌تی‌ و خێڵایه‌تی‌ ئه‌كه‌ن له‌پێناو ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ حیزب و سه‌ركرده‌كان.

به‌م حیزبایه‌تیه‌ خه‌ونه‌كانی‌ پارێزگای‌ سلێمانیان له‌باربردوه‌، شاریان ئیفلیج كردوه‌ و په‌راوێزیان خستوه‌! هه‌ربۆیه‌ رێگه‌به‌خۆم ئه‌ده‌م و ئه‌ڵیم حیزبه‌كان سه‌ركرده‌كان زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ حیزبه‌كان ناكامڵن له‌ملنه‌دان بۆ ئیراده‌ی‌ گه‌ل له‌ڕێزگرتن له‌ده‌نگده‌ران و نایانه‌وێت ئه‌و پرسه‌ یه‌كلابێته‌وه‌.

پرسیاره‌ قورسه‌كه‌... كێ‌ بڕیارده‌ره‌ له‌م شاره‌ ؟... كێ‌ به‌رپرسه‌ له‌م بارودۆخه‌؟... كێ‌ به‌رپرسه‌ له‌م قه‌یرانه‌؟

كاتێك به‌رپرسه‌كان دێنه‌ قسه‌و لێدوان، هه‌مویان فریادره‌س و پاڵه‌وانی‌ نیشتمانین، درك به‌ترسناكی‌ بارودۆخه‌كه‌ ئه‌كه‌ن، له‌كێشه‌كان تێئه‌گه‌ن و باس له‌چاكسازی‌ ئه‌كه‌ن، به‌ڵام نازانم بۆ نایكه‌ن ؟... كێ‌ رێی‌ لێگرتون؟... بۆ رێك ناكه‌ون؟... بۆ خه‌ونی‌ شارێك له‌بارئه‌به‌ن ؟...

ئایا ئه‌مانه‌ به‌وه‌ فێرن لایه‌ن و هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان به‌زۆر پرسه‌كانیان بۆ یه‌كلایی‌ بكه‌نه‌وه‌، وه‌ك ئه‌و به‌شداریكردنه‌ لاوازه‌ی‌ حیزبه‌ كوردستانیه‌كان له‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق، كه‌ تائێستا میلله‌تی‌ كورد ئه‌و لاوازییه‌ی‌ به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌.
Sbeiy.com © 2007