Print
 
 كـۆبـانێ‌، تاقیمانده‌كاته‌وه‌
نوسه‌ر:  دڵشـاد شـێخان حوسـێن
Thursday, September 25, 2014

رۆژئاوای‌ كوردستان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ تیرۆریستانه‌، نابێ‌ چاوه‌ڕوانی‌ یارمه‌تی‌ ئه‌وانی‌ دیكه‌ بكه‌ین تا به‌هانای‌ گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ بێن، ئه‌ركێكی‌ ئه‌خلاقی‌ و نیشتیمانی‌ و نه‌ته‌وه‌ییه‌ كه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ین جینۆسایدێكی‌ تر له‌ به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌مان ئه‌نجام بدرێ، با له‌وه‌ زیاتر كات به‌ فیرۆ نه‌ده‌ین. ئێمه‌ ده‌توانین كۆبانێ‌ بپارێزین، چونكه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رۆڵی‌ هاوپه‌یمانی‌ جیهانی‌ پێدراوه‌ له‌ دژی‌ تیرۆریستان، نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد ده‌رفه‌تێكی‌ زێڕینی‌ بۆ ره‌خساوه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانێ‌ ئه‌و سنورانه‌ بشكێنێ‌ كه‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ یه‌كه‌م و ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كان و... دروستیان كرد و خاكی‌ كوردستانیان دابه‌شكرد، به‌ مانایه‌كی‌ دیكه‌ له‌ راستیدا ئه‌م قۆناغه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ باوه‌ڕێك كه‌ رایه‌ڵه‌كانی‌ رۆحی‌ پێكه‌وه‌یی‌ و برایه‌تیمان تۆكمه‌ و به‌هێز بكه‌ین.

له‌و چركه‌ساتانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ باشوری‌ كوردستان داوای‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌كات، توركیا یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ پشتگیری‌ له‌ داواكه‌ ده‌كا، تیرۆریستانی‌ داعش موسڵ كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ گرتنی‌ به‌غدا ده‌كه‌ن، كه‌چی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو هێرشه‌كانی‌ داعش به‌ ئاراسته‌ی‌ هه‌رێمی‌ باشوری‌ كوردستان دێن و ده‌ست به‌سه‌ر شه‌نگالدا ده‌گرن و كورده‌ ئێزیدیه‌كان جینۆساید ده‌كه‌ن و...، دوای‌ ئه‌و مه‌خمور و گوێڕ...! ئه‌وكاته‌ی‌ نه‌وتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ڕێگه‌ی‌ لوله‌وه‌ ده‌گاته‌ به‌نده‌ری‌ جه‌یهان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ بازاڕه‌كانی‌ جیهان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ی،‌ كه‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ توركیا ئه‌نجامیدا. هاوكات به‌غدا چه‌ندین مانگه‌ بوجه‌ی‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیوه‌، هه‌نوكه‌ بڕی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌كاته‌ نۆ ملیار دۆلار، به‌مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ پێویستمان به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ هه‌بو، كه‌ بریتییه‌ له‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ خۆمان بۆ بازاڕه‌كانی‌ جیهان وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤی‌ به‌غدا، به‌ ده‌ربڕینێكی‌ تر ئه‌و گرژی‌ و ئاڵۆزیه‌ی‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هاته‌ئارا خه‌ریك بو ببێته‌ هۆی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ بونی‌ ئابوری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ باشوری‌ كوردستان. كه‌واته‌ ئێمه‌ به‌ هێز بوین. موسڵ داعش پڕ چه‌ك و پاره‌ ده‌كا له‌ دژی‌ كورد ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌ولێر ده‌كات، به‌ڵام پشتیوانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پیلانی‌ تیرۆریستانی‌ پوچه‌ڵ كرده‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ هاوكاری‌ گه‌ریلاكانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل (HPG)و شه‌ڕڤانانی‌ یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل (YPG) و یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ ژن (YPJ)... له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك شان به‌ شانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ دژی‌ داعش كه‌وتنه‌ به‌رخۆدانی‌، دوژمنانی‌ گه‌له‌كه‌مان له‌وه‌ تێگه‌یشتن ئیتر سنوره‌كان خه‌یاڵین و ناتوانن جیامان بكه‌نه‌وه‌. ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ جارێكی‌ دیكه‌ هه‌ولێری‌ ناچار كرد بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا و به‌ مه‌رج به‌شداری‌ له‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق بكات. توركیا له‌ به‌رامبه‌ر ره‌وشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌ هیچ هه‌ڵوێستێك له‌ دژی‌ داعش نانوێنێ‌ به‌ڵكو هاوكاریان ده‌كا له‌ڕوی‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی‌ و له‌ رێگه‌ی‌ سنوری‌ وڵاته‌كه‌ی‌ تیرۆریستان ره‌وانه‌ی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان ده‌كا و له‌وێشه‌وه‌ بۆ باشوری‌ كوردستان...، جارێكی‌ تر ئاراسته‌ی‌ هێرشه‌كانی‌ داعش له‌سه‌ر رۆژئاوا چڕ ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ توركیا به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ كاتێ‌ كورد ناكۆكیه‌كانی‌ وه‌لا ده‌نێ‌ و نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌ به‌ بنه‌ما وه‌رده‌گرێ‌.

له‌وكاته‌وه‌ی‌ باشوری‌ كوردستان كه‌وتوه‌ته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ تیرۆریستان، باكور، رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای‌ كوردستان شانبه‌شانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ خه‌بات و به‌رخودانی‌ بێوچاندان بۆ پاراستنی‌ ئه‌و ده‌سكه‌وت و ئه‌زمونه‌ی‌ كه‌ باشوری‌ كوردستان به‌ده‌ستی‌ هێناوه‌، ئه‌وه‌شمان له‌بیرنه‌چێ‌ ئه‌و هێزانه‌ به‌درێژایی‌ ماوه‌ی‌ رابوردو له‌ سێ‌ لاوه‌ سنوری‌ ئه‌م هه‌رێمه‌یان پاراستوه‌، به‌و مانایه‌ی‌ نیشتیمانێ ده‌مانكا به‌ یه‌ك هێز و كۆمان ده‌كاته‌وه‌، ئێمه‌ له‌م كاته‌ ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ ئینتیمای‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ خۆی‌ به‌ هیچ سنورێكه‌وه‌ نابه‌ستێته‌وه‌ (ئینتیمای‌ هاونه‌ته‌وه‌یی‌ بون) كه‌واته‌ كورد بون شوناسێكی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ و هه‌ر هه‌بوه‌، له‌م قۆناغه‌دا شوناسی‌ نه‌ته‌وه‌ییمان پێویستی‌ به‌ نیشتیمانێكی‌ هاوبه‌ش هه‌یه‌ بۆ جاڕدانی‌ بونی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ (نیشتیمانێ كۆمان بكاته‌وه‌)، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ "داعش" بۆ سه‌ر كورد و كوردستان په‌یامێكه‌ بۆ ئه‌و راستییه‌.

توركیا ئێمه‌ی‌ تاقیكرده‌وه‌، شه‌نگال وه‌ڵامی‌ دوژمنانی‌ گه‌لی‌ كوردی‌ دایه‌وه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ك نابێته‌ هۆی‌ ده‌ست هه‌ڵگرتنمان له‌ نیشتیمان و تێكدانی‌ یه‌كێتی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد، چونكه‌ كوردستان بۆ كورد له‌ سه‌روی‌ هه‌مو شتێكه‌وه‌یه‌، به‌ مه‌به‌ستی‌ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ پێنج سه‌د ساڵ به‌سه‌ر دابه‌شبونی‌ كوردستان تێده‌په‌ڕێ‌ و سه‌د ساڵیش به‌سه‌ر جه‌نگی‌ جیهانی‌ یه‌كه‌م... هه‌نوكه‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد له‌ ترۆپكی‌ وشیارییه‌ بۆیه‌ خاوه‌نداری‌ له‌ كوردستان ده‌كا، ئێمه‌ باوه‌ڕمان وایه‌ به‌ رامانێكی‌ دروست له‌سه‌ر پرس و مژاره‌ ئینسانیه‌كان ده‌توانین له‌ ژێرده‌ستی‌ رزگار بین و به‌ ئازادی‌ بیر بكه‌ینه‌وه‌، ئازادیش خودی‌ ئه‌خلاقه‌، به‌ بۆچونی‌ من ئه‌خلاق و ئازادی‌ دو روی‌ یه‌ك دراون، ئه‌خلاقی‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌ربه‌ستبونی‌ دایه‌، كه‌واته‌ به‌ر له‌ هه‌مو شتێ‌ ده‌بێ‌ ئینسان ئازادبێ‌، ئازادی‌ بۆ ژیان وه‌ك گۆشت و نینۆك وایه‌. توركیا به‌ ده‌ستی‌ داعش شه‌ڕی‌ كورد ده‌كا له‌ رۆژئاوا به‌ مه‌به‌ستی‌ لاوازكردنی‌ (PKK) و شێواندنی‌ پرسی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ به‌هێزكردنی‌ داعش بۆ گه‌یشتنی‌ به‌ نه‌وتی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ كۆمپانیا لۆكاڵیه‌كانی‌ خۆی‌ و وه‌ده‌رنانی‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كان، هێرشی‌ چڕی‌ چه‌ته‌كانی‌ داعش بۆ سه‌ر كانتۆنی‌ "كـۆبـانـێ‌" به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌و راستییه‌، ئه‌گه‌ر توركیا تائێستا چل و نۆ دبلۆماتكاره‌كه‌ی‌ كرد بوه‌ به‌هانه‌ بۆ بێ‌ هه‌ڵوێستی‌ له‌ هه‌مبه‌ر چه‌ته‌كانی‌ داعش ئه‌وا (49) دبلۆماتكاره‌كه‌ی‌ تورك، كه‌ میوانی‌ داعش بون گه‌ڕانه‌وه‌ توركیا له‌كاتێكدا چالاكوانه‌ به‌ریتانیه‌كه‌ و رۆژنامه‌نوسه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ رزگاریان نه‌بو...، وه‌ك ئاشكرایه‌ تیرۆریستانی‌ داعش ده‌ست له‌ ژن و منداڵ و به‌ساڵاچوان... ناپارێزن، ئه‌وه‌ش راستیه‌كی‌ دیكه‌یه‌ كه‌ یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌ستانه‌ی‌ له‌ پشت داعشه‌وه‌ن. گریمان هه‌مو ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان توركیا و داعش هه‌یه‌ دورن له‌ راستی‌، به‌ڵام چاوپۆشین و بێ‌ ده‌نگی‌ توركیا له‌ ئاست كاره‌ هۆڤانیه‌كانی‌ تیرۆریستان و كومه‌ڵكوژیه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی‌ داعش نیشانه‌ی‌ ره‌زامه‌ندی ئه‌و وڵاته‌یه‌، كه‌واته‌ توركیا به‌م واقیعه‌ رازییه‌. كه‌چی‌ به‌رپرسیارێتی‌ یه‌كه‌م له‌ ناوچه‌كه‌ خودی‌ توركیایه‌، چونكه‌ كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌، ئابوری‌، سه‌ربازی‌ و... ناوچه‌كه‌. سیسته‌می‌ دژه‌ داعش نێو ده‌وڵه‌تییه‌، ده‌بێ‌ توركیا به‌شێك بێ‌ له‌و سیسته‌مه‌، به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ راسته‌! ئه‌ركی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ به‌زوترین كات چه‌كی‌ پێشكه‌وتو بگه‌یه‌نێته‌ كۆبانێ‌، كانتۆنه‌كانی‌ رۆژئاوا نزیكه‌ی‌ سی‌ هه‌زار شه‌رڤانیان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ڕوی‌ چه‌ك و پێداویستییه‌ لۆجستیه‌كانی‌ سه‌ربازیه‌وه‌ كێماسییان هه‌یه‌، داعش به‌هۆی‌ موسڵ و سه‌لاحه‌دین بوه‌ هێزێكی‌ پڕ چه‌ك، له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و داگیركاریانه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆریان ده‌سكه‌وت سه‌رباری‌ فه‌نده‌ره‌كانیان...، چه‌كه‌كانی‌ ئه‌و تیرۆریستانه‌ گران و پێشكه‌وتون كه‌ به‌ چه‌كه‌كانی‌ شه‌رڤانانی‌ (YPJ&YPG) به‌راورد ناكرێ‌. ئه‌و چه‌ك و پێداویستییه‌ سه‌ربازیانه‌ی‌ كه‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كان بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان نارد پشكی‌ رۆژئاوای‌ كوردستانی‌ تێدایه‌، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی‌ ئێمه‌وه‌، به‌ واتایه‌كی‌ دیكه‌ ئامانج له‌و هه‌ماهه‌نگی‌ و هاوپه‌یمانیه‌ جیهانیه‌ بریتییه‌ له‌ لێدانی‌ تیرۆریستان و له‌ گۆڕنانیان یاخود به‌ لایه‌نی‌ كه‌مه‌وه‌ كاڵكردنه‌وه‌ی‌ مه‌ترسیه‌كانی‌ داعش له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان. كه‌واته‌ ئێمه‌ له‌به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی‌ ئه‌خلاقی‌ و مێژویی‌ داین، چونكه‌ هێرشی‌ تیرۆریستان بۆ سه‌ر كۆبانێ‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر كوردستان.
Sbeiy.com © 2007