|
پارتی و یه‌کێتی له ته‌رازوه‌که‌ی داعشدا |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Saturday, September 27, 2014 |
پاش هێرش و پێشڕه‌ویه‌کانی داعش له باشوری کوردستان و شکستی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه له شه‌نگال و جه‌له‌ولا و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی تر، له‌لایه‌که‌وه ناکۆکی و ململانێکانی پارتی و یه‌کێتی (خاوه‌نی هێزی پێشمه‌رگه) روکه‌شانه به‌لاوه‌نران، له‌لایه‌کی تریشه‌وه هه‌ر لایه‌ک ئه‌و دۆخه و روداوه‌کانی دواتری بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆی و لاوازکردنی لاکه‌ی تر به‌کارهێنا. پرۆسه‌یه‌کی پارادۆکسی سیاسی که به‌به‌رده‌وامبونی زه‌ره‌ری گه‌وره‌تر له پرسی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دات، ئه‌م پرۆسه‌یه تا ئه‌م ساته‌ش به‌شێکی زیندوه له ئه‌قڵیه‌تی به‌سه‌رچوی سه‌رده‌می شه‌ری ناوخۆی هه‌ندێک له ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان.
هاوپه‌یمانیه‌کی رانهگایانراو و هه‌ڵكشاندنی یه‌کێتی
یه‌کێتی، وه‌ک چه‌ندجارێک له مێژودا تاقیکردۆته‌وه، ئه‌مجاره‌ش بۆ لاوازکردنی لایه‌نه‌کانی تر و تایبه‌ت پارتی، په‌نای بۆ په‌که‌که و هێزه‌کانی سه‌ر به په‌که‌که له رۆژئاوا برد، ئه‌م کارته‌ی یه‌کێتی جگه‌له‌وه‌ی زه‌مینه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له‌خۆگرتوه، هاوکاتیش چه‌ند واقیعێکی به‌هێزی سیاسی تێێدا له خزمه‌تی مه‌رامه هاوبه‌شه‌کان به‌کارهێنراون، وه‌ک ناکۆکی و ململانێی توندی نێوان په‌که‌که و په‌یه‌ده له گه‌ڵ پارتیدا و هه‌روه‌ها ئه‌زمونی ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌و دو هێزه له گه‌ڵ داعشدا. کۆی گشتی ئه‌م راستیانه، به‌تایبه‌ت پاش نه‌به‌ردی و قاره‌مانیه‌تی پێشمه‌رگه و گه‌ریلاکان له چه‌ند به‌ره‌یه‌کی گرنگی شه‌ڕ له گه‌ڵ داعشدا و به هاوکاری هه‌مه‌جۆری ئێران، پێگه‌ی سه‌ربازی و جه‌ماوه‌ری ئه‌و هاوپه‌یمانه رانهگایانراوهی به‌هێز کرد.
ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی، وێرای به‌شداریه‌کی چالاکانه له به‌ره‌کانی شه‌ڕدا و شه‌هیدبونی ده‌یان پێشمه‌رگه و فه‌رمانده، نه‌یانزانی ته‌واوی ئه‌م هه‌ڵکشانه بکه‌نه تاجه‌گوڵینه بۆ خوێنی شه‌هیده‌کان و پیرۆزی ئه‌رکی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تێرۆریزم، بۆیه بۆ مه‌رام و ململانێی حیزبی و بۆ خواسته‌کانی له هه‌ولێر و سلێمانی و به‌غدادیش خستیانه‌گه‌ڕ. په‌که‌که و په‌یه‌ده‌ش پێویستیان بهحزورێکی سه‌ربازی ئاشکرا هه‌یه له باشور، زۆر تایبه‌ت په‌که‌که بۆ شکاندنی ته‌وقه‌کانی سه‌ر حزوره سنورداره‌که‌ی ساڵانی رابوردودی له هه‌رێمی کوردستان. په‌که‌که و په‌یه‌ده دان به‌و سنوره دروسکراوانهی نێوان به‌شه‌کانی کوردستاندا نانێن، بۆیه زۆر گرنگه شاده‌مارێکی سه‌ربازی و لۆجیستیک نێوان ناوچه سنوریه‌کانی باشوری کوردستان له گه‌ڵ ناوچه ئازادکراوه‌کانی رۆژئاوای کوردستان بکه‌نه ئه‌مری واقیع. یه‌کێتی به‌په‌له به‌ده‌نگ ئه‌م خواسته‌وه چو. پارتی ئه‌وه‌نده رێگه‌ی پێنه‌داون و تا ئه‌م ساته‌ش دۆخه‌که به نادیاری ماوه‌ته‌وه.
زیاده بۆ ئه‌مانه‌ش ئێران که هاوکاری و پشتگیری یه‌کێتی و په‌که‌که‌ی له چه‌ند ناوچه‌یه‌ک دژ به داعش کردوه، زۆریش مه‌به‌ستیه‌تی چالاکانه به‌شداری له په‌لاماردانی داعشدا بکات، چونکه به‌پێچه‌وانه‌وه به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مەریکا و خۆرئاوا بۆ عێراق زۆربه‌ی سیاسه‌ته‌کانی له عێراق له‌دوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مەریکا له 2011 مایه‌پوچ ده‌رده‌چن و ئه‌گه‌ری به‌هێزیش له ئارادایه دوای تێکشکاندنی داعش پێگه‌شی له سوریا لاواز بێت. له ئێستادا چاوی دنیا له‌سه‌ر کوردی باشوره بۆیه بۆ ئێران گرنگه تاکه هێزی زۆر نزیک لێی له باشور که یه‌کێتیه له گێژاوی روداوه‌کاندا پێگه‌ی به‌هێزتر بێت و بتوانێت هاوسه‌نگی له گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تردا رابگڕیت. شکستی سیاسه‌ته‌کانی تورکیا له هه‌رێم و سوریا زهمینهخۆشکهرێک بو بۆ ئێران تا چاوبازیهکی سنوردار له گه‌ڵ په‌که‌که بکات و ده‌یه‌وێت له گه‌ڵ یه‌کێتیدا به‌کاریان بهێنێت بۆ پرکردنه‌وه‌ی به‌شێکی ئه‌و بۆشاییه‌ی شکستی تورکیا له باشور دروستی ده‌کات. ئێران زۆر مه‌راقیه‌تی له‌ڕێگه‌ی ئه‌م هێزانه‌وه له سه‌رده‌می جه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌تێرۆریزم له کوردستانه‌وه زه‌مانی نفوزێکی به‌رچاو بۆخۆی له‌و ناوچه‌یه بکات.
یه‌کێتی و په‌که‌که ئاره‌زومه‌ندانه بونه‌ته به‌شێکی زیندو له‌و هاوکێشه‌یه‌دا. ئه‌گه‌رچی یه‌کێتیه کلاسیکیه‌کان ئه‌م هه‌ڵکشاندن و هاوکێشانه به هه‌ڵساندنه‌وه و بوژاندنه‌وه‌ی یه‌کێتی نازناو ده‌که‌ن، به‌ڵام له ئه‌رزی واقیعدا ئه‌و ئیدیعایه ریکلامێکی حیزبیه، چونکه له‌لایه‌ک دۆخه‌که به‌په‌له له‌لایه‌ن ئه‌مەریکا و خۆرئاواوه ئیحتواکرا و هێزه‌کان سه‌رپشک نین به‌ئاره‌زو و ویستی خۆیان کاربکه‌ن، هاوکاتیش هه‌ڵکشاندنی یه‌کێتی سنورداره و به‌شێک لێی ئاکامی گه‌مه‌ی سیاسی زه‌قه و ده‌ستی ده‌ره‌کی و به‌ره‌ی شیعه‌ی له عێراقدا تێدایه.
یه‌کێتیه‌کان نابێت به‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه دڵته‌نگ بن، چونکه یه‌کێتی له مێژویدا به‌سه‌ر زۆر کۆسپ و کێشه‌ی گه‌وره‌دا زاڵبوه و له لێواری نه‌مانه‌وه زیندوبۆته‌وه و هه‌ڵساوه‌ته‌وه، وه‌ک له شه‌ڕی هه‌کاری و کیمیاباران و ئه‌نفالدا و دواتر له 31 ئابدا، یه‌کێتی له سه‌رجه‌م ئه‌و قۆناغانه‌ی مێژویدا زۆر پشتئه‌ستور بوه به‌خۆی و په‌یامی ههڵسانهوهکانیشی نه‌ته‌وه‌یی بون. ئه‌مجاره ئه‌م دو زه‌مینه به‌هێزه ئه‌وه‌نده به‌رچاو نین.
پارتی و پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی
پارتی له چه‌ند ناوچه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵاتی، وه‌ک شه‌نگال و زوممار و ته‌لعه‌فه‌ر و مه‌خمور و گوێر دوچاری شکستێکی به‌رچاو بو و کاره‌ساتی مرۆیی لێکه‌وته‌وه. بێده‌نگی تورکیا و ئاشکرابونی زه‌قی پشتگیری و کارئاسانیه‌کانی تورکیا بۆ داعش شکسته‌که‌ی پارتی تاڵتر کرد. پارتی زو ده‌رکی به‌وه‌کرد که‌وتۆته داوێکی ناوچه‌ییه‌وه که خودی خۆی لێی بێ‌ئاگا نه‌بوه. گرتنی گوێر و مه‌خمور ئه‌و زه‌نگه مه‌ترسیداره بو که پارتی به‌ئاگا هێنایه‌وه، له به‌رامبه‌ردا زۆر وریایانه دۆخه‌که‌ی قواسته‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتگیریه‌کی گه‌وره‌ی سه‌ربازی و سیاسی و مرۆیی ده‌ره‌کی بۆ باشور. ئیداره‌ی ئۆباما له‌به‌رده‌م بڕیارێکی قورس‌دا بو، ئه‌گه‌ر به‌په‌له کارێک نه‌کات کوردستان ده‌بێته مۆڵگه‌ی تێرۆریستان و ئێران وه‌ک پارویه‌کی ئاسان هه‌ڵیده‌لوشێت، ئه‌زمونێکی نزیک له دۆخی سوریا دروست ده‌بێت. له‌یه‌ک کاتدا ئه‌مەریکا و په‌یمانی ناتۆ و چه‌ند وڵاتێکی تر چالاکانه هاتنه سه‌رخه‌ت.
ئه‌م پشتگیریه نێوده‌وڵه‌تیه فاکتهریێکی سه‌ره‌کی بو بۆ پاراستنی نمونه‌ی حوکمڕانی له هه‌رێم له به‌رامبه‌ر مه‌ترسیه‌کانی داعش و زیاده‌رۆیی به‌غداد و ئێران. ئه‌وه گورزی ئاسمانی ئه‌مەریکا و شه‌ری پێشمه‌رگه له‌سه‌ر زه‌وی بو که شکستی به‌هێرشه‌کانی داعش هێنا و توانرا زۆربه‌ی ناوچه‌کان لێیان پاک بکرێنه‌وه.
لێره به‌دواوه هه‌ولێر و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بونه سه‌نته‌رێکی گرنگی جه‌نگی دنیا دژ به‌تێرۆریزم، پارتیش درێغی نه‌کردوه ئه‌و سه‌نته‌ره به سیاجێکی تۆکمه‌ی تایبه‌تی خۆی ده‌وران بدات و بۆ دنیاشی وا نمایش بکات که خۆی کرۆکه سه‌ره‌کیه‌که‌ی کوردستانه بۆ شه‌ڕی دژ به‌تێرۆریزم.
وێرای شکستی پارتی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع و شکستی ستراتیژیه‌تی ده‌روازه‌ی تورکیا، وه‌لێ پارتی له مه‌جرای روداوه‌کاندا بۆته سودمه‌ندی گه‌وره، چونکه له حزوری کارای ئه‌مەریکا و پشتگیری نێوه‌ده‌وڵه‌تی لاسه‌نگیه ناوخۆییه‌که‌ی باشوری به‌سودی خۆی شکانه‌وه و ئێرانیش له سنورێکی دیارکراودا راگیراوه، له به‌رامبه‌ر به‌غدادیش کۆده‌نگی کوردی زامن کردوه و ته‌نانه‌ت له کابینه‌که‌ی عه‌بادی پۆستی گرنگی پێدراوه (جێگری سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیری دارایی).
ئه‌گه‌ره‌کان
نێوان ههڵکشاندی جه‌ماوه‌ری و سه‌رکه‌وتنی دیبلۆماسی و پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی ململانێکانی ئێستای ئه‌و دو هێزه گوزه‌ر ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر ئه‌م دو ئاراسته‌یه به‌یه‌که‌وه گرێ بدرێن و بخرێنه خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئه‌م قۆناغه‌وه له‌و باوه‌ڕه‌دام گه‌لێک زام سارێژ ده‌کرێن و خه‌م و مه‌راق ده‌روێنه‌وه، له سه‌یرکردنێکی رۆژانه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی ئه‌م دو هێزه ئاماژه‌کانی لێکترازانی زیاتر و قوڵبونه‌وه‌ی ناکۆکیه‌کان به‌رچاو ده‌که‌ون.
کار گه‌یشتۆته ئاستێک به‌رپرسه باڵاکانی ئه‌و دو هێزه داوا له بارزانی ده‌که‌ن چاره‌یه‌ک بۆ کێشه‌کانیان بدۆزێته‌وه. بانگه‌وازێکی خه‌مخۆرانه، به‌ڵام خه‌یاڵاوی، چونکه ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵک له سروشتی ناکۆکیه‌کانی ئه‌و دو هێزه تێگه‌یشتبێت به دانیشتنێک و "کن فیکن"ێک چاره ناکرێن، پێدهچێتیش بارزانی ده‌ستی خۆی له مه‌سه‌له‌یه‌کدا نه‌سوتێنێت که باوه‌ڕی پێی زۆر لاواز بوه و متمانه‌ی پێی له‌ق بوه.
داعش گۆمه قوڵه‌که‌ی باشوری له زۆر بواردا شڵه‌قاند، ته‌رازوه‌که‌ی داعش لاسه‌نگیه‌کی خه‌ستی دروستکردوه و زه‌مینه‌ی هاوپه‌یمانی و هاوکێشه‌ی سیاسی نوێی هێناوه‌ته ئاراوه، چه‌ندین بوئره‌ی له‌بار بۆ ته‌قینه‌وه‌ی ناوخۆیی دروستبوه.
ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی له بهرانگهربونهوهی داعشدا داوامان لێده‌کات پێش هه‌مو شتێک ئه‌و که‌ڵێن و لێکترازان و ئاڵۆزی و گرژیه‌ی دروستبون چاره‌بکرێن به‌ئه‌قڵیه‌تی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌یی و پشتئه‌ستور به میلله‌ت و خاك و هێزی پێشمه‌رگه‌ی کورد.
بۆ خۆم وا چاوه‌ڕوانم دوای هێوربونه‌وه‌ی زریانه‌که دۆخی ناوخۆی هه‌رێم رو له گرژی و ئاڵۆزیه‌کی توند بکات، ئه‌گه‌ر به قۆناغی "ته‌سفیه‌ی حسابات" ناو نه‌برێت، بێگومان ده‌بێته قۆناغی "یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی پێگه و ده‌سه‌ڵاته‌کان".
به‌رده‌وامبونی ئه‌م دۆخه له گه‌ڵ ئه‌و نیهتانهی ئاماژه‌م پێکردون یاریکردنه به‌ئاگر، ئاگرێک ته‌ر و وشک به‌یه‌که‌وه ده‌سوتێنێت، بۆیه پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ عهقلیانهت و واقیعبینین، خۆمان له دۆگما و شۆڤینیزمی و خۆپه‌رستی حیزبی دور رابگرین و دان به‌خۆماندا بگرین، کێشه و ناکۆکیه‌کان له هۆڵی په‌رله‌مان و روبه‌ری میدیاکان هێورانه به‌ڕێوه‌ببه‌ین.
|
|
|