Print
 
 به‌ره‌وكوێ ؟
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Sunday, October 19, 2008

 


"ئه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌رداری ئازادی ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی تۆزێك له‌ ئارامی بۆ ساتێك بكڕن شایسته‌ی نه‌ ئازدی و نه‌ ئارامیشن"
Benjamin Franklin

هه‌موو گۆڕانێك چه‌ند ئامانجێكی له‌پشته‌وه‌یه‌ وچه‌ند ئه‌نجامێكی لابه‌لاشی لێده‌بێته‌وه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گۆڕانگاریه‌كان له‌ئاستی ئامانجه‌كاندا بن وكونتڕۆڵ بكرێن، میكانیزمه‌كانی گۆڕانیش له‌خزمه‌تی ئامانجه‌كاندا بن.

پاش راگه‌یاندنه‌كه‌ی ره‌وتی گۆڕینی دیموكراسی له‌ناو جه‌سته‌ی یه‌كێتییدا پێشوازی وپشتوانیه‌كی گه‌رم له‌ ئارادایه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ره‌وته‌ بتوانێت كاریگه‌ریه‌كی به‌رچاوی له‌ گۆڕانكاریه‌كاندا هه‌بێت. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی به‌هێزكردنه‌وه‌ی یه‌كێتیی یه‌ كه‌ بتوانێت ئه‌ركه‌كانی له‌ بزافی كوردایه‌تی له‌باشوور به‌ شێواز ومیكانیزمی زۆر جیاواز له‌وه‌ی هه‌نووكه‌ ئه‌نجام بدات. ململانێ فكری وره‌واكانی ناو یه‌كێتیی هه‌میشه‌ دینامۆی زیندویه‌تی وسه‌ركه‌وتنه‌كانی بوون ونهێنیه‌ ئاشكراكه‌ی ریبَازی زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ی خه‌باتیه‌تی كه‌ له‌ رۆژی یه‌كه‌می دروستبوونیه‌وه‌ گه‌مارۆدرابو به‌ هێزه‌ ناحه‌ز ودوژمنه‌كانی ناوخۆی كوردستان وده‌وروبه‌ری. یه‌كێتیی له‌و مێژووه‌دا سه‌ركه‌وتنی زۆری به‌ده‌ست هێناوه‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ‌ ملمڵانێكانی ناوخۆیشدا پابه‌ندبوونی توند به‌ به‌رنامه‌كان وبه‌ ئامانجه‌كانه‌وه‌ هه‌بوه‌.

یه‌كێتیی ئه‌مڕۆ زۆر جیاوازه‌ له‌ پێشوو، له‌یه‌ك شتدا جیاواز نیه‌ ونابێت ئه‌ویش وه‌ك رێكخراوێك ئامرازێكه‌ له‌پێناو به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ی به‌دی نه‌هێنراون وچه‌سپاندن وگه‌شه‌پێدانی ئه‌وانه‌شی به‌ده‌ست هێنراون هه‌م له‌رێگای حزبه‌وه‌ وهه‌م له‌ رێگای حوكمرانیه‌وه‌. ناكۆكی وململانێكان له‌م راستیه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاون ولێره‌وه‌ش یه‌كه‌م هه‌نگاوی چاره‌ی راسته‌قینه‌ ده‌ست پێده‌كات.

یه‌كێتیی له‌به‌رده‌م دوو ریانێكدایه‌، رێگای گۆڕان وبه‌هێزكردنه‌وه‌، به‌مه‌ش چاككردنی بارودۆخی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا هه‌م هیوابه‌خش ده‌بێت وهه‌م خۆشه‌ویستی وپشتیوانی جه‌ماوه‌ری كوردستان بۆ یه‌كێتیی بێ ئه‌ندازه‌ گه‌شه‌ده‌كات وهه‌م پارسه‌نگی لاسه‌نگی ئێستای نێو هێزه‌كانی كوردستان راستده‌كرێته‌وه‌، مه‌به‌ست له‌مه‌ش راستكردنه‌وه‌یه‌ك كه‌ ژیانی دیموكراتی وململانێی سیاسی دیاری بكات. رێگای دووه‌م له‌یه‌كترازان وگرژی وتوندی وپارچه‌ پارچه‌بوونه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر هه‌موو یه‌كێتیی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت به‌ڵكو میلله‌تی كورد له‌پله‌ی یه‌كه‌مدا. 

پێشئه‌وه‌ی بێمه‌ سه‌رباسی گۆڕین، پێویسته‌ چه‌ند راستیه‌ك بخرێنه‌ به‌رچاو:
یه‌كه‌م: بوونی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌تۆكمه‌یی وهێزه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌ی بزافی كوردایه‌تیدا زامنێكی سه‌ره‌كیه‌ بۆ پاشهاتێكی گه‌شه‌دار بۆ ناوچه‌كه‌ وعێراق ومیلله‌ته‌كه‌مان نه‌ك ته‌نها له‌ باشووری كوردستان، به‌ڵكو بۆسه‌رجه‌م بزافی كوردایه‌تی.

دووه‌م: زه‌مینه‌ی مێژویی وپێكهاته‌ی یه‌كێتیی كه‌ره‌سه‌ وخواستی به‌رچاو وشاراوه‌ی راستكردنه‌وه‌ی خودی خۆی تێدایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی مۆدێرن كه‌له‌گه‌ڵ‌ بارودۆخی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا بگونجێت.

سێیه‌م: پاراستن وگه‌شه‌پێدانی حوكمرانی كورد له‌ باشوور ده‌بێت له‌هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی رێكخراوه‌یی وسیاسیدا له‌ لوتكه‌ی ئامانجه‌كانماندا گه‌شاوه‌ بیت.

چواره‌م: دارشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی باشوور له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا ووڵاتانی دراوسێ كه‌ تێدا یه‌كێتیی به‌هاوكاری ورێككه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كانی تر و هێزه‌ بیانییه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌ عێراق سازی بده‌ن ده‌بێت ئامانجێكی تری پرۆسه‌ی گۆرین بێت.

پێنجه‌م: دارشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ كوردستانیه‌كان بۆ دیاریكردنێكی هاوبه‌شی به‌رژوه‌ندی باڵای نه‌ته‌وایه‌تی .

چۆن گۆڕان ده‌كرێت
هه‌روه‌ك له‌مێژه‌وه‌ ووتراوه‌ " چه‌پڵه‌ به‌یه‌ك ده‌ست لێنادرێ"، ده‌بێت به‌ستنه‌وه‌ی ده‌سته‌كان به‌جه‌سته‌ی یه‌كێتیی یه‌وه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوبێت. بۆئه‌م پرۆسه‌یه‌ش درك كردن وپه‌یره‌وكردنی چه‌ند راستیه‌ك رێگایه‌كی دوورودرێژ وئاڵۆزمان بۆ ئاسان وكورت ده‌كاته‌وه‌:

یه‌كه‌م: قه‌یران وكێشه‌كانی یه‌كێتیی له‌به‌رچاوی كورد وناوچه‌كه‌ ودونیایه‌ ولایه‌نه‌كان به‌ووردی چاودێری ده‌كه‌ن. مایه‌ی بایه‌خی په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ چونكه‌ له‌یه‌كترازان ولاوازی یه‌كێتیی كاریگه‌ری زۆر نێگه‌تیڤی له‌سه‌رچه‌م بارودۆخه‌كه‌ ده‌بێت. بۆیه‌ راست نیه‌ هه‌وڵ‌ بدرێت قه‌باره‌ وئاراسته‌كانی كێشه‌كان بچووك بكرێنه‌وه‌ بۆ ئاستی ته‌نها ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتیی وچاره‌كان ته‌نها بخزێنرێنه‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند پره‌نسیپێكی رێكخراوه‌ییه‌وه‌.

دووه‌م: كێشه‌كانی ناو یه‌كێتیی ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌وخۆ وكاریگه‌ری له‌سه‌ر حوكمرانی وخزمه‌تگوزاریه‌كان وگوزه‌رانی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ گوێگرتن ورا وه‌رگرتنی نوێنه‌رانی خه‌ڵك له‌شێوه‌ وپرۆسه‌ی چاره‌كردندا به‌رچاوبێت.

سێیه‌م: به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی زۆر لایه‌نی تری په‌یوه‌ندیدار به‌م بارودۆخه‌ی یه‌كێتیی یه‌وه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنرێت وله‌به‌ر رۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی یه‌كێتیی ومیلله‌ت ره‌فتاریان له‌گه‌ڵدا بكرێت.

بۆیه‌ به‌ره‌و كوێ؟
هه‌یه‌ داوای لێدوان ده‌كات، داوای به‌كارهێنانی مه‌نتق وعه‌قڵ ده‌كات، داوای له‌یه‌ك گه‌یشتن ده‌كات، هه‌ر هه‌موو ئه‌م ئامراز ورێگاشوێنانه‌ زۆر پێویستن به‌ڵام نه‌ك ته‌نها له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی عاتیفی ونه‌ستۆلجیا وته‌مه‌نای پاكه‌وه‌، به‌ڵكو به‌پێره‌وكردنی رێبازێكی ریاڵیستیكانه‌ ومه‌نتقی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای كورد وعه‌قڵێكی كراوه‌ دوور له‌توندی وگرژی.

راسته‌ كۆنگره‌ له‌ژیانی حزبیدا گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاته‌، چا به‌ چ رێگایه‌ك بێت، رێگای دیموكراتیه‌ت یارێگای ته‌كه‌تولات وهاوپه‌یمانیه‌تی گروپه‌كان یا رێگای خۆسه‌پاندن. به‌ره‌چاوكردنی بارودۆخی گرژی ئێستا وبۆئه‌وه‌ی گۆرانه‌كان به‌ره‌وتێكی دیموكراسی ئه‌نجام بدرێن كلیلی ده‌روازه‌كه‌ لێدوانه‌ به‌مه‌ستی گه‌یشتنه‌ به‌ ئه‌نجام.

ئه‌و پرسیاره‌ی به‌زه‌قی خۆی سه‌پاندوه‌ ئایا بۆ گۆران له‌ناو یه‌كێتی دا كه‌ره‌سه‌ وئامرازی رێكخراوه‌یی ونیه‌تی پێویست له‌ سه‌ركردایه‌تی وبه‌تایبه‌تی سه‌رجه‌م مه‌كته‌بی سیاسیدا هه‌ن؟

بۆ وه‌لامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ باشتره‌ په‌له‌ نه‌كرێت، سه‌نگی مه‌حه‌ك بۆزانینی وه‌لام له‌ ئاماده‌بونیاندا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بێن به‌ده‌نگ ده‌نگه‌ دڵسۆز وپێشنیاره‌ بنیاتكه‌ره‌كانه‌وه‌ كه‌له‌ناو هه‌ناوی یه‌كێتیی یه‌وه‌ ده‌كرێن وله‌لایه‌ن ئه‌و كادیر وپێشمه‌رگه‌ وتێكۆشه‌رانه‌ی كه‌ ده‌یان ساڵی ژیانی خۆیان بۆ یه‌كێتیی ته‌رخان كردوه‌ وسه‌رگه‌ردان وماڵوێران وكه‌مئه‌ندام بوون وله‌ سه‌رچاوه‌ی دڵسۆزیانه‌وه‌ ده‌نگی پرۆتێست وناره‌زایی به‌ ئاشكرایی ده‌رده‌برن پاش ئه‌وه‌ی كه‌ناڵ وده‌روازه‌ رێكخراوه‌ییه‌كان له‌ساڵانی دواییدا نه‌یان توانیوه‌ گوێ له‌و ده‌نگانه‌ بگرن.

بۆ زه‌مینه‌ خۆشكه‌ر بۆ دیالۆگ وگه‌یشتنه‌ ئامانج پێویسته‌ چوارچێوه‌یه‌ك دیاری بكرێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی سه‌رجه‌مه‌كانی یه‌كێتیی له‌سه‌ره‌تادا ئه‌وپه‌ری هه‌وڵبده‌ن بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك وباشتریشه‌ به‌چاودێری وسه‌رپه‌رشتی وحه‌كه‌می رێكخراوی سۆشیاڵ‌ دیموكرات ئینته‌رناشیۆناڵ‌ زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار وگونجاو بۆ گرتنی كۆنگره‌ی داهاتووی یه‌كێتیی خۆشكه‌ن كه‌ كۆنگره‌ی داهاتوو له‌راستیدا ببێته‌ كۆنگره‌ی هه‌موان وبۆ هه‌موان. من ئه‌مه‌ به‌شه‌رم نازانم كه‌ داوای رێكخراوێكی وا گه‌وره‌و ناودار بكه‌ین كه‌ یه‌كێتیی ئه‌ندامه‌ تێدا وبه‌رێز مام جلال جێگرێكی سكرتیری گشتی ئه‌و رێكخراوه‌یه‌، چونكه‌ پێویسته‌ ئه‌و رێكخراوه‌ به‌ده‌نگ ئه‌ندامه‌كانیه‌وه‌ بێت. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌ كه‌مترین زه‌ره‌ر وبه‌ گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وت له‌م قه‌یرانه‌ ده‌رچین.

 

Sbeiy.com © 2007