Print
 
 که‌رکوک و بیرۆکه‌ی هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ!
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Friday, October 24, 2008

که‌رکوک له‌ ئه‌ده‌بی سیاسی و حیزبی کوردیدا:
له ‌کۆتایی شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ قوتابخانه‌ی سه‌رتایی بووم، گوێم لێ ده‌بوو پێشمه‌رگه‌ و کادری پارتی  دیموکراتی کوردستان ئه‌و سه‌رده‌مه‌ باسی که‌رکوکیان ده‌کرد، له‌و کاته‌وه‌ گوێم به‌وه‌ کرایه‌وه‌ که‌ که‌رکوک شارێکی کوردستانه‌ و زنجیره‌ چیای حه‌مرین سنوری کوردستانه‌ له‌ ناو ده‌وڵه‌تی عێراق. به‌یانی 11 ئازار و ئاهه‌نگه‌ گه‌ورکه‌ی گوندی حه‌سار ( گوندێکه‌ ده‌که‌وێته‌ نێوان که‌رکوک و ناحیه‌ی شوان، نزیکه‌ی 12 کم له‌ که‌رکوکه‌وه‌ دووره‌) ‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر ئاشنای کردم به‌ سیاسه‌ت. له‌ دوای ئه‌و قۆناغی ته‌مه‌نه‌ خۆشم تێکه‌ڵی سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی بووم. له‌ باره‌ی که‌‌رکوکه‌وه‌ هه‌ندێ کیتابی مێژووم خوێنده‌وه‌، له‌ کۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ری و حیزبییه‌کاندا هه‌موو که‌س ته‌ئکیدی له‌ که‌رکوک و حه‌مرین ده‌کرده‌وه‌. ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی من به‌م بیره‌ گۆشکرا و بوو به‌ ها‌نده‌رێک بۆ په‌یدابونی گیانی له‌ خۆ بردویی و بوون به‌ پێشمه‌رگه‌. ره‌فتاره‌کانی حکومه‌تی به‌غداش به‌رامبه‌ر به‌ کورد و که‌رکوک هێنده‌ی تر گڕی گیانفیداکاری خۆشتر کرد. کاتی خۆی بیستم مه‌لا مسته‌فا له‌سه‌ر که‌رکوک شه‌ڕی له‌ گه‌ڵ به‌عسییه‌کان ده‌ست پێکردۆته‌وه‌، گفتۆگۆکانی کورد یان راستتر بڵێین حیزبه‌ کوردییه‌کان له‌ گه‌ڵ به‌عس هه‌ر له‌سه‌ر که‌رکوک به‌ بن به‌ست گه‌یشتوون‌. تا ئێره‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ فه‌رهه‌نگی سیاسی کورد که‌رکوکی وه‌ک شاریکی داگیرکراو  تۆمار کردووه‌ نه‌ک وه‌ک ناوچه‌یه‌کی کێشه‌ له‌ سه‌ره‌کاندا. له‌م باره‌وه‌ هه‌ردوو گوته‌ی " که‌رکوک دڵی کوردستان" & " که‌رکوک قودسی کوردستانه‌" ته‌ئکید له چه‌مکی داگیرکراو ده‌که‌نه‌وه‌.

له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق کورد به‌ لێشاو گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سه‌ر زێدی باو باپیران، پێی وابوو ئه‌و ناوچانه‌ رزگار کران، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ ناوچه‌ تازه‌ ئازاد و رزگارکراوه‌کان ناوزه‌د کرا.  له‌ دوای ده‌نگدان به‌ ده‌ستوری عێراق، دانانی رێگه‌ی ده‌ستوری بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی ئه‌و ناوچانه،. به‌ ماده‌ی 58 و پاشان ماده‌ی 140 بۆ که‌رکوک و هه‌موو ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانی تر چه‌مکی ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان ( المناطق المتانزعة) هاته‌ ناو ئه‌ده‌بی حیزبییه‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ش چه‌مکه‌کانی وه‌ک داگیر کراو و ئازاد و رزگار کراو له‌و ئه‌ده‌به‌ کاڵبوه‌وه‌. له‌وه‌ ده‌چێ هه‌نگاوی داهاتوو دابڕینی که‌کرکوک له‌ کوردستان له‌ خۆ بگرێت، به‌ هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ ده‌ست پێ بکات.

حوکومڕانی 5 ساڵی کورد له‌ که‌رکوک:
راسته کورد ده‌زگا گرنگه‌کانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، له‌ پارێزگاره‌وه‌ تا ده‌گاته‌ زۆرینه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌کان، به‌ڵام له‌ کرده‌وه‌دا به‌ گوێره‌ی ئه‌و ناوه‌ گه‌وره‌یه‌ جێ ده‌ست دیار نییه‌، له‌ مه‌سه‌له‌ گرنگه‌ نه‌ته‌وییه‌کاندا هیچ  نیشانی نه‌ پێکاوه‌. چه‌ند حکومه‌تی به‌غدا به‌رپرسیارێتی به‌رده‌که‌وێ له‌و نه‌پێکانه‌، لێپرسراوانی کوردیش زیاتر. دیارترین نمونه‌ بارودۆخی قه‌ره‌هه‌نجیر، ناحیه‌ی شوان و خراپی بارودۆ‌رونی کوردی که‌رکوکه‌‌.

هۆکاره‌کانی زه‌مینه‌ خۆشکردنی بیرۆکه‌ی هه‌ریمی سه‌ربه‌خۆ:
جێبه‌جێنه‌کردنی ماده‌ی 140، مانه‌وه‌ی زۆربه‌ی کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ بێ چاره‌سه‌ر، نه‌ هاتنه‌دی هه‌موو به‌ڵێنه‌کان و لێدوانه‌ رۆژنامه‌وانییه‌کانی ده‌سه‌ڵات  ، کرده‌وه‌ سه‌رشێتی و تاکڕه‌وییه‌کانی حکومه‌تی عێراق، پێداگرتنی گروپی 22 ته‌موز، هه‌ڵوێستی وڵاتانی دراوسێ،  ناره‌زایی و گله‌یی شه‌قامی کوردی، نیمچه‌ په‌راوێزخستنی کورد له‌ به‌شداریکردن له‌ ناوه‌ندی بریار له‌ به‌غدا ( به‌ گوێره‌ی لێدوانی سه‌رکردایه‌تی کورد ) ، هه‌ڵه‌ سیاسیه‌کانی کورد، لێدوانی لێره‌ و‌ له‌وێی ئه‌مریکا بونه‌ته‌ هۆی دروستبونی ئاسۆیه‌کی ته‌مومژاوی له‌ دواڕۆژی عێراق، کوردستان و کێشه‌ی که‌رکوک، جگه‌ له‌م که‌شه‌ ته‌مومژاوییه‌، ئاڵۆزبونی کێشه‌کان و مانه‌وه‌یان بی چاره‌سه‌ر . هه‌موو ئه‌مانه ‌ بوونه‌ته‌ ده‌رکه‌وتنی ئه‌م بیرۆکه‌یه‌. پێشهاته‌کان وا دێنه‌ به‌ر چاو ئه‌م هۆکارانه‌ وا‌ له‌ هه‌ندێ سیاسه‌تمه‌داری پشوو کورت بکات وره‌ به‌ر بده‌ن و خۆیان به‌ده‌ست ئه‌و واقیعه‌ داسه‌پێندراوه‌وه‌ بده‌ن. ئه‌و هۆیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش بکه‌ن به‌ بیانوو و رێخۆشکه‌ر بۆ ئه‌و پیاده‌کردنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌.

کێن ئه‌وانه‌ی پشتگیری ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ ده‌که‌ن؟
1- تورکمان : که‌سه‌ سیاسییه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ دابه‌شبونه‌ به‌سه‌ر حیزبی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی. توانیویانه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گروپی سونه‌ی توندڕه‌ ، پاشماوه‌کانی به‌عس، حیزبه‌ جیاجیاکانی شیعه‌ش دروست بکه‌ن. ده‌وڵه‌تی تورکیاش نه‌ک هه‌ر رێ پیشانده‌ر و پاڵپشتی باشیان ده‌کات، به‌ڵکه‌ راسته‌خۆ هاتۆته‌ ناو گۆڕه‌پانه‌که‌وه‌، کاریگه‌ری باشی هه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئه‌مریکا و عێراق. گروپه‌ سیاسییه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌ راشکاوی کاری جدی ده‌که‌ن بۆ کردنی که‌رکوک به‌ هه‌رێمێکی سه‌ر به‌خۆ. زۆر جار بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ هه‌رشوێنێ بۆیان گونجابێت زۆر پڕوپاگه‌نده‌ی ناڕاستیان بۆ کورد کردووه‌.

2 – عه‌ره‌ب : تا بۆیان بکرێت هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌رکوک وه‌ک شاره‌کانی تری عێراق مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ  بکرێت و له‌ به‌غداوه‌ راسته‌وخۆ حوکمی بکرێت. گه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ سه‌ری نه‌گرت ئه‌وا پێیان باشه‌ هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ بێت. بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ  سه‌ر هه‌رێمی کوردستان لای عه‌ره‌ب جێی باسکردن نییه‌. لێدوانه‌که‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ رۆژنامه‌ی تایمزی له‌نده‌نی باشترین به‌ڵگه‌ی پشتراستکرنه‌وه‌ی ئه‌م بۆچونه‌یه‌؛

3- له‌ ناو کوردا 3 سێ جۆره‌ که‌س هه‌ن به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن، پێیان باشه‌  که‌رکوک هه‌رێمیکی سه‌ربه‌خۆ بێت. ا-  ئه‌وانه‌ی کۆنه‌ پیاوی به‌عسن‌ - ب -  ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ له‌ بوونی که‌رکوک به‌ هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ پله‌ و پایه‌ی باشیان ده‌بێت و ده‌توانن به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر کاره‌ بازرگانیه‌کانیان‌، - ج -  ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ به‌ هۆی که‌رکوکه‌وه‌ بارودۆخی عێراق بشێوێ و پله‌ و پایه‌یان له‌ حکومه‌تی عێراق له‌ده‌ست بچێت.     
   
4 -  هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی و وڵاتانی دراوسێ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ن که‌رکوک نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.

کورد له‌و هه‌رێمه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌دا:
له‌ دروستبونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ تا روخانی حکومه‌ته‌که‌ی سه‌دام حوسین رێژه‌ی کورد له‌ پارێزگای که‌رکوک به‌ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو که‌می کردووه‌، به‌رامبه‌ر به‌مه‌ رێژه‌ی عه‌ره‌ب به‌ره‌و زیاد بوون چووه‌. زۆر له‌ سیمای کوردانه‌ی ئه‌م شاره‌و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری به‌ره‌و سڕانه‌وه‌ چوونه‌. کورد کوژراوه‌، ئازار دراوه‌، زیندانی کراوه‌، ده‌رکراوه‌، ترسێندراوه‌ و ناسنامه‌ی نه‌ته‌ویی گۆڕێندراوه‌، سوکایه‌تی پێکراوه‌. ئه‌مانه‌ و ده‌یان کاری نامرۆڤانه‌ی تر ده‌رهه‌ق به‌ کورد کراوه‌. بیندرا جگه‌ له‌ خه‌ڵکی سلیمانی، هه‌ولێر و دهۆک که‌سێک یا ده‌وڵه‌تێک له‌سه‌ر کوردی ئه‌مشاره‌ نه‌هاته‌ قسه‌. کاتێ ده‌ربه‌ده‌ر کراین له‌م سێ شاره و شاره‌کانی کوردستانی ئێران،‌ خۆمان گرته‌وه و داڵده‌مان درا نه‌ک له‌ شارێکی تری عێراق.

کاتێ ده‌بین به‌و هه‌رێمه‌ی نه‌یارانمان نه‌خشه‌یان بۆ کێشاوه‌، ده‌بێت دوباره‌بونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه چاوه‌ڕوان بکه‌ین. عه‌ره‌بی که‌رکوک قوڵایی نه‌ته‌وه‌یی باشی هه‌یه‌، تورکمان پاڵپشتی باش و تۆکمه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ی کورد له‌ پاڵپشتی ئه‌و سێ شاره و  هاو زمانه‌کانمان‌ کوێی  و کێی تر شک ئه‌به‌ین.

‌ده‌رهاوێشته‌ خه‌ته‌رناکه‌کانی ئه‌و هه‌رێمه‌ بۆ کورد ‌:
 * دابڕانی هه‌تاهه‌تایی که‌رکوک و  کوردی که‌رکوک‌ له‌ کورد و  هه‌رێمی کوردستان،
* هه‌نگاوێکه‌ بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی که‌رکوک: چه‌مچه‌ماڵ، ئاغجه‌له‌ر، کفری،   که‌لار ...تاد. بۆ سه‌ر پارێزگای که‌رکوک. به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه‌ رێژه‌ی کورد زیادبونی به‌رچاو ی ده‌بێت له‌ که‌رکوک؛  
* زیاتر رێگه‌ خۆشکردنه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونی پرۆسه‌ی ته‌عریب و پێدانی شه‌رعییه‌ت به‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ پێی یاسا. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا نه‌ کورد نه‌ تورکمان ناتوانێ شه‌ڕی دیمۆگرافی عه‌ره‌ب   بکات ( عه‌ره‌ب  ±65%) ؛ 
* روخاندنی هه‌موو ئه‌و خانوانه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو دروست کراون به‌ بیانوی نه‌بونی تاپۆ و   ته‌جاوزه‌وه‌. ئه‌وه‌تا له‌م رۆژه‌ ‌ کورد به‌ ناو حاکمی شاره‌ نه‌ک هه‌ر داوای روخانی ئه‌و خانوانه‌   ده‌که‌ن، به‌ڵکه‌ پێیان وایه‌ خه‌ڵکه‌که‌شی که‌رکوکی نین. له‌م باره‌وه‌ به‌ پێی یاسای هه‌ڵبژادنی پارێزگاکان لیژنه‌ی تایبه‌تی بۆ دروست کراوه‌،.

کورد پێویسته‌ چی بکات؟
ره‌نگه‌ هه‌بێ بپرسێ، ئه‌گه‌ر فشاری سیاسی گه‌وره‌ خرایه‌ سه‌ر کورد؟ کورد پێویسته‌ چی بکات؟‌ 
پرسیارێکی به‌ جێییه‌. بۆ  وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ دوو ئه‌گه‌ر دێنه‌ به‌رچاو:

ئه‌گه‌ری یه‌که‌م: مانه‌وه‌ی کێشه‌که‌ وه‌ک ئێستای که‌ هه‌یه‌:
1- پێویسته‌ زۆر له‌سه‌ره‌ خۆ و پشوو درێژ بێت له‌ ئاستی ته‌واوی کێشه‌کان؛
2- که‌رکوک بۆته‌ کێشه‌یه‌ک و چۆته‌ ناو هه‌موو ماڵێکی کورده‌وه‌، بۆ یه‌ کوردی که‌رکوک نابێت به‌     هیچ شێوه‌یه‌ک و له ژێر هیچ فشارێک له‌ ریفراندۆمدا ئه‌گه‌ر کرا، ده‌نگ بۆ هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ و    مانه‌وه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا بدا؛
2- په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی تر به‌ هێز بکات، به‌ هاوشاریان بزانێت؛
3-  نه‌که‌وێته‌ ژێر کاریگه‌ری فشار و قسه‌ی که‌سانی سیاسی پشوو کورته‌وه؛
4- ئاگاداری پلانی که‌سانی بازرگانی سیاسی بێت؛
5-  پێ داگرتن له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان. گه‌ر ئه‌مڕۆ ش نه‌تواندرا با کێشه‌که‌ وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه‌، به‌ ته‌واوی دژی دوو ئه‌گه‌ره‌که‌ی تر بوه‌ستێه‌وه‌؛    
6 -  پێ داگرتن له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی قه‌زاو ناحیه‌ دابڕاوه‌کان بۆ سه‌ر که‌رکوک؛
7 – داوای وه‌ڵامی راشکاوانه‌ له‌ سه‌رکردایه‌تی بکرێت ده‌رباره‌ی کێشه‌ی ناوچه داگیرکراوه‌کان.         پرسیار بکرێت له‌‌م ناوچانه‌، بۆ هه‌ڵه‌ کراوه‌؟ کێ لێی به‌رپرسیاره‌؟ بۆ که‌مته‌رخه‌می کراوه‌؟ بۆ      ئه‌نجامه‌کان به‌م‌ شێوه‌یه‌ی ئێستا گه‌یشتوون‌؟ بۆ چاره‌سه‌ر ناکرێن؟  
8 -  ئه‌و ناوچانه‌‌ له‌ مه‌ودوا به‌ ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانی کوردستان ناو زه‌د بکات، نه‌ک  به‌ ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان.

ئه‌گه‌ری دووه‌م:
مه‌رجه‌کانی کورد چیه‌؟‌ کاتێ بارودۆخێکی سیاسی ویستی ئه‌و واقیعه‌ بسه‌پێنێ‌
ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌که‌ گه‌یشته‌ گرژییه‌کی له‌ راده‌ به‌ده‌ر ئه‌وا ده‌کرێت که‌رکوک وه‌ک هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ بێت له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌:
1- دانپێدانانی حکومه‌تی عێراق به‌وه‌ی که‌رکوک یه‌کێکه‌ له‌ شاره‌کانی کوردستان؛
2- گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو ناوچه‌ دگیرکراوه‌کانی کورد و دیاریکردنی سنوری کوردستانی عێراق؛  
3–  شاره‌کانی تری عێراق وه‌ک که‌رکوک بکرێن به‌ هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ، واته‌ عێراق بکرێت به‌ 18 هه‌رێم .

له‌‌ باره‌ی که‌رکوکه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرای عێراق له‌ رۆژنامه‌ی تایمزی له‌نده‌نی به‌ ڕاشکاوی باسی کردنی که‌رکوک ده‌کات به‌ هه‌رێمیکی سه‌ربه‌خۆ، به‌ هیچ شێوه‌یه‌کیش باس له‌ ماده‌ی 140 ناکات!!. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌کی خه‌ته‌رناکه‌ له‌ چاره‌سه‌رنه‌کردنی کێشه‌ی ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانی کوردستان و جێبه‌جێنه‌کردنی ماده‌ی 140. دیاره‌ ده‌نگی مالکی ده‌نگێکی که‌م نییه‌ و کاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌. ده‌نگێکی گه‌وره‌ش پێویسته‌ وه‌ڵامی داته‌وه‌. وه‌ڵامه‌ بچوکه‌که‌ی من " که‌رکوک داگیرکراوه‌، ئه‌مڕۆ بێ یا سبه‌ی ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ ، که‌رکوک کوردستانێکی بچوکه‌ نه‌ک عێراقێکی بچوک". به‌ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه‌ش ده‌تواندرێت یه‌کێتی خاکی عێراق بپارێزرێت.

Sbeiy.com © 2007