Print
 
 لێدانی کۆبانێ لە دەرگادانی هەمو ماڵێکی کوردە
نوسه‌ر:  فایەق سەرچناری
Monday, September 29, 2014

ئەمڕۆ جەنگ بەرۆکی بست بە بستی خاکی کوردستانی گرتوە و یەخەی هەمو ماڵێکی کوردی بەدەستەوەیە، هەر شوێنێك داگیر بکرێ و لەهەر پارچەیەکی کوردستاندا بێ ئەوا هەمومان پێکەوە لێی بەرپرسین، نەك بەتەنها حیزب و شەخسە باڵاکانی ناو حیزب، رەنگە بتوانین بڵێین ئەوان کاریگەری زیاتریان هەیە و بەرپرسیارێتی زیاتر، ئەگینا تاك بە تاکی کورد لە هەمو پارچەکان پێکەوە لێی بەرپرسین لە دۆڕاندن یان سەرکەوتن، چونکە هەر ئێمەی خەڵکی کوردستانین کە دەنگمان داوەتە بەرپرسەکان، پەرلەمانتاران و حیزبەکان کە حوکمڕان بن لەم هەرێمەدا. کەواتە هەر حیزبێ یان سەرکردەیەك یان پەرلەمانتارێك کەمتەرخەمبێ لە هەڵوێست، ئەوا بەرپرسیارێتی یەکەم ئەکەوێتە ئەستۆی ئێمەی میللەت لێی بەداخەوە ئەمڕۆ لەم کاتوساتەدا کە کوردستان لەژێر فشاری شەڕێکی مان و نەماندایە و ئەوەتا بینیمان شەنگالی دوێنێ چی کارەساتێکی مرۆیی بەسەرهات، بەهەمان شێوەش کۆبانێی ئەمڕۆ وا خەریکە بکەوێتە ژێر پێی دوژمنانی کورد و مرۆڤایەتی، کەچی وتاری زۆربەمان هەمان وتارە کۆنەکانن لەسەر بارودۆخەکە و گۆڕانکاریان بەسەردا نەهاتوە.

لێرەولەوێ هەواڵی سەیر و سەمەرە ئەبیستین کە شەڕێکی ئیعلامی سارد دەستی پێکردوە دژ بەیەکتری و یەکتر تۆمەتبارکردن بۆ مزایەدەی حیزبی. بۆیە بەڕای من پەرلەمان ئەبێ جێی بڕیاردان بێ لەسەر دروستبونی هەر قەیرانێك، پەرلەمانتار ئەبێ خاوەنی بڕیاربێ لەسەر قازانجی کۆی میللەت و نیشتیمان، نەك بانگەوازکردن بۆ حیزب، دیارە ئەمەش لاوازی تاکی پەرلەمانتار دەرئەخات و بە ئاشکراش موزایەدەی حیزبی پێوە دیار ئەبێ وەکو ئەوەی ئەم حیزبانەی باشور، کە شامی شەریف بوبێتن و لە مێژوی بیست و سێ ساڵەیاندا هیچ قەیرانێك روی نەدابێ. من نامەوێ بچمەسەر هەمو باسەکان، بەڵام ئەوەی گرنگە و هەمو ئەیزانین، کە شەڕی ناوخۆ، پەنجا بە پەنجا، شەڕی زۆربەی حیزبە کوردستانیەکانی باشور، حەڤدەی شوباتی خوێناوی، تیرۆرکردنی بە هەزاران ژن لەم هەرێمەدا، بەوەی ئەمڕۆی لانە عەبدوڵاش کە لە هەولێر رویدا و بە دەیان رۆژنامەنوس و چەندین کارەساتی تر لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشور رویانداوە.

چەندین هەواڵی تریش کە لەملاولەولا بڵاو ئەبنەوە، نمونەی یەکێ لەوانە پێشنیاری بڕینی موچەی دەیان هەزار خێزانی هەژار و نەداری ئەم هەرێمە، لەباتی کارکردن لەسەر باشکردنی بژێوی ژیانیان، ئەوەتا هەزاران خێزان لەم هەرێمەدا لەژێر هێڵی هەژاریەوە ئەژین و بژێوی ژیانیان بەشێوەیەکی زۆر سەخت  دابین ئەکەن. وەکو ئەوەی هەر هیچ روی نەدابێ و کوردستانی باشور و حیزبەکان شامی شەریف بوبێتن و بەرژەوەندی میللەتیان بۆ هەمیشە لە پێش بەرژەوەندی خۆیانەوە لەبەرچاو گرتبێ.

لەژێر چەتری دیموکراسی دا ئیعتراف نەکردن بە یەکتری و ئامادەنەبون بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی پارێزگایەك کە بە دەنگی خەڵك ئەبێ جێبەجێ بکرێ و بیسەلمێنین بەڵێ ئێمەی کورد و حیزبەکان هەوڵی بەرقەرارکردنی دیموکراسی ئەدەین لە وڵاتدا، نەك بە نمونەی پاساوێکی تر بیهێنینەوە و گرێی بدەین بەشەڕی کوبانێ و موزایەدەوە.

بەداخەوە ئەمڕۆ شەڕی شەنگال و کۆبانێ و هەمو بەرەکانی شەڕەکان خەریکە ئەبنە جێی ململانێی حیزب و هەرکەسەو بەجۆرێك بانگەوازی خۆی ئەدا بەگویی خەڵکدا. زاڵبونی حیزب بەجۆرێك سەری لە هەندێ شێواندوە تا کار گەیشتۆتە ئەوەی بڵێن هێزی فڵان حیزب وا لە کۆبانێ لەشەڕدایە، هێزی فڵان نەبوایە ناوچەی فڵان رزگاری نەئەبو، ئەم جۆرە لێدوانانە هەموی کارەساتی دۆڕاندن بەدوای خۆیدا ئەهینێ و شکست تۆمار ئەکات، نەك سەرکەوتن.

ئەم شەڕە شەڕی هەمومانە وەکو کورد، لەدەرگای ماڵبەماڵی هەموماندایە و کۆبانێش داگیربکرێ ئەوا ماڵی هەمومان و کەرامەتی هەمومان داگیر ئەکرێ، با کۆتایی بە ململانێی حیزبی بهێنین و وازیش لە بانگەوازکردن و موزایەدە بهێنین. چونکە ئەم شەڕە هەمو میللەت لێی بەرپرسە بەوەی ئەگەر پەرلەمان، سەرۆکەکان یان حیزبەکان کەمتەرخەم بن لێی هەر ئێمەین، چونکە بەدەنگی ئێمەی میللەت لەوێن و حوکمی ئەم هەرێمە لەلایەن ئێمەی میللەتەوە دراوە بەوان، بۆیە لەسەر هەمومان پێویستە و بەرپرسیارێتی گەورە لەسەرشانمانە بەهەمو شێوەیەك هەوڵی یارمەتیدانیان بدەین بەهێز، بە یارمەتی ماددی و مەعنەوی و خۆپیشاندان و ...هتد. با واز لە هوتاف کێشانی حیزبی بهێنین. چونکە کارەساتی گەورەترمان بۆ دروست ئەکات، ئەمڕۆ رۆژی کارکردن و یەکگرتنە، تەنها رێگەش هەر ئەمەیە کە تێیدا سەرکەوتوبین.
Sbeiy.com © 2007