Print
 
 لە بەغدا پرۆژە یاسایەک دژ بە کەرکوک بەڕێوەیە
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Monday, October 6, 2014

لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، بەتایبەتی  لە ١٩٦٣وە، بەغدا بەمەبەستی دابڕانی کەرکوک لە کوردستان بۆتە ناوەندنی داڕشتنی پیلان دژ بەم شارە، ئەم پیلانە بەردەوام بو تا کار گەیشتە جێبەجێکردنی سیاسەتی سێکوچکەی بەعسیان (راگواستن، بە عەرەبکردن و بەعسیکردن) و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و پرۆسەی ئەنفال.

لە   ٢٠٠٣وە
کورد وەک پێکهاتەیەک و کارەکتەری سەرەکی رۆڵی بەرچاوی بینی لە دوبارە دروستبونەوەی حکومەتی عێراق، ئومێد دەکرا لە سایەی سیستەمی نوێی حوکمڕانی عێراقەوە بە شێوەی دایەلۆگ و بە ڕیگەی دەستوری مافەکانی گەلی کوردستان دابین بکرێت. بەڵام لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردو هەنگاوەکان بە پێچەوانەوە دەنرێت. ئەم هەنگاونانەش هەم دەرئەنجامی کەمتەرخەمی ناوەندنی بریاری کورد خۆی بوە هەم ویستی ئاراستەی  شۆڤینیانەی نێو ناوەندی بریاری هەردو پێکهاتەی شیعەی هاوپەیمان و سونەی دراوسێ بوە.

کەرکوک و رێژەی ٣٢%

لە سەرەتای پرۆسەی عێراق، بەرێز جەلال تاڵەبانی داڕێژەری بیرۆکەی شەراکەتی حوکمڕانی کەرکوک بوە، بە رێژەی ٣٢% بۆ هەر یەک لە پێکهاتەکانی کورد، تورکمان و عەرەب، ٤% بۆ پیکهاتەی کلد و ئاشور. ئەم بیرۆکەیە جگە لە کورد لای هەردو پیکهاتەی عەرەب و تورکمان پەسەند بوە، چونکە رێژەی دانیشتوانی هەردوکیان زیاتر نیە لە رێژەی کورد لەم سنورە کارگێڕیەی ئێستای کەرکوک، خۆ ئەگەر کەرکوک بگەڕێتەوە سەر سنوری ١٩٦٨ ئەوا رێژەی کورد دو بەرامبەر زیاتر دەکات.

کەرکوک و پرۆسەی هەڵبژاردن

لە دانیشتنی ٨/١٠/٢٠٠٨ پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە ٣٦ ساڵی ٢٠٠٨ (یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاو ناحیەکان)ی دەرکرد. لەم یاسایە بە دەرکردنی مادەی ٢٣ غەدرێکی گەورە لە پارێزگای کەرکوک کرا و کورد زەرەرمەندی یەکەم بو لێی. لە دەرکردنی ئەم مادەیەوە هیچ یەکێ لە پەرلەمانتارەکانی کورد بەتایبەتی پەرلەمانتارانی کەرکوک پەنایان نەبردە بەر تانەلێدان لە دادگای باڵای ئیتیحادی عێراق. تا لە سەرەتای ٢٠١٣ کاک محمد کمال ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە رێگەی پارێزەرێکەوە لە دادگا تانەی لە مادەی ٢٣ دا و دادگا بە قازانجی شکاتکەر بریاری دا. لە ٢٦ /٨/٢٠١٣ دادگا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەردو بڕگەی یەکەم و دوەمی لە مادەی ٢٣ دەرکرد. ( لەم بارەوە بڕوانە سایتی فەرمی دادگای باڵای ئیتیحادی عێراق ). داواکار تەنها تانەی لە بڕگەی یەکەم و دوەم داوە نەک لە تەواوی مادەکە. لە راستیدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دو بڕگەیە تەواوی مادەکە هەڵدەوەشێتەوە. چونکە جێبەجێکردنی هەر پێنج ٥ بڕگەکانی تر بەندە بەم دو بڕگەیەوە. بە کورتی دەتوانین بڵێین مادەی ٢٣ لە یاسای ژمارە ٣٦ ی ساڵی ٢٠٠٨ هەڵوەشایەوە.

پرۆژە یاسای پاسەوانی نیشتمانی

ئەم پرۆژەیەش یەکێکە لە تازەترین هەوڵدان بۆ بە یاساییکردنی دژایەتیکردنی کەرکوک و هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، ئەم پرۆژەیە بریتیە لە ٨ مادە. بە کورتی ئەو مادانەی دەربارەی کەرکوکە بریتیە لە:

مادەی دوەم : دامەزراندنی هێزی سەربازی:
دەربارەی تایبەتمەندی کەرکوک لە خاڵی ٥ - ئەلف هاتوە (يعتمد تمثيل ابناء محافظة كركوك بنسبة 32 بالمئة والعرب 32 بالمئة وللكرد بضمنها عناصر البيشمركة و32 بالمئة للتركمان و4 بالمئة للمسيحيين وحسب الوحدات الإدارية الرسمية) واتە (هەر یەک لە کورد "پێشمەرگەش دەگرێتەوە" و عەرەب و تورکمان بە رێژەی لە ٣٢%  نوێنەرایەتیان دەبێت هەروەها بەپێی یەکە کارگێیە فەرمیەکان).
٢- لە دامەزراندن ئەولەویەت بۆ ئەفسەران و پلەدارانی سوپای پێشوی عێراق دەبێت تا پلەی عەقید، لە کاتی گەڕانەوەیاندا وەک رێزلێنان پلەکەیان بەرز دەکرێتەوە. ئەم ئەفسەرانە  بەدەر لە یاسا و رێسا ئەمنیەکان یان سیاسیەکانی وەک یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

مادەی سێ : ئیدارە و چەکدارکردنی هێزی سەربازی
١- لە هەر پارێزگایەک ئەم هێزە سەربازیە سەرکردایتیەکی دەبێت لە ئاستی سەرکردایەتی فیرقە، ئەم هێزە سەربەخۆیی خۆی هەیە لە بڕیاردان لەسەر ئیشوکارەکانی و وابەستە دەبێت بە پارێزگار و لە ژێر چاوەدێری ئەنجومەنی پارێزگادا دەبێت، ئەنجومەن دەتوانێت بە زۆرینەی ٢/٣ بریارە سەربازیەکانی پارێزگار هەڵبوشێنێتەوە.

مادەی هەشتەم: ئەم یاسایە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە دوای ئەوەی  ئەنجومەنی نوینەران دەنگی لەسەر ئەدا و لە رۆژنامەی رەسمی بڵاو دەکرێتەوە
 
ئەوەی زۆر ترسناکە لەم پرۆژە یاسایە جگە لە رێژەی ٣٢%، گەڕانەوەی ئەو ئەفسەرانەی سوپای عێراقی پێشوە بە ئیمتیازەوە. ئەمانە جگە لەوەی کەسانی زۆر شۆڤینین بە رامبەر بە کوردیش زۆر کینە لە زکن و زۆربەیان دەستیان هەبوە لە پرۆسەی کوردقڕان و فەرهودکردنی گەلی کوردستان.

ئەوەی پێویستە فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە بەغدا بە هاوکاری هەرێمی کوردستان  کارکردنی پێشوەختە بۆ پێشگیریکردن لە پرۆژە یاسایەکی لەم جۆرە.
Sbeiy.com © 2007