Print
 
 کۆبانێ لەبازاڕی سیاسیدا
نوسه‌ر:  ئامانج هەرتەلی
Thursday, October 9, 2014

کۆبانێ بۆتە کاڵایەک لەبازاڕی مامەڵەی سیاسیدا، ئەوانەی رۆژێک باسی مافی مرۆڤیان دەکردو خۆیان بەخاوەنی ئازادی و داکۆکیکاری سەرسەختی مرۆڤ دەزانی، ئەمڕۆ لەبەردەم کۆمەڵکوژی کۆبانێ قڕوقەپ دانیشتون لەبەرامبەر بەکاڵاکردنی مرۆڤی کۆبانێ و هەراجکردنی لە بازاڕی بێ ویژدانی جیهاندا بێدەنگن.

کۆبانێ ئەمڕۆ بۆتە کاڵایەک، بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی زلهێزی جیهان، ساغ کردنەوەی کاڵاکانی خۆیان لەدنیای عەرەبی و ناوچەکەدا، چونکە بێدەنگی وڵاتان لەبەرامبەر ئەو رێکخراوە تیرۆرستیە و هاوکاری کردنی چەند وڵاتێک بەم رێکخراوە چەپەڵە، ئامانجی ئەو وڵاتانە دەردەخات لەبەرامبەر بەرژەوەندیەکانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان لەناوچەکەدا.

دوای گەمارۆدانی زۆر لەلایەن تیرۆرستانی داعش و بەرگری راستەقینەی شەڕڤانان، جیهان چاوەڕێی کەوتنیەتی، کەوتنی کۆبانێ ئەو راستیە دەسەلمێنێ کە خۆرئاوا بەهیچ شێوەیەک نایەوێت لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراسی دروست ببێت، ببێتە نوێنەری راستەقینەی دیموکراسی، بەڵکو دەیەوێت ئەو مرۆڤانە نوێنەری راستەقینەی گەلیان بن کە خەڵکانێکی گەنیوبن و بەردەوام لە خزمەت بێگانەدابن.

بێدەنگیان لەئاست کۆبانێ وڵاتانی زلهێزی دونیا، گەیشتنە ئەو راستیەی کە حکومەتی رۆژئاوای کوردستان، نوێنەری راستەقینەی دیموکراسین و بونە بەچاوی دونیای خۆرهەڵاتی ناوەراست، دەتوانن ببن بە هەوێنی شۆرشەکان دژ بەبەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکان. مانەوەی خۆرئاوای کوردستان بەلای وڵاتانی خۆرئاوا و هەندێک وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەراست، بۆتە پارچەیەک لەشێر پەنجەیە بۆیان .

لەگەڵ دەرکەوتنی کۆبانێ، وەک پارچەیەکی شێرپەنجە بۆسەر جەستەی دونیای بەرژەوەندی خواز، داعش بەم دژە شێرپەنجەیە دەزانن، بۆیە چاوەڕێی کەوتنی کۆبانێن و دوایش دەست بکەن بەفرمێسکی تیمساحی، لەیەکەم کاردانەوەی حکومەتی کانتۆنی خۆرئاوای کوردستان بەدرێژایی چەندساڵی رابردو، هەمو داواکاریەکانی وڵاتانی ناوچەکانیان رەتکردۆتەوە لەبەرامبەر لایەنەکانیتری ئەم پارچەیە کە هێزی سەربازی تایبەت بەخۆیان هەبێت، خەونی ئەوڵاتانەیان لەگۆڕنا کەچاوەڕێی ئەوەیان دەکرد وەک باشور هەرلایەنەو هێزی خۆی هەبێت، کە بیانەوێت بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی خۆیان شەڕی براکوژی پێدروست بکەن و بۆ پاراستنی لایەنێکیش وڵاتان هێزی بۆ بجوڵێنن و بنکەی سەربازی لەم شوێنانە جێگیر بکەن .

بەڵام دەرەنجامی کەوتنی کۆبانێ زۆر سەخت و قورس دەکەوێتەوە، لەسەر تەواوی وڵاتانی پارێزەری مافی مرۆڤ و وڵاتانی ناوچەکەش. کەوتنی کۆبانێ بۆ ئەو وڵاتانەی خۆیان بەپارێزەری مافی مرۆڤ دەزانن و سەرکردەی شەڕی دژی تیرۆریزم دەکەم، مایەپوچ دەردەچن، چونکە هیچیان بۆ نامێنێتەوە، لەکاتێکدا بە بەرچاوی ئەوان شەری جەپهەی هەیەو بەرەی شەڕ دیارە و پێگەی تیرۆرستان ئاشکرایە بۆ لێدانیان، بەڵام وڵاتانی هاوپەیمانی دژە تیرۆر خەمساردانە لێ دەڕوانن و هێرشەکانیان وەک پێویست نین، بەڵام ئەوەی لەکۆبانێ دەستیان دەکەوێ بەروتی و دارندراو لەهەمو بەهاکانی مافی مرۆڤ، تەنیا ساغ کردنەوەی مەرجەبی چەکەکانیان بەوڵاتانی ناوچەکەو سەپاندنی هەژمونی خۆیان و لەبەرام بەرقرکردنی گەلی کورد .

بۆ وڵاتانی ناوچەکەش کەوتنی کۆبانێ و بەتایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەی پشتی داعش دەگرن دەبێت بە تۆپەڵە ئاگرێک و دەیان سوتێنێ، بەمەش ئەم ئاسودەیەی بەدوایدا دەگەڕان لەڕێی تیرۆریستانی داعش دەبێتە گڕکان لەناو جەستەیاندا، بۆیە با ئەوەندە دڵخۆشی دایان نەگرێت بە کەوتنی کۆبانێ، چونکە ئەمڕۆ کۆبانێ جەرگەی ململانێکانی جیهانە.

کۆبانێ ئەمڕۆ بەرخودانی هەمو کوردستانە، کورد ئەو کاڵا سحریەیە لەهەر دانیشتنێکی وڵاتانی بەرژەوەندی خواز بیخەنە سەرمێز بۆ پاراستنی خۆیان، بێ سێ ودو نەک هەر بەرژەوەندیەکانیان بەپارێز راوی دەمێنێتەوە، بەڵکو زیادیش دەکات، ئەم یاریە لەبیستەکانی سەدەی رابردو لەبەرامبەر بەکورد بەردەوامە، گرنگترین کاری گەلی کورد ئەوەیە لەسەرتاسەری کوردستان بڕژێنە سەر جادەکان و حکومەتی هەرێمیش واز لەم شەرمنیە بێنێت، کە وەک بوکی یەک شەوە لەبەرامبەر دوژمنانمان، چونکە دوای کۆبانێ، هەرێمی کوردستانەو دڵ بەوە خۆش مەکەن کە جیهان پشگیرتانە، لەکوێ بەرژەوەندیەکیان گیربێت بەگران دەستیان کەوێت ئەوا بێگومان ئێمەی کورد لەبری دەدەن و پشتمان تێدەکەن .
Sbeiy.com © 2007