Print
 
 ژن لای‌ یه‌په‌گه‌ و داعش
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Thursday, October 16, 2014

ئه‌وه‌ی‌ كچه‌ شه‌ڕوانه‌كانی‌ یه‌په‌ژه‌ ده‌بینێ‌ له‌وه‌ تێده‌گات مرۆیی‌ بونی‌ راستی‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و كچه‌ ئازاو شه‌نگانه‌ به‌ چه‌كه‌كانی‌ ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ‌ مانا بۆ شۆڕش، بۆ به‌رگری، بۆ ئازادی، بۆ مرۆیی‌ بون و ژن بون "مێینه‌ بون" بگێڕنه‌وه‌، ئه‌وان ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌رگری‌ له‌ شاری‌ كۆبانی‌ و ناوچه‌یه‌ك ناكه‌ن، ئه‌وان به‌رگری‌ له‌ چه‌مكی‌ پیرۆزی‌ ژنایه‌تی‌  ده‌كه‌ن، ژنایه‌تی‌ به‌ مانای‌ دایك، به‌ مانای‌ خاك، به‌مانای‌ ئازادی‌ و بون، ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كچ و ژنانه‌ ده‌یكه‌ن، له‌ مێژودا ده‌گمه‌نه، ته‌نانه‌ت له‌ مێژوی‌ هه‌مو ئه‌و شارانه‌شدا كه‌ وه‌ك كۆبانی‌ گه‌مارۆ دراون، من لێره‌دا نامه‌وێ‌ قسه‌ له‌سه‌ر دیرۆك و ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌م، من ده‌مه‌وێ‌ ته‌نیا له‌سه‌ر تێگه‌یشتن له‌ ژن لای‌ په‌یه‌ده‌ و یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌و ژن لای‌ داعش هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌م، ئه‌مه‌ش به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌وه‌ تێبگه‌ین ئایه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و ئاڵا ره‌شه‌ تاریكویستانه‌ن، رێزی‌ ژن ده‌گرن، یان په‌یه‌ده‌یه‌ك كه‌ ده‌یه‌وێ‌ بایه‌خ و بون بۆ ژن بگێڕێته‌وه‌ و هه‌مو ئه‌و ئه‌فسانه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ به‌تاڵكاته‌وه‌، كه‌ هه‌میشه‌ ژنی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئازایه‌تی و به‌رگری‌ و به‌رخودانا پێناسه‌ كردوه.

لای‌ په‌یه‌ده‌ و له‌ رۆژئاوای‌ كوردستان ژن مرۆڤه، مرۆڤێك به‌قه‌ده‌ر مرۆیی‌ بونه‌كه‌ی‌ به‌ دوی‌ شوناسی‌ راستی‌ خۆیه‌وه‌یه‌تی، ئه‌و شوناسه‌ی‌ هه‌زاران ساڵه‌ به‌ هه‌ر بیانویه‌ك له‌ ژن سه‌نراوه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ وڵاته‌ هه‌ره‌ دیموكرات و مۆدێرن و پێشكه‌وتوه‌كانیشدا هێشتا نه‌گه‌یشتوه‌ته‌وه‌ پێی، په‌یه‌ده‌ دێ‌ نه‌ك هه‌ر له‌ رێگه‌ی‌ به‌رگری‌ و به‌رخودانه‌وه‌، له‌ رێگه‌ی‌ به‌شداری‌ كردنه‌وه‌ له‌ كۆی‌ كایه‌كانی‌ ژیان بایه‌خ بۆ ژن ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌مه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ روحه‌ كوردیه‌كه، ئه‌وه‌ی‌ به‌ر له‌ تێكه‌ڵ بونی‌ كه‌لتوری‌ ئه‌وانی‌ تر به‌ ژیانی‌ كورد، ژنی‌ كورد وا بو، په‌یه‌ده‌ ئه‌م شوناسه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زۆر پێشكه‌وتو ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ژن، ئه‌م بابه‌ته‌ بابه‌تی‌ هه‌ڵوه‌سته‌و قسه‌ له‌سه‌ر كردنه، ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و روانینه‌ داعشیه‌یه‌ كه‌ ژن وه‌ك كاڵا و بگره‌ سوكتر له‌ كاڵا و وه‌ك هۆیه‌ك بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی‌ چێژ و ئاره‌زوی سێكسی‌ پیاو سه‌یری‌ ده‌كات، مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ ژن وه‌ك كۆیله‌و كه‌نیزه‌ك و هۆیه‌ك بۆ ئاره‌زوه‌سیكسیه‌كانی‌ پیاوهاوسه‌رینی‌ نیكاح له‌ مرۆڤ خستنی‌ ژنه، ئه‌م كه‌لتوره‌ تاریكه‌ نه‌له‌ ئاین و نه‌له‌ كۆمه‌ڵ و نه‌له‌ ژیاندا جێی‌ نابێته‌وه‌. روانینی‌ داعش ده‌رهه‌ق به‌ ژن، روانینێكی‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌مژانه‌و كوێرانه‌یه‌ مرۆڤ بێزی‌ لێده‌كاته‌وه، ئه‌و چیرۆك و به‌سه‌رهاتانه‌ی‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌و داعش خۆیشی‌ نه‌ك هاشای‌ لێناكات، بره‌وی‌ پێئه‌دا به‌ ئێمه ‌ئه‌ڵێ‌ مرۆڤایه‌تی‌ له‌گه‌ڵ چ جه‌هلێكی‌ شه‌یتانیدا ده‌ست و په‌نجه‌ نه‌رم ده‌كات، چه‌ند شه‌رمه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م جۆره‌ له‌ ره‌فتاری‌ وه‌ حشیانه‌ ئازایه‌تی‌ ئه‌وه‌ نه‌بێت داكۆكی‌ له‌ ئاینه‌كه‌ بكرێت و ئه‌وانی‌ لێده‌ركرێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

دو تێگه‌یشتنی‌ چه‌ند دورن له‌یه‌كه‌وه‌ بۆ روانینه‌ ژن، لای‌ په‌یه‌ده‌ ژن مێژو دروست ده‌كات و به‌و پێوه‌ره‌ سه‌یری‌ ده‌كات كه‌ به‌هه‌شت نه‌ك له‌ ژێر پێی‌ دایكاندا له‌ژێر پێی‌ ژناندایه، لای‌ داعشیش ژن باشترین هۆیه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پیاو ئاره‌زوه‌كانی‌ خۆی‌ پێبشكێنێ، هه‌ندێك نوسه‌ری‌ عه‌ره‌ب نه‌هه‌قیان نیه‌ له‌و رۆژانه‌ زۆر به‌ به‌رزی‌ و وه‌ك نمونه‌یه‌كی‌ باڵا سه‌یری‌ خه‌بات و به‌رخودانی‌ ئه‌و چالاك و شه‌ڕوانه‌ ژنانه‌ی‌ یه‌په‌ژه‌ ده‌كه‌ن و ئاوڕ له‌ دنیاكه‌ی‌ خۆیان ده‌ده‌نه‌وه‌ شه‌رم ده‌یانگرێ، بۆ من ئه‌م  رۆڵ و ئازایه‌تیه‌ی‌ ژنانی‌ یه‌په‌ژه‌ شتێكی‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌ركێ‌ فه‌لسه‌فه‌و بیری‌ وردی‌ ئاپۆی‌ خوێندبێته‌وه‌ سه‌باره‌ت ژن و ئازادی‌ و خودخاوه‌نی‌ هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌بینێ‌ كه‌ هه‌یه، هه‌ر ئه‌وه‌ به‌سه‌ كه‌ مرۆڤ جیاوازی‌ ئه‌و دو دنیایه‌ ده‌بینێ‌ دنیایه‌ك ژن ده‌كاته‌ خاوه‌نی‌ خۆی‌ و خاوه‌نی‌ مرۆڤایه‌تیش، دنیایه‌كیش ژن ده‌كاته‌ كاڵایه‌كی‌ هه‌رزانی‌ ده‌ستی‌ پیاو،  كۆبانی‌ و موسڵ ته‌مسیلی‌ دو دنیابینی‌ زۆر دژبه‌یه‌ك ده‌كه‌ن، لێره‌وه‌ ده‌توانی‌ وردتر كۆمه‌ڵ و ده‌سته‌جیاجیاكان بخوێنیته‌وه‌.
Sbeiy.com © 2007