Print
 
 به‌ردو گوڵ
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Tuesday, October 21, 2014

ئه‌گێڕنه‌وه‌ كاتێ‌ مه‌نسوری‌ هه‌لاج ئه‌به‌ن بۆ به‌رده‌م په‌تی‌ مردن، هه‌مو به‌ بڕیاری‌ خه‌لیفه‌ به‌ردی‌ تێده‌گرن، ئه‌ویش نزای‌ خێریان بۆ ده‌كات، بەڵام دۆستێكی‌ كه‌ گومان ده‌كه‌م "شێخ جونه‌یدی‌ به‌غدادی‌" بێت گوڵی‌ تێده‌گرێ‌، ئه‌ویش ده‌ڵێ‌ ده‌ستت بشكێ‌، جه‌لاده‌كه‌ی‌ ده‌پرسێ‌ تۆ بۆ به‌رد هاوێژه‌كان نزا ده‌كه‌یت و ئه‌وی‌ گوڵت تێده‌گرێ‌ دوعا ده‌كه‌ی‌ ده‌سته‌كانی‌ بشكێ‌، مه‌نسور ده‌ڵێ‌ تێگرتن هه‌ر تێگرتنه‌، جا چ گوڵ بێت و چ به‌رد، ئه‌وان نازانن و ده‌یكه‌ن، ئه‌و ده‌زانێت و ده‌یكا، هه‌رچه‌ند گوڵی‌ دۆسته‌كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ گه‌وره‌یی‌ مه‌نسور كه‌ شایانی‌ گوڵبارانه‌ نه‌ك به‌ردباران .

لام وایه‌ محه‌مه‌د كه‌ریم عارف له‌چیرۆكێكدا منداڵه‌و خه‌ون ده‌بینێ‌ سه‌گ بۆی‌ دێن، ئه‌ویش هانا بۆ باپیری‌ ده‌بات، باپیری‌ به‌ ئاماژه‌ په‌یژه‌یه‌كی‌ نیشانده‌دا، ده‌ڵێ‌ به‌وه‌دا سه‌ركه‌وه‌ نه‌ده‌میان ده‌گاته‌ تۆو نه‌ ئیتر ده‌نگه‌كه‌یشیان ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ ترس، چونكه‌ تا سه‌ركه‌وی‌ ده‌نگه‌كه‌ دور ده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌رچه‌ند من لام وایه‌ گۆی‌ زه‌وی‌ به‌شی‌ ده‌یان ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئێستا ده‌كات و ده‌توانین هه‌مویشمان به‌ ئاشتی‌ بژین و یه‌كترمان خۆش بوێت، بەڵام یۆتۆپیاو شاری‌ نمونه‌یی‌ و كۆماری‌ به‌هه‌شتی‌ ده‌كرێ‌ له‌چیرۆك و داستان و فیلم و حه‌كایه‌تدا هه‌بن، لێ‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقع زۆر ئه‌سته‌مه‌ ئه‌وه‌ بێته‌ دی‌، راستی‌ ده‌كرێ‌ باشتر بین ئه‌مه‌ش ئومێدی‌ راستی‌ مرۆڤه‌، ئه‌وه‌ چ هێزێكه‌ پاڵ به‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌نێت ئه‌وی‌ تر بكوژێ‌ و ده‌ستی‌ بچێته‌ خوێنه‌كه‌ی‌، له‌كاتێكا مه‌رگێك هه‌یه‌ كه‌ ناهێڵێ‌ هه‌مومان بگه‌ینه‌ كۆماره‌ به‌هه‌شتیه‌كه‌ .

بۆ رقمان له‌یه‌كه‌، ئایه‌ ئه‌م پرسیاره‌ ئه‌وه‌ ناهێنێ‌ هه‌ندێك هه‌ڵوه‌سته‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌س به‌دوای‌ هۆو سه‌رچاوه‌كانی‌ رقدا ناگه‌ڕێ‌، مسته‌فا لوتفی‌ مه‌نفه‌لوتی‌ پرسیارێكی‌ لۆژیكی‌ كرد، ئه‌گه‌ر تێره‌كه‌ زێده‌ خۆری‌ نه‌كردبا نه‌ ئه‌و سكی‌ ئازاری‌ ده‌بو نه‌ برسیه‌كه‌، كه‌واته‌ هۆیه‌كمان دۆزیه‌وه‌ بۆ خۆشه‌ویستی‌ "نانێ‌ كه‌متر، ئازارێ‌ كه‌متر".

چه‌ند ئازار ده‌خۆم كه‌ ناتوانین پێكه‌وه‌ بین و داكۆكی‌ له‌جیاوازیه‌كانیشمان بكه‌ین، پێكه‌وه‌ بین و خیانه‌ت له‌یه‌كتر نه‌كه‌ین، چه‌ند به‌زه‌یم به‌ ئه‌ردۆگاندا دێته‌وه‌ باسی‌ پێكه‌وه‌ ژیانی‌ ئاشتیانه‌و دیموكراسی‌ و نیشتمان و هاوڵاتی و ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌كات و به‌ته‌وسه‌وه‌ ده‌ڵێ‌ نیمانه‌ ڤێلا بۆ ئۆچئالان بكڕین، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ داواكردنی‌ ئازادی‌ و دادگه‌ری‌ و دیموكراسی‌ و ماف له‌كڕینی‌ ڤێلایه‌كدا بێت، ئه‌مه‌ چ تێگه‌یشتنێكی‌ هه‌رزانه‌یه‌ بۆ ماف و ئازادی‌، من تێناگه‌م بۆ ده‌بێ‌ له‌هه‌ناوی‌ هه‌ژاریه‌وه‌ سته‌مكاری‌ له‌دایك بێت، بۆ هه‌ندێك له‌هه‌ژاره‌كان كه‌ بڕێ‌ هه‌ڵده‌كشێن ده‌بنه‌ سته‌مكار.

ئاپۆ له‌نێوان چوار دیواری‌ له‌به‌رد هه‌ڵچنراودایه‌و منه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ردا ده‌كرێت ته‌له‌فیزۆنی‌ بۆ دابین كراوه‌، چ شه‌رمه‌ توركیا ئاوه‌ز له‌ داستانی‌ ماندێلا وه‌رنه‌گرن، ئه‌ویش رۆژگارێكی‌ دورودرێژ له‌نێو به‌رده‌ هه‌ڵچنراوه‌كانی‌ زیندانا بو، لێ‌ دواتر گوڵباران كرا .

سه‌رزه‌مینی‌ ئێمه‌ سه‌رزه‌مینی‌ كه‌سێك و ره‌نگێك و ره‌گه‌زێك نیه‌، هی‌ هه‌مومانه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی‌ هی‌ سوره‌یه‌كی‌ چاوشینه‌ هی‌ ره‌شپێستێكیشه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ش هی‌ گه‌نم ره‌نگێكه‌، كێ‌ ماف به‌یه‌كێ‌ ئه‌دات یه‌كێ‌ تر بچه‌وسێنێته‌وه‌، له‌مرۆڤ گه‌ڕێن با به‌خه‌یاڵه‌ جوانه‌كانیه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ هه‌ره‌وه‌زو گه‌له‌ كار هیچ نا مێروله‌كه‌ی‌ بێكه‌سی‌ شاعیر بهێننه‌وه‌ بیری‌ خۆتان .

كاتێك كه‌ مناڵه‌كان باسی‌ خودای‌ گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، هه‌ركه‌س باسی‌ ئه‌و ره‌نگه‌ ده‌كات كه‌ خۆی‌ ده‌یه‌وێ‌ بیبه‌خشێ‌ به‌ خودا بۆیه‌ ره‌شپێسته‌كه‌ سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ خودا ره‌شه‌، ئه‌وانی‌ تریش شتێكی‌ ترده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر كه‌س ده‌ستوه‌رنه‌داته‌ خه‌یاڵه‌كه‌یان دواجار ده‌گه‌نه‌ هه‌قیقه‌تێكی‌ خۆش، كه‌ ده‌كرێ‌ هه‌مویان پێی‌ رازی‌ بن .

تۆ كه‌ ناتوانی‌ له‌گه‌ڵما بگه‌یته‌ هه‌قیقه‌تێك كه‌ جۆرێك له‌هاوبه‌شی‌ و نزیكبونه‌وه‌ی‌ تیایه‌ له‌یه‌كتر، ئازارم مه‌ده‌، خۆ ده‌توانی‌ ئه‌وه‌ بكه‌یت .
Sbeiy.com © 2007