Print
 
 ئۆپۆزسیۆن، له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی حكومڕانیدایه‌
نوسه‌ر:  ئارام قادر حه‌مه‌سور
Tuesday, October 28, 2014

له‌دوای هه‌ڵبژاردنی 25|7|2009 له‌ هه‌رێمی كوردستان ئۆپۆزسیۆن به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ له‌ناو په‌رله‌ماندا دروستبو، ئه‌وانیش پێكهاتبون له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كگرتوی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، ئۆپۆزسیۆنی په‌رله‌مانی له‌ماوه‌ی ساڵانی 2009-2013 په‌رله‌مانی كوردستانی كردبوە یاریگای كارو چالاكی و نمایشه‌ سیاسییه‌كانی، به‌تایبه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ قاڵبی‌ ئۆپۆزسیۆن بوندا خۆی قاڵكردبۆوه‌، ئۆپۆزسیۆن له‌ناو په‌رله‌ماندا چه‌ندین پرۆژه‌ یاسای گرنگی پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان كرد، به‌ڵام له‌لایه‌ن لیستی زۆرینه ‌كه‌ خۆیان له‌ پارتی و یه‌كێتییدا ده‌بینیه‌وه‌ فه‌شه‌لیان ده‌هێناو په‌سه‌ند نه‌ده‌كران، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن ته‌نیا یه‌ك له‌سه‌ر سێی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌بو، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌م دژایه‌تییه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ترسی زیادكردنی كیرڤی ده‌نگه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌هۆی په‌سه‌ندكردنی ئه‌م پرۆژه‌ یاساییانه‌وه‌، یاریگای په‌رله‌مان بۆ ئۆپۆزسیۆن جێگه‌ی نه‌ڕه‌ی شێره‌كان بو، نه‌ك هه‌نگاوی گه‌وره‌ی پڵنگه‌كان، شێره‌كانی ئۆپۆزسیۆن زۆریان نه‌ڕاند له‌ناو په‌رله‌مان له‌ دژی ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی و حیزبۆكراتی، به‌ڵام خراپی دیموكراسییه‌كه‌ی خۆمان ئه‌وه‌یه‌ كه ‌زۆرینه‌ خاوه‌نی گڵۆپی سه‌وز و سوره‌ له‌ قاڵبی‌ حیزبایه‌تی ته‌سكدا له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكان، چوار ساڵی پڕ له‌ نه‌ڕه‌نه‌ڕ و بۆڵه‌ بۆڵمان به‌ڕێكرد، كه‌ پڕ بو له‌ نمایشی سیاسی و پرۆژه‌ یاسای په‌سه‌ند نه‌كراوی باش كه ‌له ‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بون.

 ئێستا هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ی پێشو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كگرتو كۆمه‌ڵ به‌شداری خواردنی هه‌نگوینه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتن و له‌ گه‌وره‌ترین تاقیكردنه‌وه‌ی به‌شێكی گه‌لدان، چونكه‌ ئه‌وه‌ی دوێنێ به‌ قسه‌ كردویانه‌ ئه‌مڕۆ ده‌بێت به‌ كردار بیسه‌لمێنن، چونكه‌ ئه‌م سێ لایه‌نه‌ ده‌نگده‌ری هۆشیار و ره‌خنه‌ گریان دروستكردوه‌، ئۆپۆزسیۆنی دوێنێ ئێستا خاوه‌نی چه‌ند وه‌زاره‌تێكی گرنگن و ئه‌ركی قورسیان له‌سه‌ر شانه‌ تا چاكسازی بكه‌ن له‌ جومگه‌كانی حكومه‌تدا به‌تایبه‌تی ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی وه‌ریانگرتوه‌، نه‌ڕه‌ی شێره‌كانی په‌رله‌مان به‌سه‌رچو ئێستا كاتی هه‌نگاوی پڵنگه‌كانه‌ له‌ حكومڕانیدا، پێویسته‌ له‌سه‌ر یان ڕه‌وڕه‌وه‌ی چاكسازی بجوڵێنن هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ناو ئه‌وه‌ وه‌زاره‌تانه‌ی وه‌ریانگرتوه‌، پێویسته‌ فشار دروستبكه‌ن و به‌ لیستی خانه‌نشینان و شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ بندیواره‌كان و لیستی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و ...هتد، بچنه‌وه‌ كه‌ ناعه‌داله‌تییه‌كی زۆریان دروستكردوه‌، كاره‌ساته‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌ پێنج سه‌د هه‌زار دینار شه‌هید بكرێت و خانه‌نشینێكی گه‌نجیش ملیۆنان دیناربه‌ناڕه‌وا وه‌ربگرێت، ‌ناكرێت تاماوه‌یه‌كی درێژیش گه‌نجه‌ وره‌به‌رزه ‌خاوه‌ن بڕوانامه‌كان دانه‌مه‌زرێن.
 
ئۆپۆزسیۆنی پێشو ئێستا به‌ردێكی قورسی هه‌ڵگرتوه‌ و ده‌بێت به‌رگه‌ی بگرێت ئه‌گینا ده‌كه‌وێته‌ ژێر به‌رده‌كه‌ و شه‌له‌ل ده‌بێت، ئێستا كاتی هه‌نگاوی درێژی پڵنگانه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌ گه‌وره‌كانتان، ئه‌گینا ده‌بن به‌ڕێوییه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئێستا چوار ساڵ بۆ ئێوه‌ و رۆژێك بۆ ده‌نگده‌رانتان، چونكه‌ تا چوار ساڵی تر رۆژی هه‌ڵسه‌نگاندنتان نایه‌ت، رۆژی ده‌نگدان رۆژی خه‌ڵاتی پڵنگه‌كانه‌ یان ده‌بێته‌ رۆژی له‌ناوبردنی رێوییه‌كان.
Sbeiy.com © 2007