Print
 
 دیموکراسی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
نوسه‌ر:  مەحمود عەبدوڵا
Friday, October 31, 2014

"دیموکراسی وەک ئەڵماس وایە، هێزی لەگەڵ نەبێت شوشەنابڕێت"
ئەگەر دانان و دانەنانی پارێزگارێک، ببێتە هۆی تێکچونی دۆخی شارێک، گەلۆ دەبێ دیموکراسی لەکوێی ئەم شارەدا بێت.

ئەگەرچی هەڵبژاردن وەک بنەمایەکی دیموکراسی و چارەسەری کێشەی دەسەڵات (دەستاودەست کردنی ئاشتیانەی دەسەڵات) بایەخێکی ژیانی هەیە بۆ سیستەمی سیاسی، بەڵام لە وڵاتانی نادیموکراتدا، یاخود رونتر لە هەرێمی کوردستاندا هەڵبژاردن بۆ دەرخستنی عەزەڵاتە و کێشەیەکە زۆر بچوکترنییە لە ئەنجام نەدانی. چونکە دواجار لەدەرەوەی ئیرادەی جەماوەر هێزەکان گفتوگۆ و مشتومڕ دەکەن رەنگە ئەگەر هەڵبژاردنیش ئەنجام نەدرایە ساناتر کێکی دەسەڵاتیان دابەش کردبایە، یاخود هیچ نەبێت زوتر !

دەبێت دەسەڵات هەبێت، بۆئەوەی باسی دەستاودەست کردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بکەین، کاتێک هێز وەک دەسەڵات تەماشا بکەین دەکەوینە هەڵەوە، چونکە هێز لە دەروەی ئیرادەی کۆمەڵگا دا نمایشی خۆیدەکات.

بۆیە پێویستە چەمکی هێز و چەمکی دەسەڵات لێک جیابکەینەوە، دەسەڵات و هێز دوشتی جیاوازن، هەر کەسێک ناتوانێ خاوەنی دەسەڵات بێت، بەڵام هەمو کەسێک هێزێێکی هەیە کەم و زۆر لەدەرەوەی یاسادا دەتوانێ بەکاری بهێنێت. بەڵام دەسەڵات (مافی بەکارهێنانی هێزی یاسایی) لە وڵاتێکی دیموکراسیدا گەل خاوەنیەتی، نەک حیزبێک یان گروپێک، تاڕادەستی بکات یا نەیکات.

ئەوەی لە هەرێم دەگوزەرێت بەتایبەتیش (گرێکوێرەی ئەنجومەنی پارێزگا) کێشەی دەسەڵات نییە، بەڵکو کێشەی هێزە، چونکە وەک وتمان هەڵبژاردن چارەسەری دەستاودەست کردنی دەسەڵاتە، بەڵام بۆ هێز هەڵبژاردن بایەخێکی نییە.

پرسیار ئەوەیە لەم هەرێمە دەسەڵات هەیە یان هێز؟ ئەگەر دەسەڵات هەیە چۆنە؟
من پێم وایە ناتوانین سروشتی دەسەڵاتی کوردی دەست نیشان بکەین، واتا ناتوانین لە پۆڵێنی سیستەمە سیاسییەکاندا ریزبەندی بۆ بکەین و یەکێک لە سیستەمە سیاسییەکانی بە بەردابکەین و کاڵای پڕ بەباڵای بێت، یەکێک لە کێشەکانی ناسینەوەی دەسەڵاتی کوردی بونی چەند توخمێکە لەناویدا، هاوکات دەمامکدارە و روی راستی خۆی دەشارێتەوە، جلی دیموکراسی دەپۆشێت و هەوڵی یەک رەنگ کردنی کۆمەڵگا دەدات و خەوی پێوەدەبینێت و رابردو پیرۆز دەکات داهاتو دەکوژێت. دەتوانم بڵێم دەسەڵاتێکی تێکەڵە و تێکەڵی دەسەڵات وای کردوە بەئاسانی نەتوانرێت پێناسەی بکەین.

دواجار دەتوانین لەم دواخستنەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی دا هەست بەبونی وەهمێک بکەین کە (دەسەڵاتی کورد)ی بەدرێژایی ساڵانی رابردو تا دروستبونی ئۆپۆزسیۆن بینای دیموکراسی پێکردوە.

وەنەبێ تەنها لایەنێک تاوانبار بێت لە یەکلایی کردنەوەی ئەم کێشەیەدا، گۆڕان یاخود یەکێتی و ...هتد. بەڵکو ئەندامانی ئەنجومەنیش بەرپرسیاریەتی ئەم دواخستنەیان دەکەوێتە ئەستۆ هەروەها پەڕلەمانیش، کە دەبوایە دوای تەواوبونی وادەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەن دەستیان لەکارکێشابایەوە، یاخود پەرلەمان داوای دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی بکردبایە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا.

بێگومان ئەگەر ئەندامانی ئەنجومەن توانای ئەوەیان هەبایە رۆڵی خۆیان ببینن، بێگوێدانە هەڕەشەی لایەنێکی دیاریکراو دەتوانرا رێژەی یاسایی بۆ یەکلایی کردنەوەی پارێزگار بەدەست بێت، بەڵام ترس لە نەبونی دیموکراسی بۆتە هۆی ئەوەی جگە لە دولایەنی رکابەر، لایەنەکانی دیکە نەوێرن بڕیاری یەکلایی کەرەوە بدەن.
Sbeiy.com © 2007