|
گۆڕان و پارادۆکسی حوکمڕانی |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Thursday, November 6, 2014 |
له گه‌ڵ دروستبونی گۆڕان و به‌ده‌ستهێنانی 25 کورسی دو هێزی ده‌سه‌ڵات توشی شۆک بون، بۆچونێک له چه‌ند ناوه‌ندێکی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سه‌رده‌مه پێی وابو گۆڕان کار بۆ تێکشکاندنی حوکمڕانی و گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ده‌کات.
گۆڕان به‌درێژایی چوار ساڵ هێزی سه‌ره‌کی ئۆپۆزسیۆن بو، وێرای مامه‌ڵه‌ی توند و ناره‌وای ده‌سه‌ڵات له گه‌ڵیدا، به‌ڵام گۆڕان به‌رپرسانه مامه‌ڵه‌ی دۆخه‌که‌ی ده‌کرد. ئه‌زمونه‌کانی ئه‌و ماوه‌یه سه‌لماندیان که ده‌سه‌ڵات له‌ئاستی به‌رپرسیاریه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رده‌مدا نه‌بو و پرۆسه‌ی دیموکراسی لایان له شانۆگه‌ریه‌کی کۆمیدی زیاتر نه‌بو.
پرسیار و وه‌ڵام؟
ئه‌زمونه‌کانی ئه‌و چوار ساڵه بونه به‌پیتترین زه‌مینه‌ی بیرکردنه‌وه و پێداچونه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و داڕشتنه‌وه‌ی واقیعبینانه‌ی به‌رنامه‌ی کاری گۆڕان. له‌م پرۆسه‌یه‌دا پرسیاریه سه‌ره‌کیه‌کان ئه‌وه بون:
ئایا گۆڕان به‌رێگه‌ی ئۆپۆزسیۆنی په‌رله‌مانی ده‌توانێت چی به‌ده‌ستبهێنێت؟
درێژه‌دان به‌و پرۆسه‌یه چی لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت؟
گۆڕان بۆچی و چۆن به‌شداری له ده‌سه‌ڵات بکات؟
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه کارێکی ئاسان نه‌بو، ئه‌مه‌ش به‌هۆی چه‌ند راستیه‌که‌وه:
1- گۆڕان زۆرباش ده‌یزانی دو هێزی ده‌سه‌ڵات له حوکمڕانیدا هه‌مو شتێکیان دابه‌ش کردبو: خاک و نه‌ته‌وه و پێشمه‌رگه و مرۆڤ و سامان و ره‌نگ و زمان و به‌ها و که‌لتور. گۆڕان ئه‌وه‌نده کاڵفام نه‌بو تا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بکات ئه‌وان به‌ئاسانی واز له‌و "جاه و نیعمه‌تی" دابه‌شکردنه ده‌هێنن، بۆیه ده‌سه‌ڵات ئاماده‌بو هه‌مو رێگه و شێوازێک بگرێته‌به‌ر بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گۆڕان و بچوککردنه‌وه‌ی و گه‌ر بشتوانن له‌ناوی به‌رن، هاوکات چاوه‌ڕوانیه‌کانیش له نیه‌تی جدی چاکسازی و گۆڕانکاری له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه زیاتر له وه‌همێک نزیکتر بو وه‌ک له واقیع.
2- کورد له باشور و کوردستانی گه‌وره له‌سایه‌ی نائارامی و ئاڵۆزی ناوچه‌که و هێزی داگیرکه‌ران و دوژمنانی کورد و هه‌ره‌شه و مه‌ترسی به‌رده‌وامی ناوخۆ و ده‌ره‌کیدا ده‌ژی. پرسی نه‌ته‌وه‌یی به‌لایه‌نی که‌مه‌وه پێویستی به لێکتێگه‌یشتنی هاوبه‌شی هێزه‌کانی کوردستانه. ئه‌م هاوکێشه‌یه به‌ئاسانی بهدینهدهکرا، چونکه ناکۆکی و ململانێی خه‌ستی نێوان دو جه‌مسه‌ری به‌هێزی پارتی و په‌که‌که له ئاستی کوردستانی گه‌وره‌دا (وه‌ک له به‌ستن و نه‌به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و له پرسی رۆژئاوادا ده‌رکه‌وت) و له‌نێوان هێزه‌کانی تردا گۆڕه‌پانی نه‌ته‌وه‌ییان ته‌نیبو.
گۆڕان خاوه‌نی هێزی چه‌کدار نیه و داموده‌زگاکانی حکومه‌تی له‌ده‌ستدا نه‌بو، کاریگه‌ری گۆڕان سیاسی و مه‌عنه‌وی و جه‌ماوه‌ریه، مانه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن رۆڵ و کاریگه‌ری سیاسی له نزیکبونه‌وه و لێکتێگه‌یشتنی لایه‌نه‌کان قورس‌تر ده‌کرد، چاوه‌ڕوانیش ده‌کرا له ساته وه‌ختێکی هه‌ستیاردا جه‌مسه‌ره به‌هێزه‌کانی کوردایه‌تی فشاری زۆری لێبکه‌ن بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئاراسته‌ی خۆی. واقیعی سیاسی کوردستان ئاڵۆز و پر کێشه‌یه، به خه‌یاڵ و دوعا و دروشم چاک ناکرێت، هه‌رچه‌نده گۆڕان وه‌ک زۆربه‌ی هێزه‌کانی تری کوردستان به‌رگی شمولیه‌تی به‌به‌ری هزره نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌یدا کردوه، بۆیه ئاسۆی تێڕامانی کۆنکرێت و ئاراسته دیاریکراو و چاوه‌ڕوانکراوه، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گۆڕان توانیویه‌تی له‌و بواره‌دا هه‌نگاوێک به‌ره‌و پێش بچێت، کاتێک خۆی دور له کێشه و ناکۆکیه‌کانی جه‌مسه‌ره به‌هێزه‌کان راگرتوه و له‌و باوهڕهشدایه ساڕێژکردنی برینه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و به‌ره‌وپێشچونی بزافی کوردایه‌تی له‌سایه‌ی ئاکارێکی نه‌رمی سیاسی هه‌مو هێزه‌کان بگرێته‌وه دروستره وه‌ک له‌وه‌ی ببێته به‌شێک له کێشه و ناکۆکی جه‌مسه‌ره‌کان، یاخود وه‌ک جه‌مسه‌رێکی سه‌ربه‌خۆ کاربکات.
3- باشوری کوردستان پانتاییه‌کی جوگرافی داخراوی کۆمپاکته، که به‌پێکهاته و ده‌سه‌ڵاتی ناحه‌ز ده‌وردراوه و ته‌واوی مهنفهزه ئابوریه‌کانی له‌ژێر ره‌حمه‌تی دهوروبهرهکهیدایه، بۆیه گوزه‌رانی خه‌ڵک و ئایندهی به‌م واقیعه تاڵه‌وه گرێدراون. به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له باشور و بهرخۆرکردنی کۆمه‌ڵگا وایان کردوه مامه‌ڵه‌کردن له گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌دا له پێگه‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌وه وردبینی و نه‌فه‌س درێژیه‌کی زۆری پێویست بێت. وێڕای ئه‌وه‌ی گۆڕان سه‌رکه‌وتوانه توانی کۆمه‌ڵگا له‌چه‌ندین بابه‌تی گرنگ سه‌باره‌ت به‌گوزه‌رانی و دۆخی ئابوری ئاگادار بکاته‌وه، وه‌ک چه‌مکه‌کانی گه‌نده‌ڵی، بودجه، شه‌فافیه‌ت، دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، پرسی نه‌وت و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی نیشتمانی، وه‌لێ مانه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ره‌کانی گۆڕانکاری و چاکسازی که‌متر ده‌کات و له ئه‌رزی واقیعدا گۆڕه‌پانه‌که بۆ لایه‌نه‌کانی تر به‌جێده‌هێڵێت. ئه‌وه کار و ره‌فتاره‌کانی گۆڕانه له ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بنه سه‌نگی مه‌حه‌ک بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌فاداری گۆڕان بۆ ده‌نگده‌ران و به‌رنامه‌که‌ی.
4- پێگه‌ی کورد له عێراق و ناوچه‌که ئاڵۆز و له‌ژێر فشارێکی زۆردا بو.
هه‌رچی حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی بو به‌نه‌فه‌سێکی شۆڤینیزمی مه‌زهه‌بیه‌وه مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ هه‌رێم ده‌کرد، له به‌رامبه‌ریشدا ده‌سه‌ڵاتی ده‌سترۆیشتوی کورد بێباکانه مامه‌ڵه‌ی به‌غدادی ده‌کرد و تورکیای کردبوه ئهڵتهرنهتیڤێکی بێ ئامان، تورکیا به‌رێگه‌ی به‌کارهێنانی کارتی نه‌وت و په‌یوه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانی له گه‌ڵ باڵاده‌ستانی هه‌رێم کاری بۆ دابراندنی کورد له به‌غداد ده‌کرد تا ناچاری بکات ببێته پاشکۆیه‌کی بێده‌نگ، له‌لاکه‌ی تریشه‌وه ئێران هه‌وڵ و کاری بێئه‌ندازه‌ی ده‌کرد بۆ پاراستنی پێگه‌ی له کوردستان و راگرتنی هاوسه‌نگی سیاسی. ئێران، ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت، گۆڕان به هۆکارێکی سه‌ره‌کی لاسه‌نگی هێز ده‌بینێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌رده‌وام فشاری زۆری له‌سه‌ر گۆڕان داناوه.
5- راستیه‌کی تاڵی حاشا هه‌ڵنه‌گره، که گۆڕان ئه‌وسا و ئێستاش ئه‌و توانا‌و هێزه‌ی نیه تابتوانێت به‌رده‌وام به‌رژه‌وه‌ندی وڵات و هێزه‌کانی ناوچه‌که پشتگوێ بخات، ناشێت له‌بیری بکه‌ین که پارتی و یه‌کێتی به‌شی زیندو و کاریگه‌رن له جه‌مسه‌رگه‌ری ناوچه‌که‌دا، بۆیه ئه‌گه‌ری گه‌مارۆدانی ته‌واوی گۆڕان وه‌ک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن خواستێکی ناوخۆیی و ناوچه‌که بو، بێگومان به‌هه‌مویان کاری جدیان له‌سه‌ر کردوه و چه‌ند جارێک گه‌له‌کۆمه‌یان له گۆڕان کردوه، زهقتترینیان بێبه‌شکردنی گۆڕان له کابینه‌ی دوه‌می مالیکی و ده‌ستتێوه‌ردانی راسته‌وخۆی ئێران بون له‌دوا هه‌ڵبژاردنه‌کاندا که به‌زه‌ره‌ری گۆڕان شکانه‌وه.
6- ناشێت لێره‌دا ئاماژه نه‌که‌م به‌وه‌ی، که گۆڕان له زۆربه‌ی بهرهنگاربونهواکانیدا له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات ته‌نیا بوه و پشکی شێری له باجدان به‌رکه‌وتوه. وێرای ئه‌وه‌ی دو هێزه ئیسلامیه‌که که له گه‌ڵ گۆڕاندا چه‌ند خاڵێکی هاوبه‌شیان هه‌بو، به‌ڵام لەدوا مه‌تافدا ده‌رکه‌وت ئه‌وان له بنه‌ڕه‌تدا خه‌مخۆری ئه‌جێندای تایبه‌تی خۆیان بون و ئه‌و پرسانه‌ی لای گۆڕان گرنگ بون ئه‌وان به‌چاویلکه‌یه‌کی تر سه‌یریان کردوه.
7- رۆژئاوا، تایبه‌ت ئه‌مەریکا، خه‌مسارد بو سه‌باره‌ت به‌دۆخی کورد به‌گشتی و له هه‌رێم به‌تایبه‌ت، که‌لێنی زۆر که‌وتبوه نێو سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هه‌ردولا، ئاراسته‌یه‌ک که مه‌ترسی لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرا، گۆڕان به‌سود وه‌رگرتن له ئه‌زمونه‌کانی پێشوی کورد له گه‌ڵ ئه‌مەریکا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵمه‌تێکی "ته‌مێکردن و ده‌سته‌مۆکردنی" هه‌رێم بو له‌لایه‌ن ئه‌مەریکاوه. ئه‌مەریکا و رۆژئاوا بونی ئۆپۆزسیۆنیان له کوردستان وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ سه‌رکه‌وتنی سیاسه‌تی
"به دیموکراتیزه‌کردنی عێراق و پاراستنی یه‌کپارچه‌یی عێراق" یان نمایش ده‌کرد. له‌و تێڕامانهوهش مامه‌ڵه‌ی گۆڕان یان کردوه، له‌وه ده‌رچێت باوه‌ڕ ناکه‌م شتێکی مه‌لموسی ئه‌وتۆیان بۆ گۆڕان کردبێت.
بۆچی به‌شداری له حوکمڕانیدا؟
گۆڕان پاش ورهدکردنهوهیهکی وردی دۆخه‌که، له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م به خاڵه گرنگه‌کانی داوه، به‌شداریکردنی له حکومه‌تی هه‌رێمدا هه‌ڵبژارد. بۆچی؟
به‌تێگه‌یشتن له سروشتی ده‌سه‌ڵات و ئه‌زمونه‌کان له گه‌ڵیدا کاڵفامیهکی سیاسیه چاوه‌ڕوانی گۆڕانکاری و چاکسازی هه‌ستیاری لێبکرایه، بۆیه مانه‌وه وه‌ک ئۆپۆزسیۆنی په‌رله‌مانی مانای جێهێشتنی ته‌واوی ده‌سه‌ڵات بۆیان و دورکه‌وتنه‌وه‌ی گۆڕان له سه‌نته‌ره‌کانی بڕیاردان. ئه‌زمونه‌کان ده‌یسه‌لمێنن که له‌و سه‌رده‌مانه‌دا رۆڵی په‌رله‌مان و بڕیاره‌کانی له خزمه‌تی خواست و ویستی ده‌سه‌ڵاتدا بون، بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌کرا گۆڕانکارییه‌کان به‌دوری گۆڕان له حوکمڕانیدا له‌سه‌ر پشتی کیسه‌ڵ به‌ڕێوه‌بچن. له به‌شێک له ئه‌زمونه‌کانی دنیادا ده‌رده‌که‌وێت ده‌کرێت چاکسازی و گۆڕانکاری به‌شێک بێت له گرێبه‌ستی سیاسی نێوان هێزه رکابه‌ره‌کان به‌یه‌کتر. هاوکات ئه‌و دو هێزه، ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت، به‌رده‌وام له که‌میندان بۆ یه‌کتر و راستگۆیانه و به‌نیه‌تێکی سافه‌وه مامه‌ڵه و سیاسه‌تیان له گه‌ڵ یه‌کتردا نه‌کردوه. ئه‌زمونی چوار ساڵی ئۆپۆزسیۆن سه‌لماندی که مانه‌وه‌ی گۆڕان له ده‌ره‌وه‌ی حوکمڕانی کاریگه‌ریه‌کی پارادۆکسی له‌سه‌ر ئه‌و دو هێزه ده‌کرد: له‌لایه‌ک بۆ رێكخستنی کێشه و ناکۆکیه‌کانیان و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و ئیمتیازات توندتر ده‌ستیان به‌رێکه‌وتنی ستراتیژیه‌وه ده‌گرت و به‌شێوه‌یه‌کی روکه‌شی هه‌مواریان ده‌کرده‌وه، له‌لایه‌کی تریشه‌وه (له غیابی مام جەلالدا) ئه‌گه‌رێکی به‌هێز بو که باڵاده‌ستی پارتی وا‌بکات سه‌رجه‌م ئه‌زمونی حوکمڕانی خۆماڵی بکه‌وێته مه‌ترسیه‌وه.
گۆڕان کاریگه‌ری غیابی سیاسی به‌ڕێز مام جەلالی پشتگوێ نهخستبو، تایبه‌ت له ساته سه‌ره‌تاییه‌کانی ئه‌و غیابه‌دا ده‌ستڕۆیشتوانی یه‌کێتی پشتیان له خواستی مام جەلال بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کان له گه‌ڵ گۆڕان و رێکه‌وتنی ده‌باشان کرد. زیاده بۆ ئه‌مانه‌ش ئه‌م غیابه به‌هێزبونی جه‌مسه‌رگه‌ری و په‌رته‌وازه‌بونی یه‌کێتی و نائارامی ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی لێکه‌وته‌وه، ئه‌م دۆخه راسته‌وخۆ یه‌خه‌ی گۆڕانیشی گرتبو.
گۆڕان زۆر هه‌وڵیدا خۆی له پریشکی ئه‌و ئاگرانه دور رابگرێت، له ئه‌رزی واقیعدا ده‌رکه‌وت ئه‌وه کارێکی زۆر ئه‌سته‌م بو، بۆچی؟
له‌لایه‌ک ده‌سترۆیشتوانی یه‌کێتی، وێرای ئه‌وه‌ی یه‌کگرتو نه‌بون، سیاسه‌تیكی دۆگما ئاسای کلاسیکی بێسه‌روبه‌ریان پێره‌و ده‌کرد. له‌و سه‌رده‌مه‌دا خه‌می سه‌ره‌کیان به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گۆڕان و دابینکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان بو له پارێزگای سلێمانی و له حوکمڕانی هه‌ولێر، بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ش کاغه‌زی سپیان واژۆ ده‌کرد و ئاماده بون له هه‌ر ساتێکدا سه‌مای گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر رێچکه ره‌سه‌نه‌که‌یان له گه‌ڵ پارتیدا به‌رپا بکه‌ن. یه‌کێتی به‌هۆی شکسته‌کانی به‌رامبه‌ر گۆڕان به‌رچاو و هه‌ناوی ده‌کوڵان، چه‌ندین په‌یامی جدی گۆڕان بۆ راستکردنه‌وه‌ی دۆخی باشوریان پشتگوێ خست و زۆر چاوقایمانه خه‌نجه‌رێکی ژه‌هراویان له‌پشتی گۆڕاندا. له دۆخێکی له‌و جۆره‌دا بۆ گۆڕان ئه‌سته‌م بو چی زیاتر یه‌کێتی بلاوێنێته‌وه و به‌هۆی زه‌مینه‌ی هاوبه‌شی مێژوییه‌وه بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت. به‌کورتی و کوردی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی به‌ئه‌نقه‌ست نه‌هاتن به‌ده‌نگ گۆڕانه تا به‌یه‌که‌وه بتوانن ئاراسته‌یه‌کی نوێی به‌هێز له بزافی کوردایه‌تیدا بخهڵقێنن بێئه‌وه‌ی هێزه‌کانی تر په‌راوێز بکرێن یا دوژمنایه‌تی بکرێن. ئه‌م راستیه یه‌کێکه له گورزه زۆر قورسه‌کان له بزافی کوردایه‌تی و ئه‌زمونی حوکمڕانی له باشور، هه‌رچی دوای ئه‌مه رویانداوه له‌و گورزه جیاناکرێنه‌وه. به‌شێک له ده‌سترۆیشتوانی یه‌کێتی ئێستا ده‌رک ده‌که‌ن به‌وه‌ی هه‌لێکی زۆر گه‌وره‌یان به‌فیرۆ دا و هه‌مو چێژی ئاکامه‌کانیشی ده‌که‌ین.
پارتی له غیابی مام جەلال و نائارامی و په‌رته‌وازه‌بونی یه‌کێتیدا که‌وتبوه نزیکبونه‌وه له گۆڕان و ناوبه‌ناو په‌یامی هه‌مه‌جۆره‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌نارد.
له ئاکامی چه‌ند هه‌ڵبژاردنێک بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی ئاشکرا بو که حیزبه‌که‌یان هێزی ره‌ها نیه، زۆربه‌ی ئه‌و رێژه ده‌نگه‌ی به‌ده‌ستی هێناوه لۆکاڵیه، غیابی مام جەلال بۆیان وه‌ک "سیف ذو الحدین" بو، له‌لایه‌ک به‌سه‌ر حوکمڕانی هه‌رێمدا زیاتر باڵاده‌ست بون و له‌لاکه‌ی تره‌وه رێکه‌وتنی ستراتیژیان له گه‌ڵ یه‌کێتیدا هه‌ڵده‌وه‌ری و غیابی که‌سایه‌تیه‌کی به‌هێزی وه‌ک مام جەلال له به‌غداد که‌لێنێکی زۆر گه‌وره بو بۆ پارتی و سه‌رۆکی هه‌رێم. پارتی له‌و دۆخه‌دا پێویستی به هێزی جێگیر و بڕیارده‌ر بو تا حوکمڕانی هه‌رێم هێمنانه به‌ڕێوه بچێت.
پارتی دوای "کردنه‌وه‌ی" رێگای تورکیا بۆ هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی کوردستان سیاسه‌تی خۆی له ئاستی ناوخۆی باشوری کوردستان داڕشته‌وه: نزیکبونه‌وه له هه‌مو لایه‌ک و رازیکردنیان تا هێمنی و ئارامی هه‌رێم دابین بکرێت و کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانی نه‌وتی دنیا بتوانن کاری خۆیان بکه‌ن و وڵاتانی دراوسێش به‌بازرگانی گه‌وره رازی بکرێن و به‌یه‌ک ده‌نگ به‌رامبه‌ر به‌غداد بوه‌ستنه‌وه، پارتی له‌و باوه‌ڕه‌دا بو به باشکردنی گوزه‌رانی خه‌ڵک و سازدانی کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌رخۆر ده‌توانێت زه‌مانه‌تی باڵاده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی خۆی بکات و پێشی وابو به‌ڕێوه‌چونی ئه‌م پرۆسه‌یه به هێمنی هێدی هێدی ئۆپۆزسیۆن کاڵده‌کاته‌وه و له‌دوا ئاکامدا ئیحتواکردنی ئاسان ده‌بێت.
له‌نێو ورده‌کاریه‌کانی ئه‌م واقیعه‌دا گۆڕان بڕیاریدا به‌شداربێت له کابینه‌ی هه‌شته‌می حکومه‌تی هه‌رێم. گۆڕان له‌م دۆخه ئاڵۆزه‌ی باشور و رۆژئاوا و گرژبونه‌وه‌ی دۆخی باکور و له ساته‌وه‌ختی قه‌یرانێکی ئابوری دژوار له هه‌رێمدا به‌شداره له کابینه‌ی هه‌شته‌می حکومه‌تی هه‌رێم و به‌رپرسیاریه‌تی دو پۆستی زۆر گرنگی په‌یوه‌ندار به دۆخه‌که‌وه له ئه‌ستۆدایه.
دۆست و نه‌یارانی گۆڕان، له روانگای جیاوازه‌وه، بۆچون و هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆیان بۆ به‌شداری گۆڕان له حوکمڕانیدا ده‌که‌ن، به‌تایبه‌ت له گه‌ڵ هه‌مان دو هێزی حوکمڕانی پێشودا که گۆڕان به‌توندی ئۆپۆزسیۆنی حوکمڕانی ده‌کردن.
قسه‌یه‌ک پێویسته بوترێت
گۆڕان کۆپی هیچ لایه‌ن و هێزێک نیه و ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه، وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین خاڵی گرنگی هاوبه‌ش ئه‌و هێزانه کۆده‌کاته‌وه، وه‌لێ له هه‌مان کاتیش‌دا جیاوازی و ناکۆکیه‌کانیش ده‌بنه هۆکاری خۆشکردنی زه‌مینه بۆ دو ئاراسته:
یه‌که‌م: دیالۆگ و لێدوان و نزیکبونه‌وه.
دوه‌م: به‌ره‌نگاربونه‌وه و توندی و شه‌ڕ.
گۆڕان له هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تی به‌رامبه‌ر به نه‌ته‌وه و خه‌ڵکه‌که‌ی له یه‌که‌م ساتی دروستبونیه‌وه ئاراسته‌ی یه‌که‌می هه‌ڵبژارد. چوار ساڵی یه‌که‌م لێدوان و دیالۆگ و نزیکبونه‌وه‌ی به‌رێگه‌ی ئۆپۆزسیۆنی په‌رڵه‌مانی کرد و ئێستاش وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت هه‌مان رێباز بگرێته‌به‌ر به‌رێگه‌ی حکومه‌تێکی بنکه‌فراوانه‌وه که هێزه سه‌ره‌کیه‌کانی باشور تێیدا به‌شدارن.
راستیه‌ک که مه‌خابن به‌شێک له هێزه‌کانی کوردستان، تایبه‌ت یه‌کێتی، هه‌ستی پێناکه‌ن، یاخود ده‌رکی پێده‌که‌ن و دانی پێدا نانێن، ئه‌وه‌یه که بونی گۆڕان له حوکمڕانیدا هاوسه‌نگیه‌کی نه‌بینراوی به هه‌مو لایه‌ک به‌خشیوه.
گۆڕان زۆرباش ده‌رک ده‌کات که ئیرسی سیسته‌می حوکمڕانی هه‌رێم چه‌ندین بناغه و که‌ره‌سه و چه‌مکی سه‌قه‌ت و ناته‌ندروستی تێدایه، وه‌ك فیفتی به‌فیفتی و دواتر رێکه‌وتنی ستراتیژی (درێژه‌کراوه‌ی فیفتی به فیفتی) و دوای کاڵبونه‌وه‌ی ئه‌میش باڵاده‌ستی پارتی.
گۆڕان بۆ خاتری خودی خۆی به‌شداری حکومه‌تی نه‌کردوه، به‌ڵکو میلله‌ت له پێشه‌نگی هه‌مو شتێکدایه، بۆیه کارکردن بۆ راستکردنه‌وه‌ی حوکمڕانی خۆماڵی و گۆڕانکاری و چاکسازی له هه‌مو بواره‌کاندا ئه‌رکه سه‌ره‌کیه‌کانی گۆڕانن.
ته‌نها به‌شداریکردن زامنی سه‌رکه‌وتن نیه، سه‌رکه‌وتنیش له دۆخی ئێستادا تێگه‌یشتنێکی نسبیه و ئه‌م راستیه خواستی گۆڕان نیه، به‌ڵکو زاده‌ی واقیعێکی تاڵه، با چاوه‌ڕوان بین بزانین گۆڕان چی ده‌توانێت له حوکمڕانی بگۆڕێت. |
|
|