|
نەوت سەرچاوەی کێشە بەردەوامەکان |
نوسهر: ئامانج هەرتەلی
|
Saturday, November 15, 2014 |
لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ سوڕانەوەی وڵاتانی زلهێز بەدەوری خۆرهەڵاتی ناویندا مەسەلەی نەوت بوە، ئەو نەوتەی بوەتە جێگای بایەخی جیهان و وڵاتانی سەرمایەداری، سەرجەم شەرەکانی ناوچەکە لەمیسرەوە بگرە تا عێراق و کەنداوی عەرەبی، هەموی لەپێناوی بەدەستهێنان و دەست بەسەرداگرتنی نەوتە، ئەم شەڕە بەردەوامەی لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە تا ئەمڕۆ، لەناوچەکە بەردەوام لەگەرم بون دایە، لەپێناوی رێگا خۆشکردنە بە دەست بەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتیەکان، هەر لەم پێناوەشدا چەندین شۆڕش کراون چەندین رژێمیش روخێنراون .
هەر لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم و هاتنی وڵاتانی ئیمریالستی بۆ خۆرهەڵاتی ناوین و رەنگڕێژکردنی سنورەکان و دروستکردنی وڵاتان، بەیەکەوە بەستنەوەی چەندین نەتەوەی جیاجیا بەیەکەوە، کە خاکەکەیان پڕە لەکانزای جۆراوجۆر، لەناویشیاندا بەستنەوەی گەلی کورد بەچەندین نەتەوەی جیا، دور لە یەک لەڕوی کلتوری و زمانەوە، خاکی کوردستان یەکێکە لەدەوڵەمەنترین خاکە بەپیتەکانی جیهان، پرە لەزێڕی رەش. لەدوای ئەوەی گەلی کورد دابەشکرا بەسەر وڵاتاندا، گەلی کورد هەستی بەمەترسیەکی گەورەکرد .
ئامانجی دابەشکردنی کوردستان، بەسەر وڵاتانی ناوچەکەو دورخستنەوەی گەلی کورد لەمافی سەرەتای بەدەوڵەت بون، لکاندنی گەلی کورد بەنەتەوە جیاجیا لەخۆی، بۆ درێژەدان بە ئاشوب و هەرا بوە لەخۆرهەڵاتی ناوین، بۆ ئەوەی بتوانن بەئاسانی بگەن بە نەوت و بەنرخێکی هەرزان بەدەستی بخەن، هەر لەوکاتەوە شۆڕشەکانی کورد لەهەڵکشان و داکشانی بەردەوام دابونە، وڵاتانی ئیمپریالستی بەردەوام هاوکارو هەماهەنگیان لەگەڵ شۆڕشێکی کوردی کردبێ سەرەتا، ئامانجیان بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانیان بوە، دوای ئەوەی دەستیان گەشتوە بەبەرژەوەندیەکانیان و تێربونە، کۆتاییان بەو بەرخودانە هێناوە، شۆڕشەکەیان کۆتایی پێهێناوە .
ئەگەر بەوردی بروانیە رودواەکانی ٢٥ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک عێراق پەلاماری کوێتیدا، کێشەکە نەوت بو، دوای داگیرکردنی کوێت، عێراق بوە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی تری کەنداو، کە دەوڵەمەندن بەنەوت، ئەوەش وای لە دەولەتانی پرسی نەوت کرد جنگێکی درێژ بۆ زیاتر لە 13 لەگەڵ بەغدا بکەن و دەستبگرن بەسەر سامانی تەواوی وڵاتانی کەنداو و جێگیرکردنی بنکەی سەربازی گەورە لەژێر ناوی پاراستنی ناوچەکە، هەر ئەوکاتە کورد توانی بەشێکی گەورەی کوردستان ئازاد بکات، حکومەت و پەرلەمان دابمەزرێنی .
دوای دامەزراندنی حکومەتی خۆجێی کوردی، لەلایەن وڵاتانی داگیرکاری کوردستان و بەرژەوەندیخوازی جیهانی، رێگایان نەدا کورد دوای ئەو هەمو ماندوبونە زۆرە کە جەستەی شەکەت بوە، پشویەک بدات، شەڕێکی نەگریسیان خستە نێو ماڵی کورد، کردیان بە دو بەش بەئێستاشەوە .
دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، دامەزراندنەوەی دەوڵەتی تازە شەراکەتی لە عێراق کورد بەشداری تێداکرد، بەڵام ئەم شەراکەتیە زۆری نەخایاند، جارێکی تر وەک هەمو جارەکانی تر نەوت بوەوە ناکۆکیەکی گەورە و قوڵ لەنێوان کورد و عەرەب، تا ئەم جارە کار گەیشتە ئەوەی بوجەی هەرێم ببڕن، سەرەڕای چارەنەکردنی کێشەکان، هەمو جارێکیش بۆ ئەوەی عێراق بە بەردەوامی لەکێشەدابێت کورد بەزۆر دەخەنەوە ناو هاوکێشەی عێراق، بە چەند بەڵێنێک لەدوایدا بەڵێنی وڵاتانی زلهێز دەبێتە بڵقی سەر ئاو، کێشەکانیش چارە ناکرێن هەمو ئامانجیان لەم گەمەیە، دروستکردنی ئاشوبە بۆ ئەوەی خۆیان بەردەوام لەنوچەکە بمێنەوە، گەلی عێراقیش لە جوغزی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا بهێڵنەوە.
شەڕی نێوان هەرێم و بەغدا شەڕی بەرژەوەندیە باڵاکانی زلهێزەکانە، نەوەک شەڕی بەرژەوەندی گەلەکانیان، پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر شەڕی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانانیان نیە، بۆ بەردەوام تەنەزول بەگەلی کورد دەکەن؟ بۆ رێگریشن لەجێبەجێکردنی مافەکان گەلی کورد؟ ئەگەر وڵاتانی زلهێز ئامانجیان ئاشوبی بەردەوام نیە، بۆ کاتێ داوایان دەکرد کورد بەشداری حکومەتی عەبادی بکات؟ بۆ داواشیان لە عەبادی نەکرد فەوری بوجەی هەرێم بنێرە؟ دەردەکەوێت وڵاتانی زلهێز لەعێراق بەدوای بەرژەوەندیەکانیانەوەن، بەردەوامیشن لەدروستکردنی گرژی بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی زیاتر، هەرێم و بەغدادیش ئامانجەکانی ئەوان دەپێکن، هەرێمیش خەڵکەکەی خۆی دەکاتە قوربانی ئەجندای زلهێزان، بۆ دز تا شەو تاریکتر بێت خۆشترە، بۆ وڵاتانی زلهێزیش تا دۆخەکە ئاڵۆزتربێت بەرژەوەندیان گەز گەز باڵاتر دەبێت.
|
|
|