|
ئاو زه‌نگێك بۆ ئاینده |
نوسه‌ر: ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ساڵح مه‌عروف
|
Saturday, November 15, 2014 |
ئاو ئه‌و سامانه خۆڕسك و گرنگه‌ی سه‌ر زه‌وییه كه (3) به‌شی جیهانی ده‌وره داوه‌و یه‌ك له‌گرنگترین هۆكاری مانه‌وه‌ی ژیانیشه له‌سەر گۆی زه‌وی، ئه‌گه‌ر نه‌وت وه‌ك وزه جێگره‌وه‌ی هه‌بێت، ئه‌وا ئاو كه پێكهاته‌یه‌كی گرنگه له‌پێكهاته‌ی زینده‌وه‌ران هیچ جێگره‌وه‌یه‌كی نییه، سه‌رچاوه‌كانی ئاو: (زه‌ریاكان و ده‌ریاكان و ده‌ریاچه‌كان) له‌به‌ر سوێری به كه‌ڵكی خواردنه‌وه نایه‌ن، (سه‌هۆڵی ناوچه جه‌مسه‌رییه‌كان و ئاوی ژێر زه‌وی و ئاوی روباره‌كان) شیرینن و بۆ خواردنه‌وه ده‌شێن. ئه‌م سامانه به نرخه كه بۆ پێداویستیی رۆژانه به‌كارده‌هێنرێت، رۆڵێكی به‌رچاو و گرنگی هه‌یه له‌بواره جیاجیاكاندا وه‌ك: (به‌ره‌وپێشبردنی به‌روبومی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری و له‌بواری پیشه‌سازیشدا له‌چه‌ندین به‌رهه‌مدا یه‌ك له‌كه‌ره‌سته سهرهكییهكانه، له‌دێرزه‌مانه‌وه تا ئه‌مڕۆش له‌هه‌ندێك وڵاتانی جیهان دا، ئاو سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دابینكردنی وزه‌ی كاره‌بایه، زه‌ریاو ده‌ریاو روبارهكانیش بۆ كه‌شتیوانی و گواستنه‌وه به‌كارهێنراون، هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی سامانی ماسییهو به گه‌شه‌سه‌ندنی كه‌رتی گه‌شتوگوزاریش داده‌نرێت و چه‌نده‌ها سودی تریش). كه‌واتا جگه له‌بایه‌خی به‌رده‌وامی ژیان ئاو كارتێكی سیاسی و ئابوری به‌هێزه و له‌و هۆكارانه‌یه كه كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك هه‌یه، وه‌ك زانراوه له‌ناوه‌ند و داموده‌زگاكانی توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا سه‌باره‌ت به هۆكاری ململانێ و ناكۆكییه نوێیه‌كان له‌پاڵ قه‌یرانه‌كانی (خۆراك و وزه) دا قسه‌و باسێكی زۆر له‌سه‌ر پێشبینی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئاو تا راده‌ی گه‌یشتن به جه‌نگی ئاویش ئه‌كرێ، به هۆكاری (زۆربونی ژماره‌ی دانیشتوان و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی)، كه‌می ئاو ده‌بێته هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ كه‌وتنه‌وه‌ی پشێوی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌مه له‌كاتێكدا كه له 97% ئاوی گۆی زه‌وی ئاوێكی سوێره و بۆ خواردنه‌وه ناشێ، و ته‌نها 3% ئاوی سازگار له‌سه‌ر گۆی زه‌وی هه‌یه، كە سێ به‌شی ئه‌م ئاوه‌ش وه‌كو ئهمبارێكی به‌فرو سه‌هۆڵ له‌هه‌ردو جه‌مسه‌ری گۆی زه‌وییه، بڕێكی كه‌میش له‌ئاوی سه‌رزه‌وی و ژێر زه‌وی بۆ به‌رهه‌مهێنانی خۆراك و به‌كارهێنانی مرۆڤ ده‌مێنێته‌وه، ئاشكرایه به پێی ستانداری جیهانی كه یونسێف دایناوه ساڵانه هه‌ركه‌سێك پێویستی به زیاتر له‌هه‌زار مه‌تر سێ جا ئاو هه‌یه، به پێی پێوه‌ره جیهانیه‌كان ئه‌گه‌ر بێت‌و ساڵانه هه‌ر تاكێك له‌و رێژه‌یه كه‌متر ئاو به‌ده‌ست بهێنێت و به‌كاریبهێنێت ئه‌وا ئه‌و كاته پێی ده‌ڵێن حاڵه‌تی كه‌م ئاوی (وشكه ساڵی).
وه‌ك ئه‌بینرێت ساڵانێكه تێكچونی بارودۆخی سروشتی و ژینگه‌یی و گۆڕانی كه‌شوهه‌واو به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمای گۆی زه‌وی بونه‌ته هۆی وشككردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی سه‌رچاوه ئاوییه‌كان، كه له‌ئه‌مڕۆدا وه‌ك یه‌كێك له‌گرفته ژینگه‌یه‌كان به ده‌ركه‌وتوه، پێش ئه‌وه‌ی ئاڵۆزبونی شوێنه‌واره‌كانی هه‌ژاری ئاو به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار سه‌ر هه‌ڵده‌دات، له‌پێناو مسۆگه‌ركردن و دهستبهسهراكردنی ئاوی سازگار، وڵاتانی دراوسێشمان ده‌مێك ساڵه له‌به‌ر بایه‌خ و گرنگییان بۆ ئاو ده‌ستیانكردوه به‌پرۆژه‌كانی گلدانه‌وه‌ی ئاو، توركیا به دروستكردنی (22 به‌نداو و 19 وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كههرۆمائی و پرۆژه‌كانی ئاودێری) به مه‌به‌ستی ده‌ست به‌سه‌راگرتنی پشكی شێر له‌ئاوی هه‌ردو روباری دیجله‌و فورات پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژی گه‌وره‌ی به ناوی (پرۆژه‌ی كاپ) وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی ئابوری و سیاسی ئه‌نجامداوه، هه‌روه‌ها ئێرانیش به‌دروستكردنی به‌نداو گۆڕینی رێڕه‌وی چه‌م و روباره‌كان پرۆژه‌ی پڕبایه‌خی بۆ وڵاتەکەی ئه‌نجامداوه، هه‌ر چه‌نده ئه‌و پڕۆژانه له‌باكور و خۆرهه‌ڵاتی كوردستان ئامانجی سیاسیشیان له‌پشته‌وه بوه، بەڵام سودیشی بۆ ناوچه‌كه هه‌بوه، وه‌ك: (به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با و پێشخستنی كهرتهبهرههم به‌خشه‌كان). هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بێبه‌ش نییه له‌و سامانه خۆرسكه، به تایبه‌ت ئاوی شیرین و سازگار، بەڵام پشت به وڵاتانی دراوسێش ده‌به‌ستین به‌وه‌ی كه چه‌ندین رێڕه‌وی ئاو به شێوه‌ی هه‌میشه‌یی یان وه‌رزیی له‌ودیو سنوره‌كانه‌وه دێنه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك: (روباری دیجله، هه‌ردو زێی گه‌وره‌و بچوك، زێی سیروان، زێی خاپور، چه‌می ئه‌ڵوه‌ن، چه‌می چۆمان و ده‌یان چه‌م و جۆگه‌ی تر) كه سه‌رچاوه‌ی گرنگی ده‌رامه‌تی ئاوی هه‌رێمه‌كه‌مانن، ده‌بێت مه‌ترسیی ئه‌وه‌مان هه‌بێت كه دراوسێكانمان هه‌ر كات بیانه‌وێت، سیاسه‌تی ئاو وه‌ك كارتێكی مه‌ترسیدار له‌دژمان به‌كاربهێنن، هه‌ر وه‌ك چۆن ئێران له‌ساڵی 2011 دا روباری ئه‌ڵوه‌ندی له‌ناوچه‌ی گه‌رمیان وشككرد، هاوكات به پێی هه‌ندێ زانیاری نافه‌رمی پرۆژه ئاودێرییه‌كان و به‌نداوه‌كانی ئێران و توركیا تا ئێستا بونه‌ته هۆی وشكردن یاخود كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی ئاوی ده‌یان روبار و چه‌م و جۆگه‌ی هه‌میشه‌یی و وه‌رزی، كه‌واتا ئه‌مه ئه‌و زه‌نگه مه‌ترسیداره یه كه ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم راچلهكێنێ و هانی بدات كه دروستانه كار له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئاو بكات، ئاشكرایه كه هه‌رێمه‌كه‌مان ته‌نها پشتی به‌و رێژه ئاوه نه‌به‌ستوه كه ده‌ڕژێنه خاكمانهوه، به‌ڵكو به‌شێكی سه‌رچاوه‌ی ئاوی روباره‌كانی (زێی گه‌وره، زێی بچوك، زێی سیروان، خاپور، ئاوه‌سپی و سه‌دان چه‌م وجۆگه) لهبهفرو باران و ئاوی ژێر زه‌وی هه‌رێمه‌كه‌مانه‌وه سه‌رچاوه‌یان كردوه، هه‌رێمه‌كه‌مان خاوه‌نی ئه‌م به‌نداوانه‌ی خوارهوهشه كه ته‌نها سه‌رچاوه‌ن بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو:
1- به‌نداوی دوكان كه له‌ساڵی 1958 له‌سه‌ر زێی بچوك دروستكراوه و له‌وپه‌ڕی ئاست به‌رزیدا 6,8 ملیار مه‌تر سێ جا ئاو كۆئه‌كاته‌وه
2- به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان كه له‌ساڵی 1961 له سه‌ر روباری سیروان دروستكراوه و له‌وپه‌ڕی ئاست به‌رزیدا 3-4 ملیار مه‌تر سێ جا ئاو كۆئه‌كاته‌وه
3- به‌نداوی دهۆك كه له‌ساڵی 1982 دروستكراوه له‌وپه‌ڕی ئاست به‌رزیدا 80 ملیۆن مه‌تر سێ جا ئاو كۆئه‌كاته‌وه
4- به‌نداوه‌كانی حه‌مامۆك له‌كۆیه‌و باوه‌شاسوار له‌گه‌رمیان و یه‌ك دو به‌نداوی تریش) كه حكومه‌تی هه‌رێم دروستیكردون ئه‌چنه خانه‌ی به‌نداوه بچوكهكانهوە.
(به‌نداوی بێخمه) له‌سه‌ر زێی گه‌وره له‌سنوری پارێزگای هه‌ولێر، له‌ساڵی 1987 له‌لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیایه‌كی ده‌ره‌كی ده‌ستكرا به جێبه‌جێكردنی تا ساڵی 1991 له 34%ی ته‌واو كرا و دواتر وه‌ستێنرا، به‌پێی ماسته‌ر پلانی پروَژهكه توانای گلدانه‌وه‌ی بڕی 17ملیار مه‌ترسێ جا ئاوی ده‌بو، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ریه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كه‌ی له‌پێناو كه‌رتی ئابوری‌دا كارئاسانی بۆ ته‌واو كردنی ئه‌وپڕۆژه‌یه بكردایه ئه‌وه رێژه‌ی گلدانه‌وی ئاو له‌هه‌رێمه‌كه‌ماندا روی له‌زیاد بون ئه‌كرد. ئاشكرایه كه كوردستان ته‌نها سود له‌ئاوی باران و به‌فر وه‌رده‌گرێ بۆ ژیانه‌وه‌ی ئاوی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی باشتر‌و زیاتر سود له‌ئاوی وه‌رزی دابارین وه‌ربگرین ده‌بێت بیر له‌چۆنیه‌تی زیاتری گلدانه‌وه‌ی ئاو بكه‌ینه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردستان ده‌وڵه‌مه‌نده به ئاوی سازگار، ئه‌گه‌ر به‌نداوی پێویستمان هه‌بوایه نه‌ك به‌شی خۆمان ئه‌مانتوانی ئاو بده‌ینه وڵاتانی ده‌وروبه‌ریشمان، به‌هۆی نه‌بونی به‌نداوی پێویست به‌شێوه‌یه‌كی كه‌م سود له‌ئاوی باراناو وه‌رگیراوه، ئه‌و به‌نداوانه‌ی كه هه‌شمانه گلدانه‌وه‌ی ئاویان كه‌مه، به‌هه‌ردو به‌نداوه گه‌وره‌كه‌ی هه‌رێم له‌وپه‌ڕی ئاست به‌رزیاندا نزیكه‌ی 10 ملیار مه‌تر ئاو كۆئه‌كه‌نه‌وه، كه هه‌رێمه‌كه‌مان به‌شێك بێت له‌و كێشه فراوانه‌ی قه‌یرانی كه‌مئاوی كه ئێستا جیهان به خۆیه‌وه دهیـبینێت چۆن ئه‌بێت شێوازی ئیداره‌دانی ئاو له‌هه‌رێمدا له‌وپه‌ڕی لاوازیی و خراپیدابێت، ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات كه ئه‌و بڕه ئاوه‌ی له‌وه‌رزی بارانباریندا فه‌راهه‌م ده‌بێت به ئاسانی و خۆڕایی به‌هۆی نه‌بونی به‌نداو به‌ربه‌ستی پێویسته‌وه له‌ده‌ست بچێت، ئاشكرایه كه زۆربه‌ی روبار و چه‌مه وجۆگه وه‌رزییه‌كانی هه‌رێم به‌دۆڵ و ناوچه شاخاویدا دەڕوات كه له‌ڕوی ئه‌ندازیاریه‌وه سه‌رچاوه‌ی رێڕه‌وه ئاوییه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌مان یارمه‌تیده‌ده‌ره بۆ ئاسان كۆنتڕۆڵكردن و كۆكردنه‌وه‌و گلدانه‌وه‌ی ئاو له‌به‌نداوی بچوك یان مامناوه‌ند یان گه‌وره‌دا، زۆر ناوچه‌مان هه‌یه كه به دروستكردنی به‌نداو نه‌ك ته‌نها زیان به زه‌وی زار‌و گونده‌كان ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو ئه‌توانرێ به به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئاو ی گلدراوه‌ی باراناو زه‌وی و زاره كشتوكاڵییه دێمیه به پیته‌كان ئاودێر بكرێت، واتا به‌دروستكردنی به‌نداو جگه له زه‌ویه به‌راوه‌كان روبه‌رێكی فراوان له‌زه‌وی دێمه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ زه‌وی به‌راو، كه ئاوی پێویست و شوێنی گونجاومان هه‌بێت و ئاویش ئه‌و كارته كاریگه‌ره به‌هێزه‌بێت كه نرخ و به‌هاكه‌ی به‌هیچ پله‌و پێوانه‌یه‌ك ناپێورێت، ده‌بو تائێستا له‌ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمه‌كه‌مان دا ده‌یان به‌نداومان هه‌بوایه كه به سه‌دان ملیار مه‌تر سێ جا ئاومان گلدایهتهوه، ئه‌وكات ئه‌مانتوانی بڵێین له‌ژێر ره‌حمه‌تی وشكه‌ساڵی و لافاو به‌كارهێنانی كارتی ئاو له‌لایه‌ن دراوسێكانمانه‌وه رزگارمان ئه‌بو، ئاومان بكردایه‌ته هۆكارێكی كاریگه‌ر له‌تۆكمه‌كردنی كۆڵه‌كه‌كانی ئابوری‌دا، ئه‌گه‌رچی ده‌بو حكومه‌تی هه‌رێم ده‌مێك ساڵ بوایه كاری له‌و جۆره پرۆژانهبكردایه و دركی به مه‌ترسییه‌كانی وشكه‌ساڵی و به‌كارهێنانی كارتی ئاو وه‌ك گوشارێك بۆ سه‌ر هه‌رێم بكردایه، بەڵام له‌ئێستاشدا نه‌چوه به‌جێ ده‌گرێ له‌دوای تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه‌ی ئیمڕۆی هه‌رێمه‌كان به به‌رنامه‌و پلانێكی تۆكمه‌وه به‌ڕه‌چاوكردنی هه‌ڵكه‌وته‌ی شوێنی گونجاو له‌سه‌ر سه‌رچاوه و رێڕه‌وه ئاوه هه‌میشه‌ی و وه‌رزییه‌كان پرۆژه‌ی نیشتمانی بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو بكه‌ینه پێشینه‌ی كاره‌كانمان، كه قه‌یرانی كه‌م ئاوی له‌هه‌رێم دا رۆژ له دوای رۆژ لهزیادبوندابێت، پێویسته هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ئاستی گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی كێشه‌كه‌دا بێت، ئه‌گه‌ر كه‌مته‌رخه‌میه‌كانی حكومه‌ت به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌رنه‌كردنی قه‌یرانه‌كه به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا بڕوات ئه‌وا له‌ئاینده‌دا نه‌وه‌یه‌كی تین‌و له‌م هه‌رێمه‌دا دروستده‌بێت، ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێك به‌دوای یه‌كدا وشكه‌ساڵی بێت ئه‌وه كاره‌ساتێكی مرۆیی و ژینگه‌یی روبه‌ڕوی كوردستان و ناوچه‌كه ئه‌بێته‌وه، ئاشكرایه كه به‌هۆی نه‌بونی به‌نداوی پێویست ناتوانرێ به‌شێوه‌یه‌كی باش سود له ئاوی باران وچه‌م و جۆگه‌كان وه‌ربگیرێت، بێ شك تا ئیمرۆش كوردستان له‌ڕوی سامانی ئاوه‌وه ده‌وڵه‌مه‌نده بەڵام له‌دروستكردنی به‌نداو بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو زۆر دواكه‌وتوه، ژێرخان بۆ سه‌رچاوه‌كانی ئاو دروستنه‌كرا، به‌شێكی هۆكاره‌كه‌ش په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی ئابوری حكومه‌تی عێراقه‌وه هه‌بوه، چونكه عێراق به‌گشتی وڵاتێكه كه ئێمه میراتێكی خراپمان لهڕژێمهكانی پێشویه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه لای رژێمه‌كانی پێش‌و ئاو ژینگه ئهولەویهت نه‌بوه ته‌نها پشتیان به نه‌وت به‌ستوه‌و شكستی سێكته‌ره‌كانی تریان پێداپۆشیوه، لهئیمڕۆدا به بونی پڕۆژەی گلدانه‌وه و به‌كارهێنانه‌وه‌ی ئاو ده‌توانین ئاو بكه‌ین به سه‌رچاوه‌یه‌كی داهات بۆ نه‌وه‌كانی داهاتو، كه‌واتا كوردستان زۆر پێویستی به داڕشتنی سیاسه‌تێكی ئاویی هه‌یه كه زامنی مافی به‌كاربردنی سه‌رجه‌م ده‌رامه‌ته ئاوییه‌كانی بكات له پێناو پێشخستنی واقیعی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌هه‌رێمه‌كه‌ماندا، خوێندنه‌وه‌ی به كردار بۆ دروستكردنی به‌نداو به مه‌به‌ستی گلدانه‌وه‌ی ئاو، سودی درێژخایه‌نی بۆ ئیستا‌و ئایندهی هه‌رێمه‌كه‌مان هه‌یه، وه‌ك: بوژانه‌وه‌ی كشتوكاڵ و ئاوه‌دانیی گونده‌كان و بره‌ودان به پیشه‌سازیی و زۆربونی سامانی ماسی و پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كاره‌با، كه تائێستاش به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنین و ده‌یان سودی تریش، كه سه‌رجه‌میان ده‌بونه هۆی زۆربونی هه‌لی كار‌و چاره‌سه‌ری دیارده‌ی بێكاریی و به‌رزبونه‌وه‌ی باری ئابوریی و هۆشیاریی هاوڵاتی بون و هاونیشتمانیش تۆكمه‌تر ده‌بو، به‌هه‌شته‌كه‌ی سه‌رزه‌وی (كوردستانی ئازیزمان) ئاوه‌دانتر و رازاوه‌تر و پڕ بایه‌خ و پڕ به به‌رهه‌م ده‌بو. |
|
|