|
وەزارەتی پەروەردە دەرونناسیت لێ دیارە |
نوسهر: مەحمود عەبدوڵا
|
Sunday, November 30, 2014 |
ئاشکرایە لە هەرێمی کوردستان، لەناو سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان خوێندکار تا نەچێتە زانکۆ نازانێت ئەگەر زانستێک هەیە بەناوی دەرونناسی، جگە لەو قوتابیانەی خوێنەرن، خوێندکار تادوای ئامادەکردنی بۆ زانکۆ شتێک لەبارەی دەرونی خۆیەوە نازانێت! ئەمە جگەلەوەی دایکان و باوکانیش شتێکی ئەوتۆ لەبارەی گرفتە دەرونییەکان نازانن، هەروەها سەبارەت بە قۆناغەکانی گەشەکردنیش بەهەمان شێوە، بۆیە زۆرجار مامەڵەی نادروست لەگەڵ مناڵەکانیان دەکەن، بۆ نمونە ئەگەر لەخێزانێکدا یەکێک لە ئەندامەکانی خێزان شەرمن بێت، یان واس واس بێت ئەوا سەرزەنشت دەکرێت، پاشان لەدەرەوەی خێزانیش بەهەمان شێوە، زۆرجار لەقوتابخانەش هەمان مامەڵەی لەگەڵدەکرێت. خوێندنی وانەی دەرونناسی وەک لقێک لەزانستە کۆمەڵایەتییەکان کەمتر نییە لەخوێندنی وانەی ئابوری و مێژو و کۆمەڵناسی، بەلکو زۆر بەسود ترە .
بۆیە نەبونی وانەیەک بەناوی دەرونناسی کەلێنێکی گەورەیە لەسیستەمی پەروەردە، ئەم بابەتە پێویستە لەقۆناغی ئامادەیی بخوێندرێت. لانیکەم وەک هۆنراوەکانی- سعدي يوسف گرنگی پێ بدرێت. خوێندکار لەقۆناغی ئامادەیی شارەزای ژیانی شاعیر و سەرکردەکان دەبێت و رابردوی نەتەوەکان دەخوێنێت، وەلێ هیچ لەبارەی ئێستای خۆی نازانێت. ئەو دەزانێت شەرمنە، بەڵام نازانێت بۆ؟ ئەو وادەزانێت هەر لەدایکبوە شەرمن بوە و ترسی کۆمەڵایەتی هەبوەوەو قەلەق بوە، ئەم خوێندکارەی زانکۆ قۆناغی هەرزەکاری تێپەڕاند بێئەوەی کەسێک لەبارەی ئەم قۆناغەوە شتێکی پێ بڵێت جگە لەو ئەزمونەی کە خۆی بەتێپەڕینی کات بەدەستی هێناوە، دوای تێپەڕ بونی بەناو دنیایەک کێشەو گرفتی ئەم قۆناغە. ئەو گەورەبو نەیزانی بۆچی هەندێ کەس خۆبەزلزانن، بۆچی هەنێ کەس خۆ بەکەم زانن، ئەو کە شتێک لەبارەی دەرونی خۆیەوە فێرنەبوە چۆن شتێک لەبارەی کەسانی ترەوە بزانێت؟ ئەو کە نازانێت دەرون دروستی چییە چۆن دەرون دروست بێت؟ ئەو چۆن لەهەست و نەستی کەسانی تر تێبگات کاتێک لەهەست و نەستەکانی خۆی تێناگات. ئەو هەندێک جار یاخی بوە و هەندێ جار گۆشەگیر، ئەو دەزانێت بۆچی سوپاکەی شا ئیسماعیل تێکشکا لەشەڕی چاڵدێران، بۆچی دەوڵەتی عوسمانی لەجەنگی جیهانی تێکشکا، بەڵام ئەو نازانێ بۆچی لە عەشقەکەی تێکشکا و کەوتە هەواری خاڵی، نازانێت بۆچی هەندێک کەس سەرکەوتو نابن لەپەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو ئێستا دەرفەتێکی هەیە بۆ ئەوەی بزانێت ئەو کێیە، بەڵام گەر پێش زانکۆ وازی لەخوێندن بهێنایە هەرگیز ئەو دەرفەتەی بۆ نەدەڕەخسا شتێک لەبارەی گیروگرفتە دەرونیەکانی خۆی بزانێت، رەنگە رۆژێک لەڕۆژان ئەگەر توشی وەسواسی یان هەرگرفتێکی تر ببوایە پەنای بۆ نوشتەو دوعا ببردایە، یا ئەگەر خوانەخواستە جنۆکە چوبوایە ناو لەشی شێخێک دارکاریەکی باشیبکردبایە. ئەو ئەگەر لەزانکۆ نەیخوێندبا، چۆن دەیتوانی شتێک لەبارەی دەرونزانی منداڵ بزانێ و مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ مناڵەکەی بکات،چۆن دایکێکی میهرەبان، چۆن باوکێکی میهرەبان بوایە؟
دەرونناسی وەک لقێک لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان، کە بایەخ بە دەرونی مرۆڤ دەدات و لێکۆڵینەوە لەرەفتارو گرفت و نەخۆشیە دەرونیەکان دەکات و دەستنیشانی هۆکارەکانی توشبون بەنەخۆشیە دەرونی و کۆمەڵایەتیەکان دەکات و چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە، زانستێکە پێویستە هەر تاکێک شارەزایی لەبارەیەوە هەبێت، نەک تەنها تایبەت بێت بەکەسانێک کە پسپۆڕن لەم بوارەدا.
بەخۆڕایی نییە، ئەرستۆ وتویەتی کە هەڵبژاردنی رێگاکانی پەروەردە گرانترە لەهەڵبژاردنی شێوازی حکومەتێک. بەڵام ببورە ئەرستۆ ئەو سەردەمە گوزەشت، لەم سەردەمەی ئێمەداو لەم دەڤەرە وەزارەتی پەروەردە تەنها لەماوەی سێ ساڵدا ئەتوانێ مەلزەمە قەدەغەبکات! هەر ئەم وەزارەتەش سیستەمی سویدی پەیڕەو دەکات بەبێ ئەوەی وانەی دەرونناسی تێدابێت، لەهەمان کاتیشدا کۆمەڵگایەکی تەندروستیشمان هەیە، ئینجا لای ئێمە کەس توشی نەخۆشی دەرونی نابێت، ئیتر ئەو پارەیەی لەچاپکردنی پەرتوکی دەرونزانی سەرف دەکرێت بۆمان دەگەڕێتەوە، ئینجا قوتابی یەک دەرزەن پەرتوکی هەیە دەرونناسی بۆ چییە؟
پێدەچێ بەهۆی پێکهاتەی بەدەنی انسانی کورد جنۆکە بچێتە ناو جەستەی تاکی کوردەوە، ئەی ئەوەنییە خاکەکەشمان هەناوی پڕە لەئاو بەهۆی ئەوەی بەردی کلسی زۆرەو رێگە بەتێپەڕبونی ئاو ئەدات، ئێمە کوڕی ئەم خاکەین ئیتر ئەوە قەدەرمانە. ئینجا خۆ دەست نییە دەگۆزەی مابێت، ئەگەر جنۆکە چوە ناو لەشی یەکێک ئەوەندە شێخ و چاک و خراپمان هەیە مەپرسە چ دۆزەخێکی بۆساز ئەکەن و دەری ئەکەن دەرکردنێک هەر مەپرسە!
پاشان ئەم هەموزانایە خۆیان خەریک کردووە بەدەروناسییەوە و هەزارو یەک ناوی لابەلایان دۆزیوەتەوە ئەمە فۆبیایە، شیزۆفرینیایە، هیستریایە، خەمۆکییە و ...هتد، لای ئێمە هەموی یەک ناو و یەک هۆکاری هەیە (جنۆکە لێیداوە) (تێکچوە) بوە و دەریدەکەین بەویستی خوا!
زۆرن ئەو کەسانەی بەدەست گرفتە دەرونییەکانەوە دەناڵێنن، نەخۆیان نە کەسێک لەناو خێزاندا هاوکاری دەکەن بۆ ئەوەی چارەسەری دەرونی وەربگرێت، بەڵکو خۆیی و خێزانەکەیشی هەوڵی شاردنەوەی ئەدەن بۆ ئەوەی کەس پێی نەڵێت تێکچوە! ئەگەر بێت و بابەتی سایکۆلۆژی لە قوتابخانە بخوێندرێت، قوتابیان فێربکرێن، کە مرۆڤ پێکهاتوە لەجەستە و دەرون و مرۆڤ چۆن ئەندامێکی جەستەی نەخۆش دەبێت بەهەمان شێوەش دەرونی نەخۆش دەبێت و زۆر جار نەخۆشی جەستەیی دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشی دەرونی و بەپێچەوانەشەوە، ئەمە جگەلەوەی ئەگەر ئەم وانەیە بخوێندرێت دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ ئەوەی زانیاری لای خوێنکار کەڵەکە ببێت و لەزانکۆ قوتابییەکی سەرکەوتوبێت و پاشان ئەگەر قوتابی هیچ لەبارەی دەرونزانی نەزانێت چۆن ئەم بابەتە هەڵدەبژێرێت، بەبێ ئەوەی بزانێت ئارەزوی هەیە بۆ ئەم بابەتە یاخود نا. |
|
|