Print
 
 په‌رله‌مانی کوردستان، به‌ عه‌قلیه‌تی کۆن یاسای باری که‌سێتێ په‌سند ده‌کات
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Wednesday, October 29, 2008

له‌ 27 – 10-2008 له‌ په‌رله‌مانی کوردستان یاسای باری که‌سێتی دوای لێدوانێکی زۆر خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌، به‌ داخه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدا مه‌سه‌له‌ی فره‌ ژنی ره‌وایی یاسایی پێ درا. ئه‌م یاسایه‌ ده‌قاوده‌ق له‌ یاساکانی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی عه‌شیره‌ت و ده‌ره‌به‌گایه‌تی ده‌چێت، ته‌نها جیاوازی بوونی هه‌ندێ مه‌رجی قورسه له‌م باره‌وه‌‌. ئه‌و مه‌رجانه‌ی له‌ کرده‌وه‌دا هیچ کاری پێناکرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌یان فڕوفێڵ ده‌هێندرێته‌وه‌. هه‌ق نییه‌ هیچ یه‌کێک دڵ به‌م مه‌رجانه‌ خۆش بکات و لێدوانی له‌سه‌ر بکات. باشتر وابوو ده‌نگ به‌ یاسای قه‌ده‌غه‌کردنی فره‌ژنی بدرایا و پاشان ره‌چاوی هه‌ندێ حاڵه‌تی تایبه‌تی بکرایا به‌ یه‌کسانی بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌زی نێر و مێ.

بیانوی هه‌ندێ ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌ ده‌نگدان به‌م یاسایه‌، مه‌ترسی پێشێلکردنی یاسای ئیسلام و زوێربونی ده‌وڵه‌تانی ئیسلامییه‌. نه‌نگیه‌ بۆ ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌ جوانکردن و به‌ مۆدێرنکردنی ماڵی خۆی بیانوی له‌و بابه‌ته‌ بهێنێته‌وه‌. له‌ بیسته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌تاتۆرک به‌ هه‌ندێ هه‌نگاو ناو ماڵی تورکی جوانکرد: پیتی عه‌ره‌بی قورئانی به‌ یه‌کجاره‌کی لابرد و پیتی لاتینی له‌ جێی به‌ کار هێنا، ده‌وڵه‌ت و ئایینی لێک جیا کرده‌وه‌... تاد. ئێستاش هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌کان به‌ خۆشحالییه‌وه‌ ده‌یانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی خۆیان به‌م وڵاته‌وه‌ دروست بکه‌ن، که‌سیش پێیان ناڵێ به‌رچاوتان به‌ کله‌وه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان به‌ ره‌وایی فره‌ژنی داوه‌، سه‌ر به‌ هه‌ر حزبێک بن ئه‌وه‌ رایه‌کی کۆن و ناسه‌رده‌مه‌، نیشانه‌ی مانه‌وه‌ی عه‌قلییه‌تی پاشماوه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تیه‌ له‌ بییرکردنه‌وه‌ی ئه‌وئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌. ئه‌م جۆره‌ بییرکردنه‌وه‌یه‌ له‌ دونیای ئه‌مڕۆ کاریگه‌ری نێوده‌وڵه‌تی خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر کیانی کوردی بۆ ئێستا و دوا رۆژ.

ئه‌وه‌ی لای من جێی سه‌رنجه‌ ده‌نگدانی چه‌ند ئه‌ندامێکی فراکسیۆنی سه‌وز و ده‌رچونه‌ ده‌ره‌وه‌ی چه‌ند دانه‌یه‌کی تره‌ له‌ هۆڵی په‌رله‌مان به‌ چه‌ند خوله‌کێک به‌ر له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان.  له‌ کاتێکدا په‌یڕه‌ و به‌رنامه‌ی حیزبی فراکسیۆنی‌ سه‌وز به‌ رونی ته‌ئکید له‌سه‌ر به‌ گژاچونه‌وه‌ی  دیارده‌ی فره‌ ژنی ده‌کاته‌وه‌، کاتێ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌ شاخ بوو کاری ده‌کرد بۆ بنه‌بڕکردنی ئه‌م دیارده‌یه‌. جگه‌ له‌ په‌یڕه‌ویش به‌ڕێز سکرتێری گشتی له‌ ده‌یان کۆڕوکۆبونه‌وه‌دا به‌ ڕاشکاوی باسی خراپی ئه‌م دیارده‌یه‌ی کردووه‌ و هاوڕابوون و پشتیوانی خۆی بۆ ته‌واوی مافه‌کانی ژنان‌ ده‌ربڕیوه‌.

بۆیه‌ ده‌نگدانی ئه‌و سێ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی فراکسیۆنی سه‌وز به‌ یاساییکردنی دیارده‌ی فره‌ ژنی، جگه‌ له‌وه‌ی لادانه‌ له‌ په‌یڕه‌و و به‌رنامه‌ی یه‌کێتی گوێ نه‌دانیشه‌ به‌ قسه‌کانی سکرتێری گشتی.‌ جێی خۆیه‌تی ئه‌م سێ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ له‌ لایه‌ن مه‌کته‌بی سکرتارییه‌ت ، مه‌کته‌بی سیاسی و مه‌کته‌بی رێکخستن بانگهێشت بکرێن بۆ زیاتر رونکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌.

له‌م باره‌وه‌ من له‌ گه‌ڵ ته‌واوی قسه‌کانی ئه‌ندام په‌رله‌مان سۆزان خاڵه‌ شه‌هابم، ئه‌م خانمه‌ راستی ئه‌و په‌نده‌ کوردیه‌ی سه‌لماند که‌ ده‌ڵێ " شێر له‌لان ده‌رچوو، چ پیاو بێت یان ژن هه‌ر یه‌که‌". راسته‌ بۆ چاکردنی ئه‌و بارودۆخه‌ خراپه‌ و ده‌ستکردن به‌ پرۆسه‌ی گۆڕان پێویست به‌ پرۆسه‌یه‌کی ریفۆرمی سه‌رتاسه‌ری ده‌کات. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ پرۆسه‌یه‌کی گشتگیره‌ و پێویستی به‌ که‌سانێ ده‌کات که‌ پێشه‌کی له‌ خۆیانه‌وه‌ ریفۆرم ده‌ست پێ بکه‌ن. بۆیه‌ هه‌موو ریفۆرمسته‌کانی کوردستان ده‌بێت زۆر ئاگاداری ئه‌م جۆره‌ پێشهاتانه بن.

دژ به‌م یاسایه‌ جێی خۆیه‌تی و ئه‌رکیشیانه‌ هه‌موو رێکخراوه‌کانی ژنان، ئافره‌تان و هه‌موو رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌نگ به‌رز بکه‌نه‌وه‌ و داوا له‌ په‌رله‌مان بکه‌ن پێداچونه‌وه‌ له‌و یاسایه‌ بکات. فشاری باش و هه‌مه‌لایه‌نه‌ش‌ بخه‌نه‌ سه‌ر سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بۆ ئیمزانه‌کردنی ئه‌م یاسایه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مان.

بۆ هه‌موو ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی ده‌نگیان بۆ په‌سندنکردنی دیارده‌ی فره‌ ژنی داوه‌، به‌م نمونه‌یه‌ کۆتا‌یی به‌م بابه‌ته‌ دێنم. له‌ یه‌کێ له‌ ژماره‌کانی گۆڤاری خێزان دوو چاوپێکه‌و‌تنم خوێنده‌وه‌. یه‌که‌میان له‌گه‌ڵ ژنێک بوو له‌ ناوچه‌ی پشده‌ر، ئه‌م ژنه‌ باسی له‌ کاری به‌ربوکی  خۆی ده‌کات له‌ سه‌رده‌می کۆندا، چۆن به‌ ژیری خۆی بوکێکی له‌ کوشتن رزگار کردووه له‌ یه‌که‌م شه‌وی بوکێنیدا‌. دووه‌میان چاوپێکه‌وتنێکه‌ له‌ گه‌ڵ پیاوێک له‌ عه‌شیره‌تی سورچی و زیاتر له‌ ژنێکی هه‌یه‌. باس له‌وه‌ ده‌کات له‌سه‌رده‌مێکی کۆن ئه‌م ژنانه‌ی خواستوه‌‌، ئێستا دان به‌وه‌دا ده‌نێ که‌ فره‌ژنی هه‌ڵه‌یه‌ و ئامۆژگاری کوڕه‌کانی ده‌کات ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ دووباره‌ نه‌که‌نه‌وه‌. (ببورن‌ ژماره‌ی گۆڤاره‌که‌م له‌ به‌رده‌ست نییه‌). ‌

   

Sbeiy.com © 2007