Print
 
 جه‌نابی سه‌رۆك سه‌یرمكه‌!
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Sunday, November 30, 2014


بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی كه‌ خاتونی كچت به‌ 12 ملیۆن و نۆسه‌د هه‌زار دینار بوه‌ به‌ راوێژكاری جه‌نابتان، كێماسیه‌كی گه‌وره‌ی وڵات به‌ڕێوه‌بردن و گه‌نده‌ڵی و به‌ هه‌ده‌ردانی سامانه‌، ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی به‌ 50 دۆلار ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ و هه‌ندێك به‌ڵگه‌نامه‌ی دیكه‌ی بردبوه‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌قی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ سزا بدرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كارێكی نایاسایی كردوه‌، لێ‌ قوربان كاری نایاسایی گه‌وره‌ ئه‌و دامه‌زراندنه‌ ناجۆره‌یه‌، كه‌ خاتونێك مانگی به‌ یه‌ك ده‌فته‌ر دۆلار دابمه‌زرێ‌ له‌ كاتێكا سه‌دان كچ و كوڕی شه‌هید و كه‌سوكاری ئه‌نفال چاویان له‌وه‌یه‌ به‌ موچه‌یه‌كی چه‌ند سه‌د هه‌زاری دابمه‌زرێن، هه‌ر بۆبیرخستنه‌وه‌ موچه‌ی یه‌ك مانگی ئه‌و خاتونه‌ی كچت به‌لای كه‌مه‌وه‌ موچه‌ی 25 فه‌رمانبه‌ری تازه‌ دامه‌زراوه‌، ئاخر له‌كوێی دنیا ئه‌م ناعه‌داله‌تی و سته‌مه‌ هه‌یه‌، له‌كوێی دنیا سه‌رۆكی وڵاتێك كچی خۆی به‌ پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی داده‌مه‌زرێنێ‌ و ئاگای له‌ ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیان نیه‌.

ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ی دزه‌ پێكردوه‌، ره‌نگه‌ موحتاجی ئه‌و په‌نجا دۆلاره‌ بوبێ‌، ئه‌گه‌رچی چ شێوازی بردنه‌كه ‌و چ فرۆشتنه‌كه‌ی كارێكی نه‌شیاون، لێ‌ ئه‌گه‌ر رونكاری و ئازادی میدیا و ئازادی ده‌ستگه‌یشتن به‌ زانیاری بۆ میدیاكاران و هاوڵاتیان فه‌راهه‌م بێت، نه‌ ئه‌م دزیه‌ ده‌كرێت و نه‌تۆش ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌یت، كه‌ به‌ باوه‌ڕی من دوجار گه‌نده‌ڵیه‌، جارێك له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و خاتونه‌ موچه‌كه‌ی زۆر زۆره‌ و جیاوازیه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌نێوان موچه‌ی ئه‌و خاتونه‌و موچه‌ی هه‌ر خاتونێكی دیكه‌ی فه‌رمانبه‌ری ئه‌م وڵاته‌، جارێكیش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و خاتونه‌ كچی سه‌رۆكه‌، سه‌رۆك نابێ‌ هه‌ر له‌خه‌می كچ و كوڕ و خزمه‌كانی خۆیدا بێت، لێ‌ دیاره‌ قه‌ده‌ر ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه‌ ئاوایه‌، سه‌رۆك له‌ كه‌س و كاره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات.

گرنگ ئه‌وه‌ نیه‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ دۆزرایه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌به‌ره‌كه‌ واده‌ڵێ،‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م شێوه‌ دامه‌زراندنه‌ له‌تاریكیدا به‌ڕێوه‌ نه‌چێت، به‌رله‌وه‌ی سزای ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ بدرێ‌ بێزه‌حمه‌ت ئه‌و نادادیه‌ راگرن، ئاخر هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ له‌ میدیاكان بڵاوكرایه‌وه‌ له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ زیاتر له‌ 30 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بون، كه‌ ده‌كرا سه‌رۆك موچه‌ی دو مانگی ئه‌و خاتونه‌ بنێرێ‌ بۆ پرسه‌ی ئه‌و شه‌هیدانه‌ ئه‌وه‌ش هه‌نگاوه‌ راستیه‌كه‌ بو .

با یه‌ك راستی دیكه‌شت بیر بخه‌مه‌وه‌، له‌ماوه‌ی رابردودا میدیاكان لیستی ناوی 400 خاتونی ئه‌م نیشتمانه‌یان بڵاوكردوه‌ كه‌ به‌ پله‌ی جۆراوجۆری سه‌ربازی خانه‌نشین كرابون، ئه‌وان له‌ ناویاندا خه‌ڵكی زۆر ماندو ئیشكه‌ر هه‌بو، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی له‌به‌رانبه‌ر كاره‌كه‌ی موچه‌ی شایانی خۆی وه‌ربگرێ‌ ناوی له‌ شوێنێ‌ تر بو، من زۆرنیگه‌ران بوم له‌ و هێرشه‌ی كرایه‌ سه‌ر ئه‌و خاتونانه‌ و داكۆكیشم لێكردن، هه‌ڵبه‌ت له‌ هه‌مویان نا، ئێستا ئه‌و خاتونانه‌ كه‌ هه‌مویان سه‌ر به‌و حیزبه‌ی جه‌نابتن و تێیاندایه‌ چه‌ندین شه‌هید و ئه‌نفالی هه‌یه‌ هه‌قی خۆیانه‌ بپرسن جیاوازی ئه‌مان و كچه‌كه‌ی سه‌رۆك چیه‌.
Sbeiy.com © 2007