|
سلێمانی و هاوسه‌نگی هێز |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Tuesday, December 2, 2014 |
هه‌واڵه‌کان باس له ئه‌گه‌ری به‌هێزی رێکه‌وتنی گۆڕان و یه‌کێتی له‌سه‌ر پرسی پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره لۆکاڵیه‌کانی ناوچه‌که ده‌که‌ن. کۆتایی هێنان به‌م کێشانه مایه‌ی دڵخۆشی خه‌مخۆرانی ده‌ڤه‌ره‌که و په‌یوه‌ندیه‌کانی ئه‌و دو هێزه‌یه. لێره‌دا باسی سه‌ره‌کیم زه‌مینه و هۆکاره‌کانی کێشه‌کان نیه، ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته تیشک خستنه‌سه‌ر ئه‌گه‌ره‌کانی زه‌مینه و هۆکاره لۆکا‌ڵی و ناوچه‌ییه‌کانی ئه‌م وه‌رچه‌رخاندنه پاش نزیکه‌ی 7 مانگ له چه‌قبه‌ستن و پێداگری ناڕه‌وا، هه‌روه‌ها ره‌نگدانه‌وه‌ی رێکه‌وتنێکی له‌و جۆره له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی دولایه‌نه‌ی ئه‌و دو هێزه و له‌سه‌ر دۆخ و هاوسه‌نگی سیاسی و حوکمڕانی له کوردستان.
بۆ کێشه‌که دروستکرا؟
پێشه‌کی جەختت ده‌که‌مه‌وه له‌وه‌ی کێشه‌ی ئیداره‌دانی ئه‌م ناوچانه له بنه‌ڕه‌تدا سیاسین و هێز و وڵاتانی ناوچه‌که، تایبه‌ت ئێران، رۆلێکی به‌رچاویان تێیدا هه‌بوه.
ئه‌زمونی ساڵانی ته‌مه‌نی گۆڕان له گه‌ڵ یه‌کێتی کێشه و ململانێی توند و به‌رفراوانی بینیوه. یه‌کێتی له پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه و به‌به‌کارهێنانی سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانی ژێر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌رامبه‌ر گۆڕان وه‌ستاوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت دوای بردنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌مو هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی به‌نیه‌ت و نه‌فه‌سی تۆڵه‌کردنه‌وه هه‌وڵیان داوه سه‌رکه‌وتنه‌کانی گۆڕان تێک بشکێنن و پوچه‌ڵی بکه‌نه‌وه، روداوه‌کانی ئه‌لبیسه‌که له بیرهوریدا نه‌سڕاونه‌ته‌وه.
یه‌کێتی پێی وابو گۆڕان هۆکاری سه‌ره‌کی شکستهکانیهتی، بۆیه به‌رامبه‌ر هه‌ڵکشاندنی ده‌نگه‌کانی گۆڕان له ناوچه‌ی جاران ناسراو به سه‌وز ئاگریان تێبهربوبو، ئه‌و کێشه‌یه‌ی یه‌کێتی پاش هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان بۆ ئیداره‌ی پارێزگای سلێمانی خهڵقاندی له دور و نزیکه‌وه هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به جیاوازی فکر و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه نه‌بوه، له بنه‌ڕه‌تدا ره‌نگدانه‌وه‌ی خه‌م و ترسی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتیه له زیاتر لاوازبونی پێگه و ده‌سه‌ڵاتی لۆکاڵیان له هه‌رێمێکدا که له‌ماوه‌ی 20 ساڵدا نزیکه‌ی 32% متمانه‌ی خه‌ڵکی له ده‌ستداوه. یه‌کێتی هه‌وڵی زۆری دا ئه‌م شکسته گه‌وره‌یه‌ی به پێداگری له ره‌وای شۆڕشگێڕی و مێژویی و به‌زه‌بری نانبرین و سزادان و تۆقاندن و به مناوه‌ره‌ی سیاسی له گه‌ڵ ئه‌م هێز و ئه‌و ده‌سه‌ڵات له ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچه‌که داپۆشێت. مایه‌ی گه‌لێک پرسیاره حیزبێک خۆی به مۆدێرن و عه‌لمانی و سۆشیال دیموکرات بزانێت یه‌خه‌ی هێزێکی سیڤیلی گۆڕانخواز بگرێت و شه‌ڕی پێ بفرۆشێت.
ئێستا ره‌وایه بۆ گۆڕانخوازان پاش ساڵانێکی ئاڵۆز و دژوار پرسیارێک بکه‌ن، بۆچی یه‌کێتی بۆ چاره‌ی ئه‌و کێشه‌یه ئێستا نه‌رمی ده‌نوێنێت و ئاماده‌یی خۆی بۆ رێکه‌وتن له گه‌ڵ گۆڕان پیشانداوه؟
هاوسه‌نگی و ده‌سه‌ڵاتی موسه‌یه‌ر و ده‌سته‌مۆکردن
به‌درێژایی دوا نیو سه‌ده له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی له باشور ده‌رفه‌تێکی ئه‌وتۆ بۆ کورد نهرهخسابو به زه‌بری ده‌نگی خه‌ڵک هاوسه‌نگیه‌کانی نێوماڵی خۆی رێک بخات تا بتوانێت له سایه‌ی ئارامی و سه‌قامگیریدا گوزه‌ر بکات. ئه‌و چه‌ند هه‌ڵبژاردنه‌ی له هه‌رێمی کوردستان له‌دوای راپهرێنهوه کراون پێگه‌ی هیزه‌کانی گۆڕیوه و ته‌نانه‌ت له حزوری به‌هێزی گۆڕاند پێکهاته کلاسیکیهکهش وه‌ک خۆی نه‌ماوه، به‌ڵام نه‌توانراوه هاوسه‌نگی نێو ماڵی کوردی رێک بخرێت، ئه‌زمونی فیفتی به‌فیفتی و رێکه‌وتنی ستراتیژی بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی بوه نه‌ک رێکخستنه‌وه‌ی.
ناشێت کاریگه‌ری روداو و گۆڕانکاریه‌کانی دۆخی کوردستان له 5-6 مانگی رابوردو دوای هێرشه‌کانی داعش له‌م وه‌رچه‌رخاندنه‌ی هه‌ڵوێستی یه‌کێتی پشتگوێ بخرێن.
یه‌کێک له کاریگه‌ریه‌کانی هێرشه‌کانی داعش و شه‌ڕکردنی گۆڕین و داڕشتنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز بو له باشوری کوردستان. له مێژه هێز و هاوکێشه ده‌ره‌کیه‌کان له ناوچه‌که کاریگه‌ری بێئه‌ندازه‌یان له‌سه‌ر داڕشتنی هاوسه‌نگی کوردی له باشور و راگرتنیدا هه‌بوه، بۆ نمونه: ئێران له له‌تکردنی شۆڕشی ئه‌یلول له 1964 و له شکستی ئه‌و شۆڕشه‌دا له 1975، تورکیا له شکست هێنان به دوا قۆناغه‌کانی رێکه‌وتنی یه‌کێتی و رژێمی سه‌دام له دانوستانه‌کانی سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابوردو که یه‌کێتی ناچارکرد په‌نا بۆ ئێران به‌رێت، کاریگه‌ری شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێران و ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ئه‌نفال و به‌کارهێانی کیمیاوی له سازدانی زه‌مینه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی، زریانی بیابان له سازدانی راپه‌ڕین و ئه‌نجامدانی و هه‌روه‌ها له کۆره‌وه‌که، رۆڵی تورکیا و ئێران له گۆڕینی هاوسه‌نگی سه‌رده‌می خوله‌کانی شه‌ری ناوخۆ، رۆڵی رژێمی سه‌دام له 31 ئاب و باڵاده‌ستی کاتی پارتی، رۆڵی ئێران له گه‌رده‌لولی تۆڵه و گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی نێوان پارتی و یه‌کێتی، رێکه‌وتنی واشنتۆن به‌زه‌بری ئه‌مەریکا بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی، له‌دوای روخاندنی سه‌دامیشه‌وه رۆڵی ئه‌مەریکا و ئێران و تورکیا له گۆڕینی هاوسه‌نگی نێوان هێزه‌کان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان. سه‌رجه‌م ئه‌م وێستگه گرنگانه‌ی مێژو ده‌یسه‌لمێنن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد له باشور خاوه‌نی ئیراده و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆی نه‌بوه و زۆربه‌ی کات ده‌سه‌ڵاتیكی موسه‌یه‌ر بوه. هه‌ر کاتێکیش هێزه ده‌ره‌کیه‌کان گوێبیستی ده‌نگ و نیه‌تێکی ئازادانه‌ی کورد بوبن که‌وتونه‌ته خۆیان بۆ ته‌مێکردنی.
شه‌ڕی داعش‌یش هه‌مان شتی به‌رپا کردوه، جه‌مسه‌ره‌کانی ناوچه‌که (تورکیا و عێراق و ئێران) و ته‌نانه‌ت ئه‌مەریکاش به‌رهه‌مه‌کانی دروێنه ده‌که‌ن و جارێکی تر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردیان ده‌سته‌مۆ کرده‌وه. کێشه‌که ته‌نها له‌م دهستهمۆکردنهدا نیه، به‌ڵکو ئاراسته و مه‌به‌ستی فره دهستهمۆکردنهکان زۆر جیاواز و ناکۆکن له گه‌ڵ یه‌کتردا و کورد نرخه‌که‌ی ده‌دات.
ئێران و هاوسه‌نگی هێز له هه‌رێم
ده‌مێکه ئێران به‌تێکچونی هاوسه‌نگی هێزی نێوان پارتی و یه‌کێتی به‌قازانجی پارتی نیگه‌رانه. راسته به‌ڵگه و دۆکیۆمێنتی فه‌رمی به‌رچاو نه‌که‌وتون که بیسه‌لمێنن نێوان ئێران و یه‌کێتی جۆریك له لێکتێگه‌یشتنی ستراتیژی سه‌باره‌ت به عێراق و باشوری کوردستان سازدرابێت (چه‌ند رێکه‌وتنێکی فه‌رمی واژۆکراو نێوان یه‌کێتی و ئێران هه‌یه له سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران- عێراق، به‌ڵام بۆ کات و مه‌به‌ستی دیاریکراو بون)، به‌ڵام زۆربه‌ی دۆکیۆمێنت و به‌ڵگه‌نامه فه‌رمیه‌کان پیشانی ده‌ده‌ن یه‌کێک له هێزه سه‌ره‌کیه‌کان که ئێران بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی له هه‌رێمی کوردستان پشتی بیدهبستێت به‌شێک له لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتییه. ئه‌و لوتکه‌یه له ئاکامی شکسته‌کانی یه‌کێتی زیاتر په‌نای بۆ ئێران بردوه و ئێرانیش درێغی نه‌کردوه له ده‌ستگرتن و به‌هاناوه چونیانه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی سه‌ره‌تای هێرشه‌کانی داعش و شکستی هێزه‌کانی سه‌ر به‌پارتی له شه‌نگاڵ و زومار و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی نزیک هه‌ولێر به هه‌لێکی له‌بار ده‌زانی بۆ دارشتنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز له باشور و که‌مکردنه‌وه و ده‌سته‌مۆکردنی ده‌سه‌ڵاتی ره‌های پارتی، هه‌ر زۆر زو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به هاوپه‌یمانیه‌کی په‌له له‌گه‌ڵ په‌که‌که و په‌یه‌ده حزوری خۆیان له مۆڵگه‌ی به‌هێزی پارتی، ده‌ڤه‌ری بادینان، کرده ئه‌مری واقیع، هاوکات له سه‌ر سنوری ناوچه دابرێنراوهکانیش ئاماده‌سازیان له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و چه‌ند یه‌که‌یه‌کی گه‌رێلا و هێزه‌کانی ئێران و میلیشیاکانی شیعه کرد بۆ ئازادکردنی ئه‌و شوێنانه‌ی داعش داگیری کردبون و چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان. سه‌رکه‌وتنی ئه‌م پلانه مانای گه‌مارۆدانی پارتی و ناچارکردنی بۆ سازشکردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێکی گرنگ به‌رامبه‌ر به به‌غدا و له‌سه‌ر ئاستی حکومه‌تی هه‌رێم و له پرسی نه‌وت و هه‌نارده‌کردنیدا به‌رێگای تورکیادا.
ئه‌وه‌ی له‌م هاوکێشه‌یه‌دا حسابی وردی بۆ نه‌کرابو که لۆبی نه‌وت له ئه‌مەریکا و دۆسته‌کانی بارزانی و پارتی له خۆرئاوا و ناوچه‌که به‌رێگه‌ی هێزی ئاسمانی ئه‌مەریکاوه به‌په‌له فریای پارتی که‌وتن و له میحنه‌تێکی گه‌وره ده‌ربازیان کرد.
هه‌رێمی کوردستان له ساڵانی رابوردودا ناوچه‌یه‌کی ئارام بو و تاڕاده‌یه‌کی باش ئاسایش به‌رقه‌رار بو، خه‌ڵکه‌که‌ی به‌گشتی حه‌زیان به‌دۆستایه‌تی ئه‌مەریکا و خۆرئاوایه، حزوری سه‌ربازی به‌هێزی ئه‌مەریکا، بۆ نمونه بنکه‌یه‌کی فرۆکه‌وانی جه‌نگی له هه‌رێمی کوردستان (سلێمانی یا هه‌ولێر که فرۆکه‌خانه‌یان هه‌یه) ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مەریکا له ناوچه‌که به‌سه‌ر هه‌مو لایه‌کدا زاڵ ده‌کات، تایبه‌ت به‌سه‌ر ئێران و سوریادا. ئه‌م گۆڕانکاریه نرخی پێویسته، ئه‌گه‌رێکی به‌هێزه کورد له عێراق ئه‌و نرخه بدات بۆیه مه‌رجێکی سه‌ره‌کیه ئه‌مەریکا حوکمڕانی کورد بپارێزێت.
تورکیا و ئێران له‌و گۆڕانکاریانه زۆر دڵته‌نگ بون و به‌هه‌مو توانایانه‌وه کار دژ به ئه‌گه‌ره‌کانی حزوری به‌هێزی سه‌ربازی ئه‌مەریکا له کوردستان ده‌که‌ن.
هه‌روه‌ک چۆن تورکیا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت پشتی له داعش نه‌کردوه، ئێرانیش به‌هه‌مان شێوه رێگه نادات ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتی شیعه و هاوپه‌یمانه‌کانی له عێراق و کوردستان بکه‌وێته مه‌ترسیه‌وه. حزوری چالاکانه‌ی به‌رده‌وامی ئاغای قاسم سلێمانی له به‌ره‌کانی شه‌ڕ و هاریکاریه سه‌ربازی و هه‌واڵگری و لۆجیستیکیهکانی ئێران ئاماژه‌ی زه‌قن بۆ مه‌به‌سته ره‌سه‌نه‌کانی ئێران، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران چه‌ند جارێک راشکاوانه نیگه‌رانی خۆیان به‌رامبه‌ر هاوکاری سه‌ربازی ئه‌مەریکا له ئێستا و بۆ ئاینده ده‌ربڕیوه، هێزه‌کانی شیعه، تایبه‌ت تاقمه‌که‌ی مالیکی، که به‌شیکی ناراسته‌وخۆ بون له موئامه‌ره‌که دژ به کورد، زۆر توڕه و نیگه‌ران بون له شکاندنه‌وه‌ی دۆخه‌که به‌قازانجی پارتی و پشتگیریکردنی له‌لایه‌ن ئه‌مەریکا و خۆرئاواوه. مالیکی دوای گرتنی موسڵ په‌نای بۆ ئێران و روسیا برد تا یارمه‌تی بده‌ن.
گۆڕان و هاوسه‌نگی و پارێزگای سلێمانی
له‌و ساته‌وه‌ی گۆڕان له حوکمڕانیدا به‌شداره پرۆسه‌یه‌کی هاوسه‌نگی هێمنانه‌ی بێده‌نگ به‌ڕێوه‌یه.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پاش بێ‌ئومێد بونی له نیه‌ته‌کانی یه‌کێتی و پاش ده‌ستتێوه‌ردانی خه‌ستی ئێران له‌دوا هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌قازانجی یه‌کێتی ئاراسته‌ی به‌شداریکردن له حکومه‌تی هه‌رێم و نزیکبونه‌وه و ئاساییکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ پارتیدا هه‌ڵبژارد، بۆ گۆڕان یه‌کێک له گرێکوێره ئاڵۆزه‌کان پرسی یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیداریه له ده‌ڤه‌ری سلێمانی، ئێران بۆ خۆی رۆڵی به‌رچاوی هه‌بوه له دروستکردنی ئه‌و کێشه و ئاڵۆزیه و له پشت په‌رده‌وه پشتگیری یه‌کێتی کردوه. گۆڕان له ماوه‌ی 7 مانگی رابوردودا ویستویه‌تی به‌رێکه‌وتنی هه‌مو لایه‌نه‌کان کێشه‌ی پاریزگای سلێمانی چاره بکرێت، نه‌ک به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ. بژارده‌یه‌کی ته‌ندروست و واقیعبینانه.
سلێمانی و کێشه‌کان
سلێمانی و ناوچه‌کانی راپه‌ڕین و به‌شێک له گه‌رمیان سنورێکی دڕیژیان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه، شاده‌مارێکی سیاسی و ئابوری و ئه‌منی و هه‌واڵگرین بۆ ئێران، له به‌رمبه‌ردا ده‌روازه‌کانی ناوچه‌کانی تری باشوری کوردستان به‌روی ئێراند له‌سه‌ر درزێک بۆیان والان. پارتی چاوێکی تیژی بڕیوه‌ته که‌رکوک و له‌ئێستادا نه‌رمی به‌رامبه‌ر پارێزگاره یاخیبوهکهیدا ده‌نوێنێت، تورکیا پشتگیری پارتی له‌و هه‌وڵانه ده‌کات.
ئێرانیش وه‌ک هه‌مو وڵات و هێزه‌کانی ناوچه‌که ده‌یه‌وێت رۆڵ و کاریگه‌ری له که‌رکوک به‌رچاو بێت تا بتوانێت ده‌ستی له ئایندهی ناوچه‌که‌دا هه‌بێت.
به هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران پارتی باشوری کوردستانی کردۆته واحه‌یه‌کی نه‌وت و بازرگانی بۆ تورکیا که رۆژ به‌دوای رۆژ هه‌ژمونی تورکیا به‌هێزتر ده‌کات، ئێران ئه‌مه به‌مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه نیشتمانی و مه‌زهه‌بیه باڵاکانی ده‌زانێت.
ماوه‌یه‌که ئێران و هاوپه‌یمانه شیعه‌کانی له به‌غدا، تایبه‌ت دوای نزیکبونه‌وه‌ی نێوان ئێران و ئه‌مەریکا، گهێشتونهته قه‌ناعه‌ت که به‌زه‌بری شه‌رکردنی داعش و تێکشکاندنی، ناتوانن ئه‌و لاسه‌نگیه له هه‌رێمی کوردستان راست بکه‌نه‌وه، چونکه ئه‌و کێشه‌یه ئاراسته‌یه‌کی خه‌ستی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه و له کێشه‌یه‌کی ناوچه‌یی ده‌رچوه و پابه‌نده به ئاسایش و ئاشتی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه، ئێرانیش له‌و پرسه نێوده‌وڵه‌تیه‌دا شه‌ریکێکی نهخوازیاره و ته‌نها ده‌توانێت پشکێکی له‌و هاوکێشه‌یه‌دا به‌رکه‌وێت.
له به‌رمبه‌ردا ئێران ده‌سته‌وه‌سان نه‌وه‌ستاوه و ته‌واوی ئیراده و توانای خۆی به‌هۆی ئه‌و هاوکێشه نێوده‌وڵه‌تیه‌وه به‌لادا نه‌داون.
باشترین فاکته‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌بێت هێزیكی کوردی کریستهڵایزهر (یه‌کلاکه‌ره‌و و هێورکه‌ره‌وه) بێت و رۆڵی له زیاتر راستکردنه‌وه‌ی لاسهنگیهکهدا ببینێت.
یه‌کێتی له‌ژێر فشاری ئێران و دوربینی ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌هران نه‌رمی ده‌نوێنێت و ده‌یانه‌وێت، وه‌ک چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی ئێرانی باسیان کردوه" گۆڕان له‌چنگی پارتی ده‌ربهێنن".
هه‌ر واباوبوه له زه‌مه‌نی شه‌ردا زۆر شت له ده‌هالیز و له پشت سه‌نگه‌ره‌کانه‌وه ساز ده‌کرێت، ده‌نگی تفه‌نگ ته‌نیا شته به‌رچاو و بیستراوهکهی شه‌ڕه و هه‌مو شتێک نیه بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ئاکامی شه‌ڕ.
ئه‌گه‌رێکی تریش ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی بۆ خۆیان ده‌رکیان به هه‌ستیاری دۆخه‌که کردبێت و له قه‌ناعه‌ته‌وه ئاماده‌ن ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ گۆڕان دابه‌ش بکه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌مه وابێت ئه‌وا چاوه‌ڕوانی گۆڕانکاری گه‌وره له هه‌رێمدا ده‌کرێت، ئه‌و لاسه‌نگیه‌ی باڵی به‌سه‌ر هه‌رێمدا کێشاوه کاڵ ده‌بێته‌وه، پرۆسه‌ی به‌دیموکراتیزه‌کردنی کوردستان هه‌نگاوی گه‌وره ده‌چێته پێش، شه‌ری کورد دژ به تێرۆر ئاراسته‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیی زیاتری ده‌بێت، کورد ده‌توانێت به نیه‌تی پاکی هێزه‌کانی پاکهجێکی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ئایندهی ساز بکات و کاری له‌سه‌ر بکات، ئه‌و لاوازی و په‌رته‌وازیه‌ی به‌رامبه‌ر به‌غدا زۆر که‌متر ده‌بێته‌وه و ...تاد.
زۆر دروسته بوترێت چاره‌ی کێشه‌ی ئیداره‌ری سلێمانی له قه‌ناعه‌ت و نیه‌تی پاکه‌وه ده‌بێته کلیلی چاره‌ی زۆر له کێشه‌کان، به‌پێچه‌وانه‌وه چاره‌کردنی به موسهیهری و له به‌رژه‌وه‌ندی راگرتنی هاوسه‌نگی هێز ئه‌وه‌نده له شته‌کان ناگۆرێت ته‌نیا چه‌ند روخسار و قهڵافهتێک نه‌بێت.
بێگومان گۆڕان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته لۆکاڵیه‌ی لا گرنگه، له‌وه گرنگتر بۆ گۆڕان پاراستنی خۆی و نیهتهکانیهتی له پریشکی نه‌خوازیاری گه‌مه‌که‌ره سه‌ره‌کیه‌کان له باشور و ناوچه‌که. کاتێک گۆڕان ببێته به‌شیک له‌و هاوکێشه ئاڵۆزه‌ی ناوچه‌که (نه‌ک مامه‌ڵه‌کردنی دروست له گه‌ڵیدا که پێویسته) ئه‌وا ده‌ربازبون لێی زۆر قورس ده‌بێت. |
|
|