Print
 
 ئێمه ‌و شۆكنه‌بون
نوسه‌ر:  ئارام قادر حه‌مه‌سور
Tuesday, December 9, 2014

ئه‌و رۆژهه‌ڵاتناسانه‌ی سه‌ردانی كوردستانییان كردوه‌ و له‌ڕوی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئاینی و...هتد لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كورد كردوه‌ و داب و نه‌ریت و سیفه‌ته‌كانی كه‌سایه‌تی تاكی كوردیان ئاشكرا كردوه‌، وه‌ك تاكی كوردی تاكێكی ئازاو قاره‌مان و چاونه‌ترسه‌ و زۆر میوان دۆست و ده‌مبه‌خه‌نده‌ و خۆشباوه‌ڕه‌، به‌ڵام رۆژهه‌ڵاتناسه‌كان گرنگیا به‌شتێكی گرنگ نه‌داوه‌ له‌ كه‌سایه‌تی كورد ئه‌ویش شۆكنه‌بونه‌، شۆكبون واتا عه‌قڵبكه‌یته‌ فلته‌ر بۆ روداوه‌كان و هه‌ڵوێست وه‌رگریت، عه‌قڵ سه‌نته‌ری نه‌ك دڵ سه‌نته‌ری، كێشه‌ی گه‌وره‌ی تاكی كوردی تائێستا ئه‌وه‌نده‌ی به‌دڵ بیرده‌كاته‌وه‌ و بڕیار ده‌دات به‌عه‌قڵی نایكات، تاكی كوردی تاكێكی خۆشباوه‌ڕه‌ و دورنما نییه‌، بۆیه‌ به‌درێژای مێژو بوینه‌ هه‌نگوینی وڵاته‌ گه‌وره‌كان و له‌ناو خۆشماندا حیزبه‌ باڵاده‌سته‌كان ده‌مانخۆن، به‌ڵام ئێمه‌ بێده‌نگین.

سه‌یره‌ حیزبێك بیست ساڵه‌ درۆت بۆ بكات و هه‌زاران خه‌ونت بۆ دابتاشێت و ئه‌م خه‌ونانه‌ نه‌هێنێته‌دی، به‌ڵام تۆ هه‌ر بڕوات پێی هه‌بێت و ده‌نگی پێبده‌یت، به‌ ملیاره‌ها دینار و دۆلاری ئه‌م نیشتمانه‌ بۆخۆی بەتاڵان دەبات و هیچ رونادات و شۆكنابین، ئێمه‌ تائیستا خاوه‌نی فیكرنین تائێستا بێ فه‌لسه‌فه‌ین، چونكه‌ ناوه‌ڕۆكی فه‌لسه‌فه‌ و فیكر شۆكبونه‌، رۆژنامه‌نوس له‌ باوه‌شی دایكیدا ده‌كوژرێت و له‌سه‌ر ئاشكراكردنی چه‌ند دۆسییه‌كی گه‌نده‌ڵی، ئه‌و دۆسییانه‌ی كه‌ ده‌بو شۆكمان بكه‌ن، ئه‌و كوشنتنه‌ به‌ ناحه‌قانه‌ی ده‌بو خه‌ومان بزڕێنن و به‌جدی پرسیاربكه‌ین بۆچی؟ كێ؟ له‌سه‌رچی؟ ئه‌م تیرۆره‌ ده‌كات، ئه‌م خاكه‌ی ئێمه‌ خاكی گه‌وهه‌ره‌ و ئاوی كه‌وسه‌ره‌، به‌ڵام كوا گه‌وهه‌ره‌كه‌؟ كێ ده‌یخوات؟ بۆچی ده‌بێت بۆ كه‌مینه‌یه‌ك بێت؟ به‌ڵام هه‌ر شۆكنابین، ژینگه‌ی ئێمه‌ به‌ په‌روه‌رده‌ و سیاسی و ئاینی و خێزانی فێری خۆشباوه‌ڕییان كردوین، فێریانكردوین له‌دوای هه‌مو ناخۆشییه‌ك خۆشیه‌ك دێت، به‌ڵام له‌م نیشتمانه‌ی من له‌دوای بیست ناخۆشی خۆشییه‌ك دێت، ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌مان فێری كردوین ده‌ست به‌ كوڵاوی خۆمانه‌وه‌ بگرین بـــا نه‌یبات و چی ده‌بێت باببێت ئاگره‌ سوره‌ له‌ خۆم دوره‌! بۆیه‌ زۆر حه‌زم له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی ئـــۆشـــۆ نییه‌، چونكه‌ تاكێكی ئارام و قبوڵكه‌ر و بێ جوڵه‌ دروستده‌كات، ئیسلام ده‌ڵێت زوڵم له‌ كه‌س مه‌كه‌ و زوڵمیش قبوڵمه‌كه،‌ به‌ڵام ئێمه‌ زوڵم ناكه‌ین كه‌چی هه‌مو رۆژێك زوڵممان لێده‌كرێت و بێده‌نگین!؟

لێره‌ ئه‌گه‌ر بچوكترین شتی هاوڕێكه‌ت ببه‌یت داوای ده‌كاته‌وه ‌و هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام خاك و ئاوی ئه‌م نیشتمانه‌ ده‌مژرێت و ده‌خورێت تاكی كورد گوێی پێنادات و بێده‌نگه‌!؟ كه‌چی ئێمه‌ هه‌ر شۆكنابین، چونكه‌ بیر ناكه‌ینه‌وه ‌و بڕوامان به‌ تواناكانی خۆمان نییه‌، ئه‌گه‌ر سه‌دان گه‌نجی ئه‌م نیشتمانه‌ یاخی ببن و داوای مافه‌كانییان بكه‌ن ئه‌وه‌ وزه‌یه‌ك دروست ده‌كات گه‌نده‌ڵكاران ده‌هه‌ژێنێت، پێموایه‌ هه‌ وڵاتێك گه‌نجی یاخی نه‌بون ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌نگوینه‌كه‌ به‌ ته‌نیا ده‌خوات و به‌بێ ترس، نوسه‌ران و رۆشنبیرانی ئێمه‌ ئازان له‌ ره‌شكردنه‌وه‌ی په‌ڕه‌كان به‌ نوسینه‌كانییان، به‌ڵام تائێستا نه‌یانتوانییوه‌ تاكێكی شۆكبو و یاخی به‌ روداوه‌كان دروستبكه‌ن، ئه‌مانیش به‌ سیاسه‌ت گڵاوبون و خه‌ریكی په‌ت په‌تێنن و ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستی سیاسی له‌ نوسینه‌كانییاندا هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئاگای و ئاوه‌ز بونی نییه‌، ره‌ی برادبێری ئه‌مەریكی له‌ رۆمانه‌كه‌یدا به‌ ناوی (فه‌هره‌نهایت 451) ده‌ڵێت (كتێبه‌كان بۆئه‌وه‌ن بیرمان بخه‌نه‌وه‌ چه‌ند گه‌مژه‌ین) نوسین و كتێبه‌كانی نوسه‌رانی كورد به‌كه‌می له‌م بابه‌ته‌ ئاگادارییان كردوینه‌ته‌وه‌.

هه‌واڵی بازرگانیكردن له‌گه‌ڵ داعش ده‌بو هه‌مومان شۆكبكات به‌تایبه‌تی هێزی پێشمه‌رگه،‌ به‌ڵام نه‌بو، حیزبییه‌كانیش وه‌ك په‌روه‌رده‌ی هه‌میشه‌ی خۆیان به‌رده‌وام وه‌ك حه‌ریق به‌ ده‌وروبه‌رییان ده‌ڵێن "كوردستان له‌كاتێكی ناسكدایه‌ یان ده‌ڵێن ئه‌و شتانه‌ هه‌رڕو ده‌ده‌ن له‌كاتی شه‌ڕدا"...هتد!؟ به‌ڵام چی بكه‌ین دوای مانگێكی تر ئه‌م بابه‌ته‌ بونی نامێنێت و بیرمان ده‌چێته‌وه‌ بۆیه‌ مێژوی كورد پریه‌تی له‌ خیانه‌تی نیشتمانی، ئه‌مه‌یه‌ خاڵی لاوازی كورد كه‌ خۆشباوه‌ڕه‌ و شۆكنابێت ئه‌گینا گه‌لێك دو هه‌زارو حه‌وت سه‌د ساڵه‌ بونی هه‌یه‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی نییه‌ تائێستاش، له‌مه‌ودوا پێویسته‌ به‌ چه‌كوچی ره‌خنه‌ی گه‌وره‌تر له‌ كه‌له‌ی سه‌ری ئێمه‌ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی شۆك ببین.
Sbeiy.com © 2007