|
گۆڕان... گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تا! |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Friday, December 12, 2014 |
باشوری کوردستان بۆ زیاتر له 30 ساڵ له دوا نیو سه‌ده‌ی مێژویدا له شه‌ڕ و ماڵوێرانی و ئه‌نفال و کیمیباران و پاکتاوی نه‌ژادی و هه‌ژاریدا بردۆته سه‌ر.
به‌شێکی باشوری کوردستان ماوه‌ی زیاتر له 10 ساڵه له ئاشتیه‌کی رێژه‌یی و گهشهکردنیكی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا له سایه‌ی حوکمڕانی خۆماڵیدا ده‌ژیت.
ئیداره‌دان و حوکمڕانی
کاتێک هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌دوای روخاندنی سه‌دامه‌وه بکه‌ین، سه‌رده‌می داهاتێکی زۆر و تاڕاده‌یه‌کی باش سه‌قامگیری سیاسی و ئاسایش، ده‌بینین ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌رکه‌وتو نه‌بوه له ساڕێژکردنی زام و ئازار و ئاسه‌واره‌کانی ده‌یان ساڵی شه‌ڕ و ماڵوێرانی و ده‌ربه‌ده‌ری کورد. راسته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له چه‌ند بوارێک‌دا کاری باشی کردوه، به‌ڵام کۆی گشتی کاره‌کان زاده‌ی پاکهجێکی هاوسه‌نگی نیه‌ت و پلانێک نه‌بوه بۆ بنیاتنانی کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌سه‌ر بنه‌ماکانی یاسا و دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی و هاوڵاتیبون و رێزگرتن له مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادی. پارتی و یه‌کێتی ئه‌وه‌ی به‌جیا و به‌یه‌که‌وه کردویانه زاده‌ی ئه‌قڵیه‌تی شاخ و شه‌رعیه‌تی مێژوییان بوه، بۆ به‌ڕێکردنی کار بوه و به‌مه‌به‌ستی به‌هێزکردنی پێگه‌ی حیزب و سه‌رکرده‌کان بوه.
ئه‌و دو هێزه ئیداره و حوکمڕانیان وه‌ک زانست و هونه‌ری سه‌رده‌م نه‌بینیوه، به‌ڵکو وه‌ک ئه‌ڵقه‌یه‌کی نه‌پچڕاو له زنجیره‌ی سیاسی و حیزبی و بنه‌ماڵه‌ییان. به‌درێژایی ته‌مه‌نی حوکمڕانیان، تایبه‌ت دوای کۆتایی خوله‌کانی شه‌ڕی نێوانیان و یه‌کگرتنه‌وه‌ی دو ئیداره‌که، حوکمڕانیان زیاتر وه‌ک ئامانجێک بینیوه وه‌ک له‌وه‌ی ئامرازێک بێت، پێیان وایه له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌بێ ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانی وشک ده‌بن و هه‌ڵده‌وه‌رێن، ئه‌گه‌ر ئه‌م هاوکێشه‌یه ئاماژه‌یه‌کی تێدا حه‌شار کرابێت، ئه‌وا بێگومان تێڕامانی چه‌قبه‌ستوی میکانیک ئاسایانه بۆ حوکمڕانی (زۆربه‌ی هه‌مان روخساره‌کان بۆ پۆسته‌کان له 7 کابینه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمدا و پێداگری له‌سه‌ر چه‌ند پۆستێک) و له‌قبونی هزره ره‌سه‌نه‌کانی کوردایه‌تیه. بۆیه له هیچ ساته وه‌ختێکی ده‌سه‌ڵاتیاندا بێجگه له به‌ڕێکردنی کار و پینه و په‌رۆکردنی ئیداری هزرێکی سیاسی و فکری دیاریکراو نه‌بۆته ناسنامه‌ی ئه‌و حوکمڕانیه، ئه‌وه‌ی به‌رچاو بوه ههریسهیهکی بێسه‌روبه‌ر بوه له کۆنسێرڤه‌تیزم و سۆشیال دیموکراتێكی شێواوی سه‌قه‌تی نیوه‌چڵ و هزری نه‌ته‌وه‌یی شمولی و بهحیزبکراو و هزری ئاینی روتکراو له به‌رگه ره‌سه‌نه‌که‌ی. ئه‌گه‌ر باس له رێکه‌وتنی ستراتیژی ده‌که‌ن ئه‌وا ئێستا ئاشکرا بوه که ئه‌و رێکه‌وتنه گه‌وره‌ترین ئه‌سته‌نگ و له‌مپه‌ر بوه له به‌رده‌م حوکمڕانی سه‌رده‌م و گه‌شه‌ی دیموکراسیدا، له‌سایه‌ی ئه‌و رێکه‌وتنه‌دا هه‌ر لایه‌ک له‌و دوانه ئیداره و حوکمڕانی به‌ئاره‌زوی خۆی له ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا کردوه و دو ئیماره‌تی سه‌ربه‌خۆی جیا له‌یه‌کتریان دروست کردبو، هه‌روه‌ها ئه‌و رێکه‌وتنه مۆڵه‌تنامه‌ی فه‌رمی بوه بۆ گه‌نده‌ڵی و زه‌وتکردن و قۆرخکردنی سه‌رجه‌م بواره‌کانی حوکمڕانی و ژیانی کۆمه‌ڵگا.
ئێستا پاش هه‌ڵگرتنی سه‌رقاپی مه‌نجه‌ڵه‌کانی وه‌لیمه‌ی حوکمڕانیان خاشاک و پیساییه‌کان خاک و نه‌ته‌وه‌یان هه‌راسان کردوه. وێرای ده‌یان ملیار دۆلار داهات ئێستا هه‌رێمی کوردستان خاوه‌نی سیسته‌مێکی زۆر ئاست نزمی رێگاوبان و کاره‌با و ئاو و خزمه‌تگوزاریه‌کانی ته‌ندروستی و خوێندن و بواره‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تیه، قوربانیانی هاتوچۆ و ئاستی زۆر نزمی شهرمداری ته‌ندروستی و خوێندن به‌ڵگه‌ی زیندون بۆ سه‌قه‌تی و ئیفلیجی ئیداره‌دانی هه‌رێمی کوردستان.
حوکمڕانی هه‌رێم له جه‌سته‌یه‌کی نه‌خۆش و لاواز ده‌چێت که به بوئرهکانی هه‌ورکردن و لاوازی و گه‌نده‌ڵی و جۆره‌ها زامه‌وه ده‌ناڵێنێت، که‌چی جلوبه‌رگێکی مۆدێرنی ئوتوکراوی بریقه‌داری ده‌ستی سێ و چواری له به‌رکراوه، سه‌ری لوس و چه‌ور داهێنراوه و پێڵاو و نینۆک و قژ و برژانگ و لێو و رومه‌ته‌کانی به‌بۆیاخی به‌سه‌رچوی ئێرانی و تورکی و چینی سواغ دراون، هه‌ر له کلاونێک ده‌چێت له سێرکێکی درههێنهری ده‌سه‌ڵاتدا سه‌ما و گه‌مه و ئه‌کرۆباتیکی عه‌جایب نمایش ده‌کات. ده‌سه‌ڵاتداره‌کان نه‌ک ته‌نها له ئاستی حوکمڕانی هه‌رێمدا، به‌ڵکو له ده‌سه‌ڵاته لۆکاڵیهکانیشدا وه‌ک تاقمه داخراوه تایبه‌ته‌کان کاریان کردوه، گه‌ر ده‌فه‌رمون ده‌کرێت ئه‌و قسانه به‌چه‌ندین به‌ڵگه و ناو و به‌رواره‌وه بسه‌لمێنرێن.
گه‌ر باس له "ئازادی" راده‌ربرین و ره‌خنه ده‌که‌ن، دۆسیه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران له‌م بواره‌شدا له‌که‌داره. زۆر له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌رانه نوسراون، نوسه‌ری له‌پێناودا تێرۆرکراوه، زیندان کراوه، ئه‌شکه‌نجه دراوه، نانبراو کراوه و ته‌نانه‌ت ئهتکیش کراوه. ده‌سه‌ڵاتداران پێیان وایه که خه‌ڵکی ره‌خنه‌یان لێده‌گرێت و قسه‌ی خۆی ده‌کات ئه‌وه که‌ره‌م و لوتفی ئه‌وانه رێگه به‌وه ده‌ده‌ن، ئه‌وان ئیستاشی له گه‌ڵدا بێت له‌و باوه‌ره‌دان کوردستان به خاک و خه‌ڵک و سامانیهوه موڵکی ئه‌وانه، بۆیه وه‌ک ده‌ره‌به‌گێکی قیرسچمهی پیر و په‌ککه‌وته مامه‌ڵه له گه‌ڵ رهعیهتدا ده‌که‌ن.
گۆڕان له جه‌نجاڵی دۆخه‌که‌دا
چی له لوثه‌ر و کالڤین فێر ده‌بین؟
پێش ئه‌وه‌ی بێمه سه‌رباسی گۆڕان له‌م دۆخه‌ی حوکمڕانیدا، باسێکی کورتی یه‌کێک له گه‌وره‌ترین و کاریگه‌رترین هه‌ڵمه‌تی چاکسازی له مێژوی مرۆڤایه‌تیدا ده‌که‌م.
هه‌ڵمه‌تی چاکسازی پرۆتێستانته‌کان خه‌سڵه‌تێکی گه‌وره‌ی سه‌ده‌ی 16ی کریستانیه‌کان بو. هه‌ڵمه‌تێک بو مارتین لوثه‌ری ئه‌ڵمانی (1483-1546) و جۆن کالڤینی فه‌ره‌نسی (1509-1546) و زوینگلی سویسری (1484-1531) ده‌ستیان پێ‌کرد و له ئینگلته‌راش به‌ناوی کڵێسه‌ی ئهنجلیکانهوه گه‌شه‌ی کرد.
له 31 ئۆکتۆبه‌ری 1517 مارتین لوثه‌ر نامه‌یه‌کی ئاراسته‌ی ئه‌لبرایت ماینز، گه‌وره قه‌شه‌ی کڵێسه‌ی کاسۆلیک له ئه‌ڵمانیا کرد، تێیدا ناڕه‌زایی توندی خۆی سه‌باره‌ت به فرۆشتنی "صکوک الغفران" ده‌ربڕی، لوثه‌ر بۆ ئه‌م ئه‌سقه‌فه وێنه‌یه‌کی نوسینێکی خۆی نارد که ناسراوه به "95 خاڵ، یاخود 95 نامه". لوثه‌ر له نامه‌که‌دا رایگه‌یاندبو نایه‌وێت به‌ره‌نگاری کڵێسه بێته‌وه، به‌ڵام دژه به ره‌فتاره‌کانی کڵێسه تایبه‌ت بابه‌تی پاکبونه‌وه له هه‌ڵه و گوناح، هه‌رچۆنێک بێت له خاڵه‌کاندا توندی هه‌ڵوێسته‌کان به‌رچاو ده‌که‌وتن، به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاته ره‌هاکانی پاپا، وه‌ک له خاڵی 86دا هاتوه: پاپا له‌بری ئه‌وه‌ی به‌پاره‌ی هه‌ژاران گه‌وره کڵێسه‌ی (بازلیک) قه‌دیس بوترس دروست بکات با به‌پاره‌ی خۆی دروستی بکات.
ئه‌م 95 خاڵه بونه بناغه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی پرۆتێستانت (ناڕه‌زاکان) له جیهانی مه‌سیحیدا و ده‌روازه‌یه‌کی گه‌وره‌ی بۆ چه‌ندین بزوتنه‌وه و ره‌وتی ئاینی چاکسازی و هزری فکری و سیاسی واڵا کرد، که تا ئه‌م ساته‌ش له زۆر شوێنی دنیادا کاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌ی توندی له‌سه‌ر ئاین و سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگا کردوه، به‌راده‌یه‌ک له به‌شێک له وڵاتانی ئه‌مەریکای لاتینی و له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابوردوه‌وه ره‌وته ئاینیه ریفۆرمخوازه‌کان مرۆڤی هه‌ژار و سته‌ملێکراو و بێده‌سه‌ڵاتیان کردۆته کرۆک و ئامانجی هه‌ڵمه‌تی چاکسازیان.
کرۆکی کێشه‌که ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆئه‌وه‌ی لێبوردنی کڵێسه‌ی کاسۆلیک له‌و که‌سانه‌ی گوناحیان ده‌کرد ده‌بو به کاری چاکه راست بکڕیته‌وه، بۆ نمونه به‌خشینی یارمه‌تی بۆ دروستکردنی کڵێسه. ناره‌زایی لوثه‌ر له‌وه‌دا بو که خوا لێبورده‌یی ده‌به‌خشێت به‌ده‌ر له کاری چاکه بۆ راستکردنه‌وه‌ی گوناح. لوثهریهکان له‌و باوه‌ڕه‌دان راستگۆیی و ئه‌مه‌کی به‌کاری چاکه به‌ده‌ست ناهێنرێن، به‌ڵکو به باوه‌ڕهێنان به حه‌زره‌تی مه‌سیح و کاری چاکه ئه‌رکێکه پاش ئه‌و باوه‌ڕبونه.
یه‌کێک له ره‌وته ناوداره‌کانی چاکسازی له مه‌زهه‌بی پرۆتێستانت کاڵڤینیزمه، جون کالڤین که گه‌وره پیاوێکی ئاینی ریفۆرمخوازی فه‌ره‌نسی بو بنه‌ماکانی داڕشتوه.
به هه‌ڵسه‌نگاندنی کالڤین مرۆڤ خاوه‌نی بژارده‌ی پێشوه‌خته، به‌واتایه‌کی تر کاتێک مرۆڤێک هه‌ڵه یا گوناحێک ده‌کات ئیراده‌ی ئازادی نیه بۆ تۆبه‌کردن، بۆیه به باوه‌ڕی کالڤین گه‌نده‌ڵی ئاماژه‌یه‌که بۆ که‌وتنی به‌هاکانی مرۆڤ و نوقمبونی له تاوان و گوناحدا.
ئه‌م گه‌ره پیاوه ئاینییانه کاریان بۆ چاکسازی له ناوه‌وه‌ی کڵێسه‌ی کاسۆلیکیدا کرد، به‌ڵام پاپا و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی ئه‌م هه‌وڵانه‌یان ره‌تکرده‌وه و به‌رامبه‌ریان وه‌ستانه‌وه، پاشا کاسۆلیکیه‌کان پشتگیری پاپایان ده‌کرد، وه‌ک قه‌یسه‌ر کارڵی پێنجه‌م. له ئاکامدا جیابونه‌وه نێوان کاسۆلیکه‌کان و ریفۆرمخوازان رویدا.
به‌ره‌ی ریفۆرمخوازان به‌هۆی گه‌شه‌کردنی ناڕه‌زایی خێرا به‌هێز بو. پرۆسه‌ی ریفۆرم گه‌شه‌ی به ناکۆکیه سیاسیه‌کانی نێوان پاشاکان و نوبهلائی ئه‌وروپادا و ئاکامه‌که‌ی چه‌ندین شه‌ڕ و راپه‌ڕینی ئاینیی بون. کاریگه‌ری ئه‌و پرۆسه‌ی ریفۆرمه تا ئه‌م ساته‌ش به‌سه‌ر دنیادا باڵی کێشاوه و له کڵێسه و کۆمه‌ڵگادا به‌رچاون. پرۆسه‌ی ریفۆرمی سه‌ده‌ی 16 له‌لایه‌ن پرۆتێستانهکانهوه به مه‌زنترین هه‌نگاو بۆ به‌خه‌به‌ر هێنانه‌وه‌ی کڵێسه ده‌زانرێت.
حه‌تمیه‌ت و رۆحیه‌تی گۆڕان؟
گۆڕان وه‌ک "کوڕه ئازاکه" هاتۆته مه‌یدان و قۆڵی هیمه‌تی لێههڵکردوه و به‌نیازه له‌م هه‌ریسه عه‌جایبه بێسه‌روبه‌ره‌دا گۆڕانکاری بکات.
گه‌رچی هه‌ڵمه‌تی پرۆتێستانته‌کان بۆ چاکسازی سنوری دیاریکراو و خاڵی ده‌ست نیشانکراو و داواکاری ره‌وایان له‌خۆ گرتبو و به رۆحیه‌تێکی تۆکمه‌ی پاکی ئاینیه‌وه به‌ڕێوه ده‌برا، به‌ڵام به‌ره‌ی به‌رامبه‌ر له سه‌ره‌تادا گوێی نه‌گرت و به‌توندی وه‌ڵامی دانه‌وه، ئه‌مه نه‌بوه هۆکاری ئه‌وه‌ی به‌ره‌ی ریفۆرم له‌به‌ر خاتری "پیرۆزی ئاین" رێبازه‌که‌ی خۆی جێبهێڵێت و له سوچێکی کڵێسه‌ی کاسۆلیکدا دوعا و نزا بۆ چاکسازی بکات.
گۆڕان وه‌ک هه‌ڵمه‌تێک بۆ چاکسازی ئه‌و خه‌سڵه‌ته دیاریکراوانه‌ی پێویستن بۆ گه‌شه‌کردن و سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵمه‌ته‌که باشی دانهڕشتون، بۆیه گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو هاوکێشه سیاسیه‌کانی باشوری کوردستان زه‌روره‌تێکی واقیعه‌که بو.
بۆخۆم له گه‌ڵ ئه‌وه‌دام گۆڕان به‌شداری له ده‌سه‌ڵاتدا بکات، چونکه له پله‌ی یه‌که‌مدا ده‌سه‌ڵات گونجاوترین تاقیگه‌ی نیه‌ته‌کانه، گونجاوترین وێستگه‌ی به‌رچاوکه‌وتنی رهفتارهکانه، باشترین فیڵتهری ناسین و جیاکردنه‌وه‌ی چاک و خراپه‌کانه. گۆڕان ده‌بێت به‌م ئه‌زمونه‌ی هه‌وڵی چاکسازی و گۆڕانکاری له‌ناوه‌وه تێپه‌ڕێت، چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌زمونه نه‌بێت گۆڕان ناتوانێت ببێته ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ی شایسته‌ی ئه‌و ده‌نگانه بێت که به‌هه‌ق و ره‌وایه‌تی و رۆحیه‌تی گۆڕانکاری به‌ده‌ستی ده‌هێنێت. لێره به‌دواوه خه‌ڵک ده‌توانن به‌کرداری گۆڕان هه‌ڵسه‌نگاندنێکی نیه‌ت و ره‌فتار و چاک و خراپی بکه‌ن.
وه‌ک پرۆتیستانته ریفۆرمخوازه‌کان نابێت گۆڕانکاران "صکوک الغفران" و "راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه و گوناحه‌کان به کاری ناچاری چاکی" بکه‌نه پێوه‌رێکی سه‌ره‌کی بۆ نیه‌ته‌کانی ناو گۆڕان و ده‌ره‌وه‌ی. نیه‌ت پاکی و باوه‌ڕ به زه‌روره‌تی گۆڕانکاری و سه‌فای ویژدان و وه‌لای ته‌واو بۆ حه‌تمیه‌تی گۆڕانکاری ریشه‌یی ده‌بێت ببنه پێوه‌ره سه‌ره‌کیه‌کان بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌ناو گۆڕان و ده‌وربه‌ره‌که‌ی.
مه‌خابن، تا ئه‌م ساته‌ش، پرۆسه‌ی گۆڕانکاری و چاکسازی له کۆمه‌ڵگای خۆمان زاده‌ی نیه‌ت و ئیراده‌یه‌کی دیاریکراوی تۆکمه بۆ حه‌تمیه‌تی گۆڕانکاری نیه، به‌ڵکو زیاتر پابه‌نده بههاوکێشه و ململانێ سیاسیه‌کانه‌وه. زیاتر هه‌وڵێکه بۆ نمایش‌کردنی جیاوازیه‌ک که له بنه‌ڕه‌تدا کرۆکه جه‌وهه‌ریه‌که‌ی نه‌پێکاوه و به‌ها به‌رزه کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆحیه‌کانی له‌خۆنه‌گرتوه، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت و هه‌ستی پێده‌کرێت جیاوازیه‌کی رێژه‌ییه و قه‌تماغه‌یه‌کی سیاسی (نه فکری و نه رۆحی و نه نه‌ته‌وه‌یی) ده‌یوروژێنێت و جوڵه‌ی پێده‌کات.
گۆڕان نه‌یتوانیوه له‌م کۆت و به‌ندانه رزگاری بێت، بۆچی؟
مێژو و زه‌مینه و پێکهاته‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی گه‌شه‌کردنی ئابوری و هوشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردی و ناوچه‌که له‌ئێستادا بۆ گۆڕانکاری ریشه‌یی و چاکسازی به‌و شێوازه‌ی گۆڕان گرتویه‌ته‌به‌ر له‌بارنین.
شه‌رعیه‌تی مێژو، پێکهاته‌ی سیاسی خۆپه‌رست و چاوچنۆک، ئابوریه‌ک بێ ژێرخانێکی به‌هێز و به‌تاڵ له فه‌لسه‌فه و هزرێکی ئابوری سه‌رده‌م کۆمه‌ڵگایه‌کی تاسه‌ر ئێسک به‌رخۆری به‌رهه‌م هێناوه، ده‌سه‌ڵاتێکی ئیداری دواکه‌وتو و فاسد و نه‌شیاو و سیسته‌مێکی دادی کۆیله و بێ ده‌سه‌ڵات و لایه‌ندار، ناوچه‌یه‌ک لێوان لێو له وڵات و هێز و مه‌زهه‌بی دژ و ناکۆک و تێرۆیست... تاد. ده‌بێت گۆڕان بزانێت له کوێه‌وه ده‌ست پێده‌کات و چۆن ده‌یکات و که‌ی ده‌یکات و به‌کێ ده‌یکات و بۆ کێی ده‌کات؟
گۆڕان نه‌یتوانوه له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره سه‌ره‌کیانه‌دا له ته‌وه‌ره گشتیه‌کان ده‌ربچێت، وه‌ک: سه‌روه‌ری یاسا، شه‌فافیه‌ت، سیسته‌می په‌رله‌مانی، دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، هێزێکی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کگرتوی نیشتمانی، هزرێکی نه‌ته‌وه‌یی ته‌م و مژاوی له گه‌ڵ به‌غدا و راگرتنی هاوسه‌نگی له گه‌ڵ ده‌ر و دراوسێ و له سه‌روی هه‌موشیانه‌وه ملدانی بۆ گه‌مه‌ی سیاسی وه‌ک به‌هێزترین ئامراز بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند گۆڕانکاریه‌ک و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافیه‌ت لێره‌وله‌وێ.
له‌و باوه‌ڕه‌دام تا ئه‌م ساته‌ش گۆڕان هه‌ر ئه‌م پینه و په‌ڕۆکردنه‌ی پێده‌کرێت، چونکه قه‌تماغه سیاسیه‌کان وه‌ک توێكڵه ره‌قی گوێز دوهریان داوه و توشی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و گه‌مارۆدان و خولانه‌وه‌ی بێسه‌روبه‌ریان کردوه.
ئا له‌م دۆخه ئاڵۆز و نادیاره‌دا کاتی ئه‌وه نه‌هاتوه گۆڕان پێداچونه‌وه‌یه‌کی جدی بکات و بگه‌ڕێته‌وه بۆ خاڵه‌کانی سه‌ره‌تا؟
|
|
|