|
کەرکوکیەکان، دەڵێن؛ ''نەوتەکەمان گەڕایەوە سەر هەڕێمی کوردستان'' |
نوسهر: مهلا فهرمان
|
Saturday, December 20, 2014 |
هەمو دەزانین:
* رۆژانە خوێن لە جەستەی ئەم شارە دەچۆڕێ
* کەرکوک کێشەیەکی لە مێژینەی نێوان بەغدا و گەلی کوردستانە
* لە سەرجەم گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و کورد پرسی ئەم شارە هۆکاری نەگەیەشتنی هەردولا بوە بە رێکەوتن.
* هیج یەکێ لە سەرکردەکانی کورد و هیج حیزبێکی کوردی نەیویستوە و ئەوەندەش بوێر نەبوە دەستبەرداری کەرکوک بێت.
* لە ناوەندی بڕیاری سیاسی کوردیدا رای کەرکوک نادیدە گیراوە
* لەسەر ئەم شارە کورد زیانی مادی و گیانی زۆری داوە و دەیدات.
* لە ١٩٧٦وە بەتایبەتی لە ٢٠٠٣وە پارتی و یەکێتی ئەوەندەی لەم شارە حیزبایەتیان کردوە ئەوەندە کوردایەتیان نەکردوە.
* ئەو دو حیزبە بە ئێستاشەوە یەک بەرنامەیان بۆ چارەسەری پرسی کەرکوک و خاکەکەی نیە.
* هەمو حیزب و کەسایتیە کوردیەکان نەیانتوانیوە ببنە خاوەن یەک گوتار و یەک چارەسەری هاوبەش بۆ پرسی ئەم شارە.
* بەبەرچاوی ئەم دو حیزبەوە سەروەت و سامانی ئەم شارە بەهەدەر دەدرێت، دەیان هەزار کەس لەخەڵکی ئەم شارە لە هەرێمی کوردستان نەگەڕاونەتەوە، نزیکەی ٧٠٠ گوندی وێرانەی دەستی بەعس لە ساڵانی ١٩٦٣ و ١٩٧٦ و ١٩٨٧ بەدواوە، وەک پێویست دەستی ئاوەدانی پێ نەگەیشتوە.
* ... تاد.
حکومەتی هەرێم و بەغدا
کێشەکانی نێوان ئەم دو حکومەتە، لە نێویاندا گرێبەستە نەوتیەکان کە گرنگترین و دیارترینیان بو، بڕینی بودجە و موچەی خەڵک و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتەوە، قەیرانی دارایی بەدوای خۆیدا هێنا، پرۆژەکان وەستان و دەرکەوتەی سیاسی خەتەرناکی لێکەوتەوە و وڵاتی بەرەو لێواری کەندەڵانە شەق شەقاویە بەرزەکە بردوە.
لەدوا سەفەری شاندی دانوستانی حکومەتی کورد بۆ بەغدا جۆرێ لە یەک تێگەیشتن و نزیکبونەوە لە نێوانیاندا دروست بو. لەم نزیکبونەوە باسی کەرکوک و خاک و دانیشتوانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم نەکراوە. بە پێچەوانەوە وەک قوربانیەک باس لە نەوتی کەرکوک کراوە و بۆتە هۆکاری ئەم نزیکبونەوەیە. ٣٠٠٠٠٠ سێسەد هەزار بەرمیل نەوتی ئەم شارە لە رێگەی بۆڕیە نەوتەکانی هەرێمی کوردستانەوە تێکەڵ بە ٢٥٠٠٠٠ دوسەدوپەنجا هەزار نەوتی هەرێم دەکرێت و دەگاتە بەندەری جیهانی تورکی و لە وێوە پارەکەی دەچێتە وە بەغدا.
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە هەمو پێکهاتەکانی ئەم شارە لە خۆ دەگرێت رەخنە لەم رێکەوتنە دەگرن و باس لە بێئاگایی خۆیان دەکەن و لەم بارەوە رایان وەر نەگیراوە، ئەمەش بە پێشێلکردنی یاسا و مادەکانی دەسور دەزانن. لە لایەکی ترەوە ئیدارەی کەرکوک باس لەوە دەکات کە کەرکوک توانای ناردنی ئەو بڕە نەوتەی نیە.
دەربارەی چارەنوسی کەرکوکیش، رەوتێکی نا رێکخراو لە کەرکوکدا پەیدابوە و دەهۆڵی بە هەرێمێبونی سەربەخۆی کەرکوک دەکوتێ، بێزاریەکانی خەڵک لە حیزبەکان و هەرێمی کوردستان قۆزراوەتەوە و کاری لەسەر دەکەن. ئەوەی جێی ئاماژەیە زۆرێک لە کادرە حیزبیە کوردستانیەکان پشتیوانی لەم رایە دەکەن و کاری بۆ دەکەن.
بەشی کەرکوک
ئەم را وەرنەگرتنە گومانی لای کەرکوکیەکان دروست کردوە، نازانن ئەم رێکەوتنە چ سودێکی بۆ دانیشتوانی ئەم شارە تێدایە!. تۆ بڵێی:
١- پارەی پترۆدۆلارمان بەر کەوێت، کە ٥ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک. چاوەڕوانین!
٢- لەڕێگەی ئەو بۆڕیە نەوتەوە خۆمان و شارەکەمان بگەڕێینەوە سەر خاکی کوردستان.
* کەرکوک وەک سیمبۆلی ناوچە کوردساتنیەکانی دەرەوەی هەرێم هاتوە. |
|
|