Print
 
 چی كۆمانده‌كاته‌وه‌
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Sunday, January 18, 2015

باشوری كوردستان له‌ناو گێژاوێكی گه‌وره‌دایه‌، له‌لایه‌كه‌وه‌ كێشه‌ی بودجه‌ و نه‌بونی موچه‌ی موچه‌خۆران و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ شه‌ڕی داعش و ئه‌و تێچونه‌ قورسه‌ی له‌وڕوه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای گه‌نده‌ڵی و نادادی و نه‌بونی خزمه‌تگوزاری وه‌ك پێویست و ناكۆكیه‌كانی هه‌رێم له‌ گه‌ڵ به‌غداو تادوای، هه‌مو ئه‌مانه‌ پێویستیان به‌ پشو درێژی و خۆڕاگری پێكه‌وه‌كاركردن و پێكه‌وه‌یی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌ باشوری كوردستان ده‌گوزه‌رێ‌ سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌و كێشانه‌، هه‌وڵی به‌رده‌وامی لایه‌نه‌ سیاسیه‌ جیاجیاكانه‌ بۆ شكاندنی شكۆی یه‌كتر، یان لانی كه‌م هه‌وڵی شێواندنی وێنه‌كانی یه‌كتره‌.

دیاره‌ نابێت ئه‌وه‌شمان له‌ بیر بچێت كه‌ سیاسه‌تی قۆرخكاری و نادیده‌كردنی یه‌كتریش بونی هه‌یه‌، كه‌ قسه‌ له‌ قۆرخكاری و نادیده‌كردنی یه‌كتر ده‌كرێت، ده‌بێت ئه‌و روداوانه‌ی شه‌نگال و گوێرو جه‌له‌ولاو چۆنێتی سه‌رپه‌رشتی به‌ره‌كانی شه‌ڕ بێنینه‌ به‌ر چاوی خۆمان، كه‌ ته‌ماشایه‌كی خێرا ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م شێوازه‌ له‌گه‌ڵ به‌ دامه‌زراوه‌یی كردن و به‌ ده‌وڵه‌تی كردنی سوپای نیشتمانیدا نایه‌ته‌وه‌، له‌و دۆخه‌دا كه‌ ئێمه‌ ناوی گێژاومان لێنا، شتێك، یان هێزێك، كاریزمایه‌ك، بۆنه‌یه‌ك و پرسێك نیه‌ كۆمانبكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌كانی ئێستای باشوری كوردستان، له‌كاتێكا ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چاوی هه‌مو كوردی پارچه‌كانی تری له‌سه‌ره‌و هه‌مو كورد هیواو ئومێدی خۆیان پێوه‌ گرێداوه‌، ناكرێ‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌مه‌جۆر و چه‌ند سه‌ره‌دا بیت و باری ناوخۆش به‌و جۆره‌ بێت كه‌ مرۆڤ ئاوات به‌ بینینی نه‌خوازێ‌، به‌تایبه‌ت له‌و شوێنه‌دا كه‌ ئێمه‌ بمانه‌وێ‌ یان نا ئێستا به‌ره‌یه‌كی دیاری شه‌ڕی تیرۆرین و به‌ درێژی سنور و تخوبێكی فراوانی هه‌رێمه‌كه‌مان روبه‌ڕو له‌گه‌ڵ داعشدا ده‌ستمان له‌سه‌ر په‌له‌ پیتكه‌ی تفه‌نگه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش وڵاتانی ده‌ره‌وه‌و زلهێزه‌كانیش له‌سه‌ر هێڵن.

داعش له‌ڕوی میللیه‌وه‌ كوردی ناچاری ئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ هه‌مویان له‌ ده‌وری یه‌كتر كۆبنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ڕوی سیاسیه‌وه‌ كێبڕكێ‌ و گه‌مه‌یه‌كی دیكه‌ی خستوه‌ته‌ گۆڕه‌پانی یاری حیزبه‌ سیاسیه‌كانی كورده‌وه‌، كه‌ ناكرێ‌ هه‌ر به‌و جۆره‌ بگوزه‌رێ‌، راستی كه‌ مادام تۆ له‌ شه‌ڕدای، له‌ شه‌ڕ له‌ گه‌ڵ هێزێكیشا، ناسنامه‌و ئامانجه‌كانی پڕن له‌ ته‌م و مژ پێویسته‌ له‌ ڕوی سیاسیه‌وه‌ زیاتر لێكنزیكبونه‌وه‌و پێكه‌وه‌ كاركردن هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ تا ئێستا نه‌توانراوه‌ ئه‌وه‌ هه‌بێت نزیكه‌ی ته‌واوی لایه‌نه‌كانی كوردستان و خودی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و پارله‌مان و حكومه‌تیش به‌پرسیاره‌تیان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، هیچ بیانویه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نێك خۆی لێنه‌بان و دوره‌ په‌رێز یان نا به‌رپرسیار بكات .

ئێمه‌ كه‌ له‌ڕوی میللیه‌وه‌ له‌ هه‌ر كات زیاتر پێكه‌وه‌ین و دڵی باشور گرێدراوی دڵی باكور و خه‌می رۆژئاوا خه‌می رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، ناكرێ‌ له‌ڕوی سیاسی و سه‌ربازیه‌وه‌ هێنده‌ پرش و بڵاوبین، راستی پێكه‌وه‌ بونه‌ میللیه‌كه‌ هیچ كاریگه‌ریه‌كی نابێت ئه‌گه‌ر له‌ڕوی سیاسی و سه‌ربازیه‌وه‌ ئه‌و پێكه‌وه‌ بونه‌ نه‌بینرێ‌، ئه‌وه‌ی تائێستا دركی پێده‌كرێت ئه‌و پێكه‌وه‌ بونه‌ له‌ دۆخێكی زۆر خه‌راپدایه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ململانێ‌ و شه‌ڕه‌ ده‌نوكێكی شاراوه‌و ئاشكرا خه‌ریكه‌ ئه‌وه‌ی چنراوه‌ ده‌یكاته‌وه‌ به‌ خوری.
Sbeiy.com © 2007