Print
 
 یاوزی دز
نوسه‌ر:  مەحمود عەبدوڵا
Saturday, January 24, 2015

یاوزی دز، پەندێکی تورکییە، بەکەسێک دەوترێ کەتاوانی دزیەکەی دەخاتە ئەستۆی خاوەنماڵ.
ماوەی ٢٣ ساڵ ئەم هەرێمە تاڵان دەکرێت، ساڵ داوای ساڵ داهاتی گشتی تەخشان و پەخشان دەکرێت، ئەوانەی ٢٣ ساڵ سیاسەت و بازرگانیان کردوە، دەستیان بۆ هەرشتێکی حەرام بردوە، ئەوان (میداس)ئاسا شەیدای پارەبون، هەرلەدوای راپەڕیینەوە دەستیان کردوە بەتاڵانی هەر لەودیوکردنی شۆڤڵەوە تا تەنکەری نەوت، ئەم ماوەیە سەردەمی زێڕینی بەر پرسان بوەو سەردەمی خەڵوزینی هاوڵاتیان.


ئەفلاتون لە کۆمارەکەیدا دەڵێت: تەنانەت لەناو دزەکانیشدا بنەمایەکی دادوەری هەیە بۆئەوەی بتوانن دەستکەوتەکانیان دابەش بکەن لەنێوان خۆیاند، بۆیە تەنها بنەمایەکی دادوەری بۆ دابەشکردنی دەستکەوتەکان بوە لەنێوان خۆیاندا هەر لەدابەشکردنی پۆستەوە تا داهاتی گشتی. ئەمڕاستییە بۆ هاوڵاتی ئاسایی نەزانراوبو، چونکە میدیا بەردەوام گوڵبارانی دەسەڵاتی کردوە، ئەم میدیایەی ئەوان بەردەوام مژدەی کودستانێکی گەشتر و ئاوەدان تری بەخەڵکداوە، ئەم میدیایە بەخەڵکی وتوە ئێوە ژیانێک دەژین شایستەی خۆتان دنیایەکی باشتر نییە کە ئێوە بیری لێ بکەنەوە، بڕۆن و بێباک بن. بەڵام لەگەڵ دروستبونی ئۆپۆزسیۆن بارودۆخ پێچەوانەبۆوە، ئۆپۆزسیۆن دەنگێک بو هاواریکرد ستۆپ، گەلۆ بۆکوێ؟ ئێوە شایەنی ئەوەن ژیانێکی باشتر وڵاتێکی باشتر دەسەڵاتێکی باشترتان هەبێ، ئێوە لەلێواری مەرگدان، بەرەو ئایندەیەکی تاریک دەڕۆن. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم بەهەدەردانە قەیرانی مۆڕاڵی دەسەڵات بوە، کە دواجار قەیرانێکی ئابوری بەدوای خۆیدا هێنا وەک دەبینن. بۆیە ئەوانیش لێی بەرپرسن نەک ئۆپۆزسیۆن.

بەڵێ قیەیرانی مۆڕاڵ، قەیرانی ئابوری بەدوادادێت، بەپێی زانستی فیزیا هەمیشە هێزێک تەنەکان لە چەق دەردەپەڕێنێت، بەڵام هێزی کێشکردن بەردەوام بەرەو لای خۆی کێشیان دەکات و دەبێتە هۆی هاوسەنگی. من لەو بڕوایەدام ئەخلاق هەمان هێزی کێشکردن و هاوسەنگ کردنی کۆمەڵگایە، چونکە بەرژەوەندییەکان پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێن، کە لە سیاقی مرۆڤایەتی دەرچن و ئەخلاقیش بەرەو لای خۆی کێشی دەکات، تا لە چوارچێوەی مرٶڤایەتی دەرنەچێت. دیارە بونی بەرژەوەیی ئەگەر لە سەر حیسابی کەسانی تر نەبێت گرفتێکی ئەخلاقی نییە، بەڵام کاتێک بەرژەوەندی کرا بە پێوەری حەقیقەت گرفتە ئەخلاقییە کە لەوێدایە وئەوکاتە مرۆڤ جگە لە پیسخۆر شتێکی ترنییە.

مێژو ئەوەی سەلماندوە، کە ئەو کۆمەڵگایانەی هێزی کێشکردنی ئەخلاقیان لاواز بوە لەناوچون و ناوێکیان لە ناودا نەما، پێچەوانەکەشی هەرڕاستە.

ئەی ئۆپۆزسیۆن لەچی بەرپرسە؟ ئۆپۆزسیۆن بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقی و سیاسی گرتەئەستۆ، کە بریتییە لە شەفافیەت، کاراکردنی پەرلەمان، دورخستنەوەی دەستی حیزب لە حکومەت... هتد. بەڵام ئەوانەی ئێستا دەڵێن: گۆڕان بەرپرسە لەم قەیرانە یان نەبونی موچە ئەوانە یاوزی دزن.

لە ئێستادا بەرپرسیاریەتی گۆڕان ئەوەیە دراویان لەدەست دەربهێنێت وەک چۆن درۆی لەدەست دەرهێنان، چونکە وەزارەتی دارایی هی گۆڕانە، یان لەدەسەڵات بکشێتەوە، چونکە ئەگەر وانەبێت واتا گۆڕان بەرنامەکەی خۆی جێبەجێ ناکات و لەمەودوا گۆڕان بەرپرس دەبێت. واتا ناکرێ لەمەودوا گۆڕان بڵێت پارەی نەوت دیارنییە. یان داهاتی ناوخۆ، کاتێک لەدەسەڵاتدایە.
Sbeiy.com © 2007