Print
 
 كه‌ركوك به‌ مرۆیی كردنه‌وه‌ی قوربانی
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Wednesday, February 4, 2015

له‌ رابردودا ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دانیشتوانی غه‌یره‌ عه‌ره‌بی كه‌ركوك كراوه‌ جۆرێك بوه‌ له‌ جینۆسایدو له‌ مرۆیی خستن، ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی به‌رانبه‌ر پێكهاته‌ نا عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوك و به‌ تایبه‌ت كورد به‌كار هاتوه‌، له‌ فه‌رهه‌نگی سیاسیدا جگه‌ له‌ جینۆساید له‌ژێر هیچ ناوێكی تردا دانانرێ‌، ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی عێراق، هه‌میشه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه‌ ئه‌م شاره‌ بكه‌نه‌ شارێكی عه‌ره‌بی، ئه‌مه‌ش به‌ سڕینه‌وه‌ی ئه‌وانی تر، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و گرفتانه‌ی نه‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان نه‌رۆژئاواو وڵاتانی عه‌ره‌بی و نه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێستای عیراقیش نایانه‌وێ‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن، راستیه‌كه‌ی ئه‌مه‌ خۆدورخستنه‌وه‌ و چاو نوقاندنه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ هاتوه‌، كه‌ ئێمه‌ له‌م نوسینه‌دا به‌ قوربانی ناویان ده‌به‌ین، له‌به‌رانبه‌ردا ئه‌وی تر سته‌مكاره‌كه‌یه‌، نه‌بینینی ئه‌و رابردوه‌ تاڵه‌و خۆلێنه‌بان كردنی خۆشاردنه‌وه‌یه‌له‌ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی و ریشه‌یی كێشه‌كه‌، له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌ داگیركراوه‌كانی باشوری كوردستان، بۆئه‌وه‌ی بزانین له‌ رابردودا چی به‌رانبه‌ر ئه‌و قوربانیانه‌ كراوه‌ پێویسته‌ وه‌ك بیرخستنه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێ‌ له‌و كرده‌وانه‌ بده‌ین :

1- پشتێنه‌ی ئه‌منی: یه‌كه‌مین كارێ‌ كه‌ له‌ رابردودا حكومه‌تی عێراقی ده‌رهه‌ق به‌و ناوچانه‌ كردویه‌تی، تێكدانی ده‌یان گوندو راگواستنی خه‌ڵكه‌كه‌ی بو به‌بیانوی بونی نه‌وت و دروستكردنی پشتوێنه‌ی ئاسایش به‌ چوارده‌وری كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كان و كۆمپانیای نه‌وتا، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بوبه‌ هۆی تێكدانی ده‌یان گوندی كشتوكاڵی هۆیه‌كیش بو بۆئه‌وه‌ی ئه‌و پشتوێنه‌ كوردیه‌ی ده‌وری كه‌ركوك هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، ئێستاش له‌ به‌شێك له‌و گوندانه‌ كێشه‌ی قوڵ له‌ نیوان كوردو عه‌ره‌بدا دروستكراوه‌و له‌ بری خاوه‌نه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ عه‌ره‌ب خاوه‌ندارێتیان ده‌كات بۆنمونه‌ گوندێكی وه‌ك باجوان .
2- راگواستن: له‌ رابردودا هه‌زاران خێزان به‌بیانوی جۆراو جۆرله‌ كه‌ركوك و ده‌ورو به‌ری ده‌ركراون و ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر زه‌وی و زاره‌كانیاندا .
3- عه‌ره‌باندن: ده‌سه‌ڵاته‌كانی رابردوی عیراق هه‌مو رێگه‌یه‌كیان گرتوه‌ته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی سیمای عه‌ره‌باندن به‌م ناوچانه‌ ببه‌خشن، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌و نوسراوی فه‌ڕمی عێراقی هه‌ن.
4- به‌عساندن: له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عسا هه‌وڵێكی چڕ له‌ ئارادا بو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مو هاوڵاتیه‌ك بكرێته‌ به‌عسی، ئه‌مه‌ش دیسان له‌مپه‌ررو سیاسسه‌تێكی ناجۆری دیكه‌ بو به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ .
5- گۆڕینی ناسنامه‌: ئه‌مه‌ش یه‌كێكی تر بو له‌ هه‌نگاوه‌كان واته‌ بنه‌ماڵه‌و خێزانه‌كان ده‌كران به‌عه‌ره‌بو له‌ ریشه‌و ناسنامه‌ی خۆیان دورده‌خرانه‌وه‌، زۆر جار ئه‌مه‌ وانیشانده‌درا كه‌ گوایه‌ ئه‌وه‌ خواستی خه‌ڵكه‌كه‌ خۆیه‌تی .
6- یاساغكردنی ناو: رێگری كردن له‌ ناونانی مناڵ به‌ كوردی و توركمانی، به‌تایبه‌ت كوردی، زۆربه‌ی خێزانه‌كان ناچارده‌بون لای حكومه‌ت ناوێكی عه‌ره‌بی له‌ مناڵه‌كانیان بنه‌ن و له‌ ماڵه‌وه‌ش ناوێكی كوردی .
7- ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی زه‌وی و زاری خه‌ڵكه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌: ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێكی دیكه‌ بو تا ئێستاش شوێنه‌واری ماوه‌ بۆ نمونه‌ كێشه‌ی زه‌ویه‌كانی گوندی مه‌تاره‌، یان كێشه‌ی زه‌ویه‌كانی كه‌ دواتر له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقیه‌وه‌ دراوه‌ به‌عه‌ره‌ب پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌، ئه‌مه‌ش تا نوسینی ئه‌م وتاره‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ .
8- پێنه‌دانی مۆڵه‌تی كار: به‌ پێی هه‌ندێ‌ به‌ڵگه‌ نامه‌ی به‌عس به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك مۆڵه‌تی كارو كردنه‌وه‌ی كۆمپانیاو نوسینگه‌ی كارنه‌دراوه‌ به‌ كوردو مه‌رجی سه‌ره‌كی وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت له‌وناوچانه‌ ئه‌وه‌ بوه‌ كه‌ ده‌بێت عه‌ره‌ب بیت ئه‌و ده‌م ئاسانكاریت بۆ ده‌كرێت و كارو بارت پێده‌درێ‌.
9- دانه‌مه‌زراندن: ئه‌مه‌ش رێگریه‌كی دیكه‌ بوه‌ به‌ هیچ جۆرێك وه‌ك پێویست كوردو توركمان دانه‌مه‌زرێنراون له‌ دام و ده‌زگاكان تا ئه‌و ده‌مه‌ی ناسنامه‌ی خۆیان نه‌گۆڕیوه‌ یان پاڵپشتیه‌كی به‌ هێزیان نه‌بوه‌ .
10- قه‌ده‌غه‌ كردنی زمان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن: ئه‌مه‌ش یه‌كێكی دیكه‌ بو له‌ سیماكانی سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌و زمانه‌كان، له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا پیاده‌ ده‌كرا، لێ‌ وه‌ك ئه‌ندێشه‌و خه‌یاڵی به‌عسیانه‌ هه‌میشه‌و تا ئێستا لای زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌ب بونی هه‌یه‌.

له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌مانه‌دا چڵه‌پۆپه‌ی سته‌مكاری گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ له‌م ناوچانه‌ ئه‌نفال به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌و سیاسه‌ته‌پاكتاوكردنه‌ی به‌رانبه‌ر كه‌ركوكیه‌كان و به‌تایبه‌ت كورد به‌ كار هاتون، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و سته‌مكاریه‌ لابچێت، پێویسته‌ دۆخی مرۆیی بون بگێڕینه‌وه‌ بۆ قوربانی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتێ‌ سته‌مكاری به‌رانبه‌ر ئه‌وی تر ده‌كرێت، ئیدی هه‌وڵێكی زۆر بۆ له‌ مرۆیی خستن ده‌خرێته‌ گه‌ڕ، قوربانیه‌كی لاره‌خوارو ملكه‌چ و ده‌سته‌ پاچه‌ دروستده‌كرێت، قوربانیه‌ك به‌رده‌وام له‌ ترس و نائومێدیدا ده‌ژێت و كورد وته‌نی له‌ خشه‌ی مارو مێروراده‌چه‌نێ‌، بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م قوربانیه‌ بۆ نێو ژیان پێویستمان به‌ دانپیانان و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌و داوای لێبوردن كردنه‌، ره‌نگه‌ ئه‌مانه‌ سه‌ره‌تایی ترین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بن، كه‌ ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیش كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، له‌ كه‌ركوكدا له‌ مرۆیی خستنی قوربانی گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستێك، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ هیچ شارو شوێنێكی دیكه‌ی دنیا نابینرێ‌، بۆیه‌ بۆ به‌ مرۆیی كردنه‌وه‌ی ئه‌و قوربانیه‌و گێڕانه‌وه‌ی بۆ نێو ژیانێكی ئابڕومه‌ندانه‌و خۆخاوه‌ن، پێویسته‌ حكه‌مه‌تی ئێستای عێراق دانبنێت به‌و سته‌مكاریانه‌داو ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ماده‌یه‌كی وه‌ك ماده‌ی 140دا قه‌تیس نه‌كات، دانپیانان یه‌كێكه‌ له‌و هه‌نگاوانه‌ی واده‌كات قوربانی جۆرێك له‌ بونی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، كاتێ‌ كه‌ سته‌مكاری دانده‌نێت به‌وه‌ی كه‌ ده‌رهه‌ق قوربانی كراوه‌، یان ده‌سه‌ڵاتی گوێزه‌ره‌وه‌ی دوای سته‌مكاری ئه‌وه‌ ده‌كات، قوربانی ده‌گاته‌ ئه‌و راستیه‌ی كه‌ هۆیه‌ك هه‌بوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وای لێبكرێت، ئه‌مه‌ش ئامانجه‌كانی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ رونترو ره‌وانتر ده‌كه‌ن به‌وه‌ی قوربانی هه‌ست به‌ پێزانین ده‌كات و هه‌ست ده‌كات له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و سته‌مه‌ی لێیكراوه‌ ئێستا رێزیلێده‌گیرێت، مافه‌كانی بۆ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌، ئاشتده‌كرێته‌وه‌، راستیه‌كان ده‌رده‌كه‌ون، هه‌روه‌ها كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و ده‌بوژێنرێته‌وه‌ .ئه‌م هه‌ستكردنه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ قوربانی، هه‌ستكردن به‌وه‌ی كه‌ ئاوڕی لێده‌درێته‌وه‌، هه‌ستكردن به‌وه‌ی كه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و سته‌ممه‌ی لێیكراوه‌ ئێستا مافه‌كانی بۆ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌.

راستی ئه‌م بابه‌ته‌ پێویستی به‌ دانیشتن و گفت و گۆی به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و دڵنیاییه‌ بده‌ین به‌ قوربانی كه‌ ئیدی ئه‌و روبه‌ ڕوی ئه‌و دۆخانه‌ نابێته‌وه‌، هه‌ر كات قوربانی ئه‌و دڵنیاییه‌ی ده‌سكه‌وت ئیدی ئه‌ویش هه‌وڵ ده‌دات به‌ پێی یاساو رێساكان بیر له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی و قه‌ره‌بو كردنه‌وه‌ بكاته‌وه‌ نه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌، له‌ كه‌ركوك هه‌ندێك له‌مامه‌ڵه‌كانی رابردو به‌ هه‌رجۆرێك كرابن، ده‌چنه‌ خانه‌ی دوه‌می هه‌نگاوه‌كه‌وه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ حكومه‌ت به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ڵنه‌ساوه‌ بۆ ساڕێژكردنی برینه‌كه‌ .
Sbeiy.com © 2007