|
کورد له‌داوی دڵه‌ڕاوکێی ئه‌مەریکادا |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Thursday, February 5, 2015 |
کورد و شه‌ڕی دژ به داعش
کورد له جه‌نگی دژ به‌تێرۆر له باشوری کوردستان سودمه‌ند بوه له هاریکاری و یارمه‌تیه‌کانی ئه‌مەریکا و هاوپه‌یمانان، له پله‌ی یه‌که‌مدا توانراوه حوکمڕانی خۆماڵی بپارێزرێت و ده‌روازه‌ی چاره‌ی کاتی بۆ کێشه‌کان له گه‌ڵ به‌غدا به‌داخراوی نه‌ماوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها له به‌ره‌کانی شه‌ڕیشدا هێزه ئاسمانیه‌کانی هاوپه‌یمانان پشتیوانێکی گه‌وره‌یه بۆ هێزه‌کانی کورد. له به‌رامبه‌ردا کورد به خوێنی هه‌زاران شه‌هید و بریندار ئه‌رکی خۆی له پاراستنی خاکه‌که‌ی و رۆڵی له جه‌نگی دژ به تیرۆر جێبه‌جێ ده‌کات.
زیاتر له نیو ساڵه به‌رگری هێزه‌کانی پێشمه‌رگه و شه‌ڕڤانان و گه‌ریلا، رۆڵی سوپای عێراق و میلیشیاکانی شیعه و هێرشه ئاسمانیه‌کانی هاوپه‌یمانان داعشیان له چه‌ند ناوچه‌یه‌ک توشی پاشه‌کشه و شکست کردوه، به‌ڵام داعش هێشتا به‌هێزه و توانای هێرشکردن و کاری تێرۆریستی و کڕینی چه‌کی نوێ و بازرگانی به‌نه‌وته‌وه ماوه، هێڵه‌کانی لۆجیستیک و ته‌موین و سه‌رکردایه‌تی له ره‌ققه‌ی سوریاوه بۆ عێراق و باشور و رۆژئاوای کوردستان نیمچه ئازادانه درێژده‌بنه‌وه، زۆربه‌ی شه‌ڕه‌کانیش یه‌خه‌ی کوردیان گرتوه.
بێ گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی له سیاسه‌تی ئه‌مەریکا به‌رامبه‌ر به ناوچه‌که و تایبه‌ت سوریا و ئێران کۆتایی شه‌ڕی دژ به داعش چاوه‌ڕوان ناکرێت، هاوکاتیش ده‌رکه‌وتوه مانه‌وه‌ی دۆخه‌که به‌و شێوه‌یه ده‌سکه‌وته‌کان به‌رامبه‌ر داعش له مه‌ترسی به‌رده‌وامدان.
روداوه‌کانی شه‌ڕ دژ به داعش، وێرای سه‌رکه‌وتنه‌کانی کورد، ده‌یسه‌لمێنن که حکومه‌تی هه‌رێم و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه و خه‌ڵکی باشور له زۆر بواردا توانای دیاریکراویان هه‌یه بۆ جه‌نگێکی درێژخایان. ئه‌رکێکی سه‌ره‌کی ئه‌مەریکایه به‌شێوازێک گۆڕانکاری له سیاسه‌تیدا بکات که کۆتایی به‌م شه‌ڕه سه‌خته بهێنێت، به‌پێچه‌وانه‌وه گومان و پرسیار له‌مه‌ڕ نیه‌ته‌کانی ئه‌مەریکا کاری ره‌وان.
زۆربه‌ی دنیا گه‌یشتونه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د و دوره‌په‌رێزی ئه‌مەریکا له ئێران و ره‌فزکردنی ناردنی هێزی شه‌ڕکه‌ری ئه‌مەریکا بۆ ناوچه‌که و چاوپۆشینی له کارئاسانی و هاریکاری چه‌ند وڵاتێکی ناوچه‌که بۆ داعش، زه‌مینه‌ی له‌بارن بۆ مانه‌وه‌ی دۆخی شه‌ڕ و ئاڵۆزی له عێراق و ناوچه‌که. کورد به ده‌ریایه‌ک له خوێن و ماڵوێرانی شه‌ڕی دژ به تێرۆر ده‌کات، که‌چی هاوپه‌یمانان و له پله‌ی یه‌که‌مدا ئه‌مەریکا بۆ گردبونه‌وه‌که‌یان له له‌نده‌ن بانگهێشی کوردیان نه‌کردبو، مایه‌ی سه‌رسوڕمان بو ئه‌و وڵاتانه‌ی رۆڵی به‌رچاویان له دروستکردن و به‌هێزکردنی داعشدا هه‌بو دیکۆری ئه‌و گرتبونهوهیان رازاندبوه‌وه.
سیاسه‌تی ئیداره‌ی ئۆباما
له سه‌ره‌تای سێپته‌مبه‌ری 2014 سه‌رۆک ئۆباما رایگه‌یاند، که به‌رفراوانکردنی جه‌نگ دژ به داعش مانای ته‌عه‌هود نیه بۆ به‌کارهێنانی هێزی پیاده، جه‌ختیشی کرده‌وه که هێزه‌کانی ئه‌مەریکا له عێراق ئه‌رکی شه‌ڕکردنیان نیه.
ماوه‌یه‌کی کورت دوای ئه‌م وتاره‌ی ئۆباما، ژه‌نه‌راڵ Martin Dempsey سه‌رۆکی هه‌یئه‌ی ئه‌رکانی هاوبه‌شی ئه‌مەریکا په‌یامێکی پێچه‌وانه‌ی هه‌بو کاتێک له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی سه‌ربازی کۆنگرێس رونکردنه‌وه‌ی ده‌دا، وتی: "ئه‌گه‌ر بگه‌ینه ئه‌و ساته‌ی باوه‌ڕم لا دروست بێت که راوێژکاره‌کانمان ده‌بێت له گه‌ڵ هێزه‌کانی عێراقدا بن بۆ په‌لاماردانی ئامانجه تایبه‌کانی داعش ئه‌وا داوا له سه‌رۆک ده‌که‌م ره‌زامه‌ند بێت". ئه‌م وتانه ئاماژه‌یه‌ک بون بۆ هه‌وڵه‌کان بۆ گرتنه‌وه‌ی موسڵ.
مایه‌ی سه‌رسوڕمان بو که ژه‌نه‌راڵ دێمپسی رای خۆی ده‌ربڕیوه و کۆشکی سپیش رایگه‌یاند که قسه‌کانی راسپارده‌ی کۆشکی سپی نین.
ماوه‌یه‌کی کورت دوای ئه‌م روداوانه ئیداره‌ی ئۆباما ده‌رگای بۆ رۆڵی زیاتری ئه‌مەریکا له شه‌ڕی داعشدا واڵاکرد. له چاوپێکه‌وتنێکی ئۆباما له گه‌ڵ به‌رپرسی به‌شی هه‌واڵی CBS له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌سه‌ر جه‌نگ دژ به داعش وتی: "هێرشه ئاسمانیه‌کان کاریگه‌ری زۆریان هه‌بوه له په‌کخستنی به‌شێک له تواناکانی داعش و راگرتنی به‌ره‌وپێشچونیان، ئه‌وه‌ی ئێستا پێویستمانه هێزی سه‌ر ئه‌رزه، هێزه پیاده‌کانی عێراق ده‌توانن پاشه‌کشه به داعش بکه‌ن، ئه‌وه‌ی نه‌گۆڕاوه ئه‌وه‌یه که هێزه‌کانمان به‌شداری شه‌ڕ ناکه‌ن".
ئۆباما جه‌ختیکرده‌وه له‌وه‌ی که ناردنی 1500 سه‌ربازی تری ئه‌مەریکی بۆ عێراق بۆ مه‌شق پێکردنی عێراقیه‌کانه له چوار سهنتەری مه‌شق و بۆ یارمه‌تیدانی لۆجیستیکیانه له شه‌ڕی دژ به داعش. وتیشی کاتێک هێزه عێراقیه‌کان هێرش بکه‌ن هێرشه ئاسمانیه‌کان خه‌ستتر ده‌که‌ین.
ئه‌مەریکا و سوریا
سه‌رۆک ئۆباما له کۆتایی ساڵی رابوردو داوای له تیمی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مەریکا کردوه چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ک به‌سیاسه‌تی ئه‌مەریکا به‌رامبه‌ر به سوریا بکه‌ن، ئه‌م هه‌ڵوه‌سته‌کردنه پاش ده‌رککردن بو به‌وه‌ی که داعش تێکناشکێنرێت ئه‌گه‌ر گۆڕانکاری سیاسی له سوریا نه‌کرێت و به‌شار ئه‌سه‌د لانه‌برێت.
ئه‌مەریکا له سه‌ره‌تادا ستراتیژیه‌تی "یه‌که‌مجار عێراق"ی گرته‌به‌ر بۆ لاوازکردنی داعش و هاوکاتیش ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن له سوریا بۆ کارئاسانی کاره‌کان له عێراق. کرۆکی ئه‌م سیاسه‌ته بریتی بو له‌وه‌ی یه‌که‌مجار داعش له عێراق توشی روبه‌ڕوبونه‌وه بکه‌ن و دواتر چه‌کدارانی داعش له سوریا له‌ناوببرێن بێئه‌وه‌ی ئه‌سه‌د لاببرێت.
واشنتۆن هیوادار بو به‌م پلانه ده‌رفه‌ت بره‌خسێت بۆ پڕچه‌ککردن و مه‌شقکردنی هێزه میانڕه‌وه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا تا بتوانن به‌ره‌نگاری داعش ببن و له‌دوا مهتافیشدا رژێمی ئه‌سه‌د، به‌ڵام سوپای ئازادی سوریا له دو به‌ره‌دا شه‌ڕی ده‌کرد، دژ به هێزه‌کانی ئه‌سه‌د و دژ به هێزه تونده‌ڕه‌وه‌کانی وه‌ک داعش و به‌ره‌ی نوسره.
له ئه‌رزی واقیعدا ده‌رکه‌وت ئه‌م پلانه له‌سه‌ر حساباتی هه‌ڵه دارێژرابو.
سیانتۆری کۆماریEd Royce ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی کۆنگرێس رایگه‌یاند که کۆشکی سپی ستراتیژیه‌تی به‌رامبه‌ر به سوریا ده‌گۆڕێت، چونکه تورکیا و وڵاتانی که‌نداو فشاریان خستۆته‌سه‌ر ئه‌مەریکا بۆ لابردنی ئه‌سه‌د. ئیداره‌ی ئۆباما به‌دوای شێوازێکدا ده‌گه‌ڕا بۆ گونجاندنی هه‌ر دو ستراتیژیه‌تی به‌رامبه‌ر به سوریا و داعش، له ئاکامدا گه‌یشتنه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که ده‌بێت داعش نه‌ک ته‌نها له عێراق شکست بهێنێت، به‌ڵکو له سوریاش. له په‌راوێزی ئه‌م دهنگوباسانهدا Ben Rhodes جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی رایگه‌یاند: "به‌فه‌رمی چاوخشاندنه‌وه به سیاسه‌تمان به‌رامبه‌ر سوریا له ئارادا نیه، ئه‌وه‌ی هه‌یه ستراتیژیه‌تی لاوازکردنی داعش و دواتر له‌ناوبردنیه‌تی. ئه‌مه پێویستی به تێرامانێکی قوڵ هه‌یه بۆ ئه‌و کارانه‌ی ده‌یکه‌ین. سه‌رۆک ئۆباما مه‌به‌ستیه‌تی بزانێت چۆن بتوانین داعش لاواز بکه‌ین و هاوکاتیش ئێمه یارمه‌تی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ده‌ده‌ین وه‌ک هێزێک به‌رامبه‌ر داعش بوه‌ستێت و بێگومانیش به‌رامبه‌ر به رژێمی ئه‌سه‌د". Alistair Baskey وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی له لێدوانێکدا وتی: "ستراتیژیه‌تمان سه‌باره‌ت به سوریا نه‌گۆڕاوه، له ئێستادا کارده‌که‌ین بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی داعش له عێراق، ئێمه و هاوپه‌یمانه‌کانمان به‌رده‌وام ده‌بین له هێرشه ئاسمانیه‌کان بۆ سه‌ر داعش له سوریا تا شوێنێکی ئارامیان نه‌مێنێت و کۆکردنه‌وه‌ی هێز و ئامادهسازیهکانیان لێ تێکبده‌ین. هه‌ڵه‌کانی ئه‌سه‌د گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌تیان ره‌خساند تا تێرۆریسته‌کان له سوریا کۆببنه‌وه، سه‌رۆک ئۆباما راشکاوانه رایگه‌یاندوه که ئه‌سه‌د هه‌مو شه‌ڕعیه‌تی حوکمرانی له ده‌ستداوه".
ئیداره‌ی ئۆباما له ئاکامی روداو و گۆڕانکاریه‌کان له ئه‌رزی واقیعدا گه‌یشتنه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که کاتیان بۆ "یه‌که‌مجار عێراق" نیه، چونکه کاتێک داعش له عێراق ده‌ربکرێت و به‌ره‌و سوریا هه‌ڵبێن و له هه‌مان کاتیش‌دا ئۆپۆزسیۆنی میانڕه‌وی سوریا له شوێنی خۆی چه‌قی بێت و داعش له سوریا چالاک بێت مانای ئه‌وه‌یه شتێکی ئه‌وتۆ به‌ده‌ست نه‌هێنراوه.
یه‌کێک له ئه‌گه‌ره‌کان سه‌پاندنی بیرۆکه‌ی ناوچه‌ی نه‌فڕین بو، تورکیا بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه گورجوگۆڵ بو، ئه‌مه سه‌ری نه‌گرت، چونکه له پله‌ی یه‌که‌مدا تورکیا له دیاریکردنی پشکی خۆی له‌و پرۆسه‌یه‌دا زۆر منگه‌منگی کردوه.
ئیداره‌ی ئۆباما داوای 500 ملیۆن دۆلاری له کۆنگرێس کرد بۆ پڕچه‌ککردن و مه‌شقکردنی 5.000 چه‌کداری ئۆپۆزسیۆن بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵ. پێنتاگۆن له پرۆسه‌که‌دا خاوخلیچک بو، پاش چوار مانگ له راگه‌یاندنی ئه‌م ستراتیژیه شتێکی ئه‌وتۆی لێ جێبه‌جێ نه‌کرابو، بۆ مه‌سه‌له لۆجیستیهکانیش هه‌ر له قسه‌کردندا بون له گه‌ڵ تورکیا و سعودیه که به‌پێی پلانه‌که مه‌شق پێکردنه‌که له‌و دو وڵاته ده‌کرا.
به‌شێک له راوێژکارانی سه‌رۆک ئۆباما به جۆن کێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ش ماوه‌یه‌کی زۆره جه‌خت ده‌که‌ن له‌وه‌ی ستراتیژیه‌تی سیاسی واشنتۆن واقیعبینانه نیه. وه‌زیری به‌رگری Chuck Hagel له مانگی ئۆکتۆبه‌ر نامه‌یه‌ک بۆSusan Rice ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، ده‌نێرێت و تێێدا مه‌راقی خۆی به‌رامبه‌ر ستراتیژیه‌تی ئه‌مەریکا له سوریا به‌یان ده‌کات و مه‌ترسیه‌کانی خۆشی نه‌شاردۆته‌وه له‌مه‌ڕ له ده‌ستدانی ده‌سکه‌وته‌کان له شه‌ڕی دژ به داعش ئه‌گه‌ر سیاسه‌ته‌که نه‌گونجێنرێت.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی تر ئاماژه‌یان دا که نامه‌که داوای تێڕامانێکی تیژ و ورد به‌رامبه‌ر به رژێمی ئه‌سه‌د ده‌کات. چه‌ند وڵاتێکی عه‌ره‌بی ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕیوه سه‌باره‌ت به دودڵی ئه‌مەریکا له کۆتاییهێنان به رژێمی ئه‌سه‌د. وه‌زیری ده‌ره‌وه جۆن کێری و ژه‌نه‌راڵ جۆن ئهڵاین، نوێنه‌ری ئه‌مەریکا له هاوپه‌یمانی دژ به داعش، راپۆرتێکیان بۆ کۆشکی سپێ ناردوه تێیدا ده‌ڵێن هاوپه‌یمانه سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌مەریکا، وه‌ک سعودیه و ئیمارات و تورکیا داوای چوارچێوه‌یه‌ک ده‌که‌ن بۆ گۆڕینی سیاسی ده‌سه‌ڵات له سوریا. له‌م روه‌وه هه‌وڵه‌کانی ئه‌مەریکا و روسیا بۆ گه‌یشتن به رێکه‌وتنێک نێوان رژێمی ئه‌سه‌د و هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆن بێ ئه‌نجام بو پاش شکستی کۆنفرانسه‌که‌ی سویسرا. جۆن کێری بۆ چه‌ند مانگێک به‌رده‌وام بو له لێدوانی چڕ‌وپڕ له گه‌ڵ سعودیه و ئیمارات و تورکیا و روسیا بۆ رێکه‌وتن له‌سه‌ر وازهێنانی ئه‌سه‌د و بازنه‌ی سه‌ره‌کی ده‌وروبه‌ری له ده‌سه‌ڵات و مانه‌وه‌ی زۆربه‌ی داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت وه‌ک خۆیان. ئاشکرایه روسیه‌کان دۆستی هاوپه‌یمانان نین، هه‌رچه‌نده روسیا تێگه‌یشتنێکی تهماویان بۆ دۆخه‌که ده‌ربڕیوه، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه له گه‌ڵ ئه‌مەریکا له چه‌ند خاڵێکی سه‌ره‌کیدا هاوڕابن، به‌پێچه‌وانه‌وه روسیا به‌رده‌وام بوه له ناردنی چه‌ک و یارمه‌تی بۆ ئه‌سه‌د.
ئه‌مەریکا و ئێران
جۆن کێری مه‌سه‌له گرنگه‌کانی له گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران باسکردوه، به‌ده‌ر له‌مه باسێ کێشه‌ی ئه‌تۆمی ئێرانیشیان کردوه.
له ناوه‌ڕاستی مانگی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی رابوردو ئۆباما نامه‌یه‌کی بۆ ئایه‌توڵڵا عەلی خهماینی نارد و تێیدا باسی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ردو وڵات له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی داعش له عێراق و سوریا ده‌کات. ئه‌مەریکا له رێگه‌ی عیراقیه‌کانه‌وه په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ئێران کردوه، ئه‌مەریکا نیه‌تی نیه کاری سه‌ربازی هاوبه‌ش له گه‌ڵ ئێران دژ به داعش ئه‌نجام بدات، هاوکاتیش ئه‌مەریکا نایه‌وێت ئۆپه‌راسیۆنه‌کانیان سه‌ر له یه‌کتر تێکبده‌ن، به‌تایبه‌ت هێرشه ئاسمهنیهکان بۆ سه‌ر داعش، کۆشکی سپی چه‌ند جارێک دوپاتی کردۆته‌وه نزیک له شوێنی ئێرانیه‌کان هێرشی ئاسمانی ناکه‌ن و هه‌روه‌هاش ئه‌مەریکا و ئێران ئاڵوگۆڕی زانیاری ناکه‌ن.
دو سیناتۆری کۆماریه‌کان،John McCain و Lindsey Graham، سه‌باره‌ت بهپهیوهندیهکان له گه‌ڵ ئێران له رونکردنه‌وه‌یه‌کی هاوبه‌شدا وتیان "شه‌رمه‌زاریه بۆ ئیداره‌ی ئۆباما ده‌ست بۆ هه‌مان رژێمی ئێران درێژ بکات که رۆڵی هه‌یه له دروستبونی داعش تا ئه‌جێندای توندڕه‌وی مه‌زهه‌بی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌ڕێوه‌بچێت. ده‌بێت ئه‌م ئیداره‌یه تێبگات ئێران هه‌مو توانایه‌کی خستۆته‌گه‌ڕ تا ئه‌مەریکا له ناوچه‌که ده‌ربکات... بۆیه ده‌بێت ستراتیژیه‌تمان له ناوچه‌که به‌و شێوه‌یه داڕێژین که کاریگه‌ری و رۆڵی ئێران پوچه‌ڵ بکه‌ین".
له سێپته‌مبه‌ری ساڵی رابوردو خامنەیی رایگه‌یاند که ئێران له به‌ره‌ی هاوپه‌یمان دژ به داعش به‌شدار نابێت، خامنەیی له درێژه‌ی قسه‌کانیدا وتی: "له رۆژه سه‌خته‌کانی هێرشه‌کانی داعش بۆ سه‌ر عێراق باڵیۆزی ئه‌مەریکا له عێراق داوای له نوێنه‌رمان له ناوچه‌که کرد که ئێران و ئه‌مەریکا دانیشن به‌مه‌به‌ستی دانوستاندن و هه‌ماهه‌نگکردن سه‌باره‌ت به داعش. باڵیۆزمان ئه‌م په‌یامه‌ی بۆ ناردین، هه‌رچه‌نده چه‌ند فه‌رمانڕه‌وایه‌ک دژی نه‌وه‌ستانه‌وه، به‌ڵام من دژ بوم و وتم له‌م بواره‌دا هاوکاری ئه‌مەریکا ناکه‌ین، چونکه نیه‌تی باشیان نیه، چۆن ده‌بێت له‌و جۆره دۆخه‌دا هاوکاری ئه‌مەریکا بکه‌ین؟". سه‌باره‌ت به کۆمێنتی جۆن کێری که ئێران بۆ به‌شداریکردن له هاوپه‌یمانی دژ به داعش بانگهێش ناکرێت، به‌پێێ هه‌واڵێکی ئاژانسی فارس خامنەیی وتویه‌تی: "هه‌رهه‌مان وه‌زیری ده‌ره‌وه داوای له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران (دکتۆر محمد جواد زه‌ریف) کردوه که به‌یه‌که‌وه سه‌باره‌ت به داعش کاربکه‌ین، دکتۆر زه‌ریف داواکه‌ی ره‌تکردۆته‌وه، هه‌روه‌ها جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریکاWendy Sherman که سه‌رۆکی شاندی دانوستکاری ئه‌مەریکایه سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی ئه‌تۆمی هه‌مان داواکاری دوپات کردۆته‌وه".
هه‌واڵه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن که لێدوانه ناوخۆییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران سه‌باره‌ت به مه‌سیری ئه‌سه‌د به‌رده‌وامه، به‌ڵام تا ئه‌م ساته‌ش خامنەیی و سوپای پاسده‌ران پشتیان له ئه‌سه‌د نه‌کردوه. ئێرانیه‌کان سه‌باره‌ت به‌کێشه‌ی سوریا پلانی ریفۆرمی ده‌ستوری و هه‌ڵبژاردنیان هه‌یه، ئه‌م پلانه باس له رۆیشتنی ئه‌سه‌د ناکات، بۆیه بۆ ئه‌مەریکا بنه‌مای رێکه‌وتن نیه. چه‌ند دیبلۆماتکاری عه‌ره‌ب پێیانوایه ئه‌گه‌ر سعودیه و روسیا له‌سه‌ر پلانێکی سیاسی رێکه‌وتن بکه‌ن له‌وانه‌یه ئێران سه‌باره‌ت به‌پێداگری له مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د بیربکاته‌وه و رێکه‌وتنێک له‌سه‌ر مه‌سیری سازبکات. |
|
|