Print
 
 نوێنه‌رانی‌ كورد كه‌ی‌ له‌ به‌غدا دێنه‌وه‌؟
نوسه‌ر:  رۆڤان سه‌روه‌ت
Saturday, February 21, 2015

له‌دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی عێراقه‌وه‌ كه‌ ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانان رۆڵی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان بینی‌ له‌ ئازادكردنی‌ عێراق و روخاندنی‌ رژێمی‌ به‌عس، بێگومان كورد و ئه‌مەریكیه‌كان تاكه‌ هێزی‌ شه‌ڕكه‌ر بون بۆ ئازادكردنی‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ عێراق، كورد بۆ یه‌كه‌م جار چوەوه‌ به‌غدا ئه‌مجاره‌یان وه‌كو جارانی‌ پێشو نا بۆ دانوستان له‌سه‌ر مافی‌ گه‌لی‌ كورد، به‌ڵكو وه‌كو خاوه‌ن ماڵ رۆشتنه‌وه‌ چون به‌غدای‌ عروبه‌یان ئاوه‌دانكرده‌وه‌ و حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ و هێز و داوده‌زگایان بۆ بونیادنانه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌ستوریشیان بۆ نوسینه‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ كێشه‌ی‌ هه‌رێم و ناوه‌ند له‌سه‌ر پرسگه‌لێك سه‌ری‌ هه‌ڵدایه‌وه، میوانی‌ هۆتێله‌كانی‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ بونه‌ ده‌سه‌ڵاتدار به‌ ده‌نگ و پاڵپشتی‌ كورد له‌بری‌ وه‌فادا كه‌وتنه‌ وێزه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان رۆژیك به‌ جێبه‌جێ نه‌كردنی‌ 140 و رۆژێك هه‌ڕه‌شه‌ی‌ سوپای‌ دیجله‌ و رۆژیك بیناویه‌كی‌ تر.

تا له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ مالیكی‌ یه‌ك ساڵی‌ ره‌به‌قه‌ بودجه‌ و رزق و رۆزی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانیشان بڕی‌، بێگومان له‌مه‌شدا هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتی‌ ئه‌زمونی‌ حوكمڕانی‌ كوردی‌ تێدایه‌ هه‌ر له‌مه‌سه‌له‌ی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت و تادوایی‌، داعش هه‌ڵتۆقی‌ و سوپای‌ مالیكی‌ هه‌ڵوه‌ری‌ و داعش سێ‌ پارێزگای‌ سوننه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ عێراقی‌ گرته‌ده‌ست. هه‌ر كورد و پێشمه‌رگه‌ بون به‌ چه‌ك و فیشه‌كی‌ خۆمان به‌رگریان له‌ كوردستان كرد، مالیكی‌ خۆری‌ ئاوا بو، كردمان به‌هه‌ڵا و خۆشی‌ و به‌ په‌له‌ په‌ل عه‌بادیمان كرده‌ فریادڕه‌س و رێكه‌وتن كه‌ ئێمه‌ نه‌وت و ئاوانیش پاره‌ بنیرن و خه‌ڵكی‌ چیتر به‌ وه‌رز موچه‌ وه‌رنه‌گریت، سه‌ردارانی‌ حكومه‌تی‌ كوردستان چونه‌ به‌غدا بۆ دانوستان بۆئه‌وه‌ی‌ به‌شه‌ بودجه‌ بێنه‌وه‌، كه‌چی‌ دیسان هه‌ر نه‌هاتنه‌وه‌ به‌ گیرفان پڕی‌ ئه‌مجاره‌یان تازه‌ترین نمونه‌ی‌ به‌غدایان هێنایه‌وه‌، كه‌ دۆسته‌كه‌ی‌ به‌غدامان گوایه‌ وتوییه‌تی‌ قاسه‌ خاڵیه‌ له‌ عێراق و موفلیسن.

باشه‌ ئه‌مه‌ سه‌یر نیه‌، له‌كاتێكدا عێراق خاوه‌نی‌ ئه‌و هه‌زاره‌ها ملیار دۆلاره‌ بێت و وڵاتیكی‌ خاوه‌ن سیاده‌ و ده‌ستور بێت و پاره‌ی‌ نه‌بێت، سه‌یر نیه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ تائێستا موچه‌ و بودجه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ ژیر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش بێ دواكه‌وتن له‌سه‌ر مانگ ده‌دات، ئه‌ی‌ سه‌یر نیه‌ له‌ناو وڵاتێكدا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش ده‌كات و رۆژانه‌ به‌ ملیۆنه‌ها دۆلار خه‌رج ده‌كات، كه‌چی‌ ده‌ڵین موفلیسن، ئه‌ی‌ مه‌هزه‌له‌ نیه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ و خۆرئاسانی‌ و خۆبه‌خش و هێزی‌ مییللی‌ دورست ده‌كات و چه‌ك و پۆشته‌ و په‌رداخ و موچه‌یان ده‌داتێ‌، ئه‌ی‌ سه‌یر نیه‌ هاوكاری‌ هه‌زاره‌ها ئاواره‌ ده‌كات له‌سه‌روی‌ بودجه‌وه‌، كه‌ چی‌ ده‌ڵێن قاسه‌ به‌تاڵه‌.

ئه‌م هه‌مو نه‌هامه‌تیه‌ به‌سه‌ر كود دێت و شه‌ڕی‌ داعش و رۆژانه‌ شه‌هیدی‌ پێشمه‌رگه‌ و بێ موچه‌یی و بێ‌ بودجه‌ی‌، كه‌چی‌ سه‌رۆك كۆمار و جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران و په‌رله‌مان و یه‌كڕیز وه‌زیری‌ بێده‌سه‌ڵات و ده‌یان په‌رله‌مانتاری‌ كوردیش له‌ به‌غدان، بێ ئه‌وه‌ی‌ تائێستا بیربكه‌نه‌وه‌ چی‌ بكه‌ن، بیربكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ هیچ نه‌بێت واز له‌ شه‌ریكایه‌تی‌ عه‌بادی‌ بێنن كه‌ ئێستا وڵات هه‌روه‌ك سه‌رده‌می‌ مالكییه‌ وڵات وه‌ك خۆیه‌تی‌ و ته‌نها ده‌موچاو گۆڕاوه‌، ده‌نا هه‌مان به‌رنامه‌ و سیاسه‌ته‌، سونه‌ له‌ كێشه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عه‌بادی‌ و مالیكی‌ و ده‌سته‌كه‌ی‌ دژی‌ عه‌بادین، كورد ده‌توانیت ئێستا هه‌ڵویستی‌ جدی‌ له‌ حكومه‌تی‌ عه‌بادی‌ وه‌ربگرێت هیچ نه‌بێت به‌سه‌رۆك كۆماریشه‌وه‌ له‌ به‌غدا بێنه‌وه‌ و ماوه‌یه‌ك لێره‌ پشوبده‌ن بۆئه‌وه‌ی‌ چیتر كوردستانیه‌كان باجی‌ هه‌ڵه‌ی‌ ئه‌م سیاسیه‌ به‌ناو موحه‌نه‌كانه‌ی‌ كورد له‌ به‌غدا نه‌ده‌نه‌وه‌، كه‌ جگه‌ له‌سود بۆخۆیان هیچان بۆ خه‌ڵك و میلله‌ت نه‌كردوه‌، كاتیشتی‌ هاتوە حكومه‌تی‌ هه‌رێم و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بیر له‌ بژارده‌ی‌ تر بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئیداره‌دانی‌ قه‌یرانه‌كان و چیتر له‌ كه‌لی‌ شه‌یتان بێنه‌ خواره‌وه‌ بۆ یه‌ككجاریش بێت به‌ قسه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ خۆیان بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی‌ میلله‌تی‌ موچه‌ به‌وه‌رز وه‌رگر ده‌ستخۆشیان لێبكات و پاڵپشتیان بێت.
Sbeiy.com © 2007