|
نوێنه‌رانی کورد و قه‌یرانه‌کان |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Saturday, February 28, 2015 |
ئه‌م نوسینه به‌مه‌به‌ستی بریندارکردنی هیچ که‌س و لایه‌نێک نیه، له‌نێو نوێنه‌رانی کورد له به‌غداد چه‌ندین که‌سایه‌تی خه‌باتکه‌ر و دڵسۆز و به‌ئه‌مه‌کی تێدایه، له پێگه‌ی به‌رپرسیاریه‌تیان له به‌غداد به‌ئه‌مه‌که‌وه هه‌وڵی به‌رده‌وام ده‌ده‌ن و درێغی ناکه‌ن بۆ خزمه‌تی میلله‌ته‌که‌یان. ئه‌م بابه‌ته وێناکێشکردنی ئه‌و دۆخ و هاوکێشه ئاڵۆز و بێسهروبهرهن که کۆی گشتی نوێنه‌ره‌کان تێیاندا گیرساونه‌ته‌وه، زیاده بۆ ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌ت و حه‌ز و ره‌فتاری شه‌خسی هه‌ندێک لێیان به‌زه‌قی له‌و هاوکێشه‌یه‌دا به‌رچاون و پێگه‌ی کوردیان لاوازتر کردوه.
قه‌یران و قه‌وانه‌که‌ی جاران
له قه‌یرانی دارایی روبه‌روی هه‌رێم کراوه‌ته‌وه دو گه‌مه‌که‌ری سه‌ره‌کی زه‌مینه و پێكهاته و ناوه‌رۆک و ئاراسته‌کانی دروست ده‌که‌ن: به‌غداد و کورد. بۆ کورد زۆر گرنگه بزانێت نوێنه‌ره‌کان له به‌غداد چی له باره‌وه ده‌که‌ن و چۆن ده‌یکه‌ن.
نوێنه‌رانی کورد له به‌غداد له‌م قه‌یرانه‌دا هه‌روه‌ک جاران به‌گشتی لاواز و په‌رته‌وازه‌ن و کورتیان هێناوه. سه‌رۆک کۆمار زیاتر لێدوانی هه‌یه له کردار و قسه‌کانیشی دوباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌مان قه‌وانه که 12 ساڵه شتێکی ئه‌وتۆی بۆ کورد به‌ده‌ست نه‌هێناوه، کرۆکی ناوه‌رۆکی ئه‌م قه‌وانه له تهمهناکردن زیاتر نیه و زۆر دوره له واقیعی سیاسی عێراق و ناوچه‌که، تهمهناکانیش پڕ به‌پێستی دروشمه بریقهدارهکانن، زۆرکه‌م ره‌نگ و ده‌نگ و بۆن و چێژی کوردیان پێوه دیاره. جێگرێکی سه‌رۆک وه‌زیرانیش سه‌رکرده‌یه‌کی پارتیه که خه‌مه‌کانی ئه‌ویش وه‌ک سه‌رۆک کۆمارن، به‌ڵام به‌هه‌ندێک جیاوازیه‌وه. له هه‌موی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌تر، وێرای ئه‌وه‌ی وه‌زیری دارایی سیاسیه‌کی موخه‌زره‌می موحه‌نه‌کی کورده، پێده‌چیت نه به‌باش نه به‌خراپ ئه‌وه‌نده کاریگه‌ری له‌سه‌ر قه‌یرانه‌که نه‌بێت، خۆی بۆته وته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌که‌ی و رایده‌گه‌یه‌نێت قاسه‌که پاره‌ی تێدایه و پاره ده‌نێرن و پاره به‌رێگاوه‌یه، تائێستاش کورد له‌و لهغزه تێنه‌گه‌یشتوه بۆچی کلیلی قاسه‌ی عێراقی وه‌رگرتوه. جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانیش هه‌ڵسوڕاوێکی گۆڕانه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له به‌غداد تازه میوانه زۆر بهخشکهییهوه خه‌ریکی نمایش‌کردنی خۆی و چه‌سپاندنی پێگه‌که‌یه‌تی، پێده‌چیت ئاسایی لاسایی میوانه کورده دێرینه‌کانی به‌غداد بکاته‌وه، به‌لێدوانه‌کانی ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت "ئیعاز" به ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ده‌دات بۆ چاره‌ی قه‌یرانه‌که. ئه‌مانه‌ن نوێنه‌رانی کورد له پۆسته سیادیه‌کان.
ده‌بوا به‌رامبه‌ر ته‌کتیکه سوک به‌هاکانی دواخستنی ناردنی موچه و بڕینی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی فراکسیۆنه کوردیه‌کان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و نوێنه‌ره ئازیزه‌کانی تر و ئه‌وانه‌ی، که ئاماده‌ن له‌م قه‌یرانه‌دا یارمه‌تی کورد بده‌ن بلۆکێکی تۆکمه‌ی ناڕه‌زایان پێکبهێنایه و بیریان له ئهڵتهرنهتیڤهکان بکردایه‌وه بۆ چاره‌ی ئه‌م قه‌یرانه خه‌سته.
ئه‌م به‌ڕێزانه خۆیان له راستیه‌ک لاده‌ده‌ن، ئه‌ویش عێراق وه‌ک ده‌وڵه‌ت نه‌ماوه، هه‌مو دنیا داوای پشکێک له خاوانداریهتی ده‌کات، تێرۆرێست به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌و وڵاته‌ی داگیرکردوه، سوپاکه‌ی به فیکه‌یه‌کی هێرشکه‌ران هه‌ڵدێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی تۆمه‌تبارن به دزینی زیاتر له 20 ملیار دۆلار، میلیشیای مه‌زهه‌بی حوکم ده‌کات، مه‌زهه‌ب ئیفلیچی کردوه، فه‌توا شوێنی به‌ده‌ستور و یاسا لێژکردوه و رۆژانه له ده‌ریای خوێندا نوقم بوه... تاد، له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا نوێنه‌رانی کورد خۆیان زیاتر له عێراقیه "ره‌سه‌نه‌کان" به‌خاوه‌نی ئه‌و که‌لاوه‌یه ده‌زانن و به‌وردی ده‌یانه‌وێت رێسا و یاساکانی ئه‌م که‌لاوه‌یه پێره‌و بکه‌ن و به‌زیندویی رایان بگرن.
نوێنه‌رانی کورد به‌زمانی ساویلکه‌ی سیاسی به‌رده‌وام وایان به‌گوێماندا چرپاندوه که ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداد خێروبه‌ره‌که‌تی کوردیان مه‌به‌سته، بۆیه ئه‌وانیش وا په‌رۆشی هاوپه‌یمانی و دۆستایه‌تین له گه‌ڵیاندا و به‌رده‌وام هه‌ڵگری خه‌میانن و حه‌که‌می چاره‌ی کیشهکانیانن. ئه‌م ساته‌شی له گه‌ڵدا بێت بۆ کورد رون نیه دۆسته راسته‌قینه‌کانی کورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و به‌غداد کێن، کورد پشت به‌کێ ببه‌ستێت و کێ کوری رۆژی ته‌نگانه‌یه؟ رۆژێک عه‌لاوی و هاشمی و موتڵهگن، رۆژێکی تر جه‌عفه‌ری و مالیکی و ئه‌مان ده‌کرێن به ناحه‌ز و ئێستا نۆره‌ی عه‌بادیه.
نوێنه‌رانی کورد له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له به‌غداد به‌هه‌مو توانایه‌کیانه‌وه به‌رگری له حکومه‌تی هه‌رێم بکه‌ن، سه‌ره‌رای هه‌مو که‌موکوریه‌کانی، دێن له‌بری ئه‌وه خه‌تا و گوناه و ناڕه‌وایی خۆمان به‌ته‌نافی نێو کۆڵانه پیس و وێرانه‌کانی به‌غدادا هه‌ڵده‌واسن و دانه‌وێڵه بۆ ناحه‌زانی کورد رۆده‌که‌ن. هه‌ر یه‌ک له زۆربه‌ی ئه‌م نوێنه‌ره به‌رێزانه ده‌ستی به سوچێکی پارچه کاغهزیكی شرهوه گرتوه، ئه‌مه یه‌که‌مجار نیه کورد گیرۆده‌ی ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته چه‌قبه‌ستو و کرۆزێنهرهوه و پاشکۆخوازه ده‌بێت.
زه‌مینه و ئه‌قڵیه‌تی نوێنه‌رایه‌تیکردن
له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێک له نوێنه‌ره‌کان له سه‌رۆک کۆماره‌وه تا بچوکترین کارمه‌ند له به‌غداد بهسهفقهی سیاسی و حیزبی و پاشقولگرتن له‌م و له‌و و وه‌لا و تاعه‌ت بۆ سه‌رکرده‌یه‌ک، جه‌مسه‌رێک و باڵێک پۆسته‌کانیان ده‌ستکه‌وتوه، بۆیه دنیابینینی ئه‌وان له روانگه‌ی ئه‌و دۆخه و له چاویلکه‌ی خێرمهندهکان پێیان ده‌خوێنرێته‌وه و له پراکتیکیشدا هه‌ر به‌و پێوه‌رانه کاریان کردوه. ئه‌وان له رابوردو و ئێستاشدا سه‌ربه‌ست و ئازاد نه‌بون له بیرکردنه‌وه و په‌نجه به‌رزکردنه‌وه، به‌راده‌یه‌ک یه‌کریزی نێوماڵی کوردیان له غه‌ریبی تێک‌وپێک داوه. گه‌ر ده‌یانه‌وێت ده‌یان نمونه‌ی گه‌وره‌یان به‌بیر ده‌هێنینه‌وه.
ئه‌م جۆره نوێنه‌رانه خۆیان له چوار دیواری فه‌رمانگه‌ی کاره‌کانیان خزاندوه، زۆر که‌م دنیای ده‌ره‌وه ده‌بینن و ته‌ماسی له گه‌ڵ ده‌که‌ن، له روی شه‌خسیه‌وه خۆیان و پاشکۆکانیان زۆر سودمه‌ند بون (دابینکردنی گوزه‌رانێکی باش و پاراستنی ژیانیان مافێکی ره‌وایانه)، شه‌و و رۆژیان له گه‌ڵ چه‌ند لهبلهبانێکی شیعه یا سوننه ده‌به‌نه سه‌ر، بۆ دامه‌زراندنی کارمه‌ندێکی سه‌ربه‌خۆیان ده‌بێت چه‌ند جارێک له ده‌رگای ئه‌و جۆره عه‌ره‌بانه بده‌ن که ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌یان لایه.
ناشێت ئاماژه به واقیعێک سه‌باره‌ت به مافی ڤیتۆ له پۆسته سیادیه‌کاندا نه‌که‌م.
ئه‌م مافه بۆ هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که و بۆ هه‌ر سێ پێکهاته سه‌ره‌کیه‌کی عێراق وه‌ی یه‌ک وایه، به‌واتای یاسایی مانای سفر به‌ده‌سته‌وه و ئیفلیجبون، له پراکتیکدا ئه‌م مافه نه‌بۆته له‌مپه‌ر له زۆر کرداری دژ به کورد که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقه‌وه ده‌رهه‌ق به کورد کراون، ئه‌وه‌ندی لێی تێگه‌یشتبم نوێنه‌رانی کورد له‌و پۆستانه‌دا ئه‌و مافه‌یان بۆ مه‌سه‌له ئیداریه‌کان و دامه‌زراندنی ئه‌م و ئه‌و به‌کارهێناوه.
وێرای دابڕاندن و دۆخی ترشاوی کارکردن و که‌شوهه‌وای مونافهقهی سیاسی، که‌چی باوه‌ڕێکی وه‌همی لای نوێنه‌ره‌کانمان دروستبوه که له‌و گێژاوه و موستهنقهعهدا کلیلی چاره‌کان له ژینگه‌ی کاری ئه‌واندان و ئه‌وانیش ده‌توانن فریای کورد که‌ون.
ئه‌م فانتازیای "دیموکراسیه"، ئه‌م نهستۆلژیا وه‌همیه‌ی "شه‌راکه‌ت و پێکه‌وه ژیان"، ئه‌م ئولفه‌تگرتنه کوێرانه له گه‌ڵ "ده‌ستور" ، ئه‌م چه‌قبه‌ستن و کروزانه‌وه و پاشکۆیهتیهی ئه‌قڵیه‌تی "نوێنه‌رایه‌تیکردن"، ئه‌م خۆپه‌رستی و به‌رخۆری له پاراستنی "کورسی" پێگه و پاره، به‌گشتی له مێژه خه‌سڵه‌ته به‌رچاوه‌کانی نوێنه‌رایه‌تیکردنی کوردن له به‌غداد.
گه‌ر مرۆڤێک به‌وردی دقه‌ت بدات رۆژانه چه‌ندین لێدوانی به‌شێک له نوێنه‌ران ده‌بیستێت و ده‌خوێنێته‌وه. ئه‌وان له ده‌هالیزی شوێنی کارکردنیان گوێیان له قسه‌یه‌ک بێت سه‌باره‌ت به قه‌یرانه‌که یه‌کسه‌ر به میدیا کورده‌کانی ده‌گه‌یه‌نن و به‌وێنه و ناوی خۆیانه‌وه بڵاودهکڕینهوه، زۆر جاریش رویداوه لێدوانه‌کانی ئه‌و نوێنه‌رانه زۆر له گه‌ڵ یه‌کتر ناکۆکن.
له روخاندنی سه‌دامه‌وه تا ئه‌م ساته له به‌غداده‌وه زۆر ناهه‌قی و سته‌م له کورد کراوه، به‌غداد هۆکارێکی گرنگی به‌شێکی زۆری مه‌ینه‌تیه‌کانی کورد بوه، 12 ساڵه ده‌هۆڵ بۆ 140 (ئێستا هه‌ر باس ناکرێت) و یاسای غاز و نه‌وت و بودجه و ئایندهی کێشه‌کانی پێشمه‌رگه لێده‌ده‌ین. ئه‌رێ نوێنه‌رانی کورد پێمان ناڵێن کامه‌تان له‌م کێشانه به‌دروستی چاره کردوه، راسته پینهوپهرۆتان بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک یا چه‌ند مانگێک کردوه و دوای ئه‌وه سه‌رله‌نوێ له سفره‌وه ده‌ستتان پێکردۆته‌وه.
پێم باشه ده‌یان دۆکیۆمێنتی باوه‌ڕپێکراو له‌مه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانی کورد و به‌غداد بکه‌نه نامیلکه‌یه‌کی کوردی تا هه‌مو تێبگه‌ین له به‌غداد چی گوزه‌ری کردوه.
ئه‌وه‌ی له واقیعی سیاسی و حوکمڕانی عێراق دوای روخاندنی سه‌دام تێگه‌یشتبێت تێده‌گات ئه‌و هه‌مو نوینه‌رایه‌تی و بێنیه و بیبه له ژماره‌یه‌ک له ژماره زۆره‌کان زیاتر نین که شوێنیکیان له عێراقی دوای سه‌دام پێدراوه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداد به‌رده‌وام دهستهدهستیان پێکردون، ئێوه‌ش به‌پاساوی جیاجیاوه، بێجگه چه‌ند نوزهنوزێک نه‌بێت، ئاره‌زومه‌ندانه رۆڵی پهراوێزکراوتان له‌و گه‌مانه‌دا بینیوه. کاتێک له که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن وێنه‌ی چه‌ند نوێنه‌رێک ده‌بینیت به پانوپۆری له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌یه‌کی ستایڵی تورکی و فه‌ره‌نسی دانیشتوه و ده‌وروبه‌ری به یاریده‌ده‌ر و رواێژکار ته‌نراوه نه‌فامێکی سیاسی وا تێده‌گات ئه‌م زاتانه یه‌که‌م و دوا بریاری عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌یه.
رێکه‌وتنه‌کان
رێکه‌وتنه‌کانی نێوان کورد و به‌غداد، وێرای ناچاری و گرنگیان له‌م دۆخه‌دا، بونه‌ته قه‌میسی عوسمانی زۆربه‌ی نوێنه‌رانی کورد، ئه‌وه ئه‌و رێکهوتنانهن ئه‌وان خۆیان له پشتیانه‌وه حه‌شارداون و وه‌ک قه‌ڵغانێک خۆیانی پێده‌پارێزن. به‌پاساوی گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد خۆیان له ده‌ستپێشخه‌ری و چه‌ند ئه‌رکێکی سه‌ره‌کی دورده‌خه‌نه‌وه. ژیرانه کاره‌که به‌رێوه ده‌به‌ن: گه‌ر سه‌رکه‌وتو بون پشکی خۆیان زه‌قده‌که‌نه‌وه و گه‌ر شکستیان خوارد خه‌تاکه‌ی بۆ سه‌رکردایه‌تی کورد ده‌گه‌رێننه‌وه، چونکه هیچکات نوێنه‌ران و سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد یه‌ک یه‌که‌ی نه‌ته‌وه‌یی تۆکمه‌ی خاوه‌ن پرۆگرامێکی دیرایکراو نه‌بون، له سه‌ره‌تای ئه‌م قه‌یرانه‌وه ئه‌م راستیه به‌زه‌قی دوباره کراوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده بێده‌سه‌ڵاتن، ئه‌گه‌ر ناتوانن ده‌ستپێشخه‌ریه‌کی گرنگ بکه‌ن، ئه‌گه‌ر ناتوانن به‌رگریکردن له مافه‌کانی کورد له قسه‌وه بکه‌نه کردار، نازانرێت له به‌غداد له رۆژانی ته‌نگانه‌دا چی بۆ کورد ده‌که‌ن؟
له‌و ساته‌وه‌ی عێراق له بێشکه‌ی دیموکراسیدا دهلاوێنرێتهوه کورد چه‌ندین رێکه‌وتنی به بیانوه‌کانی "ته‌وافق، شه‌راکه‌ت، هاوبه‌شی، ئاشته‌وایی نیشتمانی" ئاره‌زومه‌ندانه و له ژێر فشاردا له گه‌ڵ به‌غداد سازکردوه، له سه‌رویانه‌وه رێکه‌وتنه ناوداره‌که‌ی هه‌ولێر له گه‌ڵ مالیکی. ئه‌م رێکه‌وتنانه بۆ نوێنه‌رانی کورد به‌گشتی بونه‌ته دوعا پێچراوه‌که‌ی نێو پارچه په‌رۆیه‌ک، هه‌ر که قه‌یران سه‌رهه‌ڵده‌دات ئه‌مان به ههڵوهرهکردن به‌ره‌و مه‌رقه‌دی ده‌به‌ن به‌ڵکو به ئیراده و ره‌حمه‌تی خوا به به‌ردی نزاوه بلکێنرێت.
ئه‌م خه‌یاڵپڵاویه، ئه‌م پاشکۆیه‌تیه، ئه‌م کروزانه‌وه و پاڕانه‌وه له‌وانه‌یه سودی هه‌بێت ئه‌گه‌ر له لایه‌نێکی داوا بکه‌یت به‌هاکانی مرۆڤدۆستی هه‌بێت و رێز له مافه‌کانی مرۆڤ و دیموکراسیه‌ت بگرێت، نه‌ک له تاقمێک خۆشه‌کراوی یه‌ک عه‌قیده و خوێندنگان که به‌درێژایی ژیانیان کاریان کردوه تا به‌ئه‌حکامه‌کانی ئه‌و عه‌قیده و خوێندنگایه ببنه حاکمی موتڵه‌قی میسۆپۆتامیا.
گه‌ر پاساوی ئه‌وه ده‌هێنرێته‌وه کورد ناچار بوه رو له به‌غداد بکات، گریمان ئه‌وه وابوه، به‌ڵام بۆ به‌م لاوازی و په‌رته‌وازیه و کروزانهوهیه. کورد بێتاقه‌ت بوه له لێدوانه بێزنتی و کاره بیسهروبهرهکانی ئه‌و جۆره نوێنه‌رانه له به‌غداد، چونکه شتێکی ئه‌وتۆیان لێ دروێنه نه‌کردون.
ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداد زۆر ورد- بۆ مه‌به‌ست و سیاسه‌تی خۆیان مامه‌ڵه له گه‌ڵ ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته ده‌که‌ن: په‌له‌یان نیه، هێدی هێدی دامان ده‌دۆشن، کار وا بڕوات ده‌بێت زیاتر ده‌ستیان بۆ بکه‌ینه‌وه. له ناخی دڵمه‌وه ده‌خوازم بهخهبهربین نه‌وه‌که بێینه‌وه سه‌ر ساجی عه‌لی.
|
|
|