Print
 
 راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه ‌و حكومه‌ته‌ لاوازه‌كه!
نوسه‌ر:  ئارام قادر حه‌مه‌سور
Tuesday, March 3, 2015

بێگومان له‌ 5/3/1991 باشوری كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی گرنگ هه‌نگاوی نا و شاری رانیه‌ و ده‌وروبه‌ری یه‌كه‌م هه‌نگاوی راپه‌ڕینه‌كه‌ بون، له‌ ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕینه‌وه‌ شنه‌بای ئازادی هه‌ڵیكرد و ته‌واوی باشوری كوردستانی گرته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هاوكاری و جوش و خرۆشی خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ نه‌بوایه‌ هه‌رگیز به‌ره‌ی كوردستانی سه‌ركه‌وتو نه‌ده‌بو له‌ نه‌خشه‌ی راپه‌ڕین، ئازایه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌ بو وایكرد راپه‌ڕینه‌كه‌ دو رۆژ پێشتر ده‌ست پێبكات، چونكه‌ سه‌رانی به‌ره‌ی كوردستانی 7/3 یان دانابو، راپه‌ڕین شنه‌بای ئازادی بو بۆ خه‌ڵكی باشوری كوردستان و ره‌شه‌بای تۆڵه‌بو تانپۆی سته‌مكاری به‌عسی له‌ژێره‌وه‌ هه‌ڵكه‌ند، راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ مه‌زنی به‌ كورد به‌خشییه‌وه‌ و هه‌لێكی گه‌وره‌یدا به‌ سه‌رانی حیزبی تا له‌ژێر چه‌تری راپه‌ڕیندا حكومه‌تێكی ئازاد و دادپه‌روه‌ر بڕه‌خسێنێت، راپه‌ڕین سیاسییه‌ شه‌ڕواڵ له‌به‌رو پێڵاوی چوپ له‌ پێیه‌كانی له‌ شاخه‌وه‌ هێنایه‌وه‌ بۆ ناو شار و چاكه‌ت و بۆ ینباخی له‌به‌ركردن له‌پێناو ئاینده‌یه‌كی گه‌ش، بۆیه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی باشوری كوردستان له‌ ساڵی 1992 خه‌ڵكی ده‌نگی زۆرینه‌یدا به‌ یه‌كێتی و پارتی و متمانه‌یان پێكرا، هه‌ر له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردندا خه‌ڵك چاكه‌ی یه‌كێتی و پارتی دایه‌وه‌ له‌ پای داڕشتنی نه‌خشه‌ی راپه‌ڕیندا، بۆیه‌ راپه‌ڕین و ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین منداڵدانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه.

جۆرج ئۆرویل له‌ رۆمانی (مه‌زرای ئاژه‌ڵاندا) پێمانده‌ڵێت كه‌ له‌ پشتی هه‌مو شۆڕش و شۆڕشگێرێكه‌وه‌ ئه‌گه‌ری سته‌مكاری هه‌یه‌، له‌ مێژودا زۆر شۆڕشمان بینیوه‌ كه‌ دوای شۆڕش زۆر خراپتربوه‌ له‌ پێش شۆڕش وه‌ك شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری روسیا 1917 دوای ئه‌وه‌ی شۆڕكرا و پاشتر ستالین ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست به‌ ملیۆنان كه‌سی كوشت و خۆشی تامردن له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات بو مردن له‌ كورسییه‌كه‌ی جیاكرده‌وه‌، ئێستا هه‌رێمی كوردستان به‌ قۆناغێكی گراندا پێده‌په‌ڕێت ئه‌ویش نامۆبون و بێزاری خه‌ڵكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌شداری سیاسی، ده‌سه‌ڵاتێكی بێباك موچه‌ی مانگانه‌ی كردۆته‌ وه‌رزانه‌ و گه‌نده‌ڵی هه‌ر چوار پێچكه‌كه‌ی حكومڕانی خواردوه‌، ئه‌وه‌ی له‌م بیست و سێ ساڵه‌دا ده‌سه‌ڵاتی جوتحیزبی كردویانه‌ زۆرینه‌ی حیزبۆكراتی بوه‌ نه‌ك دادپه‌روه‌ری و خۆشگوزه‌رانی، ئێستا زۆر به‌ی حیزبییه‌كانی بیست و سێ ساڵی رابردو خۆیان و منداڵیان موچه‌خۆرن و ماوه‌یه‌كی تریش خانه‌نشین ده‌كرێن و داهاتی ئه‌م نیشتیمانه‌ ده‌خۆن، به‌ڵام به‌هه‌زاران گه‌نجی ده‌رچوی زانكۆ له‌ ماڵه‌وه‌ كه‌وتون و بێهیوان و داهاتویان دیارنییه‌، زۆرینه‌یان توشی نامۆبون بون به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات و جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات، چونكه‌ سیاسییه‌كان له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ كاریان ناشیرینكردنی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات بوه‌، سیاسه‌ت واتا حیزب و حیزب واتا سیاسه‌ت، حیزب واتا ژیان و ئیمتیاز و ژیان و ئیمتیاز واتا حیزب، گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی دوای راپه‌ڕین بریتی بو له‌ شه‌ڕی ناوخۆی یه‌كێتی و پارتی له‌ پێناو پۆست و به‌هه‌زاران گه‌نجیان به‌ كوشتدا، گه‌ر له‌سه‌رده‌می به‌عس گه‌نجانێك رویان له‌هه‌نده‌ران كردبێت ئه‌وا دوای راپه‌ڕین به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆ و حیزبۆكراتی و شه‌ڕه‌په‌ڕۆوه‌ به‌هه‌زاران گه‌نج ناچار بون و رویان له‌ هه‌نده‌رانكرد.

تائێستا وه‌ك پێویست ده‌سه‌ڵات وه‌فای بۆ ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین نه‌بوه‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین بێوه‌فاییه‌ بۆ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین، چونكه‌ ئێستا شاری رانیه‌ له‌وپه‌ڕی بێ خزمه‌تگوزاریدایه‌، گه‌ر سه‌ردانی ناوه‌ندی شار بكه‌یت شه‌رم ده‌تگرێت ئه‌مه‌ لانكه‌ی راپه‌ڕین بێت، چونكه‌ ناو بازاڕو جاده‌كه‌ی له‌ پاشماوه‌ی به‌جێماوی جه‌نگ ده‌چێت بۆماوه‌ی دو ساڵه‌، شاری رانیه‌ خاوه‌نی مۆنۆمێنتێكی راپه‌ڕینه‌ و ته‌نیا بینایه‌ك و ره‌مزێكی به‌تاڵه‌ و به‌ناته‌واوی ماوه‌ته‌وه‌، ساڵی 1999په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری به‌ پاریزگابونی رانیه‌شی داوه، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره‌ به‌مردوی له‌ دایك بوه‌، له‌كاتێكدا مه‌رجه‌كانی به‌پارێزگابونی تێدایه‌و ژماره‌ی دانیشتوانی زیاتره‌ له‌ 350000كه‌س، مه‌رزی كێلێ له‌ قه‌ڵادزێ شایسته‌ و گونجاوه‌ بكرێته‌وه‌ تائێستا نه‌كراوه‌ته‌وه‌، شارۆچكه‌ی حاجیاوای سه‌ر به‌قه‌زای رانیه‌ گه‌وره‌ترین شارۆچكه‌ی كوردستانه‌ و ژماره‌ی دانیشتوانی زیاتره‌ له‌ شه‌ست هه‌زار كه‌س و له‌ به‌شێكی قه‌زاكانی كوردستان گه‌وره‌تره‌، زۆرینه‌ی مه‌رجه‌كانی به‌قه‌زابونی تێدایه‌وه‌ داواكارییه‌كی سه‌ره‌كی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌، به‌ڵام تائێستا نه‌كراوه‌ به‌قه‌زا، چوارقوڕنه‌ی سه‌ر به‌قه‌زای رانیه‌ش بازاڕێكی مۆدیرنی نییه ‌و زیاتر سیمای كۆنی پێوه‌یه‌ و تائێستا پشتگوێخراوه‌، ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ گونجاوه‌ بۆ كاری گه‌شتیاری به‌هۆی بونی سه‌وزای و ده‌ربه‌ندی ئاوی رانیه‌ ئه‌ویش پشتگوێخراوه‌، ده‌شتی بیتوێن له‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌شتێكی به‌پیتی كوردستانه‌ بۆ كشتوكاڵ و ساڵانه‌ به‌ده‌یان ته‌ن گه‌نم و جۆ و گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی لێده‌كرێت، به‌ڵام تائێستا پڕۆژه‌یه‌كی پیشه‌سازی لێنه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌هه‌مو مانایه‌ك ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌پێی پێویست ئاوڕی لێنه‌دراوه‌ته‌وه ‌و پشتگوێخراوه‌.

له‌م حكومه‌تی بنكه‌ ته‌سك و لوتكه‌ فراوانه‌دا حیزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌شدارن و كه‌مته‌رخه‌من له‌ ئاستی راپه‌ڕیندا به‌ پێی به‌شدار بونییان، نازانم چۆن له‌ڕوتان دێت ؟ له‌ 5/3دا و له‌ یادی راپه‌ڕیندا بێنه‌ رانییه‌و درۆو قسه‌ی زل بكه‌ن، هیوادارم ته‌پو تۆزی درۆكانتان وه‌ك ساڵانی رابردو به‌ری خۆر نه‌گرێت، هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی پێشو له‌م كه‌مته‌رخه‌مییه‌ به‌شدارن چونكه‌ جگه‌له‌ جوانكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی گوناهه‌كانی یه‌كێتی و پارتی هیچی ترتان پێناكرێت، ئۆپۆزسیۆنی پێشو خه‌ریكه‌ توشی شه‌كره‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت به‌هۆی شیرینی كورسی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، نامۆی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات روی له‌ زیادبونه‌ و له‌وانه‌یه‌ به‌ره‌و لایه‌كی توند بڕوات، بۆیه‌ هیچ هیوایه‌كم به‌م ده‌سه‌ڵاتی لوتكه‌ فراوان و بنكه‌ ته‌سكه‌ نییه‌ و راپه‌ڕینیان كرده‌ په‌یژه‌یه‌ك تا پێیگه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات دواتر عه‌ینه‌كی بێوه‌فاییان كرده‌ چاو به‌رامبه‌ر ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین،هه‌ر ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ له‌شه‌ڕی دژی داعشدا تا ئێستا 70 شه‌هیدی داوه‌ , له‌ كۆتایدا بێ ده‌ستكه‌وتی راپه‌ڕینتان باش به‌ڕاستی حكومه‌تێكی بێوه‌فاو لاوازمان هه‌یه‌ به‌رامبه‌رده‌ستكه‌وته‌كانی راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌؟!
Sbeiy.com © 2007