|
راپەڕین و ئامانجەکانی خەڵك |
نوسهر: فایەق سەرچناری
|
Thursday, March 5, 2015 |
دیارە هەتا زوڵم و چەوسانەوە و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی لە زیادبوندا بن ئەوا رقی خەڵك و هەڵوێست و بەرگری لەگەڵیا گەشە ئەکەن. بۆیە بەرهەمی راپەرینەکەی ساڵی 91یش کە خەڵکی کوردستان بە تێکڕا و بەیەك دەنگ دەستیان دایە چەك و ئەم رۆژە مێژوییەیان لە 5/3 لە شاری رانیەی پشدەرەوە دەستپێکرد، ئەو رۆژەش بوە تۆمارێکی مێژویی ونەتەوەیی گەلی کورد لە باشوری کوردستان و لەوێوە شۆڕبۆوە بۆ تێکڕای شارەکان و لە نەورۆزی هەمان ساڵیشدا توانرا کەرکوکیش رزگاربکرێ بە ئیرادەی خەڵك.
لێرەوە هیواو ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان بە تێکڕا هاتەدی و هەستی نەتەوەبون و یەکڕیزی و پاراستنی کوردستان بوە یەکەم ئامانجی هەمو میللەت بە تێکڕا، سەرەڕای ئەوەی خانەوادەی شەهیدەکانیش زیاتر لەخەڵك بە پەرۆشتر بون بۆی و ئەو هەستەیان لا دروست بو کە مەدالیای شەرەفێکی گەورەیان پێ بەخشراوە بۆ رزگاربون لە زوڵم و زۆر و چەوسانەوە لەدەست رژێمی ئەوکاتەی بەعس، کە ئەوەی خواو ئاین و مرۆڤایەتی پێی ناخۆش بو بەسەر گەلی کوردا هێنایان لە باشوری کوردستاندا لەماوەی حوکمڕانی مێژوییاندا.
لێرەوە دەسەڵات کەوتە ژێردەستی کورد خۆی لەم بەشەی کوردستاندا و هەر دوای ماوەیەکی کورت ئەوەبو خەڵکی کوردستان کۆڕەوەکەی دەستپێکرد دوای ئەوەی رژێم هێرشی چەندین ناوچەیی و بەرفراوانی کردە سەر کوردستان. نزیکەی دەساڵ گەلی کورد لەباشوری کوردستان لەژێر فشاری شەڕی ئابوری رژێمی عێراقدا مایەوە و توشی کارەساتی برسێتی و گرانی بۆوە. ئەوەی جێی ئاماژەیە دو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستان هەر لەوکاتەوە بگرە تا ئەمڕۆش دامودەزگاکان بەڕێوە ئەبەن و نەیانتوانیوە وەك پێویست خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن، بەڵکو ئەوەی هەوڵیان بۆ داوە کۆکردنەوەو بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیان و باشکردنی بارودۆخی ئابوری خۆیان بوە. ئەوەندەی لە هەوڵدا بون بۆ مەبەستی تایبەتی نیو هێندە لەخەمی ئەم میللەتەدا نەبون و گوێیان پێ نەداوە.
هۆکاری باش بەڕێوەنەبردن و گوێنەدان بە ئیرادەی خەڵك بێزاریەکان هەر لەسەرەتاوە دەستی پێکرد کەموکوڕیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم رۆژبەڕۆژ زیادبونیان بەخۆیانەوە ئەبینی، بۆیە سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان لە 25/07 ئەمەش خۆی لە خۆیدا راپەڕینێکی جەماوەری بو لە دژی گەندەڵی و بەهەدەربردنی سەروەت و سامانی خەڵك بۆ بەرپرسان و دابەشکردنی زەوی و زاری کوردستان بۆ دەستڕۆیشتوەکانی ناو ئەم دو حیزبە. لەملاشەوە کەوتنە کون کونکردنی بست بە بستی ئەم نیشتیمانە بۆ دەرهێنانی سامانی نەوت، بەبێ ئەوەی داهاتەکەی دیاربێ بۆ خەڵك وە هەر ئەو نەوتەش کاریگەری زۆری دانا بۆ داڕمانی ژێرخانی ئابوری کوردستان و لێرەوە کەرتی کشتوکاڵی و بوژانەوەش پەکی کەوت.
ئەوەتا ئەمڕۆش لەوەتەی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداربوە لەم حکومەتە هاوبەشەدا ئەوەی بەڵێنەو دراوە بە خەڵکی دەنگدەر هەرچەند هەوڵی زۆر ئەدرێ، بەڵام دو هێندە رێگریش ئەکرێ، چونکە ئەم دو حیزبە پێمانوانیە بیانەوێ چاکسازی لە هەرێمی کوردستاندا بکرێ، بۆیە پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا بکاو هەوڵی باشترکردنی دۆخەکەو گوزەرانی خەڵکیش لەبەرچاو بگرێ ئەمە پێویستیەکی حەتمیە. بۆیە ئەوەی ماوە بەڕاستی و بێ دودڵی بیڵێین ئەوەیە، کە خەڵکی کوردستان لەدوای راپەڕینەوە ئامانجەکانیان وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە و ئەم دو حیزبەی دەسەڵاتیش زۆر خەمساردبون لەبەرامبەر کۆی داخوازی خەڵکی کوردستاندا. |
|
|