Print
 
 راپه‌ڕین چی‌ نه‌كرا
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Thursday, March 5, 2015

راپه‌ڕینی‌ 1991 ی‌ باشوری‌ كوردستان، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ كوه‌یته‌وه‌ زه‌مینه‌ی‌ زۆرباشی‌ بۆ ره‌خسا بو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش وه‌ك پێویست به‌ری‌ راپه‌ڕینه‌كه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌ گشتیه‌كه‌ نه‌چنرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ هۆی‌ دو خاڵی‌ سه‌ره‌كیه‌وه‌.

یه‌كه‌م: نه‌بونی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ ته‌واو له‌ نێوان لایه‌نه‌كانی‌ نێو به‌ره‌ی‌ كوردستانی‌ و ناڕێكی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ حیزبه‌كان و هه‌ڵپه‌ی‌ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ دام و ده‌زگاكانی‌ به‌عس و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی‌، له‌بری‌ درێژه‌دان به‌ راپه‌ڕین و پاراستنی‌ ئه‌وه‌ی‌ هاتوه‌ته‌ ده‌ست و لێدانی‌ سه‌نگه‌ری‌ به‌رگری.

دوه‌م: تاڵان و بڕۆ و شڕه‌خۆری‌ له‌ راده‌به‌ده‌ر، ئه‌مه‌ش به‌ ته‌واوه‌تی‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ چه‌كدارانی‌ كوردی‌ ئاڵانده‌ ئه‌وه‌ی‌ چیان ده‌سده‌كه‌وێ‌ و چی‌ ده‌به‌نه‌وه‌ نه‌ك به‌رگری‌ كردن.

ئه‌و دوهۆكاره‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ هه‌ندێك له‌ جوانی‌ سیماكانی‌ راپه‌ڕینیان كاڵكرده‌وه‌، لێ‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش راپه‌ڕین كوردی‌ له‌ مرۆڤی‌ خه‌ڵك خاوه‌نه‌وه‌ كرده‌ مرۆڤی‌ خۆخاوه‌ن، ئه‌مه‌ش زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌رنه‌ته‌وه‌و گه‌ل و گروپێك لێوه‌ی‌ بچنه‌ دیرۆكه‌وه‌، به‌ر له‌ راپه‌ڕین به‌ سێ‌ ساڵ، كورد روبه‌ڕوی‌ زه‌برو زه‌نگ و ئه‌نفال و سڕینه‌وه‌ ببوه‌وه‌، هه‌مو بواره‌كانی‌ هه‌ناسه‌ دان و ژیانكردنی‌ لێگیرا بو، نزیكه‌ی‌ 100%ی‌ هه‌مو گونده‌كان و ده‌یان قه‌زاو ناحێ‌ وێرانكرابون، كورد له‌ شاره‌گه‌وره‌كان و ئۆردوگا سایگۆنیه‌كان وه‌ك كۆیله‌و ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌ژیاو هه‌مو بونێكی‌ لێ‌ زه‌وتكرابو، ئه‌وه‌ش كوردی‌ له‌ مرۆڤێكی‌ ئازاده‌وه‌ كردبو به‌ مرۆڤێكی‌ ئه‌و خاوه‌ن و ده‌سته‌مۆو دیل، راپه‌ڕین ئه‌و كۆته‌ی‌ شكاند و كوردی‌ كرده‌وه‌ خاوه‌نی‌ خۆی‌، به‌ڵام ته‌واوی‌ ئامانجه‌كانی‌ راپه‌ڕین به‌دی‌ نه‌هاتن و هه‌نگاوه‌كان له‌ شوێنێكدا وه‌ستان، هه‌رئه‌مه‌ش وای‌ كرد دواتر كاره‌سات و نه‌هامه‌تیه‌كانی‌ دوای‌ راپه‌ڕین ئازارێكی‌ زۆری‌ مرۆڤی‌ كورد بده‌ن، خه‌ونی‌ خۆخاوه‌نی‌ هه‌رئه‌وه‌نیه‌ ئیدی‌ ده‌ستی‌ سته‌مكارت له‌ سه‌ر لاچێت و سته‌مكاری‌ دیكه‌ت لێهه‌ڵتۆقێن، خه‌ونی‌ خۆخاوه‌نی‌ هه‌نگاو نانه‌بۆ نێو كوچه‌كانی‌ مێژو، به‌شداری‌ كردنه‌ له‌ مێژودا، ئه‌وه‌ی‌ تا ئێستا ئێمه‌ هیچمان له‌و باره‌یه‌وه‌نه‌كردوه‌، ئه‌گه‌ر راپه‌ڕین له‌ هه‌ناوی‌ خۆیدا فۆڕم و چوار چێوه‌یه‌كی‌ دانپیانراوی‌ بۆ مرۆڤی‌ كورد دروستكردباو كوردی‌ له‌ باشوری‌ كوردستان بۆ هه‌تا هه‌تا له‌ سته‌می‌ سته‌مكاران دور خستبایه‌وه‌، ئه‌وده‌م ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ راپه‌ڕین له‌ خۆخاوه‌نی‌ هه‌میشه‌یی‌ به‌ دی‌ ده‌هات، هه‌ر ئه‌مه‌ ئه‌و كاره‌یه‌ كه‌ له‌ راپه‌ڕیندا نه‌مانكردوه‌، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ تا ئێستاو له‌ دوای‌ 24 ساڵ هێشتا راپه‌ڕین به‌ نیوه‌ چڵی‌ بمێنێته‌وه.

پرسی‌ خۆخاوه‌نی‌ و له‌ سه‌رپێی‌ خۆوه‌ستان پرسێكی‌ هه‌روا ساده‌و ساكار نیه‌ كه‌ هه‌ندێ‌ جار وه‌ك كه‌ف و كوڵی‌ سۆزدارانه‌ ده‌ربڕدرێت و دواتر هه‌ڵبگیرێ‌ بۆ ساڵێك و بۆنه‌یه‌كی‌ دیكه‌، ئه‌م پرسه‌ پرسی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ به‌ خوێنی‌ شه‌هیدان و نزای‌ دایكان و هه‌راو راپه‌ڕین و شۆڕشه‌كانی‌ كورد به‌ درێژای‌ دیرۆك، ئه‌م بابه‌ته‌ خه‌ونی‌ شاعیرانه‌ نیه‌و بۆ ئه‌وه‌ش نیه‌ سه‌ركرده‌و به‌رپرسێكی‌ ئه‌م حزب و ئه‌و حزب ده‌نگی‌ پێكۆبكاته‌وه‌و سۆزی‌ خه‌ڵكی‌ كورد بۆ خۆی‌ په‌لكێش كات، پرسی‌ خۆخاوه‌نی‌، پرسی‌ بونه‌ خۆو بونه‌ خاوه‌نی‌ ناسنامه‌و شوناسه‌، كه‌ تا ئێستا له‌ هیچ پارچه‌یه‌كی‌ كوردستان ئه‌و پرسه‌ به‌ دی‌ نه‌هاتوه‌، به‌م به‌شه‌ی‌ باشوری‌ كوردستانیشه‌وه‌ كه‌ زۆر بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، 24 ساڵه‌ خۆمان خۆمان به‌رێوه‌ ده‌به‌ین.

ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ‌ ببینه‌ خاوه‌نی‌ راپه‌ڕینێكی‌ راسته‌قینه‌و له‌ سه‌ر پێی‌ خۆمان بوه‌ستین پێویسته‌ كار بۆ سه‌پاندنی‌ ئه‌م فۆڕمه‌ بكه‌ین له‌ دنیاداو هه‌مو هه‌نگاوه‌كانی‌ گه‌یشتن به‌ دوائامانجی‌ راپه‌ڕینه‌ ته‌واو نه‌كراوه‌كه‌ بگرینه‌به‌ر.
Sbeiy.com © 2007