Print
 
 روداوەکەی پەرلەمانی کوردستان
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Saturday, March 28, 2015

(هێرشکردنە سەر کاک عەلی هێرش کردنە بۆ سەر بەندە، یاسا و ئازادی رادەربڕین)

کاتێ لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە کەناڵاکانی راگەینادن روداوەکەی پەرلەمانم بینی کە تێیدا دو ٢ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی زەرد بە شەق و بۆکس هێرش دەکەنە سەر پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان، وشەی حەسیرمەیدانم هاتەوە یاد، ئەمە ئەو وشەیە بو کە سەرۆکی خولێکی پەرلەمان بۆ سزادانی  ئەندام پەرلەمانەکانی بە کاریهێنا. بۆیە پێدەچێت ئەو قسەیە کاریگەری لەسەر عەقڵیەتی هەندێ کەس دانابێت و بە رێگەی گونجاوی بزانن بۆ بێدەنگ کردنی ئەو کەسانەی وەک ئەوان بیر ناکەنەوە.

گرتە ڤیدیۆیەکە دەری دەخات ئەم کردەوەیە لە روی یاساییەوە جونحەو بە تاوانی بینراو (جریمە مشهود) دادەنرێت، بەبەرچاوی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارانەوە روی داوە، دەتوانرێت راستەوخۆ ئیجرائات لەگەڵ ئەو دو پەرلەمانتارە بکرێت و بۆ سزادانی قورستر پێویستە حەسانەی پەرلەمانیان لێبسەندرێتەوە.

ئایا ئەم دەستدرێژیە بەرنامە بۆ داڕێژراو بوە؟ چۆنیەتی رودانی روداوە ئەوە دەگەیەنێ کە ئەم دەستدرێژیە پلان بۆ داڕێژراو بوە، لەبەر ئەوەی:
١- ئامادەبونی پێشوەختی ئەو دو پەرلەمانتارەی زەرد لەو کاتە و لەو شوێنە. دەقاودەق لە پلانی دو مێرمردمناڵ دەچێت دژ بە یەکێکی تر.
٢- نوسینەکان و رەخنە یاساییەکانی پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح دەربارەی سەرۆکی هەرێم.
٣- بێدەنگی فراکسیۆنی زەرد لە روداوەکە و نەکردنی هیچ ئیجرائاتیک لەگەڵ ئەو دو پەرلەمانتارە. ئەم فراکسیۆنە روداوەکە وەک شەڕێکی ئاسایی نێوان دو کەس باس دەکات نەک وەک دەستدرێژی.

فراکسیۆنی زەرد ئەرکی بو بەر لە هەمو کەس سەرکۆنەی ئەو دو پەرلەمانتارە بکات و داوای لێبوردن بکات، نەک چاوەڕوانی بڕیاری لیژنەی پەرلەمانی بکات.

هێڵی سور

بە کارهێنانی ئەم دەستەواژەیە لەم هەرێمەی ئێمەدا لە جێی خۆی نیە، لە لایەک رەخنەگرتن و سوکایەتی پێکردن تیکەڵ دەکرێن، لە لایەکی ترەوە تیگەیشتن بۆ ئەم چەمکە تێگەیشتنێکی هەڵەیە. جگە لە شەهیدان و نیشتمان و ئاڵاکەی کەس هێڵی سور نیە، دەکرێت رەخنەیان لێ بگێری و ناکرێت لە یەک دەسەڵات و پۆستدا بمێننەوە، رەخنەکان لە پۆستەکە و جۆنیەتی بە کارهینانی دەسەڵاتە لەو پۆستە نەک خودی ئەو کەسەی لە پۆستەکەدایە.

لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە نە کەس تا سەر سەرۆک و سیمبۆلە، نەکەسیش هێڵی سورە:
١- ماندێدلا وڵاتەکەی گەیاندە ئەو قۆنا‌غەی کە دونیا ناچار بو وەک سیمبۆلی ئازادی بڕوانێتە ئەو سەرکردەیە. بەرپرسەکانی کورد نەک ئەمەیان نەکردوە بەڵکە کوردستانیان توشی قەیرانی یەک لە دوای یەک کردوە.
٢- بە هەربیانو و هۆیەک بێت ئەم بەرپرسانەی هەرێم هاوکاری دوژمنی کوردیان کردوە و دەستیان لەگەڵ تێکەڵ کردوە.
٣- ئەم بەرپرسانەی ئێستا دەستیان هەبوە لە بریاردانی شەڕی ناوخۆ و تێیدا کورد توشی ماڵوێرانی بوە.

چارەسەر
پێویستە پەرلەمانی کوردستان، سەرکردەی حیزبە سیاسیەکان و مەکتەبی سیاسیەکان پێشوەخت بوێرانە دەست بۆ ئەو پرسە گرنگانە بەرن، کە دەبێتە هۆی نائارامی لە هەرێمەکەمان و کێشەی بۆ دروست دەکەن، گرنگترینی ئەو پرسانە:
١- دەستوری هەرێم
٢-سیستەمی حوکمڕانی (پەرلەمانی، سەرۆکایەتی یان تێکەڵ) یان هەر جۆریکی تر.

دوا گوتە
ئەو واقیعە پڕ قەیراناویەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان دەری دەخەن کە هەمو ئەوانەی لە ساڵانی رابردودا حوکمڕانی ئەم وڵاتەیان کردوە حوکمڕانێکی تەندروستیان نەکردوە، بۆیە جێی خۆیەتی رێگا چۆڵکەن بۆ ئەو سەدان کەسەی کە لە ناو کۆمەڵگەدا بونیان هەیە و لە توانایاندا هەیە ئەم هەرێمە زۆر باش بەڕێوە بەرن. ئەگەر پێیانوایە کەس ناتوانێ چیگرەوەیان بێت، ئەوا ئەوان هەم مامۆستایەکی خراپ بونە، هەم تاکڕەوانە و شێلگیرانە کاریان بۆ کورسی کردوە.

بەڵام لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا بەندە رای وایە گوێ لەیەک بگرین و یەکتر بخوێنینەوە و رای یەک قبوڵ بکەین، ئەوەی لای من پیرۆزە نەی سەپێنم بەسەر تۆدا. لێدوان لەگەڵ عەلیەکان بکەین نەک هێرش بکەینە سەریان.  
Sbeiy.com © 2007