|
ئەزمونى بەمەدەنیبون! |
نوسهر: د.تاڤگە ئەحمەد میرزا
|
Sunday, April 5, 2015 |
پرۆژەى هاریکاریى و هاوبەشى هاوڵاتى لە بونیاتنانى بنەماکانى دیموکراسى قوڵبونەوە و رۆچونە نێو کایە زیندەییەکانى(کۆمەڵایەتى ـ سیاسى) کۆلکەى هاوبەشى نێوان رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و هاوڵاتییە.
بەرفراوانبونى ئەم کایەیە و هاوبەشى هاوڵاتیان لە پرۆسەى گەشەپێدانى کۆمەڵایەتى و ئابورى و دیموکراسى و چەسپاندنى توانا گشتیەکان، چاکترکردنى ژینگەى یاسایى و رێکخراوەیى و تواناکان کە رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى راستەوخۆ و خۆبەخشانە لەم چوارچێوەیەدا کارى تێدا دەکەن.
ناوەرۆکى کارى رێکخراوە ناحکومیەکان بریتیە لە گەشەپێدانى رێکخراوەیى و رێکخستن و بەگەڕخستنى توانا و پلانى گونجاو بۆ برەوپێدانى توانا و ئاستى رێکخراوەکان.
دەشێ کارى جەوهەرى رێکخراوەیى لە شەش بواردا چڕبکەینەوە: (فەرمانڕەوایى و سەردەستەیى، توانا مرۆییەکان، سیستم و بەپرۆسێسکردنى کار و ئیدارەدان، بەڕێوەبردن و سامانە ماڵیەکان، پلان و جێبەجێکردنى بەرنامە، پەیوەندى دەرەکى، بەرگریکردن لەخۆ).
حیزبى سیاسى، رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى، دەستاودەسکردنى هێمنانەى دەسەڵات، سیانەیەکى گرنگى نێو هەر کۆمەڵگەیەکن دەرئەنجام چالاکى و کاریان مرۆڤ و گەشەپێدانى مرۆیی و بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیاریى و هۆشمەندى هاوڵاتیە، وەک بەڵگە نەویستێک هەردەم حیزب و رێکخراوەکان هاندەرو هاوکارى یەکن بەتایبەتى رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى هەمیشە رێنیشاندەر و چاوساغى ئەداى حیزب و کارەکانی بوە، لە کۆمەڵگەى زیندودا هەرگیز حیزبى تاکڕەو موقەدەس دروست و تەبەنى ناکرێت، چاوى شەقام و راى گشتى و فشارى رێکخراوەکان سەنتەرى دروستکردنى بڕیاردەبن بۆ ئاراستەکردنى سیستمى سیاسى، بەتایبەت لە کۆمەڵگەیەکدا کە تاک وەک هاوڵاتى خودى خۆى دۆزیوەتەوە.
هەڵسەنگاندنى هەر پارت و رێکخراوێکى سیاسى پێوەرى راستەقینە برێتیە لە ئەدەبیاتى سیستمى سیاسى ئەو پارتە و ئەنجامدانى کارە گشتیەکان کە پێویستە کارى لەسەر بکات ئەو کاتەى لە دەسەڵاتە یاخود ئۆپۆزسیۆنە، کارە بنەڕەتیەکان بریتین لە: (پشتگیریى شەرعیەت، گەشەپێدانى مرۆیى، یەکبونى نەتەوەیى، کۆکارى سیاسى، تەجنیدى سیاسى).
حیزبى سیاسى فاکتەرێکى گرنگى گەشەپێدانى سیاسیە وەک چۆن سیاسەتى پیشەسازى ناوەرۆکى گەشەپێدانى ئابوریە، بەهەمان شێوە حیزب و سیستمى حیزبى تەعبیرە لە پلەى گەشەپێدانى سیاسى لەنێو سیستمى سیاسیدا.
گرنگى رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى هیچى لە حیزب و پارتە سیاسیەکان کەمتر نیە، بگرە بەشێکى زیندووى گەشەپێدانى سیاسین لە نێو کۆمەڵگەى هۆشیاردا.
بەراوردێک لەنێوان پێوەرو بەرنامەى حیزبى سیاسى و رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى بکرێت کارى هاوبەش و ناوکۆییان تواناو گەشەپێدانى مرۆییە، لە نێو هەر کۆمەڵگەیەکدا. ئەوکاتەى پێوەرەکان ئاست و رێچکەى راستەقینەى خۆى وەرگرت، دەبینیین بەرنامەى سیاسى هەر حیزبێک ئامانجى سەرەکى ئارامى و ئاسودەیى مرۆڤە، پەروەردەکردنى راستەقینەى مرۆڤە، ساغڵەمى و تەندروستى باشى مرۆڤە، دەستەبەرکردنى خزمەت و خزمەتگوزارى مرۆڤە، چەسپاندنى دادپەروەریى و یەکسانى مرۆڤە، چونیەکى هەموانە لەبەرامبەر سەروەرى یاسادا، لە هەموى گرنگتر هینانە کایە و برەودانە بە بڕوابونى حیزبى سیاسى لە پرۆسە گرنگەکانى بەرنامەى کار باوەڕبوونە بەدەستاو دەسکردنى هێمنانەو ئاشتیانەى دەسەڵاتە!...
ئەوەى لە کوردستان پەیڕەو دەکرێت دەتوانم بڵێم هێشتا سەرەتایە بەنمونە نزیکەى ساڵێک زیاترە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کراوەتا بەئەمڕۆ دەستاودەسکردنى هێمنانەى دەسەڵات بە تەواوى بەئاکام نەگەیشتوە.
نمونەیەکى تر نزیکەى ساڵێکە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان ئەنجام دراوە دیسانەوە دەستاودەسکردنى هێمنانە و ئاشتیانەى دەسەڵات جێگەى مشتومڕ و نەگەیشتنە بە ئاکام و ئامانجى کۆتایى هەڵبژاردنەکان.
نامەوێت بڵێم رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان بە ئەرک و کارى خۆیان وەک پێویست بەرنامە و ئامانجیان کارتێکەر و کارلێکراو ئاوێتە بە راى گشتى نەبوە، فشاریان هەبوە، راو راى جیاوازیان هەبوە، رەخنە و بەدواچونیان هەبوە، لێ ئەوە حیزبەکانن پێوەرى کار و بەرنامەى هەڵبژاردنى خۆیان رەنگدانەوەى واقیعى نیە، هێشتا عەقڵیەتى حیزب لەم هەرێمەدا پێویستى بەڕاچەنیین هەیە، هەربۆیە بەرنامەى سیاسیان نەیتوانیوە سیستمێکى سیاسى ساغڵەم بەرهەم بهێنێت!...
گرنگە ئەزمونى رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى لەلایەن حیزبەکان بەهەند وەربگیرێت، چونکە دواجار هەردولا دروشم و ئامانجى کۆتایى رێگەیان لەرێگەی ىسندوقەکانى هەڵبژاردنەوە دەستاودەسکردنى ئاشتیانە و هێمنانەى دەسەڵات کۆلکەى هاوبەشەیانە، کە برێتیە لە گەشەپێدانى توانا مرۆییەکانى هاوڵاتی لەنێو کۆمەڵگەدا!...
* ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق
|
|
|