Print
 
 ئه‌گه‌ر مام جەلال بتوانێت
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Sunday, April 5, 2015

دوای نزیکه‌ی دو ساڵ و نیو له‌ نه‌خۆشکه‌وتنی به‌ڕێز مام جەلال و چاره‌کردنی چڕوپڕ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ڕێزی له‌ دۆخێکی ته‌ندروستیدا گیرساوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌پێی پێوه‌ره‌ پزیشکیه‌کان ئه‌گه‌ری چاکبونه‌وه‌ی ته‌واوی نیه‌، مایه‌ی دڵخۆشیه‌ که‌ باری ته‌ندروستی ئێستای جێگیره‌ و خراپتر نه‌بوه‌.

له‌ سه‌ره‌تای نه‌خۆشکه‌وتنه‌که‌ی مه‌سه‌له‌ی خاوه‌نداریه‌تی یه‌کێتی ئه‌وه‌نده‌ به‌رچاو و زه‌ق نه‌بو، کاتێک ده‌رکه‌وت که‌ مام جەلال وه‌ک جاران ناتوانێت کاری سیاسی بکات و یه‌کێتیی به‌ڕێوه‌ببات ئیتر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بوه‌ بابه‌تێکی گه‌رمی ئه‌وانه‌ی ره‌وا و ناڕه‌وا خۆیان به‌خاوه‌نی یه‌کێتی و ئیرسی مام جەلال ده‌زانن. ئه‌م گه‌رمبونه‌ ململانێیه‌کی خه‌ستی لێکه‌وته‌وه‌ و گه‌یشته‌ ئاستێک که‌ دو جێگره‌که‌ی مام جەلال و چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌کی تری یه‌کێتیی له‌ سایه‌ی مێژو و به‌ناوی چاکسازیه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی پشکێکی گه‌وره‌ له‌ خاوه‌نداریه‌تی یه‌کێتی و ئیرسی مام جەلال بکه‌ن. له‌ به‌رامبه‌ردا گروپێکی تری ناو یه‌کێتیی به‌نه‌فه‌س و زه‌مینه‌ی هه‌ندێک جیاواز له‌ گروپی یه‌که‌م خۆیان به‌ یه‌که‌م خاوه‌نی ره‌وای یه‌کێتی ده‌زانن، که‌سێک نیه‌ بتوانێت ئینکاری رۆڵ و قوربانیه‌کانی ئه‌م گروپانه‌ ‌له‌ خه‌باتی کورد و له‌ به‌هێزکردنی پێگه‌ی یه‌کێتی بکات. له‌ غیابی سیاسی و رێکخراوه‌یی مام جەلال دا و تا ئه‌م ساته‌ش ئه‌و دو گروپه‌ نه‌یانتوانیوه‌ به‌رێگه‌ی دیالۆگ و سازان کێشه‌کانی نێوانیان رێکبخه‌ن و به‌یه‌که‌وه‌ پێگه‌ی دروستی حیزبه‌که‌یان دارێژنه‌وه‌. لێره‌دا ناشیت رۆڵی ئه‌رێنی قاعیده‌ی یه‌کێتی له‌ راگرتنی پێگه‌ی حیزبه‌که‌یان پشتگوێ بخرێت، بوێرانه‌ و راشکاوانه‌ ره‌خنه‌ و گله‌یی خۆیان ئاراسته‌ی سه‌رکرده‌کانیان ده‌که‌ن و رێگه‌چاره‌ ده‌خه‌نه‌ به‌ر ده‌میان.

هه‌رچه‌نده‌ بانگه‌شه‌ی مافی خاوه‌نداریه‌تی ئه‌م دو گروپه‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی ناوخۆی یه‌کێتیه‌، به‌ڵام ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاوی له‌ پێگه‌ی ئێستای یه‌کێتی له‌ حوکمڕانی و هاوسه‌نگی هێز و روبه‌روبونه‌وه‌ی جدی کێشه‌ گه‌وره‌کانی ئیستای باشوردا هه‌یه‌. یه‌کێک له‌ ئاکامه‌ هه‌ستیاره‌کانی ئه‌و ره‌نگدانه‌وه‌یه‌‌ په‌نابردنی جه‌مسه‌ره‌ ناکۆکه‌کانی ناو یه‌کێتییه‌ بۆ جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی و هێزه‌کانی تر، تایبه‌ت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، تا ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی خۆیان له‌ ململانێكانیاندا به‌هێزتر بکه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌و گروپه‌ی‌ که‌ بۆیان نالوێت وه‌ک جاران له‌ناو یه‌کێتیی و له‌ ده‌ره‌وه‌ی گوزه‌ر بکه‌ن راشکاوانه‌ دڵگرانی و نیگه‌رانیه‌کانی خۆیان به‌یان ده‌که‌ن، هاوکات ده‌رکیش ده‌که‌ن به‌وه‌ی تادێت کاڵبونه‌وه‌ و په‌راوێزکردنیان به‌زه‌بری پرۆسه‌یه‌کی داڕێژراوی گروپێکی ده‌سترۆیشتوی ناو یه‌کێتیی به‌ڕێوه‌ده‌چن.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی دۆخی سیاسی و حو‌کمڕانی له‌ پله‌ی یه‌که‌مدا به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حیزبی و تایبه‌تیه‌کانه‌وه‌ خۆشه‌کراوه‌ و راگیراوه‌، مه‌خابن ده‌بینین ئه‌و دۆخه‌ له‌باره‌ بۆ جه‌مسه‌رگه‌ری ناڕه‌وای سیاسی و ئابوری و پاشقولگرتن و هاوپه‌یمانی ژێربه‌ژێر و لاوازکردنی یه‌کتر، کارته‌کان ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆز تیكه‌ڵ و پێکه‌ڵ بون که‌ بۆ مامه‌ڵه‌ و ره‌فتاری دروست پێویست به‌ وردی و هوشیاریه‌کی زۆر ده‌کا.

به‌ڕێز مام جەلال ماوه‌یه‌کی کورت پێش نه‌خۆشکه‌وتنی ده‌رکی ته‌واوی به‌و‌ راستیانه‌ کردبو، راشکاوانه‌ له‌ بازنه‌یه‌کی داخراودا رایگه‌یاندوه‌ که وێرای ئه‌وه‌ی هاوکاری و به‌یه‌که‌وه‌ کارکردنی هێزه‌کانی باشوری کوردستان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی کورد به‌پێویستیه‌کی مێژویی ده‌زانێت، وه‌لێ ئه‌م واقیعه‌ سیاسیه‌ باوه‌ری توندی به‌گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی له‌ دۆخی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسی و حوکمڕانی باشور له‌ق نه‌کردوه‌ و ده‌بێت ئه‌و هێزانه‌ی باوه‌ڕی جدیان به‌و جۆره‌ ‌گۆڕانکاریه‌ هه‌یه‌ به‌یه‌که‌وه‌ کاری بۆ بکه‌ن.

مام جەلال وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارێکی زۆر لێهاتو و شاره‌زا له‌ ئیداره‌دانی ململانێکاندا و سه‌ره‌ڕای گرژی و توندی له‌ گه‌ڵ گۆڕاندا یه‌که‌م هه‌نگاوی سه‌ره‌کی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ره‌و گۆڕان و دۆستی دێرینی به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا بو. یه‌که‌م ئاماژه‌ی فه‌رمی ئه‌م دیده‌ ستراتیژیه‌ له‌ رێکه‌وتنی ده‌باشاندا ره‌نگی دایه‌وه‌. دواتر، مام جەلال، به‌چه‌ند رۆژێک پێش نه‌خۆ‌شیه‌که‌ی جه‌ختی له‌ کاری هاوبه‌شی له‌ گه‌ڵ گۆڕان کردۆته‌وه‌‌ و لێکتێگه‌یشتنێکی دو لایه‌نه‌ی به‌هێزی لێکه‌وتۆته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی دوای نه‌خۆشکه‌وتنی مام جەلال لێکدانه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ رێکه‌وتنی ده‌باشان ده‌کرد مه‌به‌ستیان بو له‌ سایه‌ی نه‌خۆشیه‌که‌دا له‌ گۆمێکی لێڵدا راوی خۆیان بکه‌ن و ئاراسته‌ ستراتیژیه‌کانی سکرتێری گشتی به‌زه‌بری قورسایی نه‌خۆشیه‌که‌ی‌ بشێوێنن. هه‌رچۆنێک بێت ئه‌و قۆناغه‌ و گه‌مه‌ سیاسه‌کانی گوزه‌شتن و زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌م به‌ره‌ی گۆڕانکاری بو له‌ دۆخی باشوری کوردستان.

دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆ پارله‌مان و پارێزگاکان و ده‌ستبه‌کاربونی کابینه‌ی هه‌شت واقیعێکی نوێ به‌رپا بوه، واقیعێک ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت ‌مه‌ترسی زیاتر له‌سه‌ر حوکمڕانی هاوبه‌ش و هاوسه‌نگی هێز له‌ باشور دروست ده‌کات.

بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ پێویست ده‌کات جه‌مسه‌ره‌ ناکۆکه‌کانی ناو یه‌کێتی بۆ پێکهاته‌ فره‌ مینبه‌ری سه‌ره‌تاکانی حیزبه‌که‌یان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌کی گونجاو له‌ گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا دایڕێژنه‌وه‌، له‌و سه‌نگ و پێگه‌یه‌وه‌ ئاکارێکی کارکردنی هاوبه‌ش له‌ گه‌ڵ گۆڕان سازبکه‌ن و له‌سه‌ر ئالیه‌تی ئه‌و هاوبه‌شیه‌ و به‌ڕێوه‌بردنی رێککه‌ون. بێگومان ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌بێت دڵنیایی به‌ لایه‌نه‌کانی تر، تایبه‌ت پارتی، بدات که‌ مه‌به‌ست لێی به‌رفراوانکردنی بنکه‌ی حوکمڕانیه‌ له‌ پراکتیکدا و به‌نیشتمانیکردنی پرسه‌ گه‌وره‌کانه، هاوکاتیش ئه‌و ئاکاره‌ زه‌مینه‌یه‌کی تۆکمه‌تر بۆ حوکمڕانیه‌ لۆکاڵیه‌کان له‌ ده‌ڤه‌ره‌کانی سلێمانی و گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ سازده‌کات،‌ له‌ ئاکامی کۆی گشتیدا پرۆسه‌که‌ ئارامی و ئاسایشی تۆکمه‌ بۆ باشور دابین ده‌کات.

ئه‌گه‌ر به‌ڕێز مام جەلال له‌ دۆخێکدا بێت‌ بتوانێت ئاراسته‌ ستراتیژیه‌کانی بۆ کاری هاوبه‌ش به‌رجه‌سته‌ بکات و ئه‌و لێکتێگه‌یشتنانه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌نجام دراون بخاته‌ڕو، ئه‌وا دڵنیام که‌سێک نیه‌ له‌ناو یه‌کێتیدا بتوانێت رێگری له‌و کاره‌ بکات.
 
Sbeiy.com © 2007