|
سایکۆلۆژیای فەندەمێنتالیزم |
نوسهر: ئاریان رەشید شەریف
|
Tuesday, April 14, 2015 |
تێگەیشتنی چەمکی فەندەمێنتالیزم و راڤەکردنی ئەدگارو خەسڵەتەکانی لە ئەمڕۆدا ئەرکێکی گرنگی روناکبیران و توێژەرانی بواری سیاسەت و سایکۆلۆژیاو کۆمەڵناسییە. ئەمڕۆ لە هەموکات زیاتر کۆمەڵگای مرۆیی روبەڕوی مەترسی راڤە توندوتیژو لێکدانەوە سەختگیرەکانی ئایین دەبێتەوە، گروپ و دەستە فەندەمێنتالەکان بە هەڕەشەی گەورەو مەترسیدار بۆ سەر شارستانیەت مەدەنییەت و بیری ئازاد دادەنرێن، کە لە ئەمڕۆدا دەرئەنجامی سیستمی دژە ئینسانی سەرمایەداری و بێباکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئاستی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و زیادبونی کەلێنی گەورەی چینایەتی لەنێو دەوڵەتانی قەیراناوی رۆژهەڵات و سەرهەڵدانی پوچگەراییەکی کوشندە لەنێو دەوڵەتانی پێشکەوتوی رۆژئاوایی، ئەگەری سەرهەڵدانی توندوتیژی و وێرانکاری لە هەمو کاتێکی تر زیاتر لە ئارادایە.
ئەگەر لە رابوردودا فەندەمێنتالیزمی ئیسلامی تەنها گوزارشتی لە کۆمەڵگای ئیسلامی و دەوڵەتە ئیسلامییەکان کردبێت بە عەرەب و غەیرە عەرەبەوە، ئەوا ئەمڕۆ رێکخراوی (داعش) کە نمایندەی فێندەمێنتالیزمی ئیسلامی و بەرجەستەکەری بیری ئوسولی و بونیادگەرایی ئیسلامە سیمایەکی جیهانی وەرگرتوە و خەسڵەتێکی نێو نەتەوەیی بە خۆیەوە بینیوە. چەکداران و ئەندامانی داعش تەنها لەژێر ناوی هاوڵاتیانی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان پێناسە ناکرێن و هاوڵاتیانێکی زۆری جیهانی رۆژئاوایی لەم پڕۆژەیەدا بەشدارن، هەروەک ناکرێت تەنها لە دیدی ئایینیەوە بۆ بابەتەکە بڕوانین و لە روانگەی سیاسی روتەوە سەیری کێشەکان بکەین، بەڵکو رەهەندی سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و ...هتد. نەخشی سەرەکی لە راڤەکردنی ئەم بابەتەدا دیاری دەکەن.
ئەو هۆکارەی تاکێکی کورد ئالودەی ئەم رێکخراوە دەکات هەمان ئەو هۆکار و پاڵنەرە نییە کە تاکێکی رۆژئاوایی بەرەو فەندەمینتالیزم پاڵدەنێت و بۆ ناو داعش راپێچی دەکات، بە هەمان شێوە پاڵنەری تاکێکی کورد یان بیانی هاوشێوەی پاڵنەر و هۆکاری پابەند بونی تاکێکی عەرەب نییە بۆ هەمان ریکخراو. هەر بۆیەش دوچاری هەڵە دەبین ئەگەر لە یەک دیدگاوە خویندنەوە بۆ بیری فەندەمێنتالیزم و هزری داعش بکەین.
لە ئەمڕۆدا دو راڤەی جیاواز و تا رادەیەکیش دژ بەیەک بۆ سەرهەڵدانی داعش و بیری فەندەمینتالیزمی ئیسلامی لە ئارادایە، کە دەتوانین بڵێین هیچ کام لەو دو راڤەیە ناتوانێت تێگەیشتنێکی راست و دروست و کۆنکرێت لە هزری فەندەمێنتالیزم بە دەستەوە بدات. لە کاتێکدا یەکەمیان لە روانگەی پیلانی رۆژئاواییەوە لە بابەتەکە دەڕوانێت و سەرهەڵدانی داعش تەنانەت هزری فەندەمێنتالیزمی ئیسلامیش وەک پیلانی دەوڵەتانی رۆژئاوا لەسەروی هەموشیانەوە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا چاو لێدەکات، لای ئەم بەرەیە بەرژەوەندیەکانی رۆژئاوا و کارکردنیان بە ئامانجی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ستراتیژی و سیاسی و ئابوریەکانیان لە پشتی سەرهەڵدانی ئەم بزوتنەوە پەڕگیرانەوەن، ئەم بەرەیە لایەنگرانی ئیسلام و نوسەر و روناکبیرانی ئیسلامی نوێنەرایەتی دەکەن. بەڵام بەرەی دوەم کە کەسانی عەلمانی و نا ئایینی پێکیدەهێنن بە توندی هزری فەندەمێنتالزمی ئیسلامی بە دەقەکانی قورئان و فەرمودەکانی پێغەمبەری ئیسلامەوە گرێدەدەن و ئایین بەسەرچاوەی یەکەم و کۆتایی هزری فەندەمێنتالیزم و سەرهەڵدانی بزاوت و رەوتە توندڕەو رادیکالە ئیسلامییەکان دەزانن.
بێگومان رای هەریەک لەم دو بەرەیە لە روانگەیەکەوە راستەو بەشێکی حەقیقەتەکان بەرجەستە دەکات، بەو مانایەی هەم رۆژئاوا لە سەرهەڵدانی بزاوتە توندڕەوەکان بەشدارن و هەم ئایینی ئیسلام و دەقەکانی قورئانیش خۆراکی سەرەکی ئەم بزاوت و هزرانە دابین دەکەن.
کاتێک باسی فەندەمێنتالیزم دەکەین مەبەستمان تەنها فەندەمێنتالیزمی ئیسلامی نییە، یاخود هزری پەڕگیری ئایینی نییە بە تەنها، بەڵکو فەندەمێنتالیزم زاراوەیەکی سیاسی یەو بەسەر هەمو ئەو بزاوت رەوتە ئایینی و نا ئایینی یانەش پراکتیزە دەبێت کە سروشتێکی پەڕگیر و توندوتیژو رادیکالانەیان هەیە و دژی هەر گۆڕانکاری و کرانەوەیەکن و بە توندی بەسەر خۆیاندا داخراون و هەر ئایدییایەک رەتدەکەنەوە کە لە دەرەوەی خۆیانەوە ئاراستە کرابێت. (جۆرج مارسدین- Georg Marsden) پێناسەی فەندەمێنتالیزم دەکات بەوەی: "داخوازییەکە بۆ پێگیری کردنێکی توندی دڵنیا لە بیروباوەڕێکی ئایینی وەکو پەرچە کردارێک دژی ئایینزانی مۆدیرنە." یاخود پێناسە کراوە وەکو : " بیرکردنەوەو رەفتارکردن لەسەر بنەڕەتی بیرو ئەندێشەو رەفتاری سەردەمەکانی رابوردو کە زۆربەی جار دەگەڕێتەوە بۆ سەر باوەڕێکی دینی و سەرئەنجام لەسەر شانۆی سیاسەتدا دەردەکەوێت." رەگی وشەی فێندەمێنتالیزمیش لە فەندەمێنتال (Fundamental) وەرگیراوە کە وشەیەکی ئینگلیزیی یەو واتای (بنچینەیی یان رەگ و ریشەیی یان بنەڕەتی) دەگەیەنێت، (Fundamentalism) یش پاش لکاندنی پاشگری (یزم-ism) سیفەتی ئایدۆلۆجی وەردەگرێت و وەکو هزرێکی سیاسی و فەلسەفی گوزارشت لە خۆی دەکات. (کامەران حمە سعید) لە کتێبی (فەندەمێنتالیزم) کە چەند راڤەیەکی خۆی و چەند دەقێکی وەرگێڕراو دەربارەی فەندەمێنتالیزم و بیری فەندەمێنتالزمی ئیسلامی لە خۆ دەگرێ، لە راڤەی فەندەمێنتالیزمدا دەڵێت : "فەندەمێنتالیزم لە هەمو ئایینەکانی ئیسلامی و مەسیحی و یەهودی و بودایی و هیندۆسیدا کەم و زۆر بونیان هەبوەو هەر هەن و هەمویان لەم چەند خاڵەدا هاوبەشن :
1. گەڕانەوە بەرەو رابوردو و دەقەکانی ئایین.
2. خۆ بردنەوە سەر –سەلەفی ساڵح-.
3. رەچاو نەکردنی سەردەم و شوێن و نەکرانەوە بە رویدا.
4. رواڵەتگەری بێ سنور و دەمارگیری و پەڕگیری.
5. خۆ بە حەق زانین و تاپۆکردنی حەقیقەت.
6. توندوتیژی لە بەرامبەر هەمو کەس و هەمو فیکرێکدا.
7. تەکفیر.
8. موتوربە کردنی سیاسەت لە ئایین.
9. موتوربە کردنی گرفتە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکان لە ئایین."
لەم روانگەیەوە دەکرێت فەندەمێنتالیزم بە دوژمنی کرانەوەو نوێگەری وەسف بکەین، لێرەشەوە فەندەمێنتالیزم لە کۆنسەرڤاتیزم نزیک دەبێتەوەو گەڕانەوە بۆ رابوردو رەتکردنەوەی ئێستا دەکاتە بەرنامەی کاری خۆیی و هەر نوێگەری و کرانەوەیەک بە لادان لە ئایین و نزیک بونەوە لە کوفر و بێ ئیمانی پێناسە دەکات. هزری فەندەمێنتالیزم زیاتر هۆگری ئایینەو لەگەڵ تێڕوانینی ئایین بۆ دونیاو مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی نزیکایەتی هەیە، هەر بۆیەش زیاتر شەقڵێکی ئایینی بە خۆیەوە دەگرێت و بە ئایینەکانەوە خۆی گرێ دەدات. فەندەمێنتالیستە ئیسلامییەکان خۆیان بە رابەرو فریادڕەسی ئەخلاقی کۆمەڵگای خۆیان دەزانن، پێیان وایە ئەو کۆمەڵگایە بەهۆی هەڵگەڕانەوە و دورکەوتنەوە لە ئایین و خوداو دەقەکانی قورئان و فەرمودەو راسپاردەکانی پێغەمبەرەوە دوچاری فەسادی ئەخلاقی و تێکچونی شیرازەی کۆمەڵایەتی بوە، وا لێکدەدەنەوە کە مێژوی ئیسلامی بەرەو تیاچون و نزم بونەوە دەڕوات کە دەبێت لەسەر دەستی ئەماندا دوبارە بژێتەوە و بەرنامەکانی خودا لەسەر هەمو مرۆڤایەتی پیادە بکرێت.
دەتوانین رەگی فەندەمێنتالیزم بۆ سێ رەهەندی سەرەکی بگێڕینەوە یاخود سێ فاکتەری گرنگ لە داڕشتنی هزری فەندەمێنتالیزم بە بنەڕەتی و کاریگەر دابنێین، کە ئەوانیش خێڵ و ئایین و قەیرانی کۆمەڵایەتین. خێڵ و کەلتوری خێڵەکی بەرهەمهێنەری هزری توند و داخراوی فەندەمێنتالیزمەو ئایینیش خۆراکی سەرەکی ئەو هزرە دابین دەکات و قەیرانە کۆمەڵایەتیەکانیش یاریدەدەری سەرەکی زەق بونەوەو بەرجەستەبونی هزری پەڕگیرو رادیکال و فەندەمێنتالیزمن.
خێڵ وەکو سەرەتاییترین بنەماکانی پەیوەندی مرۆیی هەڵگری شێوازێکی دیاریکراوی رەفتارە کە لە سەر بنەمای خوێن و خزمایەتی دادەمەزرێت و لە سروشتی مرۆڤەوە نزیکە و رەگی قوڵی لە سایکۆلۆژیای مرۆڤدا داکوتاوە، ئەم قۆناغە هێشتا دژەکەی خۆی نەناسیوە، کە شارستانییەتەو مرۆڤ تیایدا ئامادو پەروەردە دەکرێت بۆ ژیانێکی دەستکرد بە ئاراستەی دورکەوتنەوە لە سروشتی مرۆیی و هەڵکشان بەرەو کەماڵ و باڵایی لەڕێی پەروەردەوە. لە سیستمی خێڵدا مرۆڤ زیاتر لە ژێر کاریگەری پاڵنەرە غەریزییەکانیدا رەفتار دەکات، ئەم سیستمەش بە تێپەڕبونی کات کلتورێکی دیاریکراو بەرهەم دێنیت کە هەڵگری خەسڵەت و سیمای تایبەتی خۆیەتی. تاکی خێڵەکی زۆر کۆنسەرڤاتیڤەو لەهەر گۆڕان و ئاڵوگۆڕێک دەترسێت و بە توندی پابەندی ئێستا دەبێت و لە داهاتو سڵ دەکات، شانازی بە ئازایەتی خۆیەوە دەکات و جەنگاوەری و توندوتیژی و نالێبوردەیی سیمای سەرەکییەتی و زۆر بە توندی بەگژ هەر بیروبۆچونێکدا دەچێتەوە کە لەگەڵ روانینەکانی خۆیدا ناکۆک بێت. تۆڵەکردنەوە خەسڵەتێکی دیارو پیرۆزی خێڵ و تاکی خێڵەکییە، تۆڵە کردنەوە بنەمای سەرەکی سیستمی خێڵ پێکدێنێت و تاکی خێڵەکی ئەگەر تۆڵە نەکاتەوە ئەوا دەکەوێتە بەر لۆمەی خەڵک (ئەوانی تر) و لۆمەی خەڵکیش خراپترین سزایە کە روبەڕوی تاکی خێڵ دەبێتەوە. روانینی خەڵک بنەمای رەفتاری تاکی خێڵەکی پێکدێنێت، بونە جێگەی رەزامەندی خەڵک هەمیشە تاک و رەفتاری تاک ئاراستە دەکەن، بەم پێیە تاکی خێڵەکی تاکێکە بەتوندی گیرۆدەی خەڵکەو خاوەنی رەفتارو بیرو ئەندێشەی ئازادانەی خۆی نییە. ئەم تاکە ناتوانێت سەربەخۆ بێت و گوزارشت لە ئیرادەو ویستی راستەقینەی خۆی بکات و خاوەنی دونیابینی و تێڕوانینی ئازادانەی خۆی بێت، بەمەش بەردەوام خۆنواندن و بیری توندوتیژی و خود پەسەندی و ئەویتر رەتکردنەوە و نالێکبوردەیی لە دۆخی خۆبەرهەمهێناوەدا دەبێت. ئەم روانگە خێڵەکییەش نزیکایەتی زۆری لەگەڵ هزری ئایینی هەیەو بەتوندی تێوەی دەئاڵێت و پێوەی پابەند دەبێت، تێڕوانینی ئایینیش بەو پێیەی تێڕوانینێکە لە پێشینانەوە ماوەتەوەو گەورەکان پەسەندیان کردوە و سەپاندویانەو وەکو تێڕوانینی باش و دروست رەزامەندیان لەسەر داوە، ئەوا بە توندی لە ناخی تاکدا دەچەسپێ و لێدەرچونی وەکو تاوان و گوناهێکی گەورە سەیر دەکرێت بەو پێیەی تاکی خێڵەکی ئەڵقە لە گوێی کلتوری پێشینانەو بەمو لێی لانادات. لەم روانگەیەوە رەفتاری خێڵەکی زەمینەی سەرهەڵدانی بیری فەندەمێنتالیزم دەسازێنێت، تاکێکی توندوتیژ و نالێبوردەو پەڕگیر بەرهەم دێنێت کە هەمیشە ئامادەییە لە پێناوی بیرو باوەڕەکەیدا بکوژێت و بکوژرێت.
ئایین و دەقە ئایینیەکانیش پاساوی کردەوەکانی مرۆڤی توندڕەو رادیکال و پەڕگیر فەراهەم دەکەن، فەندەمێنتالیستەکان لە نێو دەقی کتێبە پیرۆزەکان و فەرمودەکانی پیغەمبەردا بە دوای پاساوی کردەوەکانیاندا دەگەڕێن و رەفتارە نامرۆڤانەو دزێوەکانیان وەکو یاسایەکی ئاسمانی پیرۆز یاخود دەستورێکی خودایی باڵا گوزارشت لێدەکەن. بەمەش بە کردەوەکانیان شەقڵێکی پیرۆز دەبەخشن و خۆیان وەکو بەرجەستەکەری ویستی خودا لەسەر زەوی دەخەنە رو، وا لە خۆیان دەڕوانن وەکو ئەوەی ئەمان نوێنەرایەتی ئیرادەی خوا دەکەن و دادپەروەری خواوەند لەسەر زەوی لەسەر دەستی ئەمان و لە رێی کردەوەکانی ئەمانەوە بەدیدێت.
عەقڵانیەتی خێڵ و دەقی ئایینی هێشتا ناتوانن زەمینەی سەرهەڵدانی فەندەمێنتالیزم بسازێنن ئەگەر دۆخە بابەتیەکە لەبار نەبێت و قەیران و کەلێنی گەورەی کۆمەڵایەتی لە ئارادا نەبێت، لەم روەوە دەتوانین نالەباری دۆخی ژیان لە نێو کۆمەڵگاو هەبونی کەلێنێکی گەورەی ئابوری لە نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان و نادادپەروەری لە دابەشکردنی سامانی نیشتمانی و جیاوازی قوڵ لە نێو گروپ و دەستەو توێژە کۆمەڵایەتیەکان بە پاڵنەری سەرەکی سەرهەڵدانی توندوتیژی وەسف بکەین و سازبون و گەشەکردنی ئایدییاو هزری فەندەمێنتالیزم بە دەرئەنجامی ئەم پاڵنەرە بزانین.
ئەگەر ئەم فاکتەرانەی باسمان کردن وەڵامی سەرهەڵدان و دروستبونی بزاوت و هزرە پەڕگیر و رادیکالەکانمان لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکانی رۆژهەڵات دەستبخەن، ئەوا بە چ پێودانگێک دەتوانین وەڵامی ئالودەبونی گەنجانی رۆژئاوا بە بزاوتە فەندەمێنتالیستەکان بدۆزینەوە. لە لایەک کۆمەڵگای رۆژئاوایی سەردەمانێکە قۆناغی خێڵەکی بەجێ هێشتوەو پێی ناوەتە نێو دونیای شارستانیەت و مەدەنیەتەوە، لە لایەکی تر ئەو کەلێنە کۆمەڵایەتی و قەیرانە ئابوری و سیاسییانەی لە کۆمەڵگای رۆژهەڵات دیارو زەقە لە کۆمەڵگای رۆژئاوایی بەو رادەیە بەرچاو ناکەوێت. چۆن دەتوانین راڤەی ئەم پرسە بکەین؟
لێرەدا پێویستە پەنا ببەینە بەر راڤەکردنی بونگەرایانە لە مرۆڤ و کێشەکانی لە کۆمەڵگای رۆژئاواییدا، بەوپێیەی کێشەکانی مرۆڤی رۆژئاوایی هەمان کێشەو گیروگرفتەکانی مرۆڤی کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵات و کۆمەڵگا ئیسلامییەکان نین، مرۆڤی رۆژئاوایی هەمان شێوەی مرۆڤی رۆژهەڵاتی دوچاری کێشەگەلی قوڵ و گەورەیە بەڵام سروشت و جۆری کێشەکان جیاوازن. لە رۆژئاوا دەرئەنجامی دونیای مۆدێرن و دەرکەوتنی ئامرازگەرایی و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاو زاڵبونی زانستگەرایی، بۆشایەکی قوڵی رۆحی و مەعنەوی لە ئارادایە، زانست و عەقڵ کۆنترۆڵی گشت کایەکانی ژیانیان کردوەو خۆیان بەسەر بونیادی عەقڵ و رەوتی بیرکردنەوەی تاکەکاندا سەپاندوە. مادیگەرایی، ئینسانی رۆژئاوایی بۆ ئاستی کاڵا دابەزاندوەو وەکو ئامێرێکی لێکردوە لەنیو ئەو دونیایەی کە خۆی بوەتە ئامێرێکی زەبەلاح. بەمەش مرۆڤ سەرباری دابین بونی داخوازییە مادیی و رەمەکییەکانی، بۆشاییەکی قوڵی رۆحی درک پێدەکات و دوچاری لە خود نامۆبونێکی کوشندە دەبێت، ئەم مرۆڤە بەدوای دەرەتانێکدا دەگەڕێت خۆی پێ رزگار بکات و لە داوی پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا دەربازی ببێت. مادیگەرایی مرۆڤێکی رۆبۆت ئاسا دروست دەکات مرۆڤێکی بەئامێر بو، کە شوناسی خۆی ون کردوەو بەدوای سەرەداویکدا دەگەڕێت لە رێگایەوە پێناسەی خۆی بکات، زیادکردنی بەرهەم و پێشخستنی تەکنەلۆجیا بوەتە ئامانجی کۆمەڵگای رۆژئاوایی و رەتاندنی مرۆڤیش بوەتە ئامرازی سەرەکی ئەو ئامانجە. ئایینی مەسیحیش کاتێک بۆ دەزگایەکی مادی هەمان شێوەی دەزگاکانی تری دەوڵەت دەگۆڕێت چیتر لەوە دەکەوێت وەڵامی پیداویستییە رۆحی و مەعنەویەکانی مرۆڤی مەسیحی بداتەوە، بۆیەش ئەم مرۆڤە پەنا دەباتە بەر هەر ئایینێکی تر ئەم بۆشاییە رۆحیەی بۆ پڕ بکاتەوە و کاتێکیش بە ئایینی ئیسلام ئاشنا دەبێت پێی سەرسام دەبێت و ئالودەی دەبێت. تاکێکی رۆژئاوایی کاتێک لەنێو بیرۆکراسییەتی دەوڵەتی تاڕادەی ئاژەڵێکی قێزەون دەڕەتێنرێت و کاری پێدەکرێت، دوچاری رقێکی توند لە کۆمەڵگا دەبێت و دەیەوێت خۆی لێ رزگار بکات، دەبێتە تاکێکی دەرون نەخۆش و ویژدان بیمار بۆیە دەیەوێت کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت و خۆی رەها بکات، بەڵام کاتێک رەمەکی ژیان رێگری وەها کارێکی لێدەکات و مردنیش هیچ سەبوریەکی پێنابەخشێت "مردنیش بێ مانایە" ئەوا ئەم تاکە دەرون نەخۆشە لەنێو گروپ و بزاوتە فەندەمێنتالیستە ئیسلامیەکاندا مانایەک بۆ مردنی خۆیی و کوشتنی ئەوانی تریش دەدۆزێتەوە، هیچ نەبێت بە ویژدانێکی ئاسودەوە دەمرێت. لەم سەرباسەوە دەتوانین هۆکاری پەنابردنی تاکە رۆژئاواییەکان بۆ بزاوت و رەوتە رادیکال و توندڕەوە ئیسلامییەکان بۆ فاکتەری سایکۆلۆژی و وجودی بگێڕینەوە نەک ئایینی.
بەگوێرەی ئەوەی خستمانە رو دەکرێت بڵێین فەندەمێنتالیزم چەمکێکی سایکۆلۆژییە زیاتر لەوەی چەمکێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی بێت، یاخود باشتر بڵێین رەهەندی سایکۆلۆژی و وجودی نەخشی سەرەکییان لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی فەندەمێنتالیزم هەیە. کەلتوری خێڵ و دەقی کتێبە پیرۆزەکان و قەیران و کێشە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان هۆکار و فاکتەری سەرەکی هزری فەندەمێنتالیزم و بزاوت و رەوتە پەڕگیرو توندڕەوەکانن. |
|
|