|
وێڕای جیاوازیه‌کانی گۆڕان و یه‌کێتی |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Saturday, April 18, 2015 |
به‌شێکی زۆری جیاوازیه‌کانی نێوان گۆڕان و یه‌کێتی زه‌مینه‌ی فیکری و چه‌مکه‌کانی حوکمڕانی و ده‌سه‌ڵات به‌رجه‌سته‌یان کردون. یه‌كێتیی، به‌تایبه‌ت له روخاندنی سه‌دامه‌وه، له جوغزێکی دیاریکراوی به‌رته‌سکدا ده‌سوڕایه‌وه، له نه‌خۆشکه‌وتنی به‌ڕێز مام جەلالیشهوه نه‌یتوانیوه ئاراسته‌یه‌کی رۆشن بدۆزێته‌وه و هه‌وڵی رزگاربونی له چه‌قبه‌ستن و کێشه ئاڵۆزه‌کانی بدات.
ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی، پێش گۆڕان و دوای دروستبونیشی، به‌بێ بایه‌خه‌وه ده‌یانڕوانیه ناره‌زایی ناو حیزب و خه‌ڵک، له غروریانهوه پێیان وابو ناره‌زاییه‌کان تۆزیك دهیانروشێنێت و له ماوه‌یه‌کی که‌مدا به‌سه‌ریاندا زاڵ ده‌بن، بۆیه له یه‌که‌م هه‌ڵبژاردن گۆڕان به‌شداری کرد چاوه‌روانی 4-5 کورسی بون بۆ بزوتنه‌وه‌که.
ئه‌م بێمنه‌تی و بێباکیه‌ی یه‌کێتی زاده‌ی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی تۆباوی و خۆ به‌زل زانین بون، فیکرێک هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ روداو و گۆرانکاریه‌کان له سایه‌ی خاوه‌نداریه‌تی ده‌سه‌ڵات و هێز و پاره و مێژوی خۆیدا ده‌کرد و نه‌یتوانی هزرێکی واقیعبینی ئه‌قڵانی داڕێژێت و خاوهنداریهکهش بخاته خزمه‌تی هزرهکهوه، به‌پێچه‌وانه‌وه خاوهنداریهکه بوه کرۆکی فکر و حیزبایه‌تی، شێوازی مامه‌ڵه‌ی زۆر توندیان له گه‌ڵ روداوه‌کانی مۆنیۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه و که‌لار و به‌یاننامه 7 خاڵه‌که‌ی گۆڕان و 17 شوبات و دواتر ئه‌و راستیه ده‌سه‌لمێنێت.
بۆ یه‌کێتی مێژو به‌رده‌وام زیاتر له مانا و به‌هاکانی خۆی گرنگتر بوه و ئه‌وه‌نده ترسیشیان له ئاینده نه‌بوه، هه‌میشه هه‌وڵیان داوه بهدینامیکی مێژو رۆحی ئێستا گه‌شه‌دارتر و زیندوتر بوروژێنن و نمایشی بکه‌ن. ده‌شێت ئه‌م هه‌وڵه بۆ شته جوانه‌کانی حازر سه‌رکه‌وتو بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه داپۆشینی خاشاک و پیسی حازر به جوانیه‌کانی مێژو هه‌ر هه‌مویان تیکه‌ڵ و پێکه‌ڵ ده‌کات و جوانیه‌کانیش له سایه‌یدا کاڵده‌بنه‌وه، بۆیه له‌و سهرلێشێوانبونه فکریه‌دا ته‌نها ئه‌ڵقه‌ی گرنگی گرێدانه‌وه‌ی حازری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی یه‌کێتی له گه‌ڵ ئاینده‌دا بریتی بو له حزور و غیابی ئه‌و کاراکتارانهی جوانیه‌کانی مێژویان دروست کردبو. زیاده بۆ ئه‌م گرێدانه یه‌کێتی چاوی داخست و خۆی غافڵ کرد له‌وه‌ی که حازره‌که‌ی له چهقبستنێکی فیکری و سیاسی و ته‌نانه‌ت نامۆبونێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا گیرسابوه‌وه. گه‌رچی هه‌وڵێکی زۆر درا ئه‌م سه‌رلێشوان و تێكه‌ڵ و پێکه‌ڵیه فکریه بهقهتماغهی چه‌ند چه‌مکێکی سۆشیاڵ دویموکراسی داپۆشرێن، به‌ڵام نه زه‌مینه‌ی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی باشوری کوردستان و نه زه‌مینه‌ی فکری و رێکخراوه‌یی ناوخۆی یه‌کێتی له‌بار بون بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و چه‌مکانه،. لێره‌وله‌وێ کاریان پێده‌کرا، به‌ڵام نه‌بونه سیسته‌مێکی چه‌سپاوی کاریگه‌ر.
به‌کورتی یه‌کێتی له قه‌یرانێکی فکری‌دا گوزه‌ری ده‌کرد، به‌تیۆری و نوسین و دروشم هیچ که‌موکوڕی و کورتیان نه‌بو، له ئه‌رزی واقیعدا ههریسهیهکی موحافزکاری و لیبرالیزم و سۆشیالێستی هه‌مه‌ره‌نگی له هه‌گبه‌یه‌کی کۆنی نه‌ته‌وه‌ییدا داب‌و بهکڵلیهوه، بارێکی قورس نه‌یتوانی ئاراسته‌یه‌کی دیاریکراو و رۆشن بگرێته‌به‌ر،
بۆیه ده‌بینرا یه‌کێتی له‌م گێژاوه‌دا ببوه حیزبی کاردانه‌وه نه‌ک کار. به‌شێک له‌م دۆخه ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی نه‌رێنی سه‌ره‌تای دروستبونی یه‌کێتی بو که شۆڕش و به‌رگری له میلله‌ت ره‌وته فکریه جیاکانی له یه‌کێتیدا کۆکردبونه‌وه.
ئه‌م گێژاو و سهرلێشێوانبونه فکریه هه‌مان زه‌مینه‌ی فکری بۆ سیاسه‌ت و ره‌فتاری یه‌کێتی به‌رامبه‌ر عێراق و حوکمڕانی به‌غداد خۆشه کردبو. له‌وێش خاوه‌نداریه‌تی و حیزبایه‌تی به‌رته‌سک ته‌نگیان به هزری نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵچنیبو، له‌وێش به‌خه‌یاڵ پێیان وابو ده‌توانن شیعه و سوننه رازی بکه‌ن و له‌یه‌ک نزیکیان بکه‌نه‌وه، له‌وێش سه‌یری رۆلێ خۆیان له چاوێلکه‌ی رێکه‌وتنی ستراتیژیه‌وه ده‌کرد، ئه‌وێشیان بۆ دهڵهمهندبون و پایه و پله و ده‌سکه‌وت به‌کارهێنا. له‌و دوره وڵاته‌شه‌وه له گه‌ڵ پارتی هاوپه‌یمانیان درێغیان له دژایه‌تیکردنی گۆڕان نه‌کرد. ئاکام ده‌ستپێشخه‌ری و ئیبداعی ئه‌وتۆیان بۆ چاره‌ی کێشه گه‌وره‌کانی کورد له گه‌ڵ به‌غداد لێنه‌بینرا.
یه‌کێتی دوای راپه‌رین و بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ که‌ره‌سه‌ی فکری و مرۆیی بۆ حوکمڕانیه‌کی یاسایی و دادپه‌روه‌رانه‌ی سه‌رده‌م وه‌ک پێویست نه‌بو. له گێژاوی ئه‌و دۆخه‌دا، تایبه‌ت به‌ره‌چاوکردنی کاریگه‌ری شه‌ری ناوخۆ له‌سه‌ری، یه‌کێتی نه‌یتوانی به‌شێوازێکی دروست و سه‌رده‌مانه درێژه بهمیژوهکهی بدات، دابران له‌و مێژوه ده‌وڵه‌مه‌ند و مه‌زنه که‌نزێک له ژێرخانی یه‌کێتی فه‌رامۆش کرد و دوچاری هه‌ژاری کرد.
بونی مام جەلال وه‌ک مه‌رجه‌عێکی جێگیری لوتکه‌ی هه‌ره‌مه‌که توانی بۆ ماوه‌یه‌ک یه‌کێتی به‌یه‌که‌وه بهێڵێته‌وه. ئه‌قڵیه‌تی زاڵبوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ناو یه‌کێتی له سایه‌ی سێ گۆشه‌یه‌کی سیاسی و حوکمڕانی و ئابوری‌دا دروێنه‌ی ده‌سکه‌وت و ده‌وڵه‌مه‌ندبونی ناره‌وا و زامنی پله و پێگه‌یان ده‌کرد، بونی مام جەلال له به‌غدا و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی خۆیان له زۆنه‌که‌یان و هاوکاتیش پشتئه‌ستور به پشکیان له حوکمڕانی و بازرگانی و پله و پاره گه‌نده‌ڵیان کرده پێوه‌رێکی کاریگه‌ر بۆ رازیکردن و به‌یه‌که‌وه‌لکاندنی جه‌ماوه‌ری رێكخستن و خه‌ڵکی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی. له‌شکرێکی موچه‌خۆریان له فه‌قێی مزگه‌وته‌وه تا وه‌زیر دروستکرد و که‌وتنه به‌هه‌ده‌ردانی موڵکی گشتی بۆ پاراستنی خۆیان و راگرتنی هاوسه‌نگی له گه‌ڵ پارتیدا.
له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا مام جەلال به‌هۆی دوری له کوردستان و سه‌رقاڵبونی له به‌غداد که‌مته‌رخه‌م بو له چاودێریکردنی وردی دۆخی حیزبه‌که‌ی و جڵه‌وه‌که‌ی بۆ هاوڕێکانی له سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی شل کردبو و جارجاریش به پاره و ده‌سکه‌وت ده‌نگۆی ناڕه‌زایی هاورێکانی بۆ ماوه‌یه‌کی کورت بێده‌نگ ده‌کرد.
ئه‌و قۆناغه، 2004 تا کۆتایی 2012، دژوارترین ماوه‌ی ته‌مه‌نی یه‌کێتی دوای راپه‌ڕین بو، چاودێرێکی ناو یه‌کێتی ده‌توانێت به ئه‌رشیف و ده‌فته‌ری حساباتی ناوخۆی حیزبه‌که‌یدا بچێته‌وه تا بزانێت چی کراوه و گوزه‌ری کردوه، ئه‌وسا له زه‌مینه‌ی کێشه قوڵه سه‌رسه‌خته‌کانی حیزبه‌که‌ی تێده‌گات. یه‌کێتی له به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایی و گۆڕان و خۆپیشاندانه‌کانی 17 شوبات و دواتر سه‌لماندیان ئه‌قڵیه‌تی حوکمڕانیان ئۆتۆریتێر و به‌رژه‌وه‌ندخواز بو. کورته‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی له‌و باوه‌ڕه‌دا بون رێکه‌وتنی ستراتیژی و حوکمڕانی هاوبه‌ش و رۆڵیان له به‌غداد و پشتگیری ئێران لێیان ده‌ستیان کراوه ده‌کات و زامنی مانه‌وه‌ی به‌هێزیشیان ده‌کات، دواتر ده‌رکیان به‌وه کرد که ئه‌م چه‌مکانه یهکێتێیان له هزره ره‌سه‌نه‌کانی دابڕاندبو و کردبویانه جۆرێک له پاشکۆی سیاسی و کۆمپانیایه‌کی بازرگانی.
ئه‌م جۆره تێڕامانه بۆ حوکمڕانی و ده‌سه‌ڵات و پراکتیزه‌کردنی به‌و شێوازه‌ی ئه‌نجامدرا هۆکارێکی بنه‌ره‌تی شکست و پاشه‌کشه‌کانی یه‌کێتی بون.
یه‌کێتی تا ده‌هات له خه‌ڵکی دادهبرا و ناڕه‌زاییه‌کانیش به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له زۆنی که‌سکدا گه‌شه‌یان ده‌کرد، به‌شێک له ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌وڵیان دا به‌زه‌بروزه‌نگ کپیان بکه‌نه‌وه و درێغیشیان نه‌کرد.
له ئاکامی ئه‌م پرۆسه‌یه و که‌ڵه‌که‌بونی کێشه‌کان و چارهنهکردنیان لێکترازانێکی فکری و سیاسی له ناو مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی په‌ره‌ی ده‌سه‌ند، دواتر به‌ره‌ی ناره‌زای ناو یه‌کێتی له باڵی ریفۆرمدا خۆی پێناسه‌کرد. چونه ده‌ره‌وه‌ی زیاتر له 15 ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و هه‌زاران کادر و ئه‌ندام و لایه‌نگر و به‌شداریان له گۆڕان و دروستبونیدا ئاکامێکی لۆژیکی ئه‌و دۆخه بو.
به‌شێک له‌مانه‌ش گه‌مه‌که‌ری گه‌وره و گچک بون له دروستبونی ئه‌و دۆخه‌ی یه‌کێتیدا، ته‌نها هاتنیان بۆ ناو گۆڕان له‌و به‌رپرسیاریه‌ته بێبه‌ری نه‌کردون، ئه‌وه‌ی کرا گۆڕان تاتوانی رێگای پێنه‌دان و ده‌رفه‌تی بۆ نه‌ره‌خساندن وه‌ک جاران ره‌فتار و مامه‌ڵه بکه‌ن. گۆڕان وه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌کی ریفۆرمخواز دروستبو، چه‌مکه فیکریه‌کانی له بازنه‌کانی گۆڕانکاری و چاکسازی و نوێکردنه‌وه و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و پێره‌وکردنی یاسا و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادی‌دا ده‌سورانه‌وه. له روی سیاسیشه‌وه رێگای ئۆپزسیۆنی پارله‌مانی هه‌ڵبژارد، بۆیه راوه‌ستانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر یه‌کێتی و پارتی له حوکمرانیدا ناکۆکی و جیاوازیه‌کانی قوڵتر و زه‌قتر ده‌کرده‌وه.
گۆڕان له یه‌که‌م ساتی دروستبونیدا ده‌رکی به‌کێشه‌کانی ناو یه‌کێتی ده‌کرد، هه‌رچۆنێک بێت هه‌ر دولا به‌رپرسیاریه‌تی گه‌وره‌یان که‌وته ئه‌ستۆ له قوڵکردنه‌وه‌ی جیاوازی و ناکۆکیه‌کانی نێوانیان، دروسته بوترێت پشکی گه‌وره که‌وتۆته ئه‌ستۆی یه‌کێتی، چونکه هێزێکی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌ن هێزی چه‌کدار و پاره و پێگه‌ی حوکمڕانی و ده‌زگا تایبه‌ته‌کان بو، یه‌کێتی تا ماوه‌یه‌کی درێژ تێگه‌یشتنێکی دروستی بۆ سروشت و ئه‌رکه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌بو و به‌چاوی ناحه‌زێکی سه‌رسه‌خت سه‌یری گۆڕانی ده‌کرد.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ڕیز مام جەلال له دۆخیکی ته‌ندروستی جێگیردا و به‌شداری هه‌ر دولا له کابینه‌ی هه‌شت و قبوڵکردنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆ پارێزگاکان، ئاراسته‌یه‌کی به‌هێز له ناو یه‌کێتیدا به‌رچاو ده‌که‌وێت که واقیعبینانه مامه‌ڵه له گه‌ڵ گۆڕان و دۆخی نوێی هه‌رێم ده‌کات، هاوکاتیش ئه‌و ئاراسته‌یه کاری جدی بۆ راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانی رابوردوی ناو یه‌کێتی و دانانی سنور بۆ فه‌وزا و بێسه‌ربه‌ری ناوخۆیی ده‌کات. ئه‌رکی سه‌ره‌کی یه‌کێتیه‌کانه چۆن چاره‌ی کێشه‌کانی ناوخۆیان ده‌که‌ن، ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ئه‌مه‌کی گۆڕانیشه ده‌ستی هاریکاری بۆ شێوازی ره‌سه‌نی یه‌کێتیانه‌ی چاره‌کردنی کێشه‌کان درێژبکات.
گۆڕانخوازان به‌خۆشیه‌وه پێشوازی له‌م گۆڕانکاریانه ده‌که‌ن، له‌و باوه‌ڕه‌شدان وێڕای جیاوازیه‌کان، له دۆخی ئێستای کوردستانی گه‌وره و باشوریدا و سروشتی کێشه‌کان له گه‌ڵ به‌غداد و شه‌ری داعش زه‌مینه‌یه‌کی به‌رفراوانی هاوبه‌ش له ئارادایه بۆ کاری هاوبه‌شی نێوان یه‌کێتی و گۆڕان، ئه‌رکی هه‌ر دولایه کاری جدی له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه هاوبه‌شه بکه‌ن و به‌ره‌و ئاکامێکی کۆنکرێتی ئاراسته‌ی بکه‌ن.
|
|
|