Print
 
 که‌رکوک و چیرۆکه‌کانی (١٣)
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Wednesday, April 22, 2015

کەرکوک لەنێوان بەردەئاشی دەسەڵاتی کوردی و ئەواندا
دەڵێن کەرکوکیەکان زۆر زو باوەڕ بە قسە و بەڵێن دەکەن، بە واتایەکی تر زۆر دڵپاکن و زۆر زو روداوەکانیان بیردەچێتەوە. هەندێ جار هەمان  بەڵێندەر هەمان بەڵێن چەند بارە دەکاتەوە کەچی هەر بڕوای پێ دەکەن! بۆ راست و دروستی ئەم دەڵێنە من دەڵێم:
"بە درێژایی دروستبونی دەوڵەتی عێراقی کەرکوک قەڵغانی پاراستنی سلێمانی و هەولێر بوە، هەر پەڵێک بۆ ئەم دو شارە هاویژرابێت پێشتر بەر کەرکوک کەوتوە، ئاوارەبون و دەربەدەری بەشی خەڵکەکەی بوە، تەعریب، راگواستن، بە بەعسیکردن...هتد لێرەوە دەستی پێکردوە.

لە حەفتاکانداو و لەژێر دەسەڵاتی بێگانەدا ئەم شارە شوێنی کار و کاسبی بوە، پیشەگەری لە جوتقاوە وە بڵاوبۆتەوە، وێستگەی تەلەفزیۆن لێرە بوە، هونەر و هونەرمەندا لە شوێنەکانی ترەوە رویان لەم شارە کردوە. بەڵام لەوەتای دەسەڵاتی کوردی لەم شارەیە لە جیاتی دەستگرتن:
١- یەک سینەما لەم شارە نەماوە، هەمو دۆکیومێنتە بەنرخە کوردیەکانی تەلەفزیۆنی کەرکوک لەناوچون. ئەو تاقە تەلەفزیۆنەی کەرکوک تەلەفزیۆنی حیزبی جێی گرتۆتەوە.
٢- هونەرمەندان و رۆشنبیرانی کەرکوکیان بەرەو سلێمانی و هەولێر کۆچ پێکردوە، سیاسیەکانیش پەرتەوازە و بێ پشت و پەنا، کار لەسەر دەستەمۆکردنیان دەکرێت.
٣- دەستدرێژی دەکرێتەسەر زەوی ئەم شارە، شوێنە دێرینەکان دەڕوخێندرێن، قەڵا بێناز کەوتوە و ئاوڕی لێنادرێتەوە.
٤- گردۆلکە و شوێنە جوانەکانی ئەم شارە لەگەڵ زەویدا تەخت دەکرێن.
٥ - کۆمپانیاکان لە سلێمانی و هەولێرەوە چاویان بڕیوەتە پارەی گیرفانی خەڵکی ئەم شارە، وەبەرهێنان لەسەر گیرفانی ئەم خەڵکە دەکرێت. ئەزمونی سلێمانی و هەولێریان گواستەوە کەرکوک.
٦ - نەوتی ئەم شارە کەس نازانێت چۆن دەڕوات و چی بەسەر دێت.
٧- لە جیاتی ئەوەی وێنە و مێژوی پڕ سەروەری شەهیدەکانی ئەم شار لە مەزارگەیەکی شیاودا دابنرێن و بنوسرێنەوە، هاوشێوەی ساڵانی نەوەتەکان لە سەرجادە و کوچە و کۆڵانەکان هەڵدەواسرێن. لە سەر قەڵای کەرکوک لە جیاتی پاشماوەیەکی کوردی، پاشماوەی سەربازانی عوسمانی ( تورک ) دەبینی. لە کەرکوک لە جیاتی ئەمنە سورێک چەندینی لێیە!! کەچی هیچی دیار نیە!

لەو لاشەوە:
هەڕەشەی عەرەبی شۆڤێنی و داعش و حشدی شیعی بەردەرگای بەم شارە بریندارە گرتوە".
لێرەوە سەرچاوەی خۆشباوەڕی دروستکراوە، لێرەوە دەهۆڵ لێدەدرێ و درۆکانی دەسەڵات هاوشێوەی پارە رەشەکان سپی دەکرێنەوە، هەر لێرەوەش رابردو دەفرۆشنەوە. ئەگینا بۆ داکۆکیکردن لە شارەکەیان و لە کوردایەتی کەرکوکیەکان خاوەن هەمان روحی بەرگری سەردەمی بەعس و رابردون.

دەشپرسم "ئەرێ ئەوەی بەسەر کەرکوک هاتوە ئەگەر بەسەر خاوەن دەڵێنەکان بهاتایا دەستیان بە بنچکە پەڵۆشەیەکەوە نەدەگرت؟".
Sbeiy.com © 2007