Print
 
 له‌ستایشی كتێبدا
نوسه‌ر:  ئارام قادر حه‌مه‌سور
Saturday, April 25, 2015

23/4 رۆژی جیهانی كتێب
 (كتێب ده‌بێت وه‌ك ته‌وربێت به‌سته‌ڵه‌كی ناخمان بشكێنێت) (كافكا)
....كتێب لای ئێمه‌ چه‌ندین خوێندنه‌وه‌ی بۆده‌كرێت، وه‌ك كتێب دوژمنی به‌شێكی كۆمه‌ڵگه‌یه‌و كتێب هاوڕێی گه‌وره‌ی به‌شه‌كه‌ی تری كۆمه‌ڵگه‌یه‌، به‌شێكی كه‌می كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی په‌یوه‌سته‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێب و به‌شێكی گه‌وره‌شی دژی خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌ یان هاوڕێیه‌تی كتێب ناكات، له‌م دابه‌شكردنه‌دا ده‌بێت ئه‌وانه‌ی هاوڕێیه‌تی كتێب ناكه‌ن ئه‌وه‌ بزانن كه‌ كتێب په‌روه‌رده‌كارێكی گرنگه‌، كتێب راهێنه‌ری عه‌قڵی مرۆڤه‌كانه‌، كتێب تاكه‌ راهێنه‌ره‌ یاریزانه‌ خوێنه‌ره‌كانی فێری پرسیاركردن ده‌كات، كتێب كه‌سایه‌تییه‌ك دروست ده‌كات كه‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌دوای ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ بكه‌ون و گوێی بۆ بگرن، بۆیه‌ ده‌بینین هه‌رده‌م كۆڕی خوێنه‌ره‌ به‌تواناكانی كتێب گه‌رم و گوڕه‌، گه‌رم و گوڕییه‌ك له‌ كۆڕی سیاسییه‌ك به‌نرخترو سه‌نگینتره‌.

 ئای كتێب ده‌زانیت بۆ چی ئه‌وه‌نده‌ عه‌شقی تۆم؟! بۆ ئه‌وه‌ی دونیا به‌ ره‌نگاو ره‌نگ ببینم بۆیه‌ كتێب لای من وه‌ك په‌لكه‌ زێڕینه‌یه‌، كتێبه‌كان بڕوایان به‌ یه‌كڕه‌نگی دونیا نییه‌، هه‌ر كتێبه‌و باس له‌ ره‌نگێك یان چه‌ند ره‌نگێكی جیاوازی دونیا ده‌كات، ئایدۆلۆجیای ناو كتێبه‌كان هه‌رده‌م دژه‌ ئایدۆلۆجیای تریان دروستكردوه، ئازادی ته‌واو له‌ ناو كتێبه‌كاندا بونی هه‌یه.

پێموایه‌ به‌د به‌خترین مرۆڤه‌كانی سه‌ر روی زه‌وی ئه‌وانه‌ن كه‌ ناخویننه‌وه‌، ڤیكتۆر هۆگۆ ده‌ڵێت (به‌ خته‌وه‌ر كه‌سێكه‌ یه‌كێك له‌م دو شتانه‌ی هه‌بێت، كۆمه‌ڵێك كتێبی باش یان هاوڕێگه‌لێك كه‌ خوێنه‌ری كتێبن) واتا تۆ گه‌ر خوێنه‌ری كتێبیش نه‌بویت هه‌وڵبده‌ كۆمه‌ڵێك هاوڕێت هه‌بێت خوێنه‌ری كتێب بن بۆ ئه‌وه‌ی تۆش فێری مه‌له‌كردن بكه‌ن له‌ ناو ده‌ریای كتێبدا.

 ته‌نیا ئه‌وانه‌ی عه‌شقی خوێندنه‌وه‌ی كتێبن ده‌زانن به‌ های كتێب چه‌نده‌، جۆن لایلی ئه‌مریكی ده‌ڵێت (باشتره‌ كتێبخانه‌كه‌ت پڕبێت له‌كتێب نه‌ك جزدانه‌كه‌ت پڕ بێت له‌ پاره‌) له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا تائیستاش كتێب به‌ها گه‌وره‌كه‌ی بزربوه‌، كاره‌ساته‌ باوكێك یان دایكێك رۆژانه‌ كۆمه‌ڵێ پێداویستی ده‌كڕێت بۆ ماڵه‌وه‌ چه‌ند زه‌رفێك پێداویستی ده‌گرێت به‌ ده‌ستییه‌وه‌، بەڵام رۆژنامه‌یه‌ك یان كتێبێك ناكڕێت بۆ خۆی یان بۆ منداڵه‌كانی له‌ كاتێكدا له‌ هه‌رێمی كوردستان نرخی كتێب گونجاوه‌و گران نییه‌، كاتێك پرسیار له‌و دایكه‌ یان باوكه‌ ده‌كه‌یت بۆ گه‌ده‌ی سكت تێر ده‌كه‌یت و گه‌ده‌ی مێشكت پشتگوێ ده‌خه‌یت و كوێری ده‌كه‌یته‌وه‌، زۆر به‌ ئاسانی وه‌ڵامت ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت كێ تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی هه‌یه‌؟! ئه‌م وه‌ڵامه‌ خوێندنه‌وه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، چونكه‌ له‌ پشتی ئه‌م وه‌ڵامه‌وه‌ كۆمه‌ڵێ هۆكار هه‌ن كه‌ ئه‌م بێتاقه‌تیه‌یان بۆ دروستكردوه‌، له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌وه‌ی ترسناكه‌ و رازییه‌ به‌م وه‌ڵامه‌ به‌شێكی زۆری چینی خوێنده‌وارو مامۆستایانن،ده‌توانم بڵێم مامۆستایان كه‌م خوێنه‌رترین خوێنه‌ری كتێبن،كه‌زۆر جار به‌خوێنه‌ر ده‌ڵێن ئه‌وه‌ شێت بویت دیسان كتێبت كڕیوه‌؟! به‌ڵام كاره‌ساته‌ كاتێك قوتابییه‌ك داوای راپۆرتێك یان داڕشتنێك له‌ مامۆستا ده‌كات جه‌نابی مامۆستا ناتوانێت چه‌ند دێڕێك بنوسێت و زو ده‌گاته‌ كتێبخانه‌كان، ساسییه‌ گه‌وره‌كان و به‌چكه‌ سیاسییه‌كانیش هه‌مان ده‌ردن، ئه‌وێ رۆژێ به‌ چكه‌ سیاسییه‌ك ده‌یگوت یه‌كیتی و پارتی عه‌لمانی عه‌یاره‌ بیست و چوارن! ئاخر هه‌ركه‌س كتێبێكی له‌سه‌ر عه‌لمانییه‌ت خوێندبێته‌وه‌ ده‌زانێت یه‌كێتی و پارتی چه‌ند له‌ عه‌لمانییه‌تی عه‌یاره‌ بیست و چوار دورن، ئاخر ئه‌گه‌ر عه‌لمانیه‌ت بیتوانیبایه‌ده‌چو له‌ دادگای چه‌مكه‌كان داوای له‌سه‌ر ئه‌م به‌چكه‌ سیاسییه‌ تۆمارده‌كرد، لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ به‌چكه‌ سیاسی خوار مه‌كته‌ب ساسی و سه‌ركردایه‌تییه.

ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا ئه‌و رێژه‌ كه‌مه‌ی خوێنه‌ری كوردی ته‌مبه‌ڵتر كردوه‌ رێژه‌ی خوێنه‌ری سه‌ره‌و لێژ كردۆته‌وه‌ نوسینی بێ چێژو ته‌له‌فزیۆن و ئینته‌رنێته‌، تاكی كوردی ده‌ڵێیت هه‌نگوینی له‌ كلۆره‌داردا دۆزیوه‌ته‌وه‌ به‌رده‌وام ئاگایی له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و ئینته‌رنێته‌، ته‌له‌فزیۆنه‌ سركه‌ره‌كانمان ته‌مبه‌ڵترین ته‌له‌ فزیۆنی دونیان له‌ روی به‌ كولتوركردنی خویندنه‌وه‌و ریكلامكردن بۆ كتێب، به‌ڕاگه‌یاندنی ئازادو ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌.

 له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نێرو مێ یه‌كسانن له‌ خوێندندا، به‌ڵام له‌ خوێندنه‌وه‌دا ده‌ڵێیت خوێندنه‌وه‌ تایبه‌تكراوه‌ به‌ نێرو حه‌رامه‌ بۆ مێ، من له‌ كتێبخانه‌كان و خانه‌كانی رۆژنامه‌فرۆشی به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت نابینم كچێك كتیبێك یان رۆژنامه‌یه‌ك بكڕێت ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕی لاوازی رێكخراوه‌كانی ژنان و ئافره‌تان ده‌رده‌خات، باباسی ئه‌وه‌نه‌كه‌ین كه‌ خوینه‌ری كورد چه‌ند ئازاری كتێب ده‌دات ده‌ڵێیت توشی نه‌خۆشی سادیزم بوه‌ به‌رامبه‌ر كتێب، وه‌ك سروشتی مشك كتێب ده‌خوات و په‌ره‌كانی تێكده‌دات، ئاخر پێتان سه‌یر نه‌بێت تائیستاش به‌شێكی زۆری تاكی كوردی نازانێت كتێب یان رۆژنامه‌ بگرێت بۆ خوێندنه‌وه‌.

 سه‌باره‌ت به‌ خوێندنه‌وه‌و ئاره‌زوی په‌یداكردنی مه‌عریفه‌ ئه‌رستۆ له‌ كتێبی میتافیزیكادا ده‌ڵێت (هه‌مو مرۆڤه‌كان به‌ سروشت ئاره‌زوی زانین ده‌كه‌ن، نیشانه‌ی ئه‌مه‌ش بریتییه‌ له‌ و خۆشییه‌ی كه‌ وه‌ریده‌گرن له‌ هه‌سته‌كانه‌وه‌، جگه‌ له‌كه‌ڵك و سودیان هه‌سته‌كان له‌ خودی خۆشیاندا خۆشده‌ویسترێن له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ هه‌ستی بینین) ئێمه‌ كاتێك ده‌خوێنینه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئارامی ده‌كه‌ین، هه‌ستده‌كه‌ین به‌شێك له‌وزه‌ی شاراوه‌مان ده‌خه‌ینه‌ كار، وه‌ك ئه‌دیسۆن ده‌ڵێت (خوێندنه‌وه‌ بۆ مێشك وه‌ك وه‌رزش بۆ له‌ شوایه‌).

 ئه‌وه‌ی له‌ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌دا گرنگه‌ چۆنیه‌تی خوێندنه‌وه‌یه‌ نه‌ك چه‌ندیه‌تی خوێندنه‌وه‌، وه‌ك عه‌قادی میسری ده‌ڵێت (سێ جاران كتێبێك بخوێنه‌وه‌ باشتره‌ له‌وه‌ی سێ كتێب بخوێنیته‌وه‌) ئه‌مه‌ش له‌ پێناو مانه‌وه‌ی زانیارییه‌كانه‌ له‌ میمۆری درێژخایه‌نی مێشكدا.

سه‌باره‌ت به‌ ئاماره‌كانی خوێندنه‌وه‌ له‌ جیهاندا د.زید علی الفیصل له‌ وتارێكیدا له‌ ساڵی 2009 دا نوسیویه‌تی ده‌ڵێت (ئاماره‌كان به‌دیاریده‌خه‌ن كه‌ هه‌رتاكێكی ئه‌وروپای ساڵانه‌ به‌ تێكڕا (35) كتێب ده‌خوێنێته‌وه‌، هه‌رتاكێكی ئیسرائیلیش ساڵانه‌ تێكڕا (45) كتێب ده‌خوینێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان به‌هه‌ر (80) كه‌س پێكه‌وه‌ ساڵانه‌ یه‌ك كتێبیان به‌رده‌كه‌وێت).

 كه‌واته‌ وه‌ك (ویڵ رۆجه‌رز)ی ئه‌مەریكی ده‌ڵێت كه‌سێك خوێنده‌وار بێت و نه‌خوێنێته‌وه‌ جیاوازی نییه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێك نه‌ خوێنده‌واره‌و نازانێت بخوێنێته‌وه‌، كه‌واته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پڕه‌ له‌ خوێنده‌واری نه‌خوێنه‌ر! وه‌ك ئه‌حمه‌د مه‌ته‌ری عیراقی ده‌ڵێت؛ (ئه‌گه‌ر ویستت شتێك بشاریته‌وه‌ بیخه‌ ناو كتێب كه‌س نایدۆزێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ناخوێنێته‌وه)‌.

لای من كتێب چه‌كه‌و وشه‌كان فیشه‌كن، بۆیه‌ پێویسته‌ خۆمان پڕ چه‌ك بكه‌ین به‌ كتێب و وشه‌، چونكه‌ زۆرجار ئه‌وه‌ی وشه‌یه‌ك یان رسته‌یه‌ك ئه‌نجامی ده‌دات به‌سه‌دان چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ئه‌نجام نادرێت، ده‌رئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ مێگه‌لبون رزگارمان ده‌كات، چونكه‌ نه‌خوێنده‌واره‌كان هه‌موكات هه‌نگوینی ده‌سه‌ڵاتن، دیكارت ده‌ڵێت (من بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ من هه‌م)، ئه‌لبیر كامۆش ده‌ڵێت (من یاخی ده‌بم كه‌واته‌ من هه‌م)، منیش ده‌ڵێم (من كتێب ده‌خوێنمه‌وه‌ كه‌واته‌ من هه‌م)، چونكه‌ كتێب فێری بیركردنه‌وه‌ویاخی بون و ره‌خنه‌گرتنمان ده‌كات، هیچ شتێك له‌وه‌ باشتر نییه‌ كتێب ببێت به‌ دوژمنت بۆئه‌وه‌ی هه‌مو وزه‌ی خۆت له‌ پێناویدا به‌كاربخه‌ی ئه‌مه‌ش لوتكه‌ی عاشقبونی خوێنه‌ره‌ بۆ كتێب.


[email protected]
Sbeiy.com © 2007