|
زەروریەتی دەستور و کۆکبون لەسەری |
نوسهر: فایەق سەرچناری
|
Monday, April 27, 2015 |
ئەو بارودۆخەی کە ئەمڕۆ ناوچەکە و هەرێمی کوردوستانی تێکەوتوە و بەهۆیەوە چەندین قەیران سەریان هەڵداوە، کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر هاوڵاتیان دروستکردوە و بوەتەهۆی سستی کاری رۆژانەی خەڵك، کە سەرچاوەکەی لە کەرتی وەبەرهەم هێنان و کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری و ...هتد، زیاتر رەنگدانەوەی هەیە.
دیارە هەوڵی پەرلەمانیش ئەمڕۆ جگە لەدەرچون لەو قیرانانە و هەوڵدان بۆیان لەملاشەوە سەرقاڵن بە رەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان، کە تێکڕای یاساکانی خەڵکی کوردستانی لەخۆگرتوە، هەمو ئەزانین دەستور پایە هەرە گرنگەکانی راگرتنی هەر دەوڵەتێکە کە چارەنوسی دیموکراسیانەی بەشێوەیەکی باش چەسپاندوە و یاساکانی وڵاتی بەشێوەیەکی دامەزراوەیی دائەڕێژێ، بۆیە دەستور دایکی هەمو یاساکانە و پایەی راگرتنی هەر دەوڵەتێکە.
لەدونیادا هیچ شتێك بێ کەموکوڕی نابێت و ناکرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە هەوڵی تەواو بدرێت بۆ راستکردنەوەی یان چاککردنی، دیارە ئەمە کارێکی نۆرماڵە کە لەهەمو وڵاتە دیموکراسیەکاندا بونیان هەیە و هەوڵیشیان هەمیشە لە ئارادایە بۆ راستکردنەوەی.
ئەمڕۆ جێی خۆشحاڵی خەڵکی کوردستان و هەمو خەڵکێکی ئازادیخوازە کە ئەم خولەی پەرلەمان چالاکانە ئەم هەوڵەیان خستەگەڕ و ئەو دەستورەی کە چەندین ساڵە خاڵی ناکۆکییە و ئەگەر هەروا بمێنێتەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر داهاتوی ئەم هەرێمە دروست ئەکات، هەوڵی دەستکاری و باشترکردنی بدەن لەلایەن کۆمەڵێك خەڵکی یاساناسی ئەو بوارە. کە ئەمڕۆ سەرقاڵن بۆ پێکهێنانی ئەو لیژنەیە بۆ دەستبەکاربونیان. بۆئەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان بگۆڕن بۆ دەستورێکی یاسایی باشتر و پتەوتر کە بەرژەوەندی هەمو لایەك لەخۆبگرێ و ببێتە ئەو پایە گرنگەی کە لەسەر سیستەمێکی دیموکراسی باشتر پێکبێ و بەرژەوەندیە گشتیەکان بپارێزێ.
ئەوەی رزگارمان ئەکات لەم بارودۆخەی ئەمڕۆ: یەکگرتویی، تەبایی، برایەتی و کۆدەنگی حیزبەکانە بەخاڵی یەکەم با، بیروڕای جیاواز، فکری جیاواز و رەنگودەنگی جیاواز هەبن، بەڵام لەسەر قازانجی کۆی خەڵکی ئەم هەرێمە پێویستە هەمو حیزبەکان کۆکبن لەسەر دروستکردنی بنچینەکانی دیموکراسی، کە ئەویش خۆی لەدەستورێکی باشتردا ئەبینێتەوە، بۆیە پێویستە ئەم پرسە پەلە بکرێ لێی و هەوڵی تەواو بدرێ بۆ زوتر راپەڕاندنی کاری ئەو لیژنەیە و حیزبەکان تەنگوچەڵەمەیان بۆ دروست نەکەن.
ئەوەی لەم قۆناغەدا گرنگە ئەم پرسە جەوهەرییەیە کە هاتوەتە پێش بۆ داڕشتنەوەی دەستور و یاساکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی باشتر و دیموکراسیانەتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی ئەم هەرێمە و پاراستنیان، بۆیە کۆکبونی هەمولایەك لەسەر پرسی دەستور زەرورییەتێکی مێژوییە و پێویستە هەمو حیزبەکان پابەندبن پێوەی لەپێناو هێنانەدی بەرژەوەندیە گشتیەکانی خەڵکی کوردستاندا و داڕشتنەوەی دەستورێکی باشتر، کە ببێتە پایەی دیموکراسی لەم هەرێمەی ئێمەدا. پێویستە لەم پێناوەدا بەرژەوەندی حیزبی کارنەکاتە سەر بەرژەوەندیە باڵاکانی میللەت و پێشخستنیان. |
|
|