Print
 
 رۆڵی‌ كه‌رته‌كانی ‌(گشتی‌ و تایبه‌ت) له‌گه‌شه‌ی‌ ئابوریدا
نوسه‌ر:  ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ساڵح مه‌عروف
Monday, April 27, 2015

ئاشكرایه‌ كه‌ هه‌ردو كه‌رتی‌ (گشتی‌ و تایبه‌ت) دو كه‌رتی‌ سه‌ره‌كی‌ جێبه‌جێكاری‌ گشت كار و چالاكیه‌كانی‌ كه‌رته‌ ئابوریه‌كانن، له‌ سیسته‌می‌ ئابوریدا كه‌رتی‌ تایبه‌ت {له‌پێناو قازانج داسه‌رمایه‌ وه‌گه‌ڕخه‌ره‌، جێبه‌جێكاری‌ پرۆژه‌كان و به‌رهه‌مهێنه‌رو داهات به‌خشیشه‌، به‌رزترین رێژه‌ی‌ هێزی‌ كاریش له‌ خۆ ئه‌كرێت}، هه‌رچی‌ كه‌رتی‌ گشتیشه‌ {هه‌ڵئه‌ستێت به‌ ئه‌نجامدانی‌ كارو چالاكی‌ له‌پێناو گه‌شه‌ی‌ ئابوریدا، جێبه‌جێكار و دابینكاری‌ گشت كایه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان و دابه‌شكاری‌ دارایی‌ نه‌ته‌وه‌شه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ دادوه‌رانه‌، ئامانجی ‌كه‌رته‌ گشتی‌ دابینكردنی‌ خۆشگوزه‌رانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌}. هه‌ردو كه‌رته‌كه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ كارو چالاكیه‌كانی‌ ئابوری‌ جێبه‌جێ‌ ئه‌كه‌ن، كه‌ وه‌ك دو كەرتی‌ كاریگه‌ر، له‌ دو هێڵی‌ ته‌ریبدا ئاوێته‌ی‌ یه‌كترن، هه‌ردو گیان به‌جوڵه‌ به‌خشی‌ ئابوری‌ وڵات دائه‌نرێن، كه‌ به‌رده‌وام (سه‌رده‌میانه‌و زانستانه‌) بۆ ئیستا و ئاینده‌ ژیانێكی‌ شایسته‌ بنیاد ده‌نێن، ئه‌و دو كه‌رته‌ دوانه‌یه‌كن له‌یه‌ك جومگه‌دا كه‌پێویسته‌ پێكه‌وه‌ كاریان له‌سه‌ر بكرێت، له‌پێناو (گه‌شه‌ی‌ كه‌رته‌ ئابوری‌ به‌خشه‌كان و گه‌یاندنی‌ پرسه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی‌ شایسته‌ به‌ ژیانی‌ هاونیشتیمانیان)، ئه‌و باسه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ به‌ به‌راورد به‌ڕه‌وشی‌ ئه‌مڕۆی‌ ئابوریمانئه‌مانگه‌یننه‌ ئه‌و راستیه‌ی‌ كه‌ئه‌و دو كه‌رته‌ له‌ كاروانی‌ پێشه‌وتن و گه‌شه‌پێدانی‌ ئابوری‌ و دادوه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ...هتد) دا دواكه‌وتوه‌ن، له‌وكاته‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و دو كه‌رته‌ بارگاوی‌ حیزبایه‌تی‌ كران، مه‌یدانی‌ كارو چالاكیه‌كانی‌ ئابوری‌ نه‌ك هه‌ر نه‌بوه‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی‌ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی‌ ئابوری‌ هه‌رێم، به‌ڵكو قۆرغكاری‌ و دیارنه‌مان و به‌هه‌ده‌ردان بونه‌ خوڵقێنه‌ری‌ ده‌یان پرسیار كه‌ تائیستاش بێوه‌ڵام ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وكاته‌ ئه‌و راستیه‌ی‌ نیشانداین كه‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت ته‌نها بوه‌ مه‌یدانێكی‌ ده‌سكه‌وتی‌ ئابوری‌ له‌ كاری‌ بازركانیدا، له‌ ئیمرۆدا كه‌ كه‌رتی‌ بازرگانی‌ له‌بری‌ گشت كه‌رته‌ به‌رهه‌مبه‌خشه‌كان بوۆته‌ به‌رینترین مه‌یدانی ‌چالاكی‌ ئابوری‌، ده‌وری‌ هه‌ردو كه‌رتی‌ تایبه‌ت و گشتی‌ زیاتر له‌ كه‌رتی‌ بازرگانی‌ دا به‌رجسته‌بوه‌، ئه‌مه‌ش یه‌ك لایه‌نه‌یه‌، چونكه‌ به‌رهه‌می‌ نیشتمانی‌ كه‌ نه‌توانێ‌ له‌ بازاڕه‌كاندا ركابه‌ری‌ كاڵای‌ بێگانه‌بكات، واتا لاوازی‌ و نه‌بونی ‌ناردنه‌دره‌وه‌ی‌ به‌رهه‌می‌ نیشتمانی‌، ره‌وشی‌ ته‌نها پشت به‌ستن به‌ هاورده‌ش به‌ تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی‌ (خوارده‌مه‌نی‌ و بیناسازی‌ و پێداویستیه‌كانی‌ تری‌ رۆژانه‌)، واتا كه‌رته‌ چالاكه‌كه‌ی‌ بازركانی‌له‌ نیوه‌ بازنه‌یه‌كی‌ داخراو دایه‌ و نه‌یتوانیوه‌ سوڕی‌ ئابوری‌ خۆی‌ ته‌واو بكات.

ره‌وشێكی‌ ئا له‌و شێوه‌یه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ په‌راوێزكردن و ناكامڵبونی‌ رۆڵی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌ ئابوریدا، كاتێك كه‌رتی‌ گشتی‌ و تایبه‌ت ته‌واوكه‌ری‌ به‌رنامه‌و كاری‌ یه‌كترنه‌بن، له‌ كایه‌ ئابوریه‌كاندا ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زۆربه‌ی‌ جار هه‌وڵه‌كانی‌ حكومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌و گرفته‌كان له‌ بازنه‌یه‌كی‌ داخراودا ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌نگاوه‌كانی ‌(دامه‌زراندنی‌ به‌ لێشاوی‌ بێ‌ به‌رنامه‌ و به‌موچه‌ خۆركردنی‌ كۆمه‌ڵگا) نمونه‌یه‌كی‌ به‌رچاون بۆ سه‌لماندنی‌ نه‌زانین و شێواندن، به‌پێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان رۆڵ و پێكه‌و هێزی‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ و تایبه‌ت له‌ پرۆسه‌ی‌ ئابوریدادیارو به‌رچاون، به‌ڵام كه ‌(ژێرخان و ژینگه‌یه‌كی‌ له‌بار و سیسته‌می‌ ئابوری‌)، نه‌چه‌سپاو ناكامڵه‌ بو، لاوازی‌ پێگه‌وهێزی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌ڕه‌وشێكی‌ شێواوی‌ ئابوری‌ دا دێته‌ كایه‌وه‌، سه‌لمێنترین به‌ڵگه‌شله‌ ره‌وشی‌ ئیمڕۆی‌ ئابوریمان دا قه‌به‌كردن وفراوانكردنی‌زیاد له‌ پێویستی‌ كه‌رتی‌ گشتییه‌، سستكردنی‌ هێزی‌ كار له‌ كه‌رتی‌ تایبه‌تدا ئومێدێكی‌ باشی‌ لێ‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌ وناكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م كه‌رته‌ به‌ هاوشێوه‌ی‌ وڵاتانی‌ پێشكه‌وتو، له‌ هاوكێشه‌ ئابورییه‌كان دا ئاراسته‌یه‌كی‌ راست وه‌ربگرێت، پێویسته‌ به‌بونی‌ فه‌لسه‌فه‌ی‌ ئابوری‌ و ستراتیژییه‌تێك بۆ دیاریكردنی‌ سنوری‌ ده‌سه‌ڵات وكاره‌كان و دابه‌شكردنی‌ ئه‌رك و مافه‌كان، ده‌رگاكان واڵا بكرێن بۆ فراوانكردن و به‌هێزبونی‌ پێگه‌ی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت، بۆنمونه‌ یه‌كێك له‌ ئاماژه‌كانی‌ لاوازكردنی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت په‌یوه‌ندی‌ به‌بازوی‌ كاره‌وه‌یه‌، چونكه‌ تاكو ئیستا ئه‌و ئیمتیازو ده‌ستكه‌وتانه‌ی‌ له‌ بواری‌ كاركردن له‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ دا هه‌یه‌ له‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت دا نییه‌، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ هه‌مو هێزی‌ كاربه‌(پسپۆری‌ و شاره‌زای‌ و تواناو لێهاتویانه‌وه‌) چاویان له‌ دامه‌زراندن بێت، به‌مشێوه‌یه‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی‌ گه‌شه‌ی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت كه‌ بیرو بازوی‌ كاره‌ سستكرا، له‌كاتێكدا كه‌ هه‌مو هێزی‌ كار ناچاركرا رو له‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ بكه‌ن ئه‌و كه‌رته‌ گیرۆده‌ی‌ بیكاری‌ شاراوه‌ كراو داهێنان و به‌رهه‌مهێنانه‌كانیشی‌ تێیدا لاوازكرا، به‌مه‌ش هه‌وڵه‌كانی‌ حكومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ بێكاری‌ ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی‌ گۆڕینی‌ شێوه‌و جۆری‌ بێكارییه‌كه‌دا ده‌سوڕێته‌وه‌ نه‌ك دۆزینه‌وه‌ی‌ كارو به‌كارخستنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ كار، كه‌واته‌ له‌ ره‌وشێكی‌ له‌و شێوه‌ شێواوه‌ی‌ ئه‌و دو كه‌رته‌ سه‌ره‌كیه‌دا پێویسته‌ چی‌ بكرێت تا رۆشنترو زانستیانه‌تر درگاكانی‌ ده‌ربازبون له‌ چه‌ق به‌ستوی‌ به‌ڕوی‌ گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ دا بكه‌ینه‌وه‌.
 
*ئه‌ركی‌ حكومه‌ته‌ كه ‌له‌ رێگه‌ی‌ زامنكردنی‌ ئیمتیازو دابینكردنی‌ ژینگه‌یه‌كی‌ له‌ باری‌ كاركردن له‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت هێزی‌ كار به‌كاربخات، له‌ لایه‌كی‌ تره‌وه‌ له‌ هه‌رسێ‌ بواری‌ (دانانی‌ یاساو هه‌مواركردن وجێبه‌جێكردن دا) پێویست به‌وه‌ ده‌كات گۆڕانكاری‌ ئه‌نجام بدرێت، چونكه‌ یاسا هه‌یه‌ بۆ زه‌مه‌نێكی‌ رابردوی‌ دور ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ و سیسته‌می‌ ئابوری‌ نوێ‌ دا ناگونجێت، واته ‌پێویسته‌ له‌ ره‌وشی‌ نوێدا یاسای‌ نوێ‌ هانده‌ری‌ بوژانه‌وه‌ وپێشكه‌وتن بێت.

* پێویسته‌ رێكخراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌، له‌ ئاستی‌ پێگه‌ی‌ گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ دا بن، واته‌پێویسته‌ له‌ پێناو كاراكردنی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت دا ده‌ستپێشخه‌ر بن، به‌ تایبه‌ت بۆ گۆڕینی‌ یاسا كۆنه‌كان وچه‌سپاندنی‌ یاسای‌ نوێی‌ كاركردن.

*بۆ گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ و بنیادنانی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ نیشتمانی‌ زۆر گرنگه‌ پارته‌ سیاسیه‌كان ده‌ستێوه‌ردانیان له‌ناو كاروباری‌ ئابوری‌ بازاڕ نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانانه‌ له‌ زه‌قترین دیارده‌كانی‌ وڵاتانی‌ دواكه‌وتودا، بۆته‌ هۆی‌ شێواندنی‌ هه‌مو یاسا و بنه‌ماكانی‌ گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌، كه‌واتا لابردنی‌ مه‌ركه‌زیه‌تی‌ حیزبی‌ به‌سه‌ر كایه‌كانی ‌(كارگێری‌ وئابوری‌)، واتا پیاده‌كردنی‌ حكومداریه‌كی‌ حكومه‌تی‌ نیشتیمانی‌.

* له‌چوارچێوه‌ی‌ گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ دا، پێویسته‌(په‌رله‌مان وحكومه‌ت) پشتگیری‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت بكه‌ن، رۆڵی‌ (پێشخستن و چاودێری‌ و به‌دواداچون و لپێرسینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن) فه‌رامۆش نه‌كه‌ن، له‌ رێگه‌ی‌ یاساكانی‌ (كار و خانه‌نشینی‌و وه‌به‌رهێنان و رێكخستنی‌ باج و گومرگ و بیزنس و پاراستنی‌ مافی‌ به‌كارهێنه‌ر و نه‌هێشتنی‌ قۆرخكردن و ده‌یان یاسای‌ تر) له‌ كه‌رته‌كانی‌ (گشتی‌ وتایبه‌ت) ژینگه‌یه‌كی‌ له‌ بار بۆ كارو په‌ره‌پێدان زامن بكه‌ن.

*هاوكاری‌ دارایی‌ یه‌كێكه‌ له‌ رێگه‌ چاره‌سه‌ریه‌كانی‌ گه‌شه‌ی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت، ئه‌مه‌ش به‌بنیادنانی‌ پرۆژه‌ی‌ (گه‌وره‌و مامناوه‌ند وبچوك)، له‌ رێی‌ پێدانی‌ قه‌رزو ئاسانكاری‌ بانكی‌ و ره‌خساندنی‌ ژینگه‌ی‌ له‌بار دێته‌دی‌، كه‌واته‌ پێویسته‌ حكومه‌ت پێدانی‌ قه‌رز بۆ بنیادنانی‌ پرۆژه‌كانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت فراوانتر بكات تا بتوانن كارو چالاكی‌ پرۆژه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر جێبه‌جێ‌ بكه‌ن، كه‌ ده‌بنه‌ یه‌كێك له‌ هه‌نگاوه‌كانی ‌رێگه‌خۆشكردن بۆ بوژانه‌وه‌ی‌ كه‌رته‌ به‌رهه‌م به‌خشه‌كان، ئه‌مه‌ش واڵاكردنی‌ درگایه‌كه‌ له‌ به‌رده‌م (زۆركردنی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ داهاتو و زۆركردنی‌ هه‌لی‌ كار و چاره‌سه‌ركردنی‌ بێكاری‌).

ئه‌و خاڵانه‌و ده‌یان خاڵی‌ تریش له‌ڕوی‌ زانستی‌ گه‌شه‌ی‌ ئابوریه‌وه‌ سود به‌ ئێستا و ئاینده‌مان ئه‌گه‌یه‌نن، بیركردنه‌وه‌ی‌ به‌ كردار له‌ به‌كارخستنه‌وه‌ی‌ كه‌رته‌ به‌رهه‌مبه‌خشه‌كان، دابه‌شكردنی‌ هێز و تواناكانی‌ كار به‌سه‌ر گشت كه‌رته‌كاندا به‌ حكومه‌تێكی‌ دامه‌زراوه‌یی‌ دێته‌كایه‌وه‌، گرنگیش ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ هه‌ر حیزبێكی‌ سیاسی‌ ده‌رچو له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن حكومه‌ت ببات به‌ڕێوه‌، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی‌ حكومه‌ت سیسته‌م و یاسا كارابێ‌، كه‌واته‌ پێویسته‌ خه‌مخۆرانه‌ له‌پێناو ئاینده‌دا له‌دوای‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌م ره‌وشه‌ ئابوری‌ و سیاسیه‌ی‌ ئیمڕۆ، بنیاتنان بكه‌ینه‌ بناغه‌ی‌ به‌هێزبون، بۆئه‌مه‌ش ئابوری‌ كوردستان پێویستی‌ به‌ به‌كارخستنی‌ گشت بیرو تواناكانی‌ كاره‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاینده‌ی‌ (ئابوری‌ و سیاسی‌) مان، به‌ره‌و خراپتر نه‌چێت، تا زوه‌ ده‌بێت بیر له‌ به‌هێزی‌ و پته‌وی‌ ئابوری‌ بكه‌ینه‌وه‌، بۆ هێنانه‌ كایه‌ی‌ هێزو پێگه‌ی‌ ئابوریش پێویسته‌هه‌رچی‌ زوتره‌ قۆناغی‌ گه‌شه‌ی‌ بوژانه‌وه‌ی‌ كه‌رته‌ به‌رهه‌م به‌خشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت و گشتی‌ دا ده‌ستپێبكا.
Sbeiy.com © 2007