Print
 
 پارتی‌ و گێچه‌ڵی‌ زۆرینه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ ده‌ستور
نوسه‌ر:  سیروان ره‌شید
Thursday, April 30, 2015

په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ رۆژی‌ 13/4/2015 دا، پرۆژه‌ یاسایی‌ (ئاماده‌كردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ده‌ستوری‌ كوردستان_عێراق بۆ راپرسی‌ )  په‌سه‌ندكرد، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ كه‌ پتر له‌ دو هه‌فته‌یه‌ به‌هۆی‌ گێچه‌ڵی‌ فراكسیۆنی‌ پارتیه‌وه‌، نه‌توانراوه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی‌ ده‌ستبه‌كاربونی‌ لیژنه‌كه‌ ده‌ستپێبكات، كه‌ بریتیه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ 21 كه‌س له ‌نوێنه‌رایه‌تی‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ ناو په‌رله‌مان بۆ پێكهێنانی‌ لیژنه‌ی‌ ئاماده‌كاری‌ ده‌ستوره‌كه!

هۆكاری‌ دروستبونی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ی‌ ئێستا له‌نێوان فراكسیۆنه‌كان دروستبوه‌، لایه‌نی‌ پارتی خولقێنه‌ریه‌تی‌، ئه‌ویش به‌هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی‌‌ فراكسیۆنی‌ كۆتاكان و حیزبه‌ بچوكه‌كان.

له‌ئێستادا كه‌ وه‌ك رۆژنامه‌نوسێك چاودێریی‌ ئه‌و ناكۆكیه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڕونی‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ لایه‌نی‌ پارتی‌ ئاماده‌ نییه‌، له‌پێناوی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبیه‌كانی‌ خۆی‌ مرونه‌ت بنوێنێ‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ دادپه‌روه‌ری‌ و دیموكراسیه‌تی‌ راسته‌قینه‌، ته‌نگژه‌كه‌ تێبپه‌رێنێت!

ده‌ستور قانونی‌ ئه‌ساسی‌ وڵاته‌، ئاماده‌كردن و نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستور مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ ئه‌وه‌نده‌ پڕبایه‌خه‌ مافی‌ هه‌مو هێزو پێكهاته‌یه‌كه‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ری‌ هه‌بێت، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای‌ دادپه‌روه‌ری‌ دروست نه‌ك بۆ غایه‌و مه‌به‌ستی‌ ته‌سكی‌ حیزبی‌ و شه‌خسی‌!.

ئه‌و لایه‌نه‌ به‌رێزانه‌ی‌ پارتی‌ شه‌ڕی‌ ئه‌ندامبونیان ده‌كات بریتین له‌م فراكسیۆنانه‌:
# توركمانه‌كان:
لیستی هه‌ولێری توركمانی خاوه‌نی‌ یه‌ك كورسییه‌ به‌ 1951 ده‌نگی‌ به‌ده‌ستهاتو.
لیستی پێشكه‌وتنی توركمان خاوه‌نی‌ 2 كورسییه‌ به‌ 5259 ده‌نگی‌ به‌ده‌ستهاتو.
لیستی گۆڕان و نوێبونه‌وه‌ی توركمانی خاوه‌نی‌ یه‌ك كورسیه‌ به‌ 1926 ده‌نگی‌ به‌ده‌ستهاتو.
لیستی جەبهه‌ی توركمانی عێراقی خاوه‌نی‌ یه‌ك كورسییه‌ به‌ 1753 ده‌نگی‌ به‌ده‌ستهاتو.

كلدان و سریان و ئاشوری‌ و ئه‌رمه‌ن:#
لیستی رافدین خاوه‌نی‌  2 كورسییه‌ به‌ 6145 ده‌نگ
لیستی‌ ئه‌نجومه‌نی گه‌لی كلدانی سریانی و ئاشوری خاوه‌نی‌ 2 كورسییه‌ به‌ 5730 ده‌نگ
لیستی ابنا‌ء النهرین خاوه‌نی‌ یه‌ك كورسیه‌ به‌ 1093 ده‌نگ
لیستی ئه‌رمه‌ن خاوه‌نی‌ یه‌ك كورسییه‌ به‌ 521 ده‌نگ

حیزبه‌بچوكه‌كانی‌ دیكه‌:#
لیستی‌ ئاراسته‌ی‌ سێیه‌م خاوه‌نی‌ یه‌ك كورسییه‌ 8681 ده‌نگی‌ به‌ده‌ستهاتو.
لیستی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان خاوه‌نی‌ یه‌ك كورسی‌ به‌ 21834 ده‌نگی‌ به‌ده‌ستهاتو.
لیستی سۆسیالیست خاوه‌نی‌ یه‌ك كورسی‌ به‌ 12501 ده‌نگی‌ به‌ده‌ستهاتو.
لیستی ‌ئازادی خاوه‌نی‌ یه‌ك كورسی‌  به‌ 12392 ده‌نگی‌ به‌ده‌ستهاتو.

پرۆژه‌ یاساكه‌ له‌به‌ندێكیدا به‌رونی‌ بونی‌ نوێنه‌رێكی‌ بۆ پێكهاته‌ی‌ توركمان و نوێنه‌رێكیشی‌ بۆ پێكهاته‌ی‌ كلدو ئاشوری‌ و ئه‌رمه‌نی‌ یه‌كلاكردۆته‌وه‌، هیچ فراكسیۆنێك گرفتی‌ له‌و دو كورسیه‌ نیه‌و گرفته‌كه‌ له‌ئێستادا شه‌ڕی‌ پارتیه‌ له‌سه‌ر بونی‌ چوار كورسی‌ بۆ حیزبه‌ بچوكه‌كان)، به‌ڵام سه‌ر حسابی‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ مافی‌ گۆڕان و یه‌كێتی‌ و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ.

ئه‌م چوار لایه‌نه‌ كه‌ زۆرینه‌ی‌ ناو په‌رله‌مان پێكده‌هێنن به‌ 58 كورسی‌: (گۆڕان و یه‌كێتی‌ و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ) لارییان نیه‌ له‌بونی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ حیزبه‌ بچوكه‌كان  له‌لیژنه‌ 21 كه‌سیه‌كه‌دا، به‌ڵام ئاخر به‌ چ پێودانگێكی‌ دادپه‌روه‌رانه‌ ره‌وابێت حیزبێكی‌ وه‌ك كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ 6 كورسی‌ په‌رله‌مانه‌ به‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ (118574 سه‌دو هه‌ژده‌ هه‌زارو پێنج سه‌دو حه‌فتاو چوار ده‌نگ) له‌لیژنه‌كه‌دا به‌یه‌ك كورسی‌ به‌شدارده‌بێت (به‌پێی‌ سیستمی‌ سانتلیگۆ)، به‌ڵام لیستی‌ ئاراسته‌ی‌ سێیه‌میش كه‌ خاوه‌نی‌ یه‌ك كورسیی په‌رله‌مانیه‌ به‌ده‌نگی‌ به‌ده‌ستهاتوی‌ (8681 هه‌شت هه‌زارو شه‌شسه‌دو هه‌شتاو یه‌ك ده‌نگ)، به‌یه‌ك كورسی‌ له‌ لیژنه‌ 21 كه‌سیه‌كه‌دا به‌شداربێت! بنه‌مای‌ دادپه‌روه‌ری‌ ئه‌م سه‌پاندنه‌ی‌ پارتی‌ له‌كوێدایه‌!؟

پارتی‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌؛ (گۆڕان و یه‌كێتی‌ و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ، كه‌ خاوه‌نی‌ 58 كورسی‌ په‌رله‌مانن و نزیكه‌ی‌ 60%ی‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانیان به‌ده‌ست هێناوه‌ 50+1ی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ناو لیژنه‌كه‌ پێك نه‌هێنن. به‌ڵام به‌خۆی‌ ره‌وا ده‌بینێت به‌ جیاوازی‌ 20 كورسی‌ كه‌متر له‌و چوارحیزبه‌، خۆی‌ بكات به‌زۆرینه‌ی‌ لیژنه‌كه‌ به‌پشتیوانی‌ كۆتاكان و حیزبه‌ بچوكه‌كان! له‌كاتێكدا ئه‌و حیزبانه‌ی‌ پارتی‌ شه‌ڕیان بۆ ده‌كات ژماره‌ی‌ ده‌نگه‌كانی هه‌ندێكیان به‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێی‌ قاسمی‌ ئینتیخابی‌ هاتونه‌ته‌ په‌رله‌مان.

پارتی‌ ده‌یه‌وێت به‌و زۆرینه‌یه‌ دو شت مسۆگه‌ربكات:
یه‌كه‌م: سه‌رۆكایه‌تی‌ لیژنه‌كه‌ به‌ده‌ستبهێنێت، بۆئه‌وه‌ی‌ وه‌ك كوێخا به‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێی‌ ده‌نگی‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌مو لیژنه‌و كۆمسیۆنه‌ گرنگه‌كانی‌ ئه‌م وڵاته‌ بكات!
دوه‌م: بۆ ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێ به‌ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی‌ نوێنه‌رێكی‌ توركمان و كلدو ئاشوری‌ و چوار حیزبه‌بچوكه‌كانی‌ دیكه‌وه‌ زۆرینه‌ی‌ 50+1ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌كه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ 11كه‌س، به‌قازانجی‌ خۆی‌ یه‌كلابكاته‌وه‌و ده‌ستوره‌كه‌ له‌ناو لیژنه‌كه‌دا به‌ویستی‌ خۆی‌ ئاماده‌بكرێت!

پارتی‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی‌ به‌هانه‌ دروستكردن و تێكدانی‌ پرۆسه‌كه‌ نه‌بێ و ئه‌وه‌نده‌ سه‌خی‌ ته‌بیعه‌ت باله‌ حه‌قه‌ به‌شی‌ خۆی‌ كورسی‌ بدات به‌و لایه‌نانه‌ و وازبێنێت له‌و گێچه‌ڵه‌ی‌ به‌ گۆڕان و یه‌كێتی‌ و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵی‌ ده‌كات!

له‌یه‌كه‌مین ئه‌زمونی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ساڵی‌ 1992، پێنج كورسی‌ له‌كۆی‌ 105 كورسی‌ بۆ كۆتاكان ته‌رخانكرا، به‌ڵام به‌ فشاری‌ پارتی‌ له ‌ساڵی‌ 2005دا ئه‌م ژماره‌یه‌ بوه‌ به‌ ‌(11) كورسی له‌كۆی‌ 111 كورسی‌ په‌رله‌مان، بۆ خولی‌ سێهه‌میش به‌هه‌مانشێوه‌ مایه‌وه‌‌و له‌هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانیشدا رێژه‌كه‌ وه‌ك خۆیه‌تی‌.

له‌كاتێكدا ئه‌و پێنج كورسیه‌ی‌ بۆ توركمانه‌كان و شه‌شه‌كه‌ی‌ دیكه‌ش كه‌ بۆ كلدو ئاشوری‌ و سریانی‌ و ئه‌رمه‌ن دیاریكراوه‌، به‌كۆی‌ ده‌نگی‌ (24000 بیست و چوار هه‌زار) ده‌نگ هه‌ر 11 كورسیه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانیان، به‌ده‌ستیان هێناوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ شتێك زیاتر له‌قاسمی‌ ئینتیخابی‌ یه‌ك كورسی‌ راسته‌قینه‌ی‌ په‌رله‌مان. ئه‌وه‌ سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌یان پرسیارو گومان له‌شێوازی‌ ده‌نگ پێدانی‌ ئه‌و كۆتایانه‌ هه‌یه‌و له‌ كاتی‌ راگه‌یاندنی‌ كۆتا هه‌ڵبژاردنی‌ ده‌نگدانی‌ تایبه‌تی‌ هێزه‌كانی‌ زێره‌ڤانیدا له‌دهۆك و سۆران، دو لیستی‌ توركمانی‌ و مه‌سیحی‌ له‌ بنكه‌یه‌كی‌ ده‌نگداندا زیاتریان له‌ لیستی‌ پارتی‌ هێنابو!

ئه‌م كێشه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌سه‌ر دیاریكردنی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ لیژنه‌ی‌ ده‌ستوری‌ دروستبوه‌، ده‌یانی‌ دیكه‌ كه‌ له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردودا به‌هۆی‌ كۆتاكان و حیزبه‌ بچوكه‌كانی‌ دیكه‌وه‌ رویداوه‌، ئه‌ركی‌ جدی‌ له‌سه‌ر؛ گۆڕان و یه‌كێتی‌ و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ، دروستده‌كات كه‌ ده‌بێت له‌ئاماده‌كردنی‌ ده‌ستورو پێداچونه‌وه‌ به‌ قانونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، قۆرخكاری‌ پارتی‌ له‌سه‌ر كۆتاكان هه‌ڵبگرن و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ سه‌رژمێری‌ بۆ ئه‌و پێكهاتانه‌و كردنه‌وه‌ی‌ بنكه‌و وێستگه‌ی‌ تایبه‌تی‌ ده‌نگدان بۆ  پێكهاته‌كان و ژماره‌ی‌ راسته‌قینه‌ی‌ دانیشتوانیان كورسی‌ كۆتایان بۆ دیاریبكرێت.
Sbeiy.com © 2007