|
با ژنێک سەرۆکی هەرێم بێت |
نوسهر: رێزان شێخ دلێر
|
Monday, May 11, 2015 |
بڕواناکەم کەسایەتی [مارگرێت تاچێر] وا بە ئاسانی لە بیری سیاسیەکان و رۆشنبیرانی دونیا بچێتەوە، ئەو خانمە بەریتانیە کاتێک پۆستی سەرۆکی حکومەتی وڵاتەکەی دەگرێتەدەست لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا بەدەنگی بەرز دەیگوت 'لە سیاسەتدا ئەگەر دەتانەوێت قسەو بەڵێنی گەورە وەربگرن ئەوە بڕۆن بۆلای پیاوان، خۆ ئەگەر کارو پرۆژەی گەورەشتان دەوێت بۆ پێشخستنی وڵات خانمان دەستنیشان بکەن. ئەم خانمە کە بەپاڵەوانی پێشخستنی وڵات و کارکردن بۆ بەرقەرار کردنی ئاشتی جیهانیناسرابو لەبەردەم هەمو پیاوانی دونیادا دەیگوت، کۆمەڵگا بونی نیە،ئەوەی هەیە بە تەنها ژن و پیاوە. مادام دۆخەکە لەمە زیاتر نەبێت کەواتە دەبێت رێکخستنی ژیانی ژن و پیاو لانی هەرەزۆری یەکسانی تێدابێت.
قسەکردن دەربارەی یەکسانی نێوان ژن و پیاو، بە تەنها بابەتی میدیا و رۆشنبیران نیە ئەمڕۆ یان دوێنێ، بەڵکە بۆتە پڕ ماناترین بابەتی ناوەندەکانی سیاسەتیش لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە دەگمەن هێزێکی سیاسی دەبینین، کە لە هەوڵی تەواودا نەبێت تا خانمان بۆ پۆستە حکومی و حیزبیەکان مانیفێستنەکەن، لەدەرەوەی کردەی سیاسەتیش، بارودۆخ بەجۆرێک بە سودی خانمان گۆڕاوە کە لە هەمو شوێنە گشتیەکان و دەزگاکانی راگەیاندن و رێخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی توانایی خانمانبە ئاشکرا دەبینرێت. ئەوە جێگەی گومان نیە کە زانکۆکانی کوردستان رێژەیەکی بێ وێنەی خانمانی لە خۆی گرتوە و بەشێکی زۆری دیکەی خانمان رەوانەی وڵاتان کراون بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا تر لەبوارە جیاجیاکاندا. بە گشتی کە تەماشای ئەم هەیکەلەی کۆمەڵگای کوردی دەکەین ئەو هیواو ئومێدە بەرزە لە چاوماندا ناشارێتەوە کە ژنی کورد داهاتویەکی باشتر و کۆمەڵگای کوردی جیهانێکی یەکسان و مرۆڤ دۆست ترو کراوەتر چاوەڕێی دەکات. تەنها گومانێک ئەگەر بکرێت لەم دۆخەی هەرێمی کوردستان بکرێت کە بۆ خانمانی دروست کردوە ئەوەیە ئاخۆخانمان جۆرێکن لە ئێکیسسوارو دیکۆر و کەرەسەی ماکیاژکردنی روخساری حیزب و حکومەت یان هەر بەڕاستی ئەم بارودۆخە دیفاکۆتۆیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە و دەکرێت هیوای گەورەی لەسەر بونیاد بنرێت.
ئەگەر ململانێی سیاسی و چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان گەشتبێتە ئەو ئاستەبەرزەی خانمان بگەنە نێو هۆڵەکانی پەرلەمان و مەکتەبی سیاسی حیزبەکان و زانکۆ و پەیمانگا و دامودەزگاکانی وڵات، ئیتر بۆ رەوانەبێت پرسیاری ئەوە بکەین فاکتەرەکانی پشتی سڕکردنی خانمان چییە لە پشتی پۆستێکی شکڵی ئیداری و حیزبیەوە؟ بۆ خانمان بواری زیاتریان نادرێت رکابەری بکەن بۆ بون بە سکرتێری حیزبێکی سیاسی یان سەرۆکی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم؟ هەمو دەزانین لەو وڵاتانەی لانی هەرەکەمی دیموکراتیشی قبوڵ کردوە کە بەپێی داتاکان رێژەیەکی زۆری گەندەڵی سیاسی و ئیداریشیان هەبوە ئامادەبون دەرگا بکەنەوە بۆ رکابەری سیاسی یەکسان لە نێوان ژن و پیاو، بۆ نمونە لە ئیسرایل، هیندستان، پاکستان، ئەفریقا، تورکیا، ئەوروپا، ئەمەریکا. بەڵام رەوانەبێت لە هەرێمی کوردستان تەنانەت خەونیش بەوەوە ببینرێت خانمێکپۆستی سەرۆکایەتی هەرێم وەربگرێت.
هەمو دەزانین پرۆسەی دیموکراسیەت یەک لە بەهاو نۆرمە بەرزەکانی بریتییە لە یەکسانی نێوان ژن و پیاو و تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، مەیل بۆ یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە ناوەندی سیاسی هەرێمی کوردستان لە تۆخ ترین قۆناغی خۆیایەتی، ئەگەر ئەم مەیلە بەشێکی بۆ ناو خۆی هەرێم مەیلێکی ساختەکارانە بێت، ئەوە بە دیوی دوەمدا دەبێت مەیلێکی راستەقینە بێت بۆدونیای دەرەوە، ئەمڕۆ گەلی کورد زیاد لە هەرشت پێویستی بە نیشاندانی ئەو مەیلە دیمۆکراسییە بۆ دونیا. ئاشکرایە پیاوانی سیاسی نایەنەوێت بۆ سودی پرۆسەی دیموکراسیەت لە هەرێم پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بەشێوەیەکی یاسایی یەکلابکەنەوە، ئەندازە گیری حیزبی، حیساباتیشەخسی ئەو هێڵانەی کاڵ کردۆتەوە کە بیەوێت کۆمەڵگای کوردی هەنگاوی گەورەتر بەرەو پرۆسەی دیموکراتیزاسیۆن بهاویژێ. زیاتر لە دو دەیەیە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بۆتە سیحر و مۆتەکە و جادو، نە کەس دەتوانێت سەری لێدەر بکات و نە هیچ هێزێکی سیاسیش جورئەتی ئەوە دەکات بەئاشکرا ئەو جادوە بەتاڵ بکاتەوە، کە سەرۆکایەتی کردنی هەرێمی تێداچەقیوە. ترسی ئەوەی لایەنێکی سیاسی بیەوێت لە رێگای گیردانی ئەم پۆستەوە لای خۆی وڵات بەرەو دیکتاتۆریەت بەرێت دۆخێکی خەمهاوەرو ترسناکی بۆ هەمو هیزەکان دروستکردوە، بێگومان ئەم ترسی سازکردنی دیکتاتۆرە لە خۆیەوە دروست نەبوە، بەڵکە مێژویەکی درێژ لەتوندوتیژی پیاوانی سیاسی لەگەڵ یەکدا ئەم دۆخەی هێناوەتە بەرهەم،ترس لە دیکتاتۆر ستراکتۆری سیاسی و ریشەی کلتوری و مێژوییخۆی هەیە، رەواندنەوەی ئەو ترسە لای پیاوانی سیاسی لە یەکتر کارێکی نەکردەو مەحاڵە بەم مۆنتالیتێ سیاسیەی ئێستایانەوە کە وەک ماشێنێکی زەبەلاح ترس بەرهەمدێنێت، کەواتە ئەگەر دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەوەندە خەتەرناک و رو لە نادیارە، ئەگەر پرۆسەی دیموکراسیەت لەبەردەم هەرەشەی تەریق بونەوەو نابود بوندایە، ئەگەر ئازادی سیاسی، کۆی پرۆژەی دروستکردنەوەی کەسایەتی مرۆڤی کورد بەشێوە سەربەست و ئینسانییەکەی، ئەگەر پرسی دەستورو یاسا و دادی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەرەشەی لێدان و لەبەرچوندایە، تەنها بە هۆکاری ئەوەی کە پیاوانی سیاسی لەگەڵ یەک ناتوانن رێک بکەون، نەک لەبەرئەوەی لەسەر پرۆژە خزمەتگوزاریەکان، بەرنامەی سیاسی، ستراتیژی دروستکردنەوەی وڵات لە بەرزترین ئاستدا رێکناکەون، بەڵکە تەنها لەبەرئەوەی کۆشکی سەرۆکایەتی هەرێم و کورسیەکەی لە دەستی ئەم یان ئەو پیاوی سیاسیدا دەبێت بمێنێتەوە.
کەواتە بۆ تواندنەوەی بەستەڵەکی سیاسی و رەواندنەوەی ترس و گومانی هیزە سیاسیەکان لەیەکتر خانمێکی خاوەن پرۆژە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێشنیارێکی باش دەزانم، هەڵبژاردنی خانمێکی سیاسی بۆ پۆستیسەرۆکی هەرێمی کوردستان بە دیوێکدا تۆخ کردنەوەی مەیلی سیاسی گەلی کوردە بۆ یەکسانی نیوان ژن و پیاو و بە دیوەکەی تردا نیشاندانی درەوشاوەترین روخساری دیموکراسیەت و مەدەنیەتە بۆ دونیا، کە گەلی کورد خاوەنی ژنانی چەکدارە بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان و هەروەها خاوەنی خانمانی سیاسیشە کە هاوشانی پیاوان بۆ خزمەتکردنی نیشتیمان تێدەکۆشێت. |
|
|