Print
 
 پرۆژه‌ یاسای‌ بیمه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
نوسه‌ر:  د.محه‌مه‌د ئه‌مین
Saturday, May 16, 2015

بارگرانیه‌كی‌ دی‌ له‌سه‌ر گیرفانی‌ هاوڵاتیان

به‌شی‌ یه‌كه‌م

له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی‌ زانستی‌ پزیشكی‌ و ته‌كنولۆجیای‌ سه‌رده‌م تێچونی‌ دارایی‌ خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستی و پزیشكیه‌كان له‌زیادبونه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ مه‌ترسیه‌ بۆ سه‌ر باری‌ ته‌ندروستی‌ و تونای‌ كاركردن و ژیانی‌ هاوڵاتی‌ (سامانی‌ مرۆیی‌) بۆته‌ مه‌ترسی‌ بۆسه‌ر ژیانی‌ ئابوری‌ هه‌مو تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا و سیستمی‌ حكومڕانی‌ و سیاسی‌ و ئابوری‌ وڵات .

سیستمی‌ سیاسی‌ و حكومڕانی‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك شێوازو جۆری‌ سیستمی‌ ته‌ندروستی‌ دیاریده‌كات به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 31 له‌ ده‌ستوری‌ كۆماری‌ عێراق ساڵی‌ 2005 دا هاتوه‌  (( یه‌كه‌م – هه‌مو عێراقیه‌ك مافی‌ چاودێری‌ ته‌ندروستی‌ هه‌یه‌و ده‌وڵه‌ت بایه‌خ به‌ته‌ندروستی‌ گشتی‌ ده‌دات و شێوازه‌كانی‌ خۆپاراستن چاره‌سه‌ركردن به‌بنیاتنانی‌ جۆره‌ها نه‌خۆشخانه‌و دامه‌زراوه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات)) واتا ده‌وڵه‌ت به‌رپرسه‌ له‌ته‌ندروستی‌ هاوڵاتی‌ و شێوازه‌كانی‌ خۆپاراستن و چاره‌سه‌ركردن و‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی ئه‌بێ‌ ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ بهێنێته‌دی‌ , ته‌نانه‌ت به‌درێژایی‌ حكومڕانی‌ حیزبی‌ به‌عسی‌ فاشی‌ كۆی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستی‌ و پزیشكیه‌كان به‌خۆڕایی‌ بون به‌كوالتیه‌كی‌ به‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی.

سه‌له‌ر رۆشنایی‌ سیستمی‌ ته‌ندروستی‌ عێراق ئه‌بێ‌ خزمه‌تگوزاری‌ ته‌ندروستی‌ لای‌ خۆمان به‌خۆڕایی بێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا وانییه‌ كاتێك بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌نه‌خۆش ده‌كه‌وێت و به‌چاوی‌ خۆت راستیه‌كان ئه‌بینیت سه‌ره‌ڕای‌ نادادوه‌ری‌ له‌ شێوازی‌ پێشكه‌شكردنی‌ ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ و به‌هه‌ده‌ردانی‌ بودجه‌ی‌ وڵات، تاكه‌ چاره‌ش بۆ ئه‌م كێشانه‌ به‌سیستماتیكردنی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستییه‌ له‌گه‌ڵ هێنانه‌كایه‌ی‌ سیستمێكی‌ دڵنیایی‌ ته‌ندروستی‌ بۆ ڕێكخستنی‌ خزمه‌تگوزاریه‌ پزیشكی‌ و ته‌ندروستیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌رده‌میانه‌ بۆ گه‌یشتن به‌دادی‌ ته‌ندروستی‌ بۆ تاكی‌ كۆمه‌ڵگا، واته‌ هیچ سیستمێكی‌ ته‌ندروستی‌ سه‌رده‌م بونی‌ نییه‌ به‌بێ‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كانی‌ دڵنیایی‌ ته‌ندروستی‌ .

به‌ڵام كاتێك پرۆژه‌ ((یاسای‌ بیمه‌ی‌ ته‌ندروستیی‌ حكومی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان–عێراق ساڵی‌ 2015 )) م بینی‌ توشی‌ شۆك بوم، به‌درێژایی‌ هه‌مو ته‌مه‌نم پرۆژه‌ یاسای‌ وا خراپم نه‌بینیوه‌ تا عه‌قڵ بڕبكات پرۆژه‌كه‌ قه‌به‌و گه‌وره‌یه‌ ئه‌توانم بڵێم گشت هاوڵاتی‌ هه‌رێم ئه‌گرێته‌وه‌، نه‌ك یه‌كێك له‌ئامانجه‌كانی‌ بیمه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ نه‌پێكاوه،‌ به‌ڵكو پێناسه‌ی‌ بیمه‌ی‌ ته‌ندروستیشی‌ به‌سه‌ردا ناگونجێت و بارگرانیه‌كی‌ ئێجگار زۆری‌ خستوته‌ سه‌رشانی‌ هاوڵاتی‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ گۆڕانكاریه‌كی‌ پۆزێتڤانه‌ له‌كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ روبدات  .

دور له‌بۆچونی‌ تایبه‌تی‌ خۆم ((وڵاتێك خاوه‌نی‌ دڵنیایی‌ (زامنی‌) موچه ‌((موچه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا نه‌درێت))  و دڵنیایی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ نه‌بێت و سه‌ر به‌جیهانی‌ سێهه‌م بێت و له‌هه‌مانكات خاوه‌نی‌ نه‌وت و سامانێكی‌ سروشتی‌ بێ شومار بێت، تاوانه‌ ئاراسته‌ی‌ خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستیه‌كه‌ی‌ له‌خۆڕاییه‌وه‌ بگۆڕیت به‌پاره‌ )).

تاكه‌ گۆڕانكارییه‌ك له‌م پرۆژه‌ یاسایه‌دا كردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌ له‌خۆڕاییه‌وه‌ به‌پاره‌! به‌ڕاستی‌ كارێكی‌ زۆر پیرۆزو باشیان كردوه‌ ئیتر له‌مه‌ودوا هاوڵاتی‌ ئه‌حه‌سێته‌وه‌! حكومه‌تێكی‌ پرۆفیشناڵ به‌م هه‌مو پۆست و راوێژكارانه‌وه‌ ئه‌مه‌ به‌روبومی‌ بێت و ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانیش دو جار خوێندنه‌وه‌یان بۆ كردبێت! ئه‌بێ‌ خه‌ممان نه‌بێت! نازانم ئه‌بێ‌ وه‌ڵامی‌ به‌ڕێزیان چی‌ بێت بۆ ئێمه‌و هاوڵاتی ساده‌ كه‌ بارگرانیه‌كی‌ دیان له‌سه‌ر گیرفانی‌ هاوڵاتیان زیادكردوه‌؟ ئایا خۆیان ئه‌زانن چ جۆره‌ پرۆژه‌یه‌كیان ئاماده‌كردوه‌و مه‌به‌ست لێی‌ چییه‌؟. وه‌ك پزیشكێك و تاكێكی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ ده‌مێكه‌ هه‌ستم به‌وه‌كردوه‌ هه‌وڵێكی‌ جیدی‌ هه‌یه‌ له‌به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ بۆ گۆڕینی‌ ئاراسته‌ی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستیه‌كان به‌ره‌و بازرگانییه‌كی‌ رەها، به‌ڵێ‌ كاری‌ ته‌ندروستیش وه‌ك هه‌ركارێكی‌ دی‌ بازرگانیشی‌ تێدایه،‌ به‌ڵام بازرگانی‌ ره‌ها نییه‌! بۆیه‌ رێگه‌ به‌خۆم ئه‌ده‌م ئه‌م رونكردنه‌وانه‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساكه‌ بده‌م نازانم تاچه‌ند راستیه‌كانم پێكاوه‌؟ هیوادارم له‌داهاتودا سودی‌ گشتی‌ هه‌بێت له‌سه‌ر كۆی‌ پرۆژه‌ یاساكه.

* دڵنیایی‌ و بیمه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ جۆرێكه‌ له‌سیستمی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌  به‌ مه‌به‌ستی‌ یارمه‌تیدانی‌ تاكی‌ به‌شداربو و نه‌هێشتنی‌ به‌ربه‌ستی‌ داراییه‌ له‌نێوان نه‌خۆش و ئه‌و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیانه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ته‌ندروستی‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن به‌شێوازێكی‌ زانستی‌ پێشكه‌وتو و كوالیته‌كی‌ باش به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌ی‌ دیاریكراوی‌ گونجاو كه ‌له‌ توانای‌ به‌شداربودا بێت له‌پێناو ڕێكخستنی‌ خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستی‌ و پزیشكیه‌كانی‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ و تایبه‌ت وكه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كان و به‌هه‌ده‌رنه‌دانی‌ بودجه‌ی‌ وڵات .
 واته‌ یه‌كێك له‌ئامانجه‌كانی‌ دڵنیایی‌ و بیمه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بارگرانی‌ ئابوریه‌ له‌سه‌ر تاكی‌ به‌شداربو به‌و مانایه‌ی‌ كاتیك تۆ پێویستت به‌دڵنیایی‌ و بیمه‌ی‌ ته‌ندروستیه‌ كه‌ خزمه‌تگوزاری‌ ته‌ندروستی‌ و پزیشكی‌ به‌ پاره‌بێ و بته‌وێت بارگرانی‌ له‌سه‌ر شانی‌ هاوڵاتی‌ كه‌مبكه‌یته‌وه‌، به‌ڵام له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ وه‌ك ئێمه‌ كه ‌خزمه‌تگوزاری‌ ته‌ندروستی‌ به‌خۆڕاییه‌ و هه‌مو تاكێك له‌بودجه‌ی‌ گشتی‌ پاره‌ی‌ بۆ دانراوه‌و دراوه‌ته‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ بۆ بایه‌خدان به‌ته‌ندروستی‌ گشتی‌ و شێوازه‌كانی‌ خۆپاراستن چاره‌سه‌ركردن و چاودێری‌ ته‌ندروستی‌ چ پێویست ده‌كات پرۆژه‌ یاسایه‌ك دابنێیت له‌بری‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ خه‌رجی‌ له‌سه‌ر هاوڵاتی‌ بارگرانی‌ بۆ دروستبكه‌یت به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ جۆره‌ گۆڕانكاریه‌كی‌ پۆزێتڤ ئه‌نجام بده‌یت !

* دڵنیایی‌ و بیمه‌ی‌ ته‌ندروستی‌: بریتیه‌ له‌ بۆندێكی‌ نێوان دو یان سێ‌ لایه‌ن بۆ دڵنیایی‌ كردنی‌ هاوڵاتی‌ نه‌خۆش و پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ته‌ندروستی‌ وپزیشكی‌ به‌ باشترین شێوه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بارگرانی‌ دارایی‌ و ده‌رونی‌ له‌سه‌ر تاكی‌ به‌شداربو له‌ كاتی‌ توشبونی‌ به‌ نه‌خۆشی یان تێكچونی‌ باری‌ ته‌ندروستی‌ یاخود له‌ئه‌نجامی‌ روداوی‌ كتوپڕی‌ به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌ كه‌ به‌شێوه‌ی‌ قیست یاخود یه‌كجاری‌ له‌لایه‌ن به‌شداربوه‌وه‌ مانگانه‌ یا ساڵانه‌ ده‌درێت .

ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆنده‌ له‌نێوان دولایه‌ندابێت لایه‌نی‌ یه‌كه‌م (به‌شداربو)  هه‌ڵده‌ستێت به‌ پێدانی‌ تێچوی‌ چاره‌سه‌ری‌ خزمه‌تگوزارییه‌ پزیشكیه‌كان به‌لایه‌نی‌ دوه‌م (نێوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌) به‌رامبه‌ر پێشكه‌شكردنی‌ ئه‌و خزمه‌تگوزاری‌ ته‌ندروستی‌ و پزیشكیانه‌ به‌شێوازێكی‌ پێشكه‌وتو و گونجاو بۆ به‌شداربوان، ئه‌گه‌ر بۆنده‌كه‌ له‌نێوان سێ‌ لایه‌ن بو لایه‌نی‌ سێهه‌م كه‌ زۆرجار بانكێكه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ڕێكخستنی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان به‌شداربوان و ئه‌و نێوه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌ی‌ خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستیه‌كان پێشكه‌ش ده‌كات،  به‌ڵام له‌م پرۆژه‌ یاسایه‌دا وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ له‌بری‌ هه‌مو لایه‌نه‌كانه‌ و هه‌ڵده‌ستێت به‌جێبه‌جێكردنی‌ كۆی‌ پرۆژه‌كه‌ له‌ئه‌لفه‌وه‌ تا یا, ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی‌ پێناسه‌و بنه‌ماكانی‌ دڵنیاییه‌ له‌ مادده‌ی‌ 3 ی‌ پرۆژه‌ یاساكه‌دا هاتوه‌ له‌ وه‌زاره‌ت سندوقێك به‌ناوی‌ (سندوقی‌ دڵنیایی‌) داده‌مه‌زرێت و بودجه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ ده‌بێت كه‌وه‌زیر ئاماده‌ی‌ ده‌كات و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بڕیاری‌ له‌سه‌ر ده‌دات ,ئه‌مه‌ خۆی‌ له‌خۆیدا كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ دروست ئه‌كات ئایا  وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌  چۆن ئه‌توانێت له‌بری‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان كاربكات و له‌هه‌مانكات دو سه‌رچاوه‌ی‌ داهات رێكبخات ولێكیان جیابكاته‌وه‌ به‌بێ‌ كێشه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵئاوسانێكی‌ گه‌وره‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستیدا روئه‌دات و كێشه‌ی‌ زیاتری‌ بۆ دروست ئه‌بێ‌ له‌بری‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ لابه‌لاو پێشخستن و باشكردنی‌ په‌یكه‌ری‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌  .

* یه‌كێك له‌بنه‌ماكانی‌ دڵنیایی‌ و بیمه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ بونی‌ (زانیاری‌) داتای‌ مرۆیی‌ راست و دروسته‌ له‌كه‌ڵ داهاتی‌ مانگانه‌ی‌ تاكه‌كان بۆ پۆلێنكردنیان له‌ڕوی‌ ده‌رامه‌ت و بژێوی‌ و توانای‌ داراییه‌وه‌، نه‌بونی‌ ئه‌م داتایه‌ كۆی‌ پرۆسه‌كه‌ ئه‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، نازانم له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ده‌رامه‌ت و توانای‌ دارایی‌ تاك دیاریده‌كرێت و نه‌دارو په‌ككه‌وته‌ ده‌ستنیشانده‌كرێت به‌مه‌زه‌نه‌ی‌ عه‌قڵ یاخود داتای‌ دروست !

* بۆ جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌یاسایه‌كی‌ واقه‌به‌ كه‌ گشت فه‌رمانبه‌رو كرێكاری‌ كرێی‌ رۆژانه‌و خاوه‌نكارو ئه‌ندام به‌خش و خوێندكارو نه‌داراو په‌ككه‌وته‌ ئه‌گرێته‌وه‌ و له‌هه‌مانكات خزمه‌تگوزاری‌ ته‌ندروستی‌ كه‌ پشكنینی‌ چاودێریانه‌و تاقیگه‌یی‌ و تیشكیی‌ و چاره‌سه‌ری‌ فیزیكی وپسپۆری‌ و نه‌شته‌رگه‌ری‌ و له‌دایكبون و داوده‌رمان و مانه‌وه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌و پێداویستی‌ چاره‌سه‌ری‌ دیكه‌ ئه‌گرێته‌وه‌ پێویستمان به‌ سیستمێكی‌ بانكی‌ پێشكه‌وتوو وحكومه‌تێكی‌ ئیلیكترۆنی‌ (سیستمێكی‌ ئیلكترۆنی‌) هه‌یه‌، بونیان له‌م كاته‌دا به‌بێ‌ زانیاری‌ داتای‌ دروست مه‌حاڵه‌ .

* له‌م پرۆژه‌ یاسایه‌دا ئاماژه‌ به‌چۆنێتی‌ دیاریكردنی‌ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌و بنكه‌ ته‌ندروستیانه‌ نه‌دراوه‌ كه‌خزمه‌تگوزاری‌ پێشكه‌ش به ‌به‌شداربوان ده‌كه‌ن، ئایا هه‌مو نه‌خۆشخانه‌و بنكه‌ته‌ندروستی‌ وسێنته‌ره‌ پزیشكیه‌ گشتی‌ و تایبه‌ته‌كان ئه‌گرێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر گشت دامه‌زراوه‌ حكومیه‌ گشتیه‌كان بگرێته‌وه‌ ئایا چون چاره‌سه‌ری‌ هاوڵاتیه‌ك ئه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر به‌شدارنه‌بێت له‌م بیمه ‌ته‌ندروستیه‌دا وخزمه‌تگوزارییه‌كان نه‌یگرێته‌وه‌؟ !

* وه‌ك ده‌زانین دڵنیایی‌ و بیمه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ جۆری‌ زۆره‌ ((دڵنیایی‌ ته‌ندروستی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، دڵنیایی‌ ته‌ندروستی‌ بازرگانی‌، دڵنیایی‌ ته‌ندروستی‌ هاریكاری‌ یاخود هاوبه‌ش، دڵنیایی‌ ته‌ندروستی‌ كۆگێڕكێ‌، دڵنیایی‌ ته‌ندروستی‌ راسته‌وخۆ)) به‌پێی‌ پێویستی‌ كۆمه‌ڵگا، هزرو فیكری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌، شێوازی‌ حوكمڕانی‌ جۆره‌كه‌ی‌ دیاری‌ ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌رچه‌ندمكرد نه‌مزانی‌ ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ سه‌ر به‌كام گروپه‌، بۆیه‌ ئه‌م پرسیاره‌ ئاڕاسته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ ئه‌كه‌م تا بۆمان رونبكه‌نه‌وه‌ ئه‌مه‌ چ جۆرێكه‌ له‌جۆره‌كانی‌ دڵنیایی‌ ته‌ندروستی‌؟

* له‌مادده‌ی‌ 29 ی‌ پرۆژه‌ یاساكه‌دا هاتوه‌ ((وه‌زیر بۆی‌ هه‌یه‌ گرێبه‌ست بكات له‌گه‌ڵ هه‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ گشتی‌ یان تایبه‌ت یان له‌گه‌ڵ هه‌ر پزیشكێكی‌ تایبه‌ت یان بنكه‌یه‌كی‌ ده‌ستنیشانكردن یان چاره‌سه‌ركار بۆ پێشكه‌شكردنی‌ چاره‌سه‌ری‌ بۆ هاوبه‌ش و سودمه‌ندان له‌گه‌ڵیاندا به‌پێی‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ گرێبه‌ستی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت)) بێ ئه‌وه‌ی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌بدات جه‌نابی‌ وه‌زیر له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك بۆی‌ هه‌یه‌ گرێبه‌ست بكات؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ مانایه‌ك ببه‌خشێت ئه‌و مانایه‌ ئه‌به‌خشێت كه‌سیستم بوونی‌ نییه‌ له‌م پرۆژه‌ یاسایه‌دا وسیاسه‌ته‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی‌ جه‌نابی‌ وه‌زیر ئه‌بێته‌ مه‌رجه‌عی‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ وێناكردنی‌ سیاسه‌تی‌ ته‌ندروستی‌ میلله‌تێك!.
Sbeiy.com © 2007