|
ژێرخان یه‌كه‌مین پێگه‌ی بنیاتنان |
نوسه‌ر: ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ساڵح مه‌عروف
|
Saturday, May 16, 2015 |
ژێرخان پایه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بنیاتنانه، كه به‌رده‌وام كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی دانیشتوان، ناكرێت قسه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كی خۆشگوزه‌ران بكرێت، كه به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌بواره‌كانی (پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و ئاودێری و كاره‌باو ته‌ندروستی و په‌روه‌رده و فێركردن و گه‌یاندن و رێگاوبان و...هتد) له پێناو به‌رهه‌مهێنان و پاراستن و پێگه‌یاندندا خاوه‌نی ژێرخانێكی به هێز نه‌بێت، تا ئاینده‌ی نیشتیمان و نه‌وه‌كانی باشتر و شیاوتر بكات، له بواری ئابوریشدا داهاتی هاوڵاتییه‌كانی له ئاستێكی به‌رزدا نه‌بێت، كه تیایدا كه‌مترین رێژه‌ی بێكاریی و هه‌ژاری و كه‌مده‌رامه‌تی تۆمار كرابێت}.
ئاشكرایه بنیاتنانی ژێرخانێكی به‌هێز یه‌كێكه له‌پایه هه‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتن، له‌هه‌ر سنورێكی جوگرافیدا كاتێك ده‌سه‌ڵات توانیبێتی به‌رپرسیارانه به نه‌خشه‌سازییه‌وه ئه‌ركه ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان راپه‌ڕێنێت و داهاتی وڵات بۆ خزمه‌تی باشكردنی ژیان و گوزه‌رانی گشت هاوڵاتییه‌كانی ته‌رخان بكات، ئه‌وه سه‌لمێنه‌ری هێنانه كایه‌ی خۆشگوزه‌رانی و پیاده‌كردنی رێگاكانی بنیاتنانه .
ئه‌گه‌ر به بیركردنه‌وه‌یه‌كی سیاسیانه و ئابورییانه بدوێین ئه‌وا (بوژانه‌وه و ئاوه‌دانكردنه‌وه) له‌قۆناغی رزگاری نیشتمانی و سه‌ره‌تایی حوكمڕانی خۆماڵیدا به‌رنامه‌ڕێژییه‌و ده‌سپێكی هه‌نگاونانی كردارییه، له‌قۆناغی سه‌قامگیری و به‌هێزبونیشدا گه‌شه‌پێدان و بنیادنانی ئیستا و ئاینده ده‌بێته ئه‌ركی خه‌مخۆران و بیرمه‌ندان و داهێنه‌ران، كه رۆژ له‌دوای رۆژ له‌پێناو مانه‌وه و حوكمڕانیه‌كی سه‌ركه‌وتودا پایه‌كانی ژێرخان به‌هێزو پارێزراو تۆكمه بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر نوێبونه‌وه و گۆڕانكاری و به‌هێزبونی پێگه‌كانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایه‌تی هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك به (10) ساڵ ئه‌ژمار بكرێت ئه‌وا نزیكه‌ی چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كه هه‌رێمه‌كه‌مان له بازنه‌ی (ئه‌قڵێتی قوڕخكاری وپاوانخوازی وبره‌ودان به گیانی شۆڕشگێڕی حیزبی ده‌خولێته‌وه) به‌داخه‌وه له‌به‌رئه‌نجامدا هه‌تا ئیستاش له‌پێگه‌ی كارگێڕی و ئابوری دا گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له‌ئاستی گه‌شه‌ی ژێرخانی هه‌رێمه‌كه‌مان دا نابینرێت .
ئاشكرایه له‌به‌رنه‌بونی به‌رنامه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی (ئاوه‌دانی و ئابوری) نه‌مانتوانیوه سیاسه‌تی دامه‌زراندن و به‌هێزكردنی پایه‌كانی ژێرخان به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نین، ده‌رئه‌نجامیش وه‌ك چاوه‌ڕوان ئه‌كرا ئه‌و ره‌وشه شێواوه‌ی كه‌می و نه‌بونی هۆكاره‌كانی خزمه‌تگوزاری و دوباره چۆڵكردنه‌وه‌ی گونده‌كان و ئابوریه‌كی ناجێگیری لێ به‌رهه‌مهات، بۆ ده‌ربازبون و دوباره‌نه‌بونه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه چه‌ق به‌ستوه‌ش پێویسته خه‌مخۆرانه بیر له‌بوژانه‌وه‌ی پایه‌كانی ژێرخان بكه‌ینه‌وه، له‌ڕه‌وشێكی وه‌ك ئیمڕۆشماندا بۆ هه‌مو تاكێكی نیشتیمان ره‌وایه كه له‌سیاسیه‌كانمان بپرسین: كه وڵاتمان له‌بار بێت بۆ بوژانه‌وه‌ی كه‌رته به‌رهه‌م به‌خشه‌كانی (كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار)ه، هه‌ر تاكێكی نیشتمانیش شایسته‌ی ژیانێكی باشتر بێت و له بواری حوكمڕانیشدا له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری قۆناغێكی نوێ‌دا بین (بۆ پایه‌ی یه‌كه‌كانی‌ژێرخان له (به‌رهه‌مهێنان وخۆشگوزه‌رانی و پێگه‌یاندندا توَكمه وبه‌هێز نین)؟
له‌به‌رئه‌نجامی هه‌ڵسه‌نگاندنی ره‌وشی ژێرخانی هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌گه‌ینه ئه‌و راستیه‌ی كه له‌بری بنیاتنانی پایه‌كانی ژێرخانێكی به‌هێز به{موچه خۆركردنی كۆمه‌ڵگا و به‌رهه‌مهێنانی هه‌زاران بێكاری شاراوه‌و پشتگوێخستنی كه‌رته به‌رهه‌مبه‌خشه‌كان و به‌رده‌وامی دان به له‌كارخستنی تواناكانی كار‌و ئاوه‌دان نه‌كردنه‌وه‌ی گونده‌كان و به‌رده‌وامی دان به خڕكردنه‌وه‌ی دانیشتوان و چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌كه‌ڵه‌كه‌بوه خزمه‌تگوزاریه‌كان كه بونه‌ته خه‌می رۆژانەی هاوڵاتیان و له‌مپه‌ر خستنه‌به‌رده‌م گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتن} كه‌وتینه چ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌وه!، ده‌رئه‌نجامی (كارانه‌بونی كه‌رته ئابوری به‌خشه‌كان و نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌كی زانستی ئاوه‌دانی و بوژانه‌وه و نه‌بونی سیسته‌مێكی پێشكه‌وتوی گه‌شه‌كردن)، توشی چ زیانێكی گه‌وره‌ی ئابوری و كارگێڕی كردینه‌وه!، ده‌مێ ساڵه ژێرخان وه‌ك وشه له فه‌رهه‌نگی سیاسی گشت لایه‌نه سیاسیه‌كان دا بونی هه‌یه، بەڵام نه‌توانرا (خاك و ئاو و هه‌وا) له‌گه‌ڵ (هێز و بیری كار‌و سامان و داهاتی) هه‌رێمه‌كه‌مان له پێناو بنیاتناندا به‌كاربهێنن، ده‌مێ ساڵه له‌چوارچێوه‌ی (سیاسی و ئابوری وكۆمه‌ڵایه‌تی ) دا بنیاتنان بوه به یه‌كێك له درووشمه باوه‌كانی حیزبه‌كان،كه‌پێشنیار و به‌رنامه‌ی جۆراو جۆری بۆ داڕێژرا و به‌ڵێنی زۆریش دران، بەڵام له واقیعدا بۆ هێنانه كایه‌ی ژێرخانێكی به‌هێز كه له ئاستی باڵای شكۆی نیشتماندا بێت كه‌م كار كراوه، له‌ئێستاشدا راستیه‌كی سه‌لمێنراوه‌كه له پێناو پشت به خۆبه‌ستن و هێنانه‌كایه‌ی ژیانێكی شایسته ده‌بێت هه‌رچی زوتره هه‌نگاوه‌كانی قۆناغی دروستكردنی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی هاوچه‌رخ ده‌ستپێبكات، تاكو كۆمه‌ڵگا بتوانێت له ئاستی پێداویستیه (ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان) بێت، له‌سۆنگه‌ی بڕوابون به ئاینده‌یه‌كی گه‌شتره‌وه، پێویستمان به به‌رنامه‌یه‌كی نیشتمانییه بۆ (دروستكردنی ژێرخانێكی به‌هێزو تۆكمه)، له پرۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی كوردستاندا، ده‌بێت به به‌رنامه‌رێژیه‌وه كاری به‌كردار بكرێت، له‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌بێت (لایه‌نه‌په‌یوه‌ندیداره‌كان و پسپۆران و شاره‌زایان و خه‌مخۆران) به‌شداربن، كه هه‌موشیان ته‌واوكه‌رو به‌رپرس بن له‌هه‌ڵمه‌تی بنیاتنانه‌وه‌ی نیشتماندا، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستمانبه هێنانه‌كایه‌ی پلانێكی (زانستیانه‌و سه‌رده‌میانه) هه‌یه،كه هه‌مو رێگاكانی ده‌ربازبون له پێناو گه‌یشتن به بنیاتنان بگرینه‌به‌ر، بۆ ئه‌مه‌ش له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا پێویسته هه‌موان ژێرخان بكه‌ین به سه‌كۆیه‌ك بۆ به‌رنامه‌ڕێژی و تاوتوێكردن و هه‌ڵسه‌نگاندن و چاودێریكردن، ده‌بێت هه‌موان قۆناغی (كاركردن به ئه‌قڵیه‌تی حیزبایه‌تی) تێپه‌ڕێنین، له‌ڕێی بیر‌و قه‌ڵه‌می (شاره‌زایان و پسپۆڕان و رۆشنبیران و خه‌مخۆرانه‌وه)، بازنه‌ی وتوێژ له‌پێناو قۆناغی بنیاتناندا دروستبكرێت، تابازنه‌ی به‌شداری بۆ دامه‌زراندنی ژێرخانێكی به‌هێز فراوانتر بكه‌ین، و په‌یامه‌كان و ره‌خنه‌كان و دیده جیاوازه‌كان سه‌باره‌ت به‌و پرسه پڕ بایه‌خه له‌پێناوی نیشتماندا بخرێنه‌ڕو.
به‌مه‌به‌ستی وازهێنان و ده‌ربازبون له‌وته‌ی بێكرداریش، ته‌نها ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی كۆتایی به پێوست ئه‌زانم كه بیری سیاسیه‌كان و كاربه‌ده‌ستانی بخه‌مه‌وه {ئه‌رێ نه‌وه‌كانمان چۆن ئافه‌رینمان بكه‌ن كه له‌پێناو سه‌قامگیری و خۆڕاگری سه‌رخان و ژێرخانی وڵاتەکەمان دا گرنگی ته‌واومان به گشت سێكته‌ره‌كان نه‌داوه}، كه‌واته پێویسته خه‌مخۆرانه له‌پێناو ئاینده‌دا له‌دوای تێپه‌ڕاندنی ئه‌م ره‌وشه ئابوری و سیاسیه‌ی ئیمڕۆ، بنیاتنان بكه‌ینه بناغه‌ی به‌هێزبون، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستمان به‌هێنان و پێگه‌یاندنی ئه‌قڵ و به‌كارخستنی بیر‌و تواناكانی كاره، نه‌ك له‌كارخستنی هێزی كاری و فه‌رامۆشكردنی بیرمه‌ندانی نیشتمان و به‌رده‌وامیدان به شێوازه سواوه‌كه‌ی كاری حیزبایه‌تی، مانه‌وه‌مان له سه‌ر شێوازی (وته‌ی زۆر‌و كرداری كه‌م) سه‌پاندنی قۆناغێكی ترسناكی نا ئومێدی و ناڕۆشنی دێنێته كایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئاینده‌ی ئابوری و سیاسی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و خراپتر نه‌چێت، تا زوه ده‌بێت بیر له‌به‌هێزی و پته‌وی ژێرخان بكه‌ینه‌وه، بۆ هێنانه‌كایه‌ی ئاینده‌یه‌كی به‌هێزیش، پێویسته هه‌رچی زوتره قۆناغی گه‌شه‌ی ئاوه‌دانی و بوژانه‌وه و بنیاتنان ده‌ستپێبكات. |
|
|