|
بارزانی نێوان به‌غدا و واشنتۆن |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Sunday, May 17, 2015 |
جاران
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ڕێز مەسعود بارزانی له به‌غداوه بۆ کوردستان وه‌ک سه‌رۆکی شاندی کورد له‌خولی دوه‌می دانوستانی به‌ره‌ی کوردستانی ساڵی 1991 له‌گه‌ڵ رژێمی سه‌دام، نوسه‌ر و رۆژنامه‌گه‌ر Jonathan Kaplan له هه‌ولێره‌وه چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ سازده‌کات و وتاره‌که‌ی به‌ناونیشانی "کورد دژ به کورد" له گه‌وره رۆژنامه‌کانی دنیادا بڵاوده‌کرێته‌وه. رۆژنامه‌ی de Volkskrant ی هۆڵه‌ندی رۆژی 14 ته‌موزی 1991 یش بڵاویکرده‌وه. مەسعود بارزانی پێی ده‌ڵێت که به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و زۆربه‌ی زۆری جیاوازی راو بۆچونه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌کراون و رێککه‌وتن زۆر نزیکه. هاوکات به‌ڕێز جەلال تاڵه‌بانی که سه‌رۆکی شاندی کورد بو بۆ خولی یه‌که‌می دانوستان عه‌رزه‌که‌ی سه‌دامی ره‌تکرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "هیچ کوردێك ناتوانێت ئه‌مه قبوڵ بکات".
کاپلان ده‌ڵێت به هه‌ڵسه‌نگاندنی بارزانی پێشنیازی عێراق که داوا ده‌کات کورد په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ حکومه‌ته بیانییه‌کان بوه‌ستێنن به‌باشترین خاڵی رێککه‌وتن بۆ میلله‌ته‌که‌ی ده‌زانێت. به‌پێچه‌وانه‌وه تاڵه‌بانی ئه‌م پێشنیازه‌ی راسته‌وخۆ ره‌تکرده‌وه و پێیوابو رۆژئاوا ته‌نها زامنه بۆ مافه‌کانی کورد.
له‌و رۆژه‌وه تا ئه‌م ساته‌ش رۆژئاوا، تایبه‌ت ئه‌مەریکا، رۆڵی کاریگه‌ریان له‌پاراستنی کورد له‌باشور بینیوه، به‌غدا، ته‌نانه‌ت دوای روخاندنی سه‌دامیش، جۆرێک له مه‌ترسی به‌رده‌وام بوه له‌سه‌ر کورد و حوکمڕانی له باشور.
پێده‌چێت مام جەلال تا کاره‌ساتی 31 ئاب 1996 که به ره‌زامه‌ندی بێده‌نگی ئه‌مەریکاش رویدا، هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ رۆڵی ئه‌مەریکا واقیعی نه‌بوبێت. بارزانی به‌هۆی ئه‌زمونی زۆر تفتوتاڵی شۆڕشی ئه‌یلول و خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا تا دوا ساته‌کانی ژیانی له گه‌ڵ ئه‌مەریکا ئه‌وه‌نده باوه‌ڕی به رۆژئاوا نه‌مابو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانیویه‌تی تا راده‌یه‌ک مامه‌ڵه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ ئه‌مەریکادا بکات و سود له‌و مامه‌ڵه‌کردنه وه‌ربگرێت.
بۆچونه‌که‌ی مام جەلال له‌و سه‌رده‌مه‌دا زاده‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ستراتیژی بو و ته‌نها له روانگای شه‌خسی خۆیه‌وه داینهڕشتبو، چونکه گه‌یشتبوه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌مەریکا بۆته سه‌نته‌ری سه‌ره‌کی بڕیاردان له‌دنیادا، بۆیه ده‌بێت کورد روی لێبکات. مەسعود بارزانی له ئاکامی شکستی شۆڕشی ئه‌یلول بۆ ساڵانێکی درێژ خۆی له قه‌ره‌ی ئه‌مەریکا نه‌ده‌دا، ته‌نانه‌ت له‌گێژاوی دۆخی کورد له 1975 ه‌وه تا راپه‌رین کونجی قه‌ناعه‌تی گرتبو و زۆر به‌حه‌زه‌ره‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ئه‌گه‌ره‌کانی ئاینده ده‌کرد. کاتێک ئه‌مەریکا رێگایدا سه‌دام راپه‌رینه‌کانی عێراق به کوردستانیشه‌وه به‌زه‌بری هێز دامرکێنێته‌وه حهزهرو دوره‌په‌رێزی کاک مەسعود لهئهمەریکا زۆر به‌هێزترو ره‌واتر به‌رچاو بون و ره‌نگدانه‌وه‌ی خه‌ستیان له‌سه‌ر دانوستانه‌کانی به‌ڕێزی له‌گه‌ڵ رژێمی سه‌دام هه‌بو. زه‌مینه‌یه‌کی پته‌وی ئه‌م بۆچونه ئه‌زمونه تاڵه‌کانی خودی خۆی و باوکی و بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مەریکادا بون، تا ئه‌م ساته‌ش ئه‌و راستیه لهمامهڵهکردنیدا له‌گه‌ڵ ئه‌مەریکا هه‌ستی پێده‌کرێت، وه‌ک له توندبونی کێشه‌کان له گه‌ڵ به‌غدا و پرسی نه‌وت و بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندا ده‌رکه‌وتن.
دواتر
کاتێک ئه‌مەریکا به رێگه‌ی جۆزیف بایدنی جێگری ئۆباما بارزانی خسته ژێر فشارێکی زۆره‌وه تا له‌گه‌ڵ مالیکی رێککه‌وتن بکات، بارزانی به‌ناچاریه‌وه رێککه‌وتنی هه‌ولێری پهسەندکرد. بارزانی هه‌میشه لهنیهتهکانی حوکمڕانی شیعه دڵنیا نه‌بوه، ته‌نانه‌ت ئه‌و ساڵانه‌ی مام جەلال وه‌ک سه‌رۆک کۆمار له به‌غدا بوه مەسعود بارزانی ئه‌و پێگه‌یه‌ی مام جەلالی به ئامرازێکی سیاسی بینیوه بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی هێز و وه‌ک کلیلێکی ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤی سیاسی ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی لهئهمەریکاو تورکیا بێ ئومێد بێت. له‌سه‌ره‌تای تێکچونی باری ته‌ندروستی مام جەلال کاک مسعود چه‌ندین جار مه‌راقی خۆی سه‌باره‌ت به غیابی ئه‌و رۆڵه‌ی مام جەلال به گه‌وره دیبلۆماتکاره‌کانی ئه‌مەریکا راگه‌یاندوه. بارزانی له‌دیدێکی ته‌کتیکیه‌وه هیچکات نه‌یویستوه له به‌غدا داببڕێت، بۆیه له ئاڵۆزترین ساته وه‌خته‌کانی په‌یوه‌ندیدا له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌ک کارمه‌ندی بچوکی پارتیشی له به‌غدا نهکشانۆتهوه.
هه‌ردو سه‌رکرده، وێڕای جیاوازی بنه‌ڕه‌تییان له‌مه‌ڕ به‌غداو ئهمەریکاو ئێران و تورکیا، به‌ڵام له‌ئاکامی دۆخه‌که‌و تایبه‌ت به‌کاریگه‌ری رێککه‌وتنی ستراتیژی، به‌جیاو به‌یه‌که‌وه کاریان ده‌کرد تا له‌گه‌مه‌ی سیاسی نێوان به‌غداو تاران و ئه‌نقه‌ره و واشنتۆن پێگه‌ی خۆیان له‌گۆره‌پانه‌که‌دا بپارێزن، له‌چه‌ند حاڵه‌تێکی تایبه‌ت و هه‌ستیاردا هه‌ماهه‌نگیان ئاراسته‌ی ستراتیژی هاوبه‌شی هه‌بوه، له‌باقی حاڵه‌ته‌کانی تردا هه‌ر یه‌ک لێیان به‌جیا ئاراسته‌ی موفه‌زه‌لی خۆی گرتۆته‌به‌ر.
کاتێک بارزانی هه‌وڵیدا مالیکی له‌حوکمڕانی دورخاته‌وه سنورێکی گرنگی سیاسی به‌زاندو مام جەلال پشتگیری نه‌کردو پلانه‌که شکستیهێنا.
هه‌رچۆنێک بێت بارزانی ئه‌م ئه‌زمونه‌ی تێپه‌ڕاند، ئه‌مجاره به‌ئاراسته‌ی خۆیدا گوزه‌ری کرد‌و به‌غدا و یه‌کێتیی پشتگوێخست و به‌کارتی نه‌وت کاری له‌سه‌ر سازدانی میحوه‌رێکی ئابوری و سیاسی به‌هێز له‌گه‌ڵ تورکیا ده‌ستپێکرد، ئه‌م جه‌نجاڵه گه‌یشته ئاستێک که به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌گه‌ر Jay Newton-Small له هه‌ولێر له 21 دیسه‌مبه‌ری 2012 بۆ WorldTIME تورکیا به ده‌روازه‌ی هیوا وه‌سف بکات کاتێک له وه‌ڵامی پرسیارێکدا ده‌ڵێت: هه‌مو که‌س درک به سیاسه‌تی تورکیا ده‌کات و ده‌یزانێت. سیاسه‌تی تورکیا دژه به‌هه‌مو سهربهخۆبونێکی کورد، پێموایه ئه‌مه رونه، ئێمه دوچاری ئه‌م راستیه بوینه‌ته‌وه، تورکیا هه‌میشه ئه‌و هێزه‌ی هه‌بوه و هه‌یه‌تی که بتوانێت به‌رێگه‌ی سه‌ربازیه‌وه رێگریمان لێبکات، من پێمخۆشه پێچه‌وانه‌که‌ی ئه‌م راستیه‌م باسکردایه. ئه‌وه‌ی مه‌ترسیه له‌سه‌ر یه‌کپارچه‌یی عێراق کاره‌کانی مالیکی سه‌رۆک وه‌زیرانه له به‌غدا، مالیکی مه‌به‌ستیه‌تی هه‌ڵمه‌ته‌که دژ به‌ئێمه به‌کاربهێنێت. ئێمه ده‌رگایه‌کی هیوامان هه‌یه که تورکیایه، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌رگایه، ئه‌و هیوایه دابخرێت ئه‌وا مه‌حاڵه ئێمه خۆمان به‌ده‌ست به‌غداوه بده‌ین، شتێک ده‌که‌ین که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌مو لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کان بخاته مه‌ترسیه‌وه. (کۆتایی به‌شێکی چاوپێکه‌وتنه‌که).
ماوه‌ی دو ساڵ و نیو له غیابی سیاسی مام جەلال و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت سه‌رجه‌م نوێنه‌رانی کورد له‌سه‌رۆک کۆمار‌و وه‌زیرو پارله‌مانتاران و کارمه‌نده باڵاکانی تر له‌به‌غدا وه‌ک کارتێکی فشاری سیاسی سه‌یر ده‌کرێن و مامه‌ڵه ده‌کرێن و به‌کارده‌هێنرێن، ئه‌وه‌ی به‌خه‌ڵکی ده‌وترێت "پشکی کورد له عێراقێکی یه‌کگرتوی فیدراڵ" زۆر له‌واقیع و راستیه‌وه دوره.
ئێستا
شه‌ڕی داعش و پاڵپشتی ئهمەریکاو خۆرئاوا بۆ به‌رگریکردن له‌کوردستان و و قه‌یرانی بودجه‌و موچه بارزانی یان ناچارکرد له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ی عه‌بادی رێكکه‌وتن بکات و بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خاوبکاته‌وه.
هه‌فته‌یه‌ک پێش سه‌ردانی بارزانی بۆ ئه‌مەریکا عه‌بادی له‌واشنتۆن بو، ئیداره‌ی ئۆباما جارێکی تر جه‌ختی له‌یه‌کپارچه‌یی و سه‌روه‌ری عێراق کرده‌وه.
بارزانی پێش سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ئه‌مەریکا کت‌وپڕ سه‌ردانی مام جەلالی کرد، بۆ هه‌واڵ پرسین و باسکردن له‌سه‌ردانه‌که‌ی، ئه‌وسات نوسینه‌که‌ی جۆناتان کاپلاندم بیرکه‌وته‌وه که کاک مەسعود و مام جەلال جیاوازی ئه‌رزو ئاسمانیان هه‌بو له‌مه‌ر رۆڵی خۆرئاوا‌و ئه‌مەریکا بۆ کورد، به‌داخێکی زۆره‌وه وه‌ک بڵاوبۆته‌وه که به‌ڕێز مام جەلال باری تەندروستی تێکچوە، به‌پێچه‌وانه‌وه، گوێبیستی هه‌ڵسه‌نگاندنی پێویستی به‌ڕێزی ده‌بوین له مه‌سه‌له‌یه‌کی وا گرنگدا بۆ کورد.
هه‌رچۆنێک بێت له‌دوا سه‌ردانیدا بۆ ئه‌مەریکا پێکهاته‌ی شانده‌که‌ی باشتر بو له جاران و نمایش‌کردنی یه‌کڕیزی کوردی تێدا پێشنیاز ده‌کرا. بارزانی له واشنتۆنه‌وه جه‌ختیکرد که پلانی راسته‌وخۆیان بۆ پچڕاندنی په‌یوه‌ندیه‌کان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقدا نیه. به‌رپرسه باڵاکانی ئه‌مەریکا له‌میانه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌دا رایانگه‌یاند:
"باوه‌ڕ ناکه‌ن له‌ئێستادا له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مەریکا یا عێراق بێت و به‌ره‌چاوکردنی دۆخی کوردیش له به‌رژه‌وه‌ندی کورد دا بێت کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ هه‌بێت".
Stefan Grobe په‌یامنێری EuroNews له‌واشنتۆنه‌وه نوسیویه‌تی: "بارزانی وه‌ک هاوپه‌یمانێکی سه‌رکه‌وتو له‌شه‌ڕی داعشدا له واشنتۆن میوانداری کرا. هه‌رچه‌نده کۆشکی سپی هێشتا پشتگیری سه‌ربه‌خۆیی کورد ناکات، بارزانی پێی وتین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دڵنیایی پێدراوه که هێزه‌کانی پێشمه‌رگه هه‌مو ئه‌و چه‌کانه‌ی پێویستیانه وه‌ریان ده‌گرن".
دوای سه‌ردانه‌کانی بارزانی و شانده‌که‌ی یاوه‌ری بۆ ئهمەریکاو هه‌نگاریاو چیک زمانی زبری به‌رپرسانی عێراق به عه‌بادیشه‌وه به‌رامبه‌ر کورد و بارزانی توندتر بو، هه‌وڵی که‌مکردنه‌وه‌ی پشکی هه‌رێم له داهاتی نه‌وت به‌شێوازێکی زۆر لهئیمانه کاری بۆ ده‌که‌ن. حوکمڕانی شیعه به‌پاڵپشتی ئێران و بێده‌نگی سوننه‌کان و هاندانی به‌شێک له‌ئیداره‌ی ئۆباما زۆر ژیرانه‌و ژێربهژێرو هێمنانه گه‌مه‌که به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. تێوه‌گلانی کورد به شه‌ڕی داعش و هاوکات به‌ده‌نگه‌وه‌چونی تا له‌سه‌ر لێواری مان و نه‌ماندا بمێنێته‌وه و به‌ردەوام پێویستی به هاوپه‌یمانان هه‌بێت، زیاده بۆ ئه‌مه‌ش ئیستنزافکردنی حوکمڕانی کورد به کێشه‌کانی موچه و بودجه و نه‌وت و حه‌شدی شه‌عبی و ئایندهی ناوچه دابڕێنراوه‌کان، هه‌وڵدان بۆ لێکترازانی زیاتری نێوماڵی کورد، مهزههبچیهکانی عێراق سه‌ردانه‌که‌ی بارزانی به پلانگێڕی بۆ دابه‌شکردنی عێراق ده‌زانن، ته‌نانه‌ت زاهر عه‌بادی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له چهلهحانێکی شۆڤینیزمدا ده‌ڵێت: "ده‌بێت بارزانی دادگایی بکرێت بۆ ئه‌و لێدوانه‌ی لهئهمەریکا وتی: سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی ئه‌مرێکی ئه‌کیده". هه‌روه‌ها پرۆژه یاسای پرچه‌ککردنی راسته‌وخۆی پێشمه‌رگه به‌مه‌ترسی بۆ یه‌کپارچه‌یی عێراق ده‌زانن. ئه‌مانه گشتیان ئاماژه‌ی زه‌قن بۆ ترسناکی ئه‌و دۆخه‌ی کورد تێیدا گیرساوهتهوە و گوزه‌ر ده‌کات.
کورد ناتوانێت به‌ره‌کانی شه‌ڕ به‌فراوانتر بکات، پێویستی به راگرتنی هاوسه‌نگیه‌کی مه‌عقوله له‌گه‌ڵ به‌غداو ئهمەریکاو وڵاتانی ناوچه‌که. له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌و هاوسه‌نگیه به یه‌کڕیزی راسته‌قینه‌ی نێوماڵی کورد جێبه‌جێ ده‌کرێت و ده‌بێت خۆمان لهخۆشباوهڕی و کروزانه‌وه و خۆبه‌زل زانین و تاکڕه‌وی بپارێزین، ئایندهی ئه‌م دۆخه ئاڵۆزه پابه‌نده به‌ئیراده‌ی هه‌مومانه‌وه، هه‌ر تاقم و ده‌سته‌و لایه‌نێک پێیوابێت به عه‌قیده و تاکڕه‌وی خۆی ده‌توانێت ببێته فریادڕه‌سی کورد پێموایه هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده ده‌کات.
ئه‌وه‌ی شیانی باسکردنه "نوێنه‌رانی کورد" له‌به‌غدا، له سه‌رۆک کۆماره‌وه تا پارله‌مانتار و کارمه‌نده‌کانی تر، لێره‌دا جه‌خت له ئه‌ندامانی فراکسیۆنی گۆڕان ده‌که‌م، ده‌بێت واز لهخوگرتن به دهبارهبونهوهی ئه‌م دۆخه ئاڵۆزه‌ی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا بهێنن و وه‌ک رۆتینی واقیعی سیاسی سه‌یری نه‌که‌ن، چونکه ئه‌وان له ئه‌وپه‌ری حاڵه‌تدا ده‌توانن هۆڵی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران جیبهێڵن و ئه‌زمونه‌کان ده‌یسه‌لمێنن له‌زۆربه‌ی حاڵه‌تدا له‌وه زیاتریان پێنه‌کراوه (عه‌ره‌ب وته‌نی: اضعف الایمان). بۆیه ده‌بێت بیر له شێوازێکی تری کارکردن بکه‌نه‌وه که سیمای ناسنامه‌ی کوردی و ئاوات و خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان تێیدا باڵاده‌ست و به‌رچاوبن، نه‌ک قه‌وانی پرۆتۆکۆڵی "عێراقێکی یه‌کگرتوی فیدراڵ" به گوێماندا بخوێننه‌وه، چونکه ساده‌ترین هۆکار لایه‌نه‌کانی تر وا ره‌فتار ناکه‌ن و هه‌ڵوێستیان نیه، به‌رده‌وامبونی نوێنه‌رانی کورد له‌سه‌ر ئه‌و نه‌ریته مانای کوتنه‌وه‌ی ئاسنی سارده.
کورد پێشئه‌وه‌ی به‌دوای دۆستدا بگه‌ڕێت و په‌نای بۆ ببات، ده‌بێت له‌نێو خۆیاندا دۆستی راسته‌قینه‌ی یه‌کتر بن، دۆستی عه‌قیده و ئینتیمای سیاسی نا، به‌ڵکو دۆستایه‌تی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی نه‌ته‌وه‌که‌مان. |
|
|