Print
 
 پڕۆژه‌كه‌ی‌ گۆڕان و كه‌ركوك و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
نوسه‌ر:  رۆڤان سه‌روه‌ت
Tuesday, May 19, 2015
ئێستا كه‌ باس و خواسی‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌هه‌مو كات گه‌رمتره‌ له‌ ناو كایه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌ و شه‌قامی‌ كوردی‌ و رۆشنبیران و تاك به‌ تاك كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی،‌ بوه‌ته‌ باسی‌ هه‌مو كه‌سێك. هۆكاری‌ ئه‌م گه‌رم و گوڕیه‌ش جگە‌ له‌وەی خه‌ونی‌ ده‌یان ساڵه‌ی‌ هه‌مو كوردێكه‌ كه‌ خه‌ون به‌و رۆژه‌وه‌ ببینێت. ئه‌گه‌ر ته‌ماشا‌یه‌كی‌ شانۆی‌ سیاسی‌ عێراق و كوردستان بكه‌ین له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ عێراقه‌وه‌ هه‌میشه‌ وا مامه‌ڵه‌ كراوه‌ كه‌ كورد به‌رده‌وام بیر له‌سه‌ربه‌خۆیی‌ بكاته‌وه‌ به‌ هۆی‌ كێشه‌ كه‌ڵەكه‌بوه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ كێشه‌ی‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ خاك و بودجه‌و پشك و پێشمه‌رگه‌. تا هه‌ڵتۆقینی‌ داعش عێراق ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ئیشی‌ به‌ كورد بوه‌ حكومه‌تی‌ بۆ رێكبخات و كورد گوته‌نی‌ بیانخاته‌ سه‌رپێ‌، بەڵام ته‌شه‌نه‌كردنی‌ خێرایی‌ داعش و گرتنی‌ زۆرێك له‌ ناوچه‌ سونیه‌كانی‌ عێراق و هه‌ڵوەشاندنه‌وه‌ی‌ سوپا تایفه‌گه‌ریه‌كه‌ی‌ عێراق. وایكرد دیسان كوردو پێشمه‌رگه‌ بۆ به‌رگری‌ له‌خاكی‌ كوردستان به‌ درێژایی زیاد له‌ 1000 كم خاكی‌ كوردستان ببپارێزن و ببنه‌ پاڵپشتیه‌كی‌ به‌هێزیش بۆ  هه‌ڵنه‌وه‌شاندنه‌وه‌ی‌ عێراق .

كه‌ركوك كه‌ ده‌یان ساڵه‌ كورد خه‌باتی‌ له‌ پێناو ده‌كات هه‌ر له‌ خانه‌قی‌ تا شه‌نگال، هه‌میشه‌ خاڵی‌ یه‌كه‌می‌ داوای‌  كورد بوه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان .

پرۆژه‌ی‌ گۆڕان كه‌ مه‌به‌ست لێی‌ راپرسیه‌ له‌و ناوچانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاینده‌ی‌ خۆیان دیاری‌ بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بێگومان یه‌كڕیزی‌ و یه‌ك هه‌نگاوی‌ ده‌وێت له‌لای‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان. له‌ناوچاكا‌نیش كه‌ ئێستا زیاتر به‌سه‌ر یه‌كێتی‌ و پارتی‌ دابه‌ش بوه‌. ده‌بێت زه‌مینه‌ی‌ یه‌كڕیزی‌ و سازان و لێگكه‌یشتن له‌ نێوان پێكهاته‌كان بكرێت ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ ره‌سه‌نی‌ سنوره‌كه‌ن. به‌ هاوبه‌شیكردن له‌بڕیاردان و پێدانی‌ پۆست و به‌شداری‌ پێكردنیان له‌هه‌مو كایه‌كانی‌ حكومڕانی‌ له‌و ناوچانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ دڵنیایی‌ بدرێت به‌وه‌ی‌ كه‌ چۆن حكومه‌تی‌ كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردودا كه‌م تا زۆر به‌رگری‌ لێكردون ئێستاو له‌رابڕدوی‌ نزیكشدا ته‌نها كورد بوه‌ له‌و سنوره‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ بوه‌ به‌خوێنی خۆی‌ به‌رگری‌ له‌هه‌مو پێكهاته‌كان كردوه‌و شه‌هیدی‌ داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ یه‌ك بست خاكی‌ كوردستان نه‌كه‌وێته‌ چنگی‌ داعش و هه‌رێمی‌ كوردستانیش په‌ناگه‌یه‌كی‌ ئارام بوه‌ بۆ ئاواره‌كانی‌ عه‌ره‌ب و توركمان و ئاشوری‌ و ئێزیدی‌ .

ئێستا كورد به‌ واقعی‌ خاوه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌و ناوچانه‌یه‌ كه‌ پێیانده‌وترێت خاكی‌ دابڕاو ده‌سه‌ڵات و هێزو نه‌وتی‌ ئه‌و ناوچه‌ی‌ له‌به‌رده‌سته‌. بەڵام ده‌بێت هه‌نگاوه‌كانی‌ چاكسازی‌ و ریفۆرم كردن و سازان فراوانتر بكرێت و هه‌نگاوی‌ باشتر پێكه‌وه‌ بهاوێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێستاو ئاینده‌ی‌ كوردستان  مسۆگه‌ر بێت دوای‌ باسی‌ سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ین، چونكه‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ به‌ بێ راپرسی‌ له‌و ناوچانه‌ و به‌ بێ‌ كه‌ركوك و خانه‌قی‌ و دوز و شه‌نگال و زومار سه‌ربه‌خۆیه‌كی‌ ناكام ده‌بێت .

پرۆژه‌كه‌ی‌ گۆڕان بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌موزایەده‌و پیاهه‌ڵدان نه‌ناسرێت له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خرایه‌ به‌رده‌م سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌ركرده‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێكه‌وه‌ هه‌مو به‌شداربن له‌ ده‌وڵەمه‌ند كردنی،‌ چونكه‌ چاره‌نوسی‌ كورد له‌م قۆناغه‌ هه‌مو به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراوه‌، ئێستا ده‌بێت كه ‌باسی‌ سه‌ربه‌خۆیی كرا. كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ له‌پێشینه‌بن هه‌نگاوه‌كانی‌ چاكسازیش له‌هه‌رێم و به‌رده‌وام بێت و هه‌موانیش پشتیوانی‌ پێشمه‌رگه‌ بن بۆ زامنی‌ ئاسایش و به‌رقه‌رار بونی‌ ئارامی‌ له‌كوردستان و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان.
Sbeiy.com © 2007