|
بارودۆخی ناوچه‌كه له‌كوێوه به‌ره‌و كوێ؟ |
نوسه‌ر: محه‌مه‌د سه‌فه‌ر
|
Thursday, May 21, 2015 |
كه‌س له‌و بڕوایه‌دا نه‌بو، پرۆژه ئاشتیخوازانه‌كه‌ی (جۆ بایدن) له‌باره‌ی دابه‌شكردنی عێراقه‌وه بۆ سێ هه‌رێم، ئارامیی ناوچه‌كه به‌ره‌و دۆخێكی نائارام ببات، رازیی نه‌بون و دژایه‌تییكردنی پرۆژه‌كه، سه‌ره‌تای دۆخه ئێستاكه‌یه كه تێیداین، به پێچه‌وانه‌وه له دۆخێكی وه‌هادا نوقم نه‌ده‌بوین گه‌ر رێگاچاره‌كه‌ی بایدن وه‌ك خۆی وه‌ربگیرایه. بەڵام ئه‌وه رونه كه له ئه‌زمونی سیاسیی‌دا، په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌تان،له سه‌ر به‌خشین و وه‌رگرتن، دامه‌زراوه. ئه‌وه‌شی كه ده‌بینین بارودۆخه‌كه ئێستاییه‌كه له‌ژێر كارییگه‌ریی هه‌مان هاوكێشه‌ی (به‌خشین و وه‌رگرتنه‌وه)، رێگه‌ی خۆی گرتوه.
رۆژئاواییه‌كان له‌چاوه‌ڕوانیی چیدا بون؟
به نیسبه‌ت رۆژئاواوه، پرۆژه‌ی دابه‌شكردنی هه‌ندێك له‌وڵاتانیی ناوچه‌كه (عێراق، سوریا، یه‌مه‌ن) وه‌كو هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایی، گه‌شتبوه قۆناغی پێگه‌شتن، (به‌هاری عه‌ره‌بیی)ش سه‌ره‌تایی ده‌ستپێكردنی چونه ناوه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه بو، بەڵام لێره‌دا به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی ناوچه‌كه كه دواتریش سروشتێكی هه‌رێمایه‌تیی وه‌رگرت،به‌ریه‌ك كه‌وتن و رێگه ئاشتییخوازانه‌ی پلانه‌كه‌ی له‌باربرد.بۆیه ئه‌مه له‌ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌كانی وڵاتە رۆژئاواییه‌كاندا نه‌بو، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م خاڵه‌ش بو وه‌كو رێگه‌چاره‌ی دوه‌م ،په‌نایان برده‌به‌ر دروستكردنی رێكخراوێكی چه‌كداریی وه‌كو (داعش) بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه ناڕازییه‌كان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، رازی بكه‌ن به چاره‌نوسێك كه بۆیان دیاریی ده‌كرێت.
پلانه‌كه چۆن ده‌نگه ناڕازییه‌كانی یه‌كخست؟
سوننه‌كان چی له‌عێراقدا بن یان له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه، به‌رهه‌ڵستكاری یه‌كه‌می پرۆژه‌كه بون، هه‌رچی سه‌باره‌ت به شیعه‌كانه، حاڵه‌تێكی تا ڕاده‌یه‌ك جیاواز له‌وه‌ی سوننه وه‌رده‌گرێت چونكه شیعه‌كان له‌ناوچه‌كه‌دا جگه له‌ئێران،كێشه‌ی (شوناس و خاك)یان هه‌یه. داواكاریی شیعه‌كان ڕه‌نگه به‌و شێوه‌یه قورس و گران نه‌بێت به‌راورد به كێشه‌ی سوننه‌كان،چونكه سوننه‌كان نه‌كێشه‌ی شوناسیان هه‌یه و نه كێشه خاك و سنور. به‌ڵكو ئه‌وان كێشه‌ی باڵا ده‌ستیان، هه‌یه بۆیه ده‌بو ده‌ستپیكردنی پلانه‌كه سه‌ره‌تا له ناوچه سوننه‌نشینه‌كانه‌وه ده‌ست پێبكات كه هه‌رواش بو.بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه چاره‌نوسێكی داسه‌پێنراو له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌یانه‌وه به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنرێت و په‌لكێشی ڕازییبونیان بكه‌ن. له‌م روانگه‌یه‌وه رۆژئاواییه‌كان و به‌تایبه‌تییش ئه‌مەریكا، تاكتیكی سه‌رگرتنی پلانه‌كه‌یان له‌ڕێگه‌ی شیعه‌كانه‌وه، ده‌ستپێكرد، بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگیی هێز له نێوان لایه‌نه دژ به یه‌كه‌كاندا، رابگرن. تا راده‌یه‌ك به‌دیهێنانی ئامانجێكی له‌و شێوه‌یه بۆ رۆژئاواییه‌كان قورس و گران ناكه‌وێته‌وه، مادام شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت مافی له‌ده‌ستچوی له‌مێژیینه‌یان بۆ بگه‌رێته‌وه.
هاوسه‌نگیی هێزه‌كه چۆن جێبه‌جكرا؟
له‌ناوچه‌كه‌دا، پارسه‌نگیی هێز به‌لای سوننه‌كه‌دا شكابوه‌وه، واته سوننه‌كان له‌ناوچه‌كه‌دا خاوه‌نی هێز بون، چونكه پاره‌ی وڵاتانی كه‌نداو و ئه‌ندامی جه‌نگاوه‌ر و شه‌ركه‌ری زۆریان هه‌بو، بەڵام له‌ناكاودا كه كه‌س نه‌یده‌توانی پێشبینی بكات،هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه بوه‌وه، دیاره كه پێشوه‌خته پلانی بۆ دانراوه و به تاكتیكێك خرایه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئه‌مه چۆن رویدا؟
ئێران له ناوچه‌كه‌دا كه نوێنه‌رایه‌تی مه‌زهه‌بی شیعه ده‌كات و به‌تایبه‌تیش له‌و وڵاتانه‌ی كه شیعه مه‌زهه‌بی تێدایه، بونی خۆی سه‌لماند وه‌كو هێزێكی كارا‌و ئاماده، واته هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه بوه‌وه، ئه‌وه‌ی جاران كه سوننه‌كان له‌ناوچه‌كه‌دا باڵاده‌ست بون، ئێستا ئه‌وه شیعه‌كانن به پشتیوانیی ئێران له په‌یره‌وییدان و ته‌رازوی لارسه‌نگی هێز پێچه‌وانه ده‌كه‌نه‌وه یان هه‌ر نه‌بێت وه‌ك هێزێكی ركابه‌ر له‌به‌رامبه‌ر باڵاده‌ستیی سوننه‌كاندا بوه‌ستنه‌وه.
بێگومان نابێت،سیاسه‌تی وڵاتانی رۆزئاوا، له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌كه‌وه باسی لێوه بكه‌ین، چونكه ئه‌گه‌ر گڵۆپی سه‌وزی رۆزئاوا نه‌بێت مه‌حاڵه ئێرانییه‌كان و هێزه شیعه مه‌زهه‌به‌كان، بتوانن وا به‌ئاسانیی له‌ناوچه‌كه‌دا ته‌راتێن بكه‌ن، چونكه ئه‌وه ئاشكرایه كه ناوچه‌كه هێزی باڵاده‌ست تیایدا رۆزئاوایه. چونكه له‌دابه‌شكردنی وڵاتانی ناوچه‌كه، ناكرێت لایه‌نێك یان ده‌وڵه‌تێك په‌راوێز بخرێت و یه‌كێكی دیكه پاڵپشتیی بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی راستیی ئه‌م قسه‌یه بسه‌لمێنین، پێویسته ئامازه به شتێك بكه‌ین،ئه‌ویش بێده‌نگیی وڵاتانی كه‌نداو بو له روداوه‌كانی ناو یه‌مه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی هێزه شیعییه‌كان نزیك نه‌بونه‌وه له سنوره‌كان وڵاتی سعودیا، وڵاتانی كه‌نداو هیچ قسه‌یه‌كیان نه‌بو.
كارێكی دیكه كه رۆزئاواییه‌كان ده‌ستیان دایه، هێنانه خواره‌وه‌ی نرخی نه‌وت بو له‌بازاره‌كانی جیهاندا، مه‌به‌ست له‌كارێكی وه‌ها بۆ ئه‌وه بو كه هاوسه‌نگی هێز له‌نێوان شیعه‌و سوننه‌دا، له‌ناوچه‌كه‌دا، له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێت، چونكه بمانه‌وێت یان نا، هه‌ریه‌ك له‌وڵاتانی كه‌نداو و ئێران به‌م پارچه‌پارچه‌بونه رازیی نین بەڵام به‌ناچاریی چاره‌نوسی تازه‌ی خۆیان قه‌بوڵكرد، ده‌نا ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه ره‌نگه ئێرانییه‌كان یان وڵاتانی كه‌نداو له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بونایه كه هاوسه‌نگیی هێزه‌كه تێكبده‌ن .
كه‌واته ئه‌وه‌ی كه روده‌دا بۆ ئه‌وه‌یه ته‌رازوی هێزه‌كه به‌لای هیچ وڵاتێكدا نه‌شكێته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت هاوسه‌نگیی هێزه‌كه له‌ژێر كۆنترۆڵی وڵاتانی رۆزئاوادا، بمێنێته‌وه. باشترین تاكتیكیش كه گرتیانه‌به‌ر، هێنانه خواره‌وه‌ی نرخی نه‌وت بو، بۆ ئه‌وه‌ی ململانێی چه‌كداریی نێوان سوننه‌و شیعه‌كان، كاتێكی زۆر نه‌خایه‌نێت.
كه‌واته ئاینده‌ی ناوچه‌كه بۆ كوێ ملی رێی گرتوه؟
نه‌كه‌وتنی وڵاتی سوریا و مانه‌وه‌ی وه‌ك خۆی به پشتیوانیی وڵاتانی روسیا و چین،رۆزئاواییه‌كانی ناچاركرد بزارده‌كانی دیكه‌یان به‌كاربهێنن،ئه‌وه‌ی تا ئێستا رون و ئاشكرایه بزارده‌كه‌یان بریتییه له بێهێزكردنی سوریا و هاوپه‌یمانه‌كانی، چونكه وڵاتانی رۆزئاوا مه‌حاڵه رێگه به‌بون و ئاماده‌یی هێزێكی دیكه بده‌ن له ناوچه‌كه‌دا جگه له خۆیان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پارچه‌پارچه‌كردنی وڵاتانی ناوچه‌كه، باشترین و ئاسانترین رێگایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر هیچ نه‌بێت وڵاتی سوریا بۆ سێ هه‌رێم دابه‌شده‌كرێت به‌مشێوه‌یه هێزو توانای ئه‌و وڵاتە به‌وشێوه‌یه‌ی ئێستای نامێنێته‌وه، له‌وه‌ش كارا و كاریگه‌رتر، ئه‌وه‌یه كه هاوپه‌یمانه‌كانیشی له‌و وڵاته‌دا بونێكی ئه‌وتۆیان نامێنێت. چونكه كاتێك سوریا بۆ سێ هه‌رێمی سوننه و عه‌له‌ویی و كورد دابه‌شده‌كرێت ئه‌وا هه‌ردو لایه‌نی سوننه‌و كورد هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتی نێوان سوریا و ئێرانه‌وه، نامێنێت.
ئه‌م دابه‌شكارییه‌ش بۆ هه‌ر یه‌ك له وڵاتانی یه‌مه‌ن و عێراق و دواتریش ئێران، راسته.
ئه‌نجامی روداوه‌كان چی ده‌بێت؟
ئه‌نجامی كۆتایی له‌ناوچه‌كه‌دا به‌مشێوه‌یه ده‌كه‌وێته‌وه، هاوپه‌یمانێتی نێوان سوریا‌و ئێران نامێنیت یان زۆر لاواز‌و كورت ده‌كرێته‌وه بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان عه‌له‌ویی و شیعه، ئه‌نجامه‌كه هه‌ر به‌وه‌وه ناوه‌ستێت، به‌ڵكو هاوپه‌یمانه دڵسۆزه‌كانی رۆژئاواش له وڵاتانی كه‌نداو ده‌گرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی چیدیكه پاره‌ی نه‌وتی كه‌نداو و چه‌كداره توندڕه‌وه‌كانی سوننه له‌ناوچه‌كه، نه‌بنه مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌و له‌مه‌ودایه‌كی كورتخایه‌ن یان درێزخایه‌ندا. جارێكی دیكه هاوكێشه‌كه له قازانجی خۆیاندا، هه‌ڵنه‌گێرنه‌وه. كه‌واته له كۆتاییدا له‌ناوچه‌كه‌دا ئه‌و وڵاتانه‌ی كه دروستده‌كرێن له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینیی ده‌بن وه‌كو سوننه و شیعه، یان سروشتێكی نه‌ته‌وه‌یی وه‌رده‌گرێت وه‌كو كورد.
هه‌روه‌ها وڵاتە دروستكراوه‌كان له ئایینده‌دا، بایی ئه‌وه‌نده هێزیان نابێت، ئه‌میان هێرش بكاته سه‌ر ئه‌وی دیكه‌و بیخاته ژێر كۆنترۆڵی خۆیه‌وه، به‌ڵكو جگه له‌وه‌ی وڵاتن له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌و ئایین دروستده‌كرێن، بەڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هێزیان یه‌كسان ده‌بێت. |
|
|